سكیزۆفرینیای عه‌قڵ….سكیزۆفرینیای زمان … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
زمان، دووه‌م نیشانه‌یه له ده‌یان نیشانه له مرۆڤدا شوناسی كولتووری و نه‌ته‌وه‌یی كه‌سه‌كانی پێ ده‌رده‌كه‌وێ، یه‌كه‌میان جل و به‌رگ و شێوه‌ی نه‌خشاندن و سازانیه‌تی و ئه‌وه‌ی تریشیان زمانه. یه‌كه‌میان هێمایه‌كی ماددی بینراوه و ده‌كرێ كه‌سانێك بیپۆشن له‌و نه‌ته‌وه‌یه نه‌بن و دووه‌میشیان هێمایه‌كی به‌رهه‌ست و ئه‌بستراكته و ده‌كرێ كه‌سانێك پێی بدوێن كه دیسانه‌وه سه‌ر به‌و نه‌ته‌وه‌یه نه‌بن.
جله نه‌ته‌وه‌ییه‌كان لای زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كان ته‌نها بونه‌ته میراتێك له نێو كه‌له‌پوور و ناوه ناوه كه‌س و گرووپه‌كان بۆ ساتگه‌لێك ده‌چنه‌وه ئه‌و قالبه و وه‌ك وێنه‌ی باوانیان ده‌رده‌كه‌ونه‌وه، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه وه‌ك یۆنگ ده‌ڵێ په‌یوه‌ست بێ به‌و نموونه یه‌كه‌مه architype ی له‌سه‌ره‌تاوه هه‌موومان له‌وه‌وه ئه‌م میراته‌مان بۆ ماوه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه له‌مڕۆدا ته‌نها ئه‌و نه‌ته‌وه و گرووپانه هه‌میشه به جله نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیانه‌وه ده‌رده‌كه‌ون و لێیدانابڕێن كه خۆیان به پارێزه‌ری كولتوور و كه‌له‌پوور ده‌زانن و له ترسی ونبوون یا تاوانهوهیان له به‌رانبه‌ر بژارده مۆدێرنه‌كان له جیاتی ئه‌وه‌ی عه‌قڵ بكه‌نه قه‌ڵغان به جلوبه‌رگ خۆیان له كاریگه‌ریه خودبڕهكان ده‌پارێزن.
ئه‌وه‌ی من لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ریه‌تی لایه‌نه لۆژیكیهكهیه له شیكردنه‌وه و ڕاسته‌وخۆ ئه‌و ناساندنه ده‌گرێته‌وه كه په‌یوه‌سته به‌وانه‌ی سرووشتیانه ئه‌و هێمایانه ده‌یانبه‌نه‌وه سه‌ر نه‌ته‌وه یا گرووپه ئیتنیكیهكانیان و زمانیش وه‌ك ده‌ركه‌وتێكی سرووشتی هه‌روه‌ك چۆمسكی ده‌ڵێ خۆڕسكانه ده‌ركه‌وتووه به‌ڵام له مرۆڤدا ده‌ركه‌وتووه و په‌یوه‌ستی بنه‌مایه‌كی فیزیۆلۆژی و فسیۆلۆژیشه و له‌سه‌ر ئه‌م ئاماده‌باشیه سه‌رهه‌ڵده‌دا كه له ڕووی ژینیتیكیه‌وه بۆی ساز بووه، مه‌گه‌ر نا ئه‌م دیارده ئینسانیهمان لێ وه‌ده‌ر نه‌كه‌وت.
واز له جل و به‌رگ و پۆشاك دێنم و هه‌ر له‌سه‌ر زمان قسه ده‌كه‌م، زمان بۆ ئه‌وه ده‌ركه‌وتووه شتی پێ په‌یبه‌رین و بناسین و هۆشمانی پێ دامه‌زرێنین، بۆ ئه‌وه ده‌ركه‌وتووه مانای پێ بده‌ینه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ هه‌ن یا ده‌بزوون. ژیان هه‌روه‌ك فڕۆید ده‌یووت پێویستی به “بیر”ێكی به‌هێزه، ئه‌م بیره لای فڕانكل بووه‌ته “مانا” بۆ ژیان. ته‌نها مرۆڤه هه‌ست به ژیانی خۆی ده‌كا و ده‌شزانێ چۆن سه‌ره‌تای هه‌یه ئاوه‌هاش كۆتایی به ژیانی دێت، هه‌ر بۆیه ئه‌و ژیانه‌ی دهیژیێ، ئه‌گه‌ر به ماناوه نه‌یباته سه‌ر له خودی ڕه‌سه‌نی خۆی داده‌بڕێ و تا ماوه به خودێكی ساخته‌وه ده‌گوزه‌رێنێ.
ماناكان له زماندا هێما وه‌رده‌گرن و ده‌پارێزرێن و ورده ورده گه‌شه ده‌كه‌ن، له زماندا هزر وه‌رده‌گێردرێته سه‌ر وشه و ده‌نگ و سیمبولیزه ده‌بێ. زمان دنیایه‌كی تره له نێو ئه‌و دنیایه‌ی تیایداین، كه وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی بیۆلۆژیكی له دایك ده‌بین دێینه (دنیای یه‌كه‌م) كه ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌یه، كه زمانیش ده‌گرین ده‌چینه دنیایه‌كه‌ی تر و ئه‌گه‌ر هوشیارانه ڕۆڵی بوونێكی عاقڵانه‌ی تیادا پیاده نه‌كه‌ین ئه‌وا ناتوانین ئه‌م دنیا ئه‌بستراكته جوان بسازێنین و بناغه و ڕێساكانیشی به له‌رزۆكی ئه‌ولا و ئه‌ملا ده‌كه‌ن.
له‌رزۆكیی زمان په‌یوه‌سته به له‌رزۆكیی عه‌قڵه‌وه، عه‌قڵی چالاك زمانی چالاك دێنێته به‌رهه‌م، عه‌قڵی زیندوو زمانی زیندوو درووست ده‌كا، عه‌قڵی به‌هێز زمانی به‌هێز دێنێته ئارا و دواتر (هێزی زمان) كولتووری به‌هێز له خۆیدا ده‌باته ده‌ره‌وه‌ی خۆی و سنووره‌كانی فراوان ده‌كا، هه‌روه‌ك چۆن زمانه‌كانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی و ئیسپانی و رووسی و عه‌ره‌بی و فارسی و ئه‌ڵمانی و…….تا ئه‌و ئاسته‌ی ئێستایان فراوان بوون.
زۆر جار فراوانبوونی زمان په‌یوه‌ست بووه به‌و هێز و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له داگیركاریه‌وه كه‌وتوونه‌ته‌وه، به‌ڵام خۆ داگیركاریش ئه‌گه‌ر جۆرێكی دیاری شه‌ڕانگێزی بووه، ئه‌وا عه‌قلێكی شه‌ڕانگێز و فراوانخواز به‌ڕێوه‌یبردووه، مه‌رجیش نه‌بووه ئه‌م ئاسته له فراوانبوون به پێوه‌ره عه‌قلانیه ئینسانیه‌كانی ئه‌م دوادواییه گونجاو بووبن، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌ی هه‌بووه به‌شێك بووه له گه‌شه‌ی مێژوویی مرۆڤایه‌تی و له‌مڕۆدا پێوه‌ره‌كانی هێز و عه‌قلانیه‌ت به‌ستراوه‌ی نۆڕم و ستانداردی ترن.
له زمانی كوردی خۆماندا دنیایه‌ك ڕێچكه ده‌دۆزینه‌وه ده‌مانبه‌نه‌وه سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی لاوازی عه‌قلی كوردی، هه‌ر له به‌ڕێوه‌چوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و سیاسی و ئابووریه‌وه بگره له سه‌رده‌مه هه‌ره كۆنه‌كان و ئۆرگانیزه‌بوونه شڕ و شهپڕێوهكانهوه، تاوه‌كو دۆخه ناتۆكمه و له‌رزۆكه‌كانی وا بۆ سه‌ده‌یه‌ك ده‌چێ تێ‌یان كه‌وتووین.
له مێژووی خۆماندا چون په‌رته‌وازه‌یی به ژیانی فه‌رهه‌نگیمانه‌وه دیاربووه و نه‌مانتوانیوه به‌سه‌ر كۆسپه جوگرافی و تۆبۆگرافیهكان زاڵبین و جه‌سته‌یه‌كی كولتووری له‌سه‌ر زه‌مینێكی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراو سازكه‌ین، ئاوه‌هاش زمانه‌كه‌مان له دۆخی دابڕانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی چه‌قیوه و نه‌یتوانیوه له شێوه‌یه‌كی ستانداردی نه‌ته‌وه‌ییدا خۆی به دنیای ده‌ره‌وه بناسێنێ.
ده‌ركه‌وتنی زمان به‌م شێوه نایه‌كگرتووه له ئه‌ستۆی خۆی نیه، زمان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێكراوه خۆی له له‌ناوچوون بپارێزێ و ئه‌و هێزه سرووشتیه‌ی هه‌یبووه پاراستوویه‌تی و ئه‌وه نه‌ته‌وه و ئۆرگانهكانیهتی نه‌یانتوانیوه به ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ر له‌وه‌ش عه‌قلانی و ئینسانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی خۆیان هه‌ستن و ئه‌م توخمه سه‌ره‌كیه كه یه‌كێكه له مه‌رجه هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی نه‌ته‌وه‌بوون و نیشتمانسازكردن و به كۆمه‌ڵگه بوون له خۆیاندا پته‌و بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌و مه‌رجه هه‌نگاوی درێژتر نرابان له پێناو پێكه‌وه‌نانی ژیانێكی مانادارتر له چوارچێوه‌ی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی وه‌ك هه‌ر یه‌ك له‌و قه‌وارانه‌ی ئه‌مڕۆ له دنیادا له چوارچێوه‌ی سیاسی و ئه‌تنیكی و كۆمه‌ڵگه‌یی ئاخنراون.
مه‌رجی زمان له نێوان سێ مه‌رجی دیكه بۆ پێكهاتنی گه‌ل و نیشتمان له هه‌موویان به هێزتره و نه‌ته‌وه هه‌بووه ته‌نها به‌و مه‌رجه توانیویه‌تی خۆی له قالبی وڵات بخزێنێ و قه‌واره بۆ خۆی درووست بكا و مه‌رجه‌كانی تری وه‌ك خاك و مێژووی ئه‌وه‌نده پته‌و نه‌بوون.
ئه‌مانه ڕاستی تاڵی مێژوویین و ئه‌و مانایه‌ش ناگه‌یه‌نن كه ئیدی كێشه‌كه مادام مێژووییه و له مێژه ڕیشه‌ی داكوتاوه ئیدی هه‌روا ده‌مێنێته‌وه و رووی به‌ره‌و چاكیی نیه. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه بوونێكی سرووشتی بووه و په‌یوه‌ست بووه به دابه‌شكاریه كولتووریه‌كانی دنیا، ئه‌وا (گه‌ل) بوونێكی ده‌سكردی مرۆڤه و وه‌ك (ئاڕنست ڕێنان) و (هۆبزباوم) ده‌ڵێن ده‌كرێ درووست بكرێ. هه‌ر بۆیه نه‌توانینی ئێمه تاوه‌كو ئێستا بۆ ستانداریزه كردنی زمانی خۆمان، ڕیشه‌كانی له نه‌توانینی عه‌قڵی كوردی بووه به درێژایی مێژوو، له خۆ به فیدراسیۆنكردن و خۆ ڕێكخستن و مانه‌وه‌ی به‌م شێوه پچڕ پچڕهش كه‌سێتیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتووی خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و كولتووری ئینسانكردی بۆ نههێناوینهته ئارا.
ده‌ركه‌وتن له فۆڕمی كه‌سێتیه‌كی تۆكمه له دیدی (گۆستاف لۆبۆن) ده‌ركه‌وتنه وه‌ك جه‌سته و كولتوور و تۆڕێكی به‌هاییی یه‌كگرتوو كه دواتر له مێژوودا وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی خاوه‌ن شوناس ده‌رده‌كه‌وێ.
له‌وانه‌یه هیچ سه‌رده‌مێك وه‌ك ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا تیایداین سازكردنی ئه‌م توخم و بنه‌مایانه سانا نه‌بووبن، ئه‌ویش به هۆی كرانه‌وه ڕیفۆرمیستیه عه‌قلیه‌كانی خۆرئاوا و په‌ره‌سه‌ندنی هزری لێبورده‌یی و هاتنه ئارای به‌ها دیموكراسیه‌كان و پیاده‌كردنیان له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی دنیا. كه‌مته‌ر خه‌می كاراكته‌ره سیاسی و ته‌نانه‌ت دینی و فه‌رهه‌نگیه‌كانی ئێستا له مه‌یداندا هه‌ن به‌رده‌وامی سڕبوونه مێژووییه‌كه‌ی عه‌قڵی خۆمان درێژه پێده‌ده‌ن و پێمانده‌ڵێن ناتوانین له ژێر كاریگه‌ری وێنه سه‌ره‌تاكانی هزر و عه‌قلی پێشان ده‌رچین و تا ئێستاش ئه‌وه هه‌ر ئارچیتایپی یه‌كه‌مه كۆنتڕۆڵی كردووین و بهرماننادات.
سكیزۆفرینیا كێشه‌یه‌كی سایكۆلۆژی و عه‌قڵی عاسێ نیه، هه‌لومه‌رجی ساز و له‌بار هاوكار ده‌بن له هێوربوونه‌وه و ئارامبوونه‌وه و هێنانه‌وه سه‌ر ڕیتمه عهقلانیهكه له جیاتی مانه‌وه له‌سه‌ر ئاوازی هه‌ڵچوون و ڕه‌فتاره سۆزاویه‌كان. سكیزۆفرینیای سایكۆئهتنیكی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ئێمه له نێو زماندا به ڕوونی دیاره. ئه‌وه نیه له جیاتی داڕشتنی زمانێكی ستاندارد بۆ ئه‌و هه‌رێمه، هه‌ر شێوه‌زاره به شێوه‌ی خۆی ده‌نووسێ و به شێوه‌ی خۆی زه‌مه‌نی كولتووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دوكۆمێنتار ده‌كا؟، ئه‌وه نیه له نووسراوه ڕه‌سمیه‌كان دوو سێ كه‌سێتی زمان قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كا و دهماندوێنێنن؟، ئه‌وه نیه شه‌ڕی دیالێكتهكانیش وه‌ك شه‌ڕی حزب و عه‌شیره‌ته‌كان چالاكیه دهمارگیریهكانی خۆیان گه‌یاندۆته لووتكه و ته‌نانه‌ت ئه‌كادیمی و ڕۆشنبیر و نووسه‌رانیش خه‌می پێكه‌وه‌نانی كه‌سێتیه‌كی ساغیان بۆ زمان نه‌ماوه و خزاونه‌ته‌وه باوه‌شی نه‌نك و باپیرانیان و فكر و هزر و شیعر و …..تاد به شێوه زاری ناوچه‌ییی ده‌نووسن؟، ئه‌مه سكیزۆفرینیا نه‌بێ؟ ئه‌ی ده‌بێ چی بێ؟.
فره كه‌سێتی زمانی ئێمه نه‌خۆشیه‌كی كولتووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌ترسیداره و سنووره سایكۆلۆژیه‌كانی سكیزۆفرینیای تێپه‌ڕاندووه و له عه‌قڵی كوردیدا خانه‌خوێی خۆی دیوه‌ته‌وه. ڕزگاربوون له‌م دۆخه فره رووییه هه‌ر به بڕیاری ئه‌م حزب و ئه‌و حزب و ئه‌و لایه‌ن و ئه‌م لایه‌ن نابێ. كێشه‌كه له مێشك و شێوازی بیركردنه‌وه‌دایه و ئه‌مه‌ش هوشیاربوونهوهیهكی ریسكانه‌ی ده‌وێ، ده‌مێكه كۆمه‌ڵگه له ژێر باری هێدمه كارۆسیاسی و ئیداریه لهرزۆكهكاندایه و هه‌ر به هۆش خۆیشی نایه‌ته‌وه، پێویسته شێوه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ڕزگاركردنی زمان وه‌ك هێمای سه‌ره‌كی ناسینه‌وه‌مان بگۆڕدرێ، مه‌گه‌ر نا به‌م له‌رزه وه‌زیر و شڕه وه‌زاره‌تانه هیچ ناكرێ.