Skip to Content

هەڵبژاردنی تورکیا و ئەنجامەکانی، ئەرۆگان یان کلیچدار؟.. لوقمان ئابڵاخی

هەڵبژاردنی تورکیا و ئەنجامەکانی، ئەرۆگان یان کلیچدار؟.. لوقمان ئابڵاخی

Closed
by ئایار 12, 2023 General, Opinion


هەڵبژاردنەکەی ئەمجارەی تورکیا، بەتایبەتی بۆ سەرۆکایەتی، کە یەکشەمە، ١٤ مایسی ٢٠٢٣ دا دەکرێت لە هەر سێ ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و تاڕادەیەکیش نێودەوڵەتیدا بایەخێکی زۆری پێداروە.
وا بۆ بیست ساڵ دەچێت ئەردۆگان، لە پێشدا وەکو سەرۆکوەزیران و دواتریش وەکو سەرۆککۆماری تورکیا، حوکمی کردووە و ئێستایش سەرباری ئەوەی کە تەندروستی باش نیە، بەڵام لە کێبڕکێی ئەم هەڵبژارنەیشدا بەشدارە بۆ درێژەپێدان بە پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا.
لە لێکۆڵینەوەیەکی نۆردیک مۆنیتەر کە لە ٢٥/٣/٢٠٢٣ دا بڵاکراوەتەوە، دەریخستووە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نەشتەرگەری بۆ لابردنی وەرەمێکی شێرپەنجەیی بۆ کراوە و تووشی نەخۆشی سەرئێشە بووە، لەنێو ئاڵۆزییە تەندروستییەکانی دیکەیدا، هەندێکجار ڕەفتاری ناڕێک و تەقینەوەی تووڕەیی و لێدوانە ناکۆکەکانی لە دەرکەوتن و گفتوگۆکانیدا هەست پێدەکرێت.
ئەو لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا وەکو سەرۆکوەزیران، بە چەند هەنگاوێکی ئەرێنی دەستی بە کارەکانی کرد کە بۆ ماوەیەک سەقامگیری ئابووری و سیاسی لە ناوخۆدا دروستکردبوو. نەیارەکانی و ووڵاتانی ڕۆژئاوایشی بەوە دڵنیادەکردوە کە سیاسەتیێکی دیموکراسی، لیبراڵی و ئایینیەکی میانڕەو پیادەدەکات. بەو شێوەیە ناوخۆ و دەرەوەیشی دڵنیاکردۆتەوە کە ئەو سەرچاوەی ئارامی و سەقامگیری ئابووری، سیاسی، ئەمنی وکۆمەڵایەتی دەبێت کە دوایی دەرکەوت ئەمە تەنها فریودانی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بووە بۆ ڕەگ داکوتان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی حوکمەکەیەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕاستەقینەکانی.
بەڵام ئەردۆگان و ڕژێمەکەی ئێستا سەرچاوەی نائارامی، پشێوی وناسەقامگیرین نەک تەنها لە ناو تورکیادا بەڵکو لە ناوچەکە و لە جیهانیشدا.
گوتاری سیاسی ئەردۆگان لە سەرەتادا و لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە گوتارێکی کۆنسێرڤەتیڤی، نیمچە عەلمانی و نیمچە لیبراڵی بوو وە بەڵێنی (سفر گرفت)ی دابوو لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیادا. بەڵام لە دوای ٢٠١٠ ەوە گوتارکەی دەگۆڕێت بۆ گوتارێکی ئایینی توندڕەو و شۆڤینیەکی نەتەوەپەرست و ڕەگەزپەرست کە بەرگی ئیخوانی ئیسلامی بە بەردا کردبوو.
ئەگەری هەرەسی ئەردۆگان و ڕژێمەکەی ساڵ بە دوای ساڵ وە بەهۆی سیاسەتە چەوت وهەڵەکانی ئەردۆگان و لەشکرکێشیەکانی و شەڕەنگێزەکانی بەردەوام لە هەڵکشاندا بووە.
هەرچەندە ئابووری تورکیا لە دە ساڵی یەکەمی حوکمڕانیەکەی ئەردۆگاندا گەشە و بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام لە دەیەی دووهەمی حوکمڕانیەکەیدا هەموویانی لە دەستداوە و ڕووی لە هەڵدێرکردووە.
ئەمانەی خوارەوە مشتێکن لە خەرواری شکستەکانی ئەردۆگان بەهۆی سیاسەتە چەوت و شەڕەنگێزیەکانیەوە:
١- خراپبوونی باری ئابووری کە بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان بەهۆیەوە بە ڕێژەی ٨٠٪ لە سەدا هەشتا زیادی کردووە. ئەم ڕێژەیە ئەوەیە کە حوکمەتەکەی ئەردۆگان خۆی دانی پیاناوە بەڵام چاودێران ڕێژەی هەڵاوسانەکە بە دوو ئەوەندەی ئەو ڕێژەیە زیاتر مەزندە دەکەن.
٢-دابەزین و هاڕەی لیرەی تورکی کە بەهاکەی لە ساڵی ٢٠٠٥ دا بەرامبەر بە دۆلار لە ١،٥ واتە لە لیرە نیوێکەوە گەیشتە سەروو ١٩،٥ نۆزدە لیرە و نیو لە ساڵی ٢٠٢٣.
٣- بە کوشتدانی هەزاران ڕۆڵەی تورکیا لەو جەنگە درێژخایەنانەی نێوان سوپای تورکیا و هێزەکانی پەکەکە کە بە دڵنیاییەوە بەردەوام چارەسەری ئاشتیانە بوونی هەبووە کە ئەردۆگان بە هیچ کلۆجێک ئامادەگی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە لە هەگبەکەیدا نەبووە.
٤-بەفیڕۆدانی کات، ووزە و ڕەنجی حوکمەتەکانی پێش خۆی بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپاوە بە دوورکەوتنەوە لەو ئامانجە و ناشرینکردنی تورکیا و بوونە هۆکاری پەراوێزبوونی تورکیا لە مەحفەلی نێودەوڵەتی.
٥- بەفیڕۆدانی سەدەها ملیار دۆلار بەهۆی درێژەدان بە شەڕە درێژخایەنەکەی لەگەڵ پەکەکە وە لەشکرکێشیەکانی تری بۆ داگیرکردنی خاکی سوریا و لیبیا کە ئەگەر ئەو پارانە بۆ ئاوەدانکردنەوەی تورکیا و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیەکانی تورکیا بەبێ جیاوازی تەرخان بکرایە، لیرەی تورکی هاڕەی نەدەکرد و ئابووری تورکیا ئابووریەکی بەهێز دەبوو وە ئەگەریش زۆر بوو کە ئێستا تورکیا ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بووایە.
٦- ڕێژەی بێکاری و هەژاری گەیشتۆتە بەرزترین ئاست کە خەڵکی تورکیای تەواو تووڕە و بێزارکردووە لە ئەردۆگان و دەسەڵاتەی کە هۆکاری ئەو بێکاری و هەژاریەی ئێستای خەڵکی تورکیان.
٧- لە کاتێدا پتر ٥٠٠٠٠ پەنجا هەزار هاووڵاتی تورکی گیانیان لەدەستداوە و پتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی ماڵ و کەسانی نزیکیان بە هۆی بوومەلەرزەکەی ٦ ی شوباتی ئەمساڵەوە بێلانە و ماڵ و دەرەتان، بوون کە هۆکاری سەرەکی هەرەسهێنان و ڕووخانی زیاتر لەو ١٧٠ هەزار بینایە لەو ١١ پارێزگایەدا دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی حوکمەتەکەی ئەردۆگان لە چاودێری و سەپاندنی یاسا و جێبەجێکردنی ڕێساکانی تایبەت بە سەلامەتی خانووبەرە. کەچی ئەردۆگان خۆی لە کۆشکێکدا دەژی سەدان ملیۆن دۆلاری تێچووە، خاوەنی فڕۆکەی تایبەتە کە پتر لە ٤٠٠ چوارسەد ملیۆن دۆلاری تێچوە وە مووچەکەیشی لە ٨٨،٠٠٠ هەشتاو هەشت هەزار لیرەوە بووە بە ١١٩٠٠٠ سەدونۆزدە هەزار لیرەی تورکی.
٨-ئازادی ڕادەربڕین و پرێس لە نزمترین ئاستدایە بەشێوەیەک کە تورکیا ئێستا یەکێکە لە خراپترین ووڵاتەکانی دنیا بۆ ئازادی پرێس و ڕادەربرین. وەکو سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئاماژەیان پێکردووە، تورکیا تەنها لە پێش ئەفگانستان و کۆریای باکوورەوەیە لەو بوارانەدا.
٩-ئیفلیجکردنی سیستەمی دادوەری و دەستوەردانە کاریانەوە، دەرکردن یان پەراوێزخستنی دادوەرە بێلایەنەکان و وە دامەزراندنی زۆرێک لەو دادوەرانەی کە تەنها وەلائیان بۆ خۆی هەیە. ئەردۆگان بەردەوام ئەم دادوەرانەی بەکارهێناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی خۆی و شەرعیەتدان بە زیندانیکردنی هەزاران کەسی بێتاوان کە بە تاوانی دروستکراو، فابریکەکراو، وە بەحوکمی ناڕەوا و نادادپەروەرانە حوکمدراون و زیندانیکراون.
١٠-پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ڕێزنەگرتن لە ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکان.
١١-پێشێلکردنی سەرەوەری ووڵاتانی دراوسێ و نادراوسێ، داگیرکردنی خاکی ئەو ووڵاتانە و گوێنەدان و بێڕێزیکردن بە یاسا نێودەوڵەتیەکان.
١٢-دەرچوون لە پەیماننامەی ئەستەنبوڵ کە پەیوەستە بە مافی ئافرەتەوە. دەرکردنی یاسایەک کە ماف بەو پیاوانە دەدات کە بە زۆر لاقەی ئافرەتانیان کردووە، لە جیاتی ئەوەی سزابدرێن و زیندانی بکرێن، هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنە لاقەکراوانەدا بکەن.
١٣- بەرزبوونەوەی گەندەڵی و ڕێژەی تاوان لە تورکیادا بەهۆی بێکاری، هەژاری، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ووڵاتەوە.
١٤- لە کاتێکدا کە لە تورکیادا لەشفرۆشی مۆڵەت پێدراوە و هاوڕەگەزبازی ڕێگەپێدراوە، ئەردۆگان بەردەوام خەریکی دروستکردن و پەروەردەکردن وپێدانی یارمەتی دارایی بووە بۆ چەندین گرووپی ئیسلامی توندڕەو و ئیخوانی لە هەرێم و لە جیهاندا کە مەبەستی سەرەکی ئەردۆگان بەکارهێنانی ئەو گروپ و لایەنە ئیسلامیە توندڕەوانەیە وەکو کارتی فشار بۆ سەر ئەو ووڵاتانە بۆ گەیشتن بە ئەجێنداکانی خۆی.
ئەمانە و زۆری تر کە بارودۆخی ئێستای تورکیا و ژیانی تورکەکانی لە خراپەوە بۆ خراپتر و خراپترین بردووە و ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەیشدا بیباتەوە، ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە، زۆر خراپتر دەبن.
لە بەرامبەردا کلیچدار ئۆغلۆ کە ڕکابەرێکی بەهێزی ئەردۆگانە، سەرۆکی ئێستای پارتەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورکە، کە پارتێکی نیمچە عەلمانی نەتەوەپەرستی ڕاستڕەوە، چەندین بەڵێنی داوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارودۆخەی تورکیا کە ئەردۆگان بەو دەردەی بردووە.
کلیچدار دەڵێت کە ئەو دژی سیاسەتە چەوت و شکستخواردووەکانی ئەردۆگانە و ڕاستیاندەکاتەوە.
لێرەدا تیشک دەخەمە سەر ئەم بەڵێنانەی کە لە بەرنامەی هەڵبژاردنەکەیدا، کە ٢٤٠ لاپەڕەیە، نووسراون:
١-گرتنەبەری ڕێگای زانستی بۆ بووژانەوەی ئابووری تورکیا و لیرەی تورکی.
٢- هەوڵی خستنەوەی تورکیا بۆ سەر بۆ ڕێچکەی ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا.
٣-زیندووکردنەوەی دیموکراسیەت و ڕێزگرتن لە ئازادی دەربڕین.
٤-هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە.
٥-گەڕانەوەی شکۆ و سەربەخۆیی بۆ دادوەر و دادگاکان.
٦-ئازادکردنی زیندانە سیاسیەکان و هەڵوەشاندنەوەی یاسا قەرەقوشیەکانی ئەردۆگان.
٧- گەڕانەوە بۆ پەیماننامەی ئەستەنبوڵ و بە یاسا مسۆگەرکردنی مافی ئافرەت بۆ حیجابکردن.
٨-ناردنەوە و گەڕانەوەی ٣،٧ ملیۆن، سێ ملیۆن حەوت سەد هەزار کۆچبەری سوریایی لە ماوەی ٢ ساڵدا بۆ سوریا. هەڵبەتە ئەم کارە هەروا ئاسان نیە و پێویستی بە کاتێکی زیاتر و هەوڵی دیپلۆماسی بەردەوام و بودجەیەکی زەبەلاح هەیە.
٩-هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی کە لە ٢٠١٨ ەوە ئەردۆگان بۆ بەرژەوەندی خۆی بە یاسا جێگیری کرد و گەڕانەوە بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. هەڵبەتە ئەمەش کارێکی ئاسان نیە کە پێویستی بە ٥/٣ واتە لە ٦٠٪ دەنگی پەرلەمان هەیە بۆ هەڵوەشانەوەی یاسای سەرۆکایەتیەکە.
ئەردۆگان هەر ئەوەندەی باوەڕی بە دیموکراسیەت هەیە کە لە خزمەت ئەجێنداکانی خۆیدا بێت، تەنانەت هەڵبژاردنیش لای ئەو نوکتەیەکی بێتامە و هیچ سەنگێکی نیە. بۆ نموونە لە کۆی ١٠٤ سەدوچوار سەرۆک شارەوانی کە لە هەڵبژاردندا و بە دەنگی خەڵک ئەو پۆستەیان وەرگرتبوو، ئەردۆگان بە حوکمێکی قەرەقووشی ١٠١ سەد و یەک پۆستی لەو هەڵبژێردراونە سەندەوە، بە تاوانی دروستکراوی بێ بنەما و درۆ دادگاییکران و خرانە زیندانەوە وە پۆستەکانیشی بەخشی بە ئەندامانی پارتەکەی خۆی کە ناوی (قەیوم)ی لێنابوون.

ئەردۆگان ئەنجامی یەکەمی هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ساڵی ٢٠١٩ ی قبووڵنەکرد کە حیزبەکەی خۆی و کاندیدی پارتەکەی ئەو پۆستەیان دۆڕاندبو، خولێکی تری هەڵبژاردنی سەپاند کە ئەگەر لەبەر فشاری گەورەی ناوخۆ و نێودەوڵەتی نەبوایە وە لەبەر ئەوەی زەرەرمەندی یەکەم کەسی خۆی نەبوو، دۆڕاندنی خولی دووهەمیشی قبووڵنەدەکرد.
ئەمە خۆی لە خۆیدا ترس و خەم و نیگەرانیەکی قووڵی دروستکردووە کە لە ئەگەری دۆڕاندا، ئەردۆگان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵنەکات، بە تایبەتی کە هەموو دادوەرەکانی دادگای باڵای تورکی دەستەبژێری ئەردۆگان خۆیەتی و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە بەسەریانەوە. ئەمە جگە لەوەی ئۆپۆزیسیۆن ترسی ئەوەیشیان هەیە کە ئەردۆگان سووپایەکی ئامادەکردوە بۆ تەزویرکردن و تەنانەت بەکارهێنانی بەشێک لە کۆچبەرە سوریەکان بۆ دەنگدان بۆ بەرژەوەندی خۆی.
ترسی زیاتریشیان لەوەیە کە لە ئەگەری دۆڕاندا، ئەردۆگان هانی ئەندامان و هەوادارانی حیزبەکەی بدات کە پشێوی، نائارامی و ناسەقامگیریەکی ئەوتۆ دروستبکەن کە بگاتە شەڕی ناوخۆ و لە ئەنجامدا داوا لە ئەردۆگان بکرێت لە بەرامبەر کردنەوەی خۆی بە سەرۆککۆمار، بارودۆخە شڵەقاو و ناجێگیرەکە سەقامگیر و ئارام بکاتەوە.

لوقمان ئابڵاخی
١١ ی مایسی ٢٠٢٣

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish