ئەو باڵادەی ئێمەشی شاد کرد.. عەبدوڵا ساڵح
هاوڕێی ئازیزم ( چاوە – فاتیح شێخ ) بەرهەمێکی ئەدەبی قەشەنگی ڕاناوە لە ( ١٧٥ ) لاپەڕەدا بە ناوی ( باڵادی شادی ) . شێوازی چاپکردنەکە دەستکورتی نوسەری پێوە دیارە، قەوارەیەکی مام ناوەندی، دوور لەهەمو زریق و باقێک کە هەندێک کتێبی بێناوەرۆکی ئەم سەردەمەی پێدەڕازێندرێنەوە، بەڵام کەدەچیە ناو ئەم باڵادە، شاکارێکی ( توحفە) ئەدەبی بەدی دەکەی کە تاکو ئێستا لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا یا نەبووە یا من نەمدیوە. لە هەموو شتێکا جیاواز لەوانی تر تەنانەت ، لەبری پێشەکی – پاشەکی – لەدوا لاپەڕەدا نوسیوە بەناوی ( لەباتی پێشەکی ، پاشکۆ و سوپاس ).
سەرەتا دەبێ بڵێم، من نە شاعیرم و نە ئەدیب و نە ڕەخنەگر، بەڵکو خۆم بە ئەدەب دۆست دەزانم، بۆیە ئەگەر هەڵسەنگاندنەکەم کەم و کورتی تێدا بوو دەمبورن چونکە ئەو شاکارە ئەدەبیە خستمیە نێو گێژاوێکەوە خەریک بوو سەری خۆمی لێدەرنەکەم ، بەڵام دواتر دڵخۆش وشادی کردم ! هیوادارم خوێنەرانی لەمەودوای ئەم باڵادە ئاوا پێی شاد بن.
دوای خوێندنەوەی لەخۆمم پرسی، ئەرێ ئەوەی خوێندمەوە چی بوو ؟ ڕۆمان بوو ؟ نەخێر! ئەی شیعر بوو ؟ نەخێر! ئەی پەخشانە شیعر بوو ؟ نەخێر ! ئەی چیرۆک بوو ؟ نەخێر! ئەی ……..چی بوو؟
نەخێرسەبکی داڕشتنەکەی ئەم کتێبە هیچیان نەبوو ، بەڵام هەموشیان بوو!!
ئەدی ناوەرۆکەکەی چیبوو ؟ مێژوو بوو؟ نەخێر ! سەرگوزەشتەبوو؟ نەخێر ! گۆرانی بوو ؟ نەخێر! ئاواز و مۆسیقا بوو؟ نەخێر! تابلۆی ڕەنگین و جوان بوو ؟ نەخێر ! فۆلکلۆر بوو ؟ نەخێر ! عیشق بوو نەخێر ! فەلسەفە بوو ؟نەخێر! گێڕانەوەی مێژوو بوو ؟ نەخێر! سەرگوزەشتەی کەسەکان بوو؟ نەخێر !…..
نەخێر ناوەرۆکی ئەم بەرهەمە هیچیان نەبوو، بەڵام هەموشیان بوو !!
ئەدی پالەوانەکەی کێبوو ؟ ( شاد ، شادی ، گەشە ، شاهۆ ، دایە حەبیبە ، کەسنەزان و ئەوانی تر ) ، نەخێر هیچیان نەبوون و هەموشیان بوون.
ئەدی زمانە کوردیەکەی ؟ دیالیکتی هەورامی ؟ سنەیی؟ و دواتر سلێمانی؟ بەڵێ هەموو ئەو دیالیکتانە بوو بەشێوازێک کە لەوپەڕی جوانیدا پێکەوە نەخشاندبوونی ، ئەمجا جگە لە زمانی کوردی ، فارسی و ئینگلیزی و تەنانەت عەرەبیشی تێکەڵ کردبوو.
( چاوە) سەرەتا، تابلۆیەکمان دەخاتە بەردەم کە یەکترناسینی کیژ وکوڕێکی لاوی کوردزمانی کوردستانی ئێرانە لە دیسکۆیەکی شاری لەندەندا – بەریتانیا – دوای سەماوکەیف، لە قەتاردا دەکەونەلای یەک و پێکتر ئاشنا دەبن، ئەم یەکتر ناسینە دەبێتە هۆی تێکەڵاوی دوو بنەماڵە و ئیتر دەستپێک لێرەوەیە، کۆمەڵەک بەسەرهاتی هەریەک لە و پاڵەوانانە خۆی دەنوێنێ و سەرمان دەکا بە داڵان و کون و کەلەبەری مێژووی دوور ونزیک و دەمناخاتە گریان و دواتر شادمان دەکا.
ڕوداوەکە چیبوو ؟ یەک ڕوداو بوو؟ نەخێر هەر ڕوداوێک نەبوو، بگرە کۆمەڵەک سەرگوزەشتەو ڕابردوی کۆمەڵە مرۆڤێکی ئەم سەردەمە کە بەدەست زوڵم و زۆرەوە ناچارن زێدی خۆیان جێبهێڵن و سەری خۆیان هەڵگرن ، بەڵام بۆ وڵاتێک نا کە پێی بگوترێ (( وڵاتی غەریبی )) بەڵکو بۆ وڵاتێک کە تێدا توابنەوە و لەهەمان کاتیشدا نەتوابنەوە ، بەجۆرێکی وا تێکەڵاوی بووبن – Integration – کە ڕەنگە دانیشتوانە ئەسڵیەکە ئاوا وڵاتی خۆیان نەناسن، لەباری مێژوو ، ئەدەبیات و زۆر شتی تر . ئەوان ، واتە بەشێک لە پاڵەوانەکان، هیچ غەریب نین، نە لە رووی زمانەوە نە لەباری مێژووی وڵاتەکە و نەلەباری داب و نەریتەوە، بەجۆرێک تێکەڵاو بوون مەگەر خۆیان خۆیان بناسنەوە دەنا بەموو لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە جیاناکرێنەوە . ئەم حاڵەتەش بێئەوەی ژیان و مێژوو وخۆشی ناخۆشی وڵاتی یەکەمیان بیرچووبێ.
لەم شاکارە ئەدەبیەدا ( چاوە) ستایڵێکی ئەدەبی نوێمان دەخاتە بەردەم کە پێم وایە کەم وێنەیە، باس لەو عیشقە دەکا کە نازانێ تەمەن چی یەو هیچ حیسابی بۆناکا، باس لە جێژو لەززەتی ماچی عاشقانە دەکا، باس لە عیشق دەکا لە ئاستی هەرە ڕومانسیە جوانەکەیدا ، لێرەدا هێمنی شاعیرم بیردەخاتەوە کە دەڵێ:
ئەوین نەبوایە پێی ناوێ بخۆی سوێند
جیهان چۆڵبوو پەپوش تێیدا نەدەخوێند
لەوێوە بەرەو دنیای ڕازاوەی فۆلکلۆر و دەمانباتە بەردەرگای هونەرمەندی بەتوانا، دۆستی زۆر ئازیزم (کاک محەممەدی ماملێ) و هەموو ئەو یاداگاریانەی پێکەوە هامنبووە وەک تابلۆیەک دێنێتە بەرچاوم لەگەڵ بلوێری شوانەکەی هێمن :
نیوە شەوە، دنیا خامۆش
دێتەگوێم ئاهەنگێکی خۆش
ئاهەنگێکی گیان پەروەرە
شادی هێنە خەفەت بەرە
ئاهەنگێکی دڵنەوازە
تارە؟ وێڵۆنە؟ یاسازە؟
نا..نا.. ئاهەنگی بلوێرە
جاوەرە گوێی بۆ ڕادێرە
چاوە، تێکهەڵکێشێکمان نیشاندەدا لە ناحەز و جوان ، لە شادی وخەم ، چەندین تراژیدیامان دەخاتە بەر چاو کە هەرکام لە پاڵەوانانی ئەم شاکارە بەسەریان هاتوە .
ئەمجا دەستمان دەگرێ و دەمانبا بۆ گردی سەیوانی سلێمانی و لەوێش بۆ مەزاری ژنە کوژراوە بێناو نیشانەکان و دەنگە سیحراویەکەی ( فەیروزمان ) بۆ دەچڕێ :
زوروني كل سنة مرة
حرام
تنسوني بالمرة
حرام
ئەمجا خۆی پەخشانە شیعرێک دەکاتە دیاری بۆ سەر ئەو مەزارە و لە کۆپڵەیەکیدا دەڵێ:
گشت ساڵێک لەدەمە و بەهارا
لەبەینی ڕۆژانی ( ڤالانتاین) – هەشتی مارس – ئادارا
با گشتمان گوڵبەدەس بچینە سەردانیان
هەرکەس وا ئاشقە، هەرکەس وا شەیدای ژیانە
هەرکەس وا خەمخۆری بێنازی ژنانە
هەرکەس وا بە سکڵی تیرۆری هەر ژنێ هەناوی قرچاوە
پۆل پۆل و تاک تاکی ژن و پیاو، کچ وکوڕ
ئەوانەی ئەڤینی ئازیزێک لە دڵیان ئاڵاوە
با بچینە سەردانی مەزاری خەمباریان
مەزاریان بکەینە جێ ژوانی ئاشقان
جێ ڕوانی ئاشقێنی دڵداران
ئەمجا دەمانبا بۆ نێو ڕەنج و دەردی کۆڵبەرانی کوردستانی ئێران ومەرگ و ژیانی کولەمەرگی و سەختی ئەوان و لەوێوە دەستمان دەگرێ بەرە وڕاپەڕینەکەی ( ژینا ) گیان کە لەجیهانا بۆتە ڕەمزی تێکۆشان.
من پێم وایە ( چاوە) دەرگایەکی لە نێو ماڵی ئەدەبیاتی کوردیدا کردۆتەوە و ڕێچکەیەکی شکاندوە کە تا ئێستا دەستی بۆ نەبراوە یا من نەمدیوە .
دەبا لەکۆتاییشدا من ئەم وڕێنە بکەم:
ئای! چاوە گیان
دەستت خۆش بێ وخامەت ڕەنگین
بۆ ئەو شاکارە ئەدەبیەی
خستمیە گریان
دواتر زەردەخەنەی
هێنایە سەر لێوم
ئومێدی بەخشیە دڵ، دەروون
بەخشیە گیان
ئەوەی کەوا تۆ نەخشاندت
عیشقە، جوانی
ماچی ئەویندارانە
لەجێ ژوان
نازانم ئەم شاکارەی تۆ چۆن بناسێنم
بڵێم شیعر
پەخشانە شیعر
سەرگوزەشتە، چیرۆک
یاخود ڕۆمان
یاخود هیچیان
یا هەمویان؟
ئای چاوە گیان
شاکارەکەت
هاوار وئازاری دڵە
دلە سافەکەی (کەسنەزان)
ئەوەی (شاد وشادی) گیان
یا خود ئەوەی (شاهۆ وگەشی)
یا (حەبیبە)
یاخود (فەرهاد وجەین) گیان
جگە لەهەموو ئەمانە ش
دەنگی زوڵاڵی (ژینا)یە
ئەو ژینایەی لەبەردڵان
ژینایەک ناو وناوبانگی
بوو بەمەشخەڵ بۆ خەباتی
ئازادی ژنان
لە گشت جیهان
یا خەباتێک
ئەو خەباتەی
من و تۆی خستە مەیدانێک
بۆ ئازادی
بۆ یەکسانی
بۆ رزگاری چەوساوەکان
عەبدوڵا ساڵح
٣١ – ١٢ – ٢٠٢٤