Skip to Content

نامەیەک بۆ باوکم.. چرۆ زەند

نامەیەک بۆ باوکم.. چرۆ زەند

Closed
by ئایار 31, 2024 General


سڵاو بابە گیان، نامەی ئەم جارەم سکاڵایە،

هەواڵی جینۆسایدی شاخی گۆیژە یاداشت دەکەم بۆ (جوگرافی کوردستان) نووسینی (کریم زەند)
ئۆستانی سلێمانی -بابان- سنووری شار، خاوەر چیای گۆیژە

بابە گیان، لە یادمە کە بەیانیان لە باخچەی ماڵەکەمانەوە دەتڕوانیە گۆیژە، کاتێ تیشکی خۆر لە پشت چیاکەوە تیشکە زێڕینەکەی دەردەکەوت، دەیدا لە حەوزە گەورەکەی باخچە ڕازاوەکەمان. لەئێوارەی زەردەپەڕدا، ئەو دەمەی کە خۆر ئاوا دەبوو، دیمەنێک بەدەر لە وەسف دەردەکەت، تۆش بە دەنگە ناوازەکەت، سروودی چیاکانت بۆ دەوتین، ئەو کات منیش دەموتەوە بە تاسەوە:
( ئەو دەمەی خۆر دەگاتە ئێوارە ڕوو بکەرە شاخی گۆیژە بنواڕە
عەشقی پەروەردگاری لێ دیارە دامێنی وەک بەهەشتی ئاودارە.)

(کورد هاوڕێی نیە جگە لە چیاکان) چیاکان هاوڕێمانن، گەردوون پێی بەخشین، ژینگەیەکی تایبەتیان بۆ کردووین، لە دوژمن دەمانپارێزن، لە خۆڵ و ڕەشای شار دەمان پارێزن، سروشتێکی جوانی شارن، پێش دروستی بوونی شار، گوێژە لەوێ بوە، ڕەنگاڵەیە لە بەسەرهات، سەریرانگایە، خۆری نیشتمان لەوێوە هەڵدێ، سنووری ئوستانی بابانە.، مێژووی شارو وڵاتمانە.

لە هەندەران، لەغوربەتدا ئەو جوانیەم دەهاتەوە خەیاڵ، بە نووسین خۆشەویستی خۆم دەردەبڕم بۆ چیاکانی هاوڕێمان.
لەکاتی گەڕانەوەمدا، کە دەگەیشتمە سەر شەقامی گۆران تا نزیک دەبوومەوە لەماڵ، جوانی چیاکە نزیک و نزیک تر دەبوو.
ئەم جارە کە گەڕامەوە، کە ڕوانیم بەرەو گۆیژە چاوم دەگرم، نەبا بە ڕووخاوی چیاکە ببینم. دێمە سەر گردی سەیوان، بۆ مەزاری تۆ، هەواڵی پارچە پارچە کردنی چیاکەت پێدەگەیەنم، دەنگی شریخەی شاخ و ئازارو ناڵەی گۆێژەت بۆ باس دەکەم، شەفڵەکان بێڕەحمانە جەرگی شاخیان کوون کرد، کۆمیپانیایەک، کەسێ، پارتێک، سیاسەتێ چیایەکی پەروەردگاری داگیر کرد وشاخی لەت لەت کرد، ڕێڕەوی ڕووبارەکانی گۆڕی. سنووری شار نەما، ژینگەو نیشتمان جێنوساید کرا. من ئەم جارە هەر بە فرمێسک ناگریم بە دڵ دەگریم لەوە دەچێ کەلەپچە کرابم، بەزۆرداری بێهوش بکرێم ومنداڵێکم پێ لەباربەن. نازانم چیت بۆ بنووسم لە نامەکەمدا!
ڕەنگە بڵێم خۆزگە منیش لەگەڵ چونی تۆ دەچووم تا ئەم تاوانە گەورەیەم نەدەدی، تاوانێ دژ بە سروشت، دژ بە ئاو، دژ بەمرۆڤ، دژ بە چیا، دژ بە نیشتمان.
دوا وتەم: دەمەوێ پێت بڵێم کە ئێستا جوگرافیەکەم لەبەر دەستە ودەمەوێ وەسیەتەکەت جێ بەجێ کەم وەریگێڕم بۆ سەر زمانی ئنگلیزی، کە لاپەڕەی ٤٤٩ دەخوێنمەوە، سنووری شار، باس لە خاوەر، چیای گۆیژە، پەنجەکانم سست دەبن، زمانیشم گۆ ناکات بۆ دەربڕین، بۆیە هاوار بۆ تۆ دێنم، دەڵێم بابە گیان وەرە، وەرەر لە گەڵ شاکاری شاعرەکان، پێکەوە بابچینەوە بۆ گۆیژە ئەم جارەیان ئەوان سروودی ڕوخانی گوێژە وشێواندی ژینگە و مردنی هاوڕێکانمان دەنووسن، تۆ جوگرافی چیای گۆیژە دەنووسیوە، بەڵام ئەم جارەیان خاوەر – چیای گۆیژە جینۆساید کرا بووە قەیوان.

چرۆ زەند

May 28, 2024

سوپاس و پێزانین بۆ شێرکردن و بڵاو کردنەوەی وەک خۆی.

Previous
Next
Kurdish