Skip to Content

من گەردە سەرەتاییەکانی گەردوونم.. ناڵە حەسەن

من گەردە سەرەتاییەکانی گەردوونم.. ناڵە حەسەن

Closed
by شوبات 11, 2021 General, Poems

من شیعرم
بنەچەم دەچێتەوە سەر باران و
لەگەڵ گەردانە گەوهەرییەکان و
گەردە سەرەتاییەکانی گەردوون لەدایک بووم
لەوەتەی هەم / جیلوەی جوانی و
ژێ بە ژێ ژیڵەمۆ و ژانەکانی ژیان دەنووسمەوە
من شیعرم / عاشقی درەخت و سەوزاییم
گیا لەسەر سینگم دەڕوێ و
گوڵ لەسەر شان و ملم
خۆرەتاو لەناو لەپێکی دەستم هەڵدێ و
لەپی دەستەکەیترم مانگ
گیرفانێکم پڕییەتی لە وردە کتێبی ئاسمانی
گیرفانەکەیترم پڕ لە وشەی شینی مەعریفە
من جەستەیەکم لە هەور و
چاوەکانیشم پڕ لە ئەستێرەی ڕووناک
پەنجەکانم لە ئاگر و نینۆکەکانم لە ئەلماس
ڕۆحم پڕە لە تریفە و هەناسەم لە با

من شیعرم
لە شەوە تاریکە دۆزەخییەکان
دێم و خۆم دەخزێنمە نێو باوەشی خەونەکانتان
دێم و لە سووچێکی ماڵەکانتان دەمێنمەوە
تۆز لەسەر کتێبی نێو دەلاقەکانتان لادەدەم
شووشەی فانۆسەکانتان پاکدەکەمەوە
من لە هەموو شوێنێکم
لەگەڵ خۆر ئاوادەبم و
لەگەڵ مانگ دەردەکەومەوە
لەگەل بەفر دەتوێمەوە
لەگەڵ کوڵیکە سوورەکان سەردەردێنمەوە
من ڕۆژێک بە زمانی ئاو قسە دەکەم
ڕۆژێکیتر بە زمانی ئاگر
ڕۆژێک بەزمانی با قسە دەکەم
ڕۆژێکیتر بە زمانی باڵندە
ڕۆژێک بە زمانی مۆم قسە دەکەم
ڕۆژێکیتر بە زمانی ماسی
من ئاوازێکی ئەبەدیم /
لەنێو چاوی تاڤگەکان و ڕووبارەکان و ڕەشەباکانم
من کاتژمێرێکم /
لەنێو دڵی ساڵەکان و وەرزەکان و سەدەکانم
من شیعرم
لە دوورترین دوورییەکانی دووری
خەونەکانی خودا و زەردەخەنەکانی میشوولەیەک دەخوێنمەوە
هەموو شەوێک
گوێ لە گۆرانییە ئیرۆسییەکانی وردە ئەستێرەکان ڕادەگرم
لە نێو قووڵایی تاریکی ڕوخساری خۆرەتاوە بێئۆقرەکان ڕەسم دەکەم
لەسەر پشتی مردن
قەسیدەی دڵنشینە شادومانییەکانی ژیان دەنووسمەوە
لەنێو ئەبەدییەتی باخچە کەپرێک بۆخۆم دروست دەکەم
لەکاتی ماندووبووندا / لەنیو باوەشی شەپۆلەکان پشوو دەدەم
لەکاتی بیرکردنەوەش / بە بزنەڕێیەک بەرەو هەورازەکان سەردەکەوم
دەتوانم لەهەر چرکەیەک شێوەی جەستە و نیگا و ڕوخسارم بگۆڕم
دەمێک لەنێو ماڵی تەمە سپییەکان و دەمێک لەنێو قووڵایی دەریا
دەمێک لەنێو خەیاڵی فریشتەکانی دۆزەخ
دەمێکیتر لەسەر زاری ئەشقیایەکی یاخی
من لەهەموو شوێنێک و لەنێو هەموو زەمەنێکم
من شیعرم
مرۆڤ و ژیان و شەقام و کچۆڵە نامرادەکان
باخچە و ئاگر و ئەستێرە و گوڵ و گەڵا و درەخت و ماسی
پەپوولە و سنەوبەر و سەوزایی و عەشق و ئازادی و یاخیبوون
لەکوێبن من لەوێم
بەڵام /
جەڵاد و ستەمکار / بیابان و مردن / مرۆڤکوژ و ئازادیکوژ
کۆیلە و نامۆبوون … لەکوێبن من لەوێنیم
من / میلۆدییە پڕسۆزەکەی لەدایکبوونەوەم
بوونم / فۆڕمێکی بێدەنگ نییە
من کەمانجەیەکی پڕ قسە و گەردەلوولێکی پڕ جووڵەم
لەنێو مندا
بەرد و باران و بەفر / باڵندە و بلوور و بێژینگ
بەرسیلە و بۆق و بەرماڵ / بەندەر و بەیداغ و بڵێسە
هەر هەموویان قسە دەکەن
من دەمارەکانم پڕن لە شەونم
سییەکانم پڕ لە هاوار
من پەیکەرێکم لەجوانی و کەڕنەڤاڵێکم پڕ لە ڕەنگ
من شەمەندەفەرێکم لە ئاگر
فارغۆنێکی درێژ بەدوایخۆمەوە ڕادەکێشم
بەنێو سەدەکان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان ڕەت دەبم
ژوورێکی فارغۆنەکەم / پڕاوپرە لە جوانییە ئەبەدییەکان
ژوورێکیتر / پڕاوپڕ لە لەچێژ و ختووکە ڕۆحییەکان
دواژووریش / پڕاوپڕە لە ئارامبوونەوەی دەمارە سترێسییەکان
من شیعرم / ڕۆمانێکی بێکۆتاییم
هاتووم دڵی گەردوون پڕ بکەم لە خۆشەویستی و
لەنێو جەستەی خۆمدا
وێنەی ئەو درەختە بکێشم
کە لقی ئەڤینداری و شکۆمەندی و
گەڵای / ئامانج و حەز و خەونە گەورەکانتان دەردەکات
هاتووم / بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە بڵندترین شوێن ڕابگرم
چونکە دواجار / من پەرچەمە شەکاوەکەی ژیاندۆستیم

                                                              بەفرانباری ٢٠٢١

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish