Skip to Content

ئیمڕۆ، عێراق، (100) ساڵە دەوڵەتە. کام دەوڵەت؟.. فازیل شەوڕۆ

ئیمڕۆ، عێراق، (100) ساڵە دەوڵەتە. کام دەوڵەت؟.. فازیل شەوڕۆ

Closed
by حوزه‌یران 27, 2021 General

(مێژووی دێرینی عێراق)، ناوی ئەو کتێبە بوو کە لە دەرسی مێژوو، لە پۆلی دووی ناوەندی، سەرەتای شەستەکان، دەمان خوێند. ناوەڕۆکی پڕ لە فانتازیا و حەکایەتی بێسەروبەر و ڕووداوە سەیرەسەمەرەکانی نێو ئەو کتێبە، نەک لەو ڕۆژەوە وای لە من کرد کە گومان لە مێژووی ئەم وڵاتە بکەم، بەڵکو مامۆستاکەشم بە شەرم و زمانکورتییەوە، بابەتەکانی بۆ ڕاڤە دەکردین.(خەلیفەێک، ژەمی نیوەڕۆیانی، هەر زمانە قەل بوو / خەلیفەیەک، لەبەر زۆری منداڵەکانی، وەزیرێکی دامەزراندبوو هەر بۆ ناولێنانیان / لە بەسرا هێشووە ترێیەکیان بە باری وشترێک بۆ خەلیفە هێنایە بەغدا / حەوت هەزار حەمام لە بەغدا هەبوو …تاد).

دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهان، ونیستۆن جێرجل، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە ساڵی (١٩٢٠)، لە گۆنگرەیەکدا لە قاهیرە گوتی:”نیازمانە عێراق بکەینە دەوڵەتێکی ئینتیدابکراو و زاراوەی ئیستعماری لەسەر لابەرین.” یەک ساڵی ڕەبەق، مشتومڕ و دانووسان و گوریسڕاکێشان بوو، لە نێوان ئەو سەدان خێڵ و هۆز و ئایینزانانەی عێراق، پیاوێکیان پێ پەیدانەبوو بیکەن بە مەلیکی خۆیان. لە (1921/6/12)، دوای رازی کردنی، فەیسەڵی کوڕی حوسێنیان، لەگەڵ چەند ئەفسەرێک، لە (جددە)وە بە پاپۆڕ هێنایە بەسرا، هەر چەند ئەو گوتوبوی “بابە من پاشایەتی ئەم وڵاتە ناکەم، ئاخر ئەوان داوای پشیتوانییان لە ئیمامی حوسێن کرد، کە گەیشتە کەربەلا، سەریان لە لاشەی جودا کردەوە! جا کە دوای (١٧) ڕۆژان گەیشتە بەغدا، یەکەم وتەی ئەو مەلیکە ئەوە بوو:”من لێرەدا، شتێک نابینم بە ناوی ــ گەلی عإراق، ئەوان سەدان بەرەباب و تیرە و خێل و میللەتن!” شیعەکان بەو زاتە ڕازی بوون، گوتیان، جددی ئال هاشیمە و سونەکانیش گوتیان حەنەفیی مەزهەبە. ئەگەرچی بە ئەقڵمەندیی سەرۆک وەزیرانی وەکو نوری سەعید، کە (14) کابنیەی یەک لە دوای یەکی بەڕێکرد، مەلیک فەیسڵ توانی تاجی سەری خۆی بپارێزێ، بەڵام، وەک دەڵێن، کە لە ساڵی (1933) بۆ چارەسەری دەچێتە سویسرا، پەرستیارەکەی، بە دەسیسەی نوری سەعید، ژەهراوی دەکات و دەیکوژێ! بەمەش، بۆچوونەکەی مەلیک ڕاست دەرچوو، کە گوتبووی، ئەو عێراقییانە سەری حوسێنی خۆیان، پەڕاند، ئەدی دەبێ چ لە من بکەن؟! مەلیک غازیش لە ساڵی (1939)، بە فیتی عەبدوئیلا و نوری سەعید، لە ڕووداوێکی هاتووچۆی تەمومژاویدا گیانی لەدەستدا. تا ساڵی (1958) کە عێراقییەکان لاشەکانی مەلیک فەیسەڵی دووەم و نوری سەعیدیان بە شەقامەکانی بەغدا ڕاکێشا، ئەو عێراقە جگە لە برسیەتی و نەخۆشی و نەهامەتی هەر لە شەڕو ئاشووبە دابووە، جارێک ئینقلابەکەی بەکر سدقی و جارێک حەرەکەی ڕەشید عالی گەیلانی و دواتریش، شەڕە پارتیزانەی نەبڕاوەکانی بارزانییەکان… .

هێشتا ئاهەنگ و شایی پشوازیکردن لە زەعیم عەبدولکەریم قاسم کۆتایی نەهاتبوو، کە قەسابخانەکەی شەواف لە موسڵ و کوشتارەکەی کەرکووک، شەقامەکانی ئەو شارانەیان بە خوێن سوور کرد. قاسمیش (٥) ساڵ حکومرانی تەواو نەکرد، لە (8ی شوباتی 1963) لە گەڵ دەیان لە وەزیر و دەسەڵاتدارەکانی، شەڵاڵی خوێنکران و گۆڕەکانیشیان تاکە ئێستا نەدۆزراوەتەوە. دەسەڵاتداریەتی حزبی بەعسی عروبەچی، تاریکترین و خوێناویترین چاخی ئەو عێراقە بووە. تەنیا شەڕی هەشت ساڵەی لە گەڵ ئێراندا، پتر لە (3) ملیون کوژراو و زامدار و سەقەت و بێسەروشوێنی لە هەردوو بەرەدا، کردە میراتی خۆی. هەمووشتان، لە ڕۆژی خنکاندنی سەددام، مانشێتی ڕۆژنامەکانی جیهانیتان بینین کە لە ژێر وێنەکەیدا لەژیر قەنارە، نووسراو:”بە پەتەکەی خۆی!”. لەوەتەی (2005)شەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ باروگوزەرانی خەڵک و وەزعی ئەو عیراقە پتر بە قوڕدا دەچێتە خوارێ، بەڕادەیەک، بەردەوام لە مەقامی یەکەمیدایە، لە گەندەڵی و دواکەوتوویی و نەخۆشی و برسییەتی و پیس و پۆخڵی و دەربەدەری و کوشتوکوشتار و فیتنە و ئاشودبدا… .

بۆ خۆم، کە تاکو (2003)، شایەتحاڵی (7) تاجبەسەری بەغدام، هەمیشە، گومانم لە مێژووی کۆنی ئەم وڵاتە هەیە. خۆ کە مەلیک فەیسڵ هاتەسەر تەخت، عێراق، نەک شتێکی نەبوو بە ناوی (گەلی عێراق) بەڵکو، سنوور و شوورەشی نەبوو، بە شەووڕۆژێک، فەرەنسا و بریتانیا، هاسانتر لە ئەنگوستیلە گۆڕینەوە، ولایەتی موسڵیان دایە بەغد ا و بە قەڵەمێکی رەش، وەک گەمەی منداڵان، سنوورێکیان بۆ دروستکرد. بینیشمان، چۆن سەددام، هەر بە پێکەنین، شەتولعەرەبی فڕۆشتە ئێران و دواتر پەژێمان بۆوە!

ئەوەی دەربارەی شارستانییە کۆنەکانی سۆمەری و ئەکەدی و بابیلی و ئاشووری…دەیڵێن، تا کەوتنی دەوڵەت ئەمەوی و دواتریش مردنی (پیاوە نەخۆشەکەی عوسمانی)، هەمووی جێگەی گومانن. لەو دەیان بەرەبابە دێرینانەی لەسەر ئەرزی ئەو وڵاتە ژیاون، ئێستا کەسێک نادۆزیتەوە، بە ڕەچەڵەک بچێتەوە سەروان. ئەوا جگە لە ڵێڵی و تەمومژاوی ئەو دێڕۆکەی چەند هەزار ساڵەی ناوچەکە.

خۆ ئەگەر، سەیری ئەو وێنە کۆنانەی کوردانی باشوور بکەی، کە لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق گیراون، تێدەگەی، کە ژن و پیاو و منداڵەکانیان چەند برسی و ڕەشوڕووت و هەژار و ڕەنگ زەرد و مەلوول بوون. جا هەر دوای (15) ساڵ لە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە، ئەوا بەندیخانە و شارەکانی باشووری، بوونە زیندان و مەنفای منەوەڕ و خەباتگێرانی کورد. ئەو دەوڵەتە بەوەش نەوەستاوە، هەر چەکێکی نوێی دەست کەوتبێ، لەو (80) ساڵەی دوایدا، ئەوا ڕاستەوەخۆ، بە سەر سەری کورداندا تاقیکردۆتەوە، بە چەکی کیمیاوی و بایەلۆژی و فسفۆر و ناپاڵمەوە… . تا بزغز و حقد و دوشمنکارییان گەیشتە ئەوەی کە بە کرداریی هەوڵی قڕکردن و لەناوبردنمان بدەن. ئێستاشی لەگەڵ بێ، بیابانەکانی عەرعەرو دەرووپشتی شارەکانیان، پڕن لە ئێسکوپرووسکی کوردان.

سەیرەکە لەوەدایە، کە هەرگیز کورد، خۆی بە عێراقی دانەناوە و، عێراقییەکانیش، ئەوانیان بە هاونیشتمانی ئەو وڵاتە نەزانیوە، لە دیدی ئەوان دا، دەمێک عەمیل و دەمێک موخەریب و دەمێک جاسووس و دەمێک تیڕۆرستن و دەمک جوداخوازن، کەچی، نە کورد واز لە بەغدا دەهێنێ و نە بەغداش دەستبەرداری کورد دەبێ. دەنا، قەزافی گوتەنی، کەس لەبەر کوردان نەپاڕابۆووە، ڕاکەن بەرەو بەغدا. لە هەرێمەکەی خۆیان خزمەتی خۆیان کردبا، گەلەک باشتر بوو ــ بینیمان کە چەند پاسەوانێکی سەرک کۆمارمان، لەو دووزەودا، یەخسیرکران بەدەسی شیعەوە، بە هەموو کوردان ئازاد نەکران، تا سەرانەیان لێنەستاندن.

ئیمڕۆش، کە چاخێکی تاریک و ڕەش و خوێناوی ئەم دەوڵەتەیە، کە تەمەنی (100) ساڵ و (3) ڕۆژە. بە قەت کونی دەرزی، ئاسووی روون و گزنگی بەختەوەری بەدی ناکرێ، ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانیش، وا نیشاندەدەن، کە ڕۆژانی تاریکتر و رەشتر و خوێناویتر چاوەڕوانکراوە… . هەر (دە)یەک لەو (100) ساڵەدا، لە (دە)ییەکەی پێش خۆی ڕەشتر و خوێناویتر بووە.

دوای (100) ساڵ و (3) ڕۆژ لە دامەزراندنی و دوای (60) ساڵی ڕێک لە خوێناویترین خەبات، بۆ کوردانی باشوور، گرنگترین و گرنگرتین سەردێری هەواڵەكەکان ئەوەیە:|”مووچە… دێ! مووچە … نایە لە بەغدای دارول سەلام و هارونە ڕەشید و ئەبوو نەواس و موتەنەبی و بوحتەری و حەلاج و کندی و فارابی… .

دوای (100) ساڵ و (3) ڕۆژ. چ خێڕێکمان لە دەوڵەتە دیوە؟!

Previous
Next
Kurdish