
بە عەشق گەمارۆت ئەدەم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی
ئەو دڵە غەمبارەم
پڕە لە عەشقێک کە جگە لە تۆ
کەسی تر
توانای هەڵگرتنی ئەو بارە قورسەی نییە
کەسیش نابێتە
ئەو مەلە سەرچڵەی هاوسەفەرمە
لە تەیکردنی ئاسمانە بێ بنەکانی دڵ
کە باڵی فڕینیشیان شکاندین
جگە لە تۆ و سۆزت
کەسی تر لەگەڵم بەرنابێتەوە
سەر زەوی خەمگینی
ئەو دڵە غەمبارەم
پڕە لە عەشقێکی دێوانەیی کە جگە لە تۆ
پان و بەرینی چامە شیعرەکانیم
هیچ کەسی تر ناگرێتە خۆ و
چرای سەرکزی پەیڤەکانم
هیچ دڵێکی تر رووناک ناکاتەوە
کە بەر شەوارە و
جەژنی شەمشەمەکوێرەکانیش کەوتم
جگە لە تۆ، کەسی تر
دەروازەی رووناکیم بەروودا ناکاتەوە
ئەو دڵە غەمبارەم
کوانووی عەشقێکە کە جگە لە تۆ
کەسێکی تر نییە لە کۆڵانەکانی قەسیدەدا
رێی ئەوینی لێبگرم و
لە دووری دوورەوە
نەرمە نیگای سەرخۆشی تێبگرم
کە تەنیا ئەمێنمەوە
لەسەر سنگی رەقی شەقامەکانی شاردا
جگە لە میهرەبانیت
هیچ دەستێکی تر نایەتە ژێر سەرمەوە
ئەو دڵە غەمبارەم
مەشخەڵی ئاگری عەشقێکە بۆ تۆ
چی تۆوی زەردەخەنەیە
لە پێدەشتی رۆحتا ئەیچێنم و
چی شەتڵی هەنسکتە
بە زەبری پێکەنین دروێنەی ئەکەم
کە ئەکەوینە دۆڵەکانی دڵتەنگییەوە
ترووسکەت ئەبینم
تاکو زۆرتر لێت نزیک ببمەوە
زیاتر درەوشانەوەت بەسەرما ئەڕژێ
ئەو دڵە غەمبارەم،
هێلانەی عەشقێکی ئەبەدییە
کە جگە لە تۆ
بەرووی هیچ پاسارییەکی
ئێسک سووک و مەستدا پێناکەنێ و
دڵی خۆی نادات
بە هیچ هەڵۆیەکی برینداری بەرزەفڕ
کە کەوتیتە هێلانەی دڵی پڕ برین و
تەژی حەزمەوە
داگیرت ئەکەم و
گشت باڵەکانی فڕینت لێ ئەکەمەوە