Skip to Content

مرۆڤ تاکو جەستەی نەبێت ھیچی تری نییە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مرۆڤ تاکو جەستەی نەبێت ھیچی تری نییە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 31, 2024 General, Opinion

مۆنۆلۆگی چوارەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: با بگەڕێینەوە سەر جەستە. بێ بایەخکردنی جەستە لە بواری فەلسەفیدا، ئەفلاتۆن تیۆریزەی کردووە، بەدیتنی ئەو جەستە لە خاکەوە پەیدابووە و رۆح لە ئاسمانەوە دابەزیوە، ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە لە بواری فەلسەفیدا وەک ھێڵێکی درامی لە ئەفلاتۆنەوە درێژ بووەتەوە تاکو بە ئێستاش دەگات. ئەمە ھەر ئەو شتەیە “نیچە” تێبینی کرد کە مێژووی مرڤایەتی چیتر نییە جگە لە مێژووی نابووت و سەرکوتکردنی جەستە.
خۆم: ئەمە ھەمان روانگەیە کە ئاینەکان پێداگریی لەسەر دەکەن، ھەر لەو رێگەیەشەوە بووە بە بەشێک لە کولتووری ئێمە. مرۆڤی کورد لە ھەر ئاستێکی رۆشنبیریدا بێت تا ئێستا نامۆیە بە جەستەی خۆی!.
من: تۆ سەیری شانۆی کوردیی بکە، ھەموو ڤۆکۆسێکی لەسەر حیوارە نەک جوڵەی جەستە، ئەوەندەی من تێگەیشتبم، خراپترین جۆری نواندنی شانۆیی ئەو نواندنەیە تەنھا پشتی بە ھێزی وشە بەستووە و جوڵەی جەستەی وەلا ناوە. تەنانەت ئێمە سەماشمان نییە،! ھەڵپەڕکێیەکمان ھەیە تاک لە بۆتەی گشتدا پێوەند بووە، بەو پێیەی ئەو سەمایە پرۆسەیەکی دەستەجەمعییە، تاک تێیدا ونە، ئەمەش زادەی ئەو ترسەیە لە دروستبوونی تاکێک خاوەندارێتی جەستەی خۆی بکات، ھەروەک چۆن دیسپۆتیزمە کولتوورییەکە بە گشت نەبێت بواری بیرکردنەوەشمان نادات.
خۆم: کەواتە ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە تۆ بۆ جەستەی ژن دەنووسیت یان بۆ رۆحی ژن؟.
من: مرۆڤ تاکو جەستەی نەبێت ھیچی تری نییە، لای من مرۆڤ جەستە و ئیحساس و بیرە، ژنیش وەک مرۆڤ دەبینم، بۆ ھەموو ئەو جوانیانەی ژن دەنووسم.
خۆم: سەیرە سەرباری ئەوەی لە بوارێکی دیاریکراودا نانووسیت، بەڵام ھەموو شیعرەکانت بۆ ژنن، خۆت بە کۆمۆنیست دەزانیت بەڵام ھیچ شیعرێکت نییە رەھەندی چینایەتی ھەبێت!!.
من: پەیوەندیی من بە کۆمۆنیزمەوە لە قۆناغێکدایە، خەڵک وا دەزانن دەستبەرداری ئەو بیرۆکەیە بووم، یان وا تێدەگەن کۆمۆنیستبوون بەشێک بێت لە مێژووی تێپەڕێنراوم، نا، نەخێر، بەم جۆرە نییە، ھیچ نەبێت شیعر بە کۆمۆنیزمەوە دەمبەستێتەوە، ئەمە ھەمان ئەو کۆنسێپتەیە “ئالان بادیۆ” لە بارەیەوە دەدەوێ و دەڵێت “شاعیرەکان لەبەر ھۆکارێکی جەوھەری کۆمۆنیستن”!. بادیۆ ئەو ھۆکارە بە زمان دەستنیشان دەکات، بەو پێیەی شاعیرەکان ناوی نوێ بۆ شتەکان دەدۆزنەوە کە پێشتر ناویان نەبووە، ئەمیش پێشکەشی ھەمووان دەکرێت!. رەنگە لە ئێستادا تەنھا و تەنھا شیعر من بە کۆمۆنیزمەوە ببەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆم بە شاعیری پڕۆلیتاریا نازانم، لای من بازنەکە فراوانترە، لە دیدی مندا شیعر بۆ ھەمووانە.
خۆم: وتت شیعر بۆ ژن دەنووسم، ئەمە خۆی لە خۆیدا تەسککردنەوەی بازنەکەیە نەک فراوانکردنی!.
من: بەڵێ بۆ ژن دەنووسم، چوونکە ژنم خۆشدەوێت!، ژنم خۆش دەوێت، لێ ھیچ کات ئاسودەگیم لەگەڵیاندا نەبووە!، رەنگە بێ ئەوەی بەخۆم بزانم مازۆخی بم و چێژ لە ئازاردانەکانم وەربگرم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەمەش ھەمیشە بۆ ژن دەنووسم.
خۆم: شەڕی کامۆ و سارتەر لەسەر بەدەستھێنانی دڵی ژنان بوو، ئاخر سارتەر ئیرەیی بە کامۆ دەبرد کە ئەو ھەموو ژنە پێی سەرسام ببوون، بەڵام ھەوڵیدەدا ئەم ئیرەییە بخاتە فۆرمی شەڕێکی فیکرییەوە، تۆش ھەمان شەڕت لەگەڵ دەکرێت لەلایەن ھەندێ ھاوڕێتەوە و دەیانەوێت ئەم ئیرەییە بخەنە چێوەی جیاوازیی و سەرەڕۆیی بیروڕاوە، کەچی ئەوەی من دەیبینم تۆ ھەمیشە دۆڕاویت لە دۆزینەوە و بەدەستھێنانی ئەو ژنەی دڵی خۆت دەیخوازێت!.
من: ئەو شەڕە نەگریسەم دژی خۆم پێ راناگیرێت، بەڵام ھەر دەنووسم و تێمای سەرەکی نووسینەکانیشم ستایشی ژنە. زۆر جار دەگەمە ئەو دۆخە دەروونییەی نازانم بۆچی دەنووسم!، بەڵام دەزانم دەبێت شتێک بە ژن بڵێم لە رێگای تێکستەوە. زۆر لە پیاوەکانی ھاوڕێم ئیرەییم پێ دەبەن کە ھەمیشە بۆ ژنان سەرنجڕاکێشترین پیاو بووم، بەڵام من وەک راوە ماسی لەگەڵ ژنان بەرخود ناکەم و نامەوێت بە کۆمەڵ بیانخەمە تۆڕی ئارەزووەکانمەوە. نا، نەخێر دەمەوێت وەک باڵندەیەک تەنھا لەگەڵ ئەو مەلەدا بفڕم ھێشتا لە قەفەزی پیاوێکی تردا زیندانە، بۆیە ھەمیشە بۆی دەنووسم!.
خۆم: جارێک وتت باوەڕم بە دۆنادۆن ھەیە، پێتوایە ژنێک ھەبێت لە کۆنەوە رۆحی ئاوێتەی رۆحت بووبێت!؟.
من: مرۆڤێکی ئایندار نیم، کەچی بڕوام بە دۆنادۆنی گیانەکان ھەیە و پێموایە گیانی من و ژنێک بەر لە ھەزاران ساڵ لە یەکتر نزیک بوون، رەنگە دوو پەروانە بووبن لەسەر پەڕەی گوڵێک یەکتریان ناسیبێت، من بۆ ناسینەوەی ئەو پەروانەیە دەنووسم!.
خۆم: کەواتە تۆ عاشقیت بە مانا سۆفیگەرییەکەی، پێموایە عەشق درۆیەکە دژی تەنھایی، تەنھاییش راستییەکە دژی عەشق.
من: وایە عەشق جنونە، حاڵەتێکی دەروێشانەیە، خۆشەویستی ئەو پەیوەندییە دڵخوازەیە زۆرینەی مرۆڤەکان ئارەزووی دەکەن، کەچی من ناتوانم خۆشەویستی بکەم ئەگەر نەگاتە عەشق، ئەگەر نەبێتە ئەو شێتییەی لە کرۆکی عەشقدا ھەیە، ھەر ئەمە پێم دەڵێت یان کوڕی زەمەنێکی زۆر دێرینم، یاخۆ ھێشتا سەردەمی من نەھاتووە.
خۆم: شێتەکان جوانترین مرۆڤەکانن، زۆرجار بەھەڵەدا دەچین کە شێتی و ئەحمەقی لە یەکتر جودا ناکەینەوە!.
من: شێتی درۆیەک بوو لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا داھات، فوکۆ لە کتێبەکەیدا “شێتی و نائاوەز، مێژووی شێتی لە چاخی کلاسیکیدا”. ئەم بابەتە دەباتە ناو فەلسەفەوە، ئەو نموونەی “کەشتی دەبەنگەکان” دەخاتە بەر باس کە لەو سەردەمەدا کۆمۆنەکان شێتەکانیان پێ دەبردە ناوەڕاستی دەریاکان و بەدەم شەپۆلەکانیانەوە دەدان، ئەمێستا ھەر مرۆڤێکی دژە سیستم بەو شێتە لە قەڵەم دەدرێت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کە سێبستیان برانت رۆمان لەبارەیەوە دەنووسێت، ئەوەی گۆڕاوە لە بری لەناوبردنی فیزیکی لەناوبردنی دەروونی و مەعنەویی پەیڕەو دەکرێت.
خۆم: مردنی مەعنەویی زۆر ترسناکترە لە مردنی فیزیکی!، ئەوەی منی تۆقاندووە ھەردوو مردنەکە بەیەکەوە روو بکەنە کەسێک.
من: ناتوانم وەھا بیر بکەمەوە، ژیان وەک ئاوی کانی دەڕوات ھەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەکەی، مردن ھەروەک ژیان دیاردەیەکی جەستەییە، ژیان لەناو مێژوودا درۆیەکی دڵخۆشکەرە و مرۆڤ بۆ نەمریی خۆی داھێناوە، بەداخەوە ژیان یەک جارە، وەلێ من ھەموو رۆژێک بەدەم ئازارەوە دەمرم.
خۆم: کەواتە بژی بەو جۆرە دەتوانیت بژیت. ئێستا حەزدەکەم بزانم مێشکت چی تێدایە؟.
من: بە دیار خۆمەوە دانیشتووم، دەمەوێت تەنھابم تەنیاتر لەم تەنھاییەی ئێستام. بیر لەوە دەکەمەوە چۆن نەیانھێشت خەونەکەم تەواو بکەم، فڕێیاندامەوە ناو ئەم واقیعە پڕ ئازارە. دەمەوێت دوو دێڕ بۆ یارم بنووسم “سوپاست دەکەم کە پێتوتم تۆ مەلێکی تەنھایت، یاوەرت نییە لە فڕیندا”.
خۆم: شتی سەیر و سەمەر لە مێشکتدا ھەیە، لە ھەمووشی گرنگتر ھەموو شتەکان وەک ئەڵماس گرانبەھان.
من: پێتوایە کەسێکی دیکە ھەبێت دیقەت لەو شتە وردانە بدات جگە لە من؟. بۆ من وتنی شتی قورس و گران گرنگ نییە، گرنگ دۆزینەوەی مانای گەورەیە لە شتی زۆر وردیلەدا.
خۆم: بەڵام زۆرجار دۆزینەوەکانت ھێندەی چەکی ئەتۆمی بۆ کۆمەڵگە ترسناکن! چوونکە ناتوانێت ھەرسیان بکات.
من: بە قەد رقی ھەندێک خەڵک لە خۆم و روانگەکانم دڵخۆشم بەمە، ئاسوودەشم بەوەی بۆچوونەکانم ھەندێک کەس وەک گای ئیسپانی شێت دەکات، کەواتە زوو زوو بەو پەڕۆ سوورە سەرچۆپی دەگرم.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
٨-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: یانزە و چل خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress