
ئێوارانی ڕایین بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکرایەوە
دیوانێکی شیعری شاعیر یووسف مەنتک بەناوی (ئێوارانی ڕایین – Abende am Rhein) بە زمانی ئەڵمانی و بڵاوکرایەوە. ئەم دیوانە شیعرییە پێشتر بە زمانی کوردی بڵاوکراوەتەوە. دواتر لە لایەن وەرگێڕ هۆزان عەبدولکەریمەوە کراوەتە ئەڵمانی. دیوانەکە لە لایەن دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی یونایتد پی.سییەوە چاپ و پەخش کراوە. دیوانەکە بریتییە لە (104) لاپەڕە. تابلۆی سەر بەرگی دیوانەکە لە لایەن هونەرمەند حەمید جەمالەوە کێشراوە. لەبارەی دەقە شیعرییەکانەوە لەسەر بەرگی دواوەی دیوانەکەدا هاتووە: زۆر جار شاعیران لە ناچاری دەقە شیعرییەکانیان بە زمانی هێما و دەستەواژەی ئاڵۆز بارگاوی دەکەن، کە ڕەنگە خوێنەر ماندوو و بێزار بکات. شیعرەکانی ناو ئەم دیوانە دوورن لەم جۆر و زیادەڕەویانە. شیعرەکان بە زمانێکی پاک و ڕوون ڕووداو و هەستەکانی ڕۆژانە تێیاندا ڕەنگ دەدەنەوە، بێ ئەوەی سادە دەرکەون. دەقەکان ئەبستراکت نین، بەڵکوو چیرۆک و چارەنووسی تایبەت دەگێڕنەوە، وەک: خۆشەویستییەکی لەدەستچوو، نیشتمانێکی بەجێماو و نیگەرانییەکانی کەسێکی پەناهەندە.
شایانی باسە، ئەم دیوانە پێشتریش کراوەتە کورمانجی و لە ماوەی داهاتوودا بە زمانی فارسیش بڵاو دەبێتەوە.
ISBN:978-3-7103-5535-6