
سەبارەت بە هەڵوێست لە سەر شەڕ و ئاگربەست لە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران.. موئەیەد ئەحمەد
ڕژێمی ئیسرائیل لە (١٣)ی حوزیرانی (٢٠٢٥) بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا، شەڕی دژی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران هەڵگیرساند. ئەم شەڕە (١٢) ڕۆژی خایاند و تەنیا دوای ئەوە کۆتایی هات کە ئەمریکا هاتە ناو شەڕەکەوە و فڕۆکەکانی بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمیـیەکانی ڕژێمی ئیسلامیـیان ئەنجامدا. دواتر دۆناڵد ترەمپ ڕاگرتنی شەڕەکەی ڕاگەیاند و ئاگربەستی بەسەر هەردوو لایەنی ئیسرائیل و ئێراندا سەپاند.
شیکاریـیەکی وردی مارکسیستی بۆ شەڕی (١٢) ڕۆژە و ئاگربەستی ئێستا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیـیەکانی پرۆلیتاریای ئینتەرناسیۆنالیستی شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنی خەباتی چینایەتی سۆشیالیستی سەربەخۆی خۆی، و هەر لێرەوە دەستنیشانکردنی ئەرکە سیاسی و پراکتیکیـیەکان، بەڕای من، یەکێک لە گرنگترین گۆڕەپانەکانی خەباتی تیۆری و سیاسی و پراکتیکی پێکدەهێنێت بۆ کۆمۆنیستەکان و بزووتنەوەی کرێکاری لەم قۆناغەدا، بەتایبەت لە ئێران و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەبارەت بە ئاگربەستی ئێستای دوای جەنگ، دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە لینین لە وتارێکی مانگی ئازاری ساڵی (١٩١٦)دا نووسیویەتی، بە ناونیشانی (لەبارەی “بەرنامەی ئاشتی”)، کە ڕێک دێتەوە لەگەڵ ئەو ئاگربەستەی ئێستادا:
“با چەمکە بنەڕەتیـیەکانی عەقیدەی سۆسیالیستی بەبیر بهێنینەوە، کە کاوتسکیـیەکان دەیانشێوێنن، شەڕ درێژەپێدەری ئەو سیاسەتەیە، بە ڕێگەی توندوتیژانە، کە چینە دەسەڵاتدارەکانی وڵاتانی شەڕکەر زۆر پێش جەنگ گرتویانەتەبەر، و ئاشتیش بەردەوامی هەمان سیاسەتە، لەگەڵ تۆمارکردنی ئەو گۆڕانکاریانەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازیـیەکان فەراهەمیان هێناوە لە ڕێژەی هێز لە نیوان نەیاراندا (الاخصام). شەڕ خۆی ئەو ئاڕاستەیە ناگۆڕێت کە پێشتر سیاسەت تێـیدا پەرەی سەندووە پێش شەڕەکە، بەڵام تەنها ئەم پەرەسەندنە خێراتر دەکات”. (لینین، بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان لە (١٠) بەرگدا، بە زمانی عەرەبی، بەرگی شەشەم، ل ٥٨).
ئەم نووسینە ئامانجی دووبارەکردنەوەی ئەو شتانە نیـیە کە پێشتر لە ئەدەبیاتی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)دا باسمان کردوون، یان ئەوانەی کە لە چاوپێکەوتن و سیمینارەکانمدا ئاماژەم پێداون سەبارەت بە سروشتی واقعیی شەڕ دژی ئێران و کاردانەوە سیاسیـیەکانی دوای وەستانی ئۆپەراسیۆنەکان و ئاگربەستی کاتی. ئامانجی سەرەکی لێرەدا، لێکۆڵینەوەیە لە سرووشتی هەندێک لە هەڵوێستە گشتیـیەکانی ڕەوتە سیاسیـیە لیبراڵ و ناسیۆنالیستەکانی بۆرژوازی داکۆکیکار لە جەنگ، و ئەوانەی کە پشتیوانی لە ڕژێمی ئێران دەکەن لەناو ڕەوتە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە بۆرژوازیـیەکانی ئێران، و هەروەها لایەنگەلێک لەناو بزووتنەوەی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی، و ئەوانەش کە خۆیان وەک چەپ دەناسێنن، لە مامەڵەیاندا لەگەڵ ئەم شەڕە و پێشهاتەکانی و ئەو ئاگربەستەی کە بەدوایدا هاتووە.
بۆ ئەوەی بە وردی و بابەتیانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم هەڵوێستانە بکەین، پێویستە سەرەتا هەندێک خاڵی جەوهەری لەبەرچاو بگرین، کە پەیوەندیـیان بە سروشتی ئەو شەڕەی کە سەریهەڵدا و ئاگربەستی کاتیی دواتریەوە هەیە، کە هێشتا و تا ئەمڕۆ ئەزموونی کاردانەوەکانی دەکەین.
- شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران درێژکراوەی سیاسەتی ئیمپریالیستیی بوو لە فۆرمی توندوتیژیدا کە بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتویانەتەبەر. بە دیاریکراوی ئەم شەڕە درێژکراوەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکی، ئیسرائیل و هاوپەیمانە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوایان بوو، کە بەرجەست بووەوە لە جەنگی یەکەمی کەنداو لە ساڵی (١٩٩١)، و دواتر گەمارۆی ئابووریی (١٣) ساڵەی عێراق، و ڕووخاندنی ڕژێمی فاشیستی بەعسی، و داگیرکردنی عێراق و کاردانەوەکانی؛ لەوانە تێکدانی ژێرخانی مەدەنی و دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە، و دابەشکردنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای نەتەوەیی و تائیفی و ئایینیی و دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی بۆرژوازی و ئیسلامی و ناسیۆنالیستی لەسەر بنەمای پشکپشکێنە و سەرکوت، کە هێزی میلیشیای زاڵە بەسەریدا.
لە هەمان کاتدا، ئەم شەڕە، بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ و دیاریکراوتر، درێژەپێدەری سیاسەتی فراوانخوازی ئیسرائیل و ئەمریکا بوو بۆ دامەزراندنی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ” و “ئیسرائیلی گەورە”، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژیـیە ئیمپریالیستی و کۆیلەگەری و فراوانخوازیـیەکانیان. - پاڵنەرە ئابووریـیە بنەڕەتیـیەکانی پشتی ئەم ململانێی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژیـیە، لەلایەن ئەم دەوڵەتە ئیمپریالیستیانەوە، لە ناوچەکەدا، دەستەبەرکردنی هەلومەرجی سیاسی و سەربازی لەبارە بۆ جووڵەی سەرمایەی ڕۆژئاوا و لێکهەڵپێکرانی زیاتری سەرمایەی نەتەوەیی ئەم ناوچەیە بە جوڵەی سەرمایەی جیهانی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی ڕۆژئاواوە. ئەمەش بە پلەی جیاواز لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەدەست هاتووە، بە تایبەتی لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا کە لەسەر بنەمای ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراوە، وەک ئەوەی پێشتر لە دۆخی میسردا بەدەست هاتوە، و ئێستاش ئەوەی کە لە “پرۆسەی ئاساییکردنەوە” و ئەنجامدانی “ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام”دا بەڕێوەدەبرێ.
- لەم ڕێچکەیەدا، سیاسەتی پشتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر نیزامی ئیسلامی لە ئێران و لەوانە هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتنی ئەم نیزامە لە بەدەستهێنانی چەک و توانایی ئەتۆمی، ناچارکردنیەتی بە قبووڵکردنی هەژموونی نەزمی سیاسی بۆرژوازی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا بە سەرکردایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل. وە لە پێگەی ئەم گۆڕانکارییەوە وە لەسەر بنەمای ئەمە، ڕێگا خۆشبکرێت بۆ پەیوەستکردنی جوڵە وکەڵەکەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی (نەتەوەیی) لە ئێراندا بە جووڵە و کەڵەکەی سەرمایەی جیهانی لە ژێر کۆنترۆڵی هەرچی زیاتری سەرمایەی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی، و لاوازکردنی ڕۆڵی چین و ڕووسیا لەم ئاستە ئابووریـیەدا، و زەربەدان لە نفوزی جیۆپۆلەتیکی، ستراتیژی و جیۆئابووری ئەم دوو دەوڵەتە لە ئێران و ناوچەکەدا.
- ئەم گۆڕانکاریـیە سیاسیـیە کە چارەنووسی تەواوی سیستمی سیاسیی ئیسلامیی حوکمڕان لە ئێراندا دەخاتە مەترسییەوە، یان بە ڕووخاندنی ڕژێم لە ئێران لە ڕێگەی شەڕەوە، وەک ئەوەی نەتانیاهۆ لە هەڵمەتی جەنگی ئەم دواییەی دژی ئێران داوای کرد، بەدیدێت؛ یان بە هێنانەدی گۆڕانی ڕژێم لە سەرەوە، بۆ نموونە لە ڕێگەی فراکسیۆنێکی دیاریکراوی ناو بۆرژوازی ئیسلامی دەسەڵاتدارەوە کە ئامادە بێت بۆ گرتنەبەری ئەم ستراتیژە؛ یان بە ناچارکردنی ڕژیمی ئیسلامی و باڵی دەسەڵاتداری ئێستای بە قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
- گرێدانی ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران، وەک ناتانیاهۆ بانگەشەی بۆ دەکات، بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری بەرفراوان، لە هاندانی سیاسی و سەربازیی فریودەرانە زیاتر شتێکی دیکە نییە، و مەبەست لێی ئاسانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی و گەیشتن بە ستراتیژییەتی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێرانە لەڕێگەی شەڕەوە و دامەزراندنی بەدیلێکی دڵخوازی خۆی و ڕۆژئاوا لە شوێنیدا. سیاسەت و ستراتیجی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، سەبارەت بە ڕێکخستن و واقیعی دوای ڕووخانی ڕژیمی ئیسلامی، هیچ شاراوە نییە، چونکە نموونەیەکی ڕوونی ئەمە لە عێراق لە دوای داگیرکارییەکانی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠٠٣)دا بەرچاوە.
- ڕژیمی حاکم لە ئێران (واتە کۆماری ئیسلامی) ڕژێمێکی دژە شۆڕشی بۆرژوازییە، کە لە ساڵی (١٩٧٩)دا بە پشتیوانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوای هاوپەیمانی، و لە ڕێگەی سەرکوت و تێکشکاندنی شۆڕشی جەماوەری کرێکاران، زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراو و بەهەژارکراوی ئیران، دەسەڵاتی گرتەدەست. ئەم ڕژێمە ڕژیمێکی ئیسلامیی سیاسیی فاشیستی بۆرژواییە، کە لە ڕیگەی درێژەدان بە سەرکوتی چینی کرێکار، ژنان، گەنجان و سەرجەم جەماوەری چەوساوە، و بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی تائیفی لەنێو جەماوەردا، سیستەمی سەرمایەداریی قەیرانگرتوو لە ئێراندا دەپارێزێت، و ئەم ئەرکەی لە پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە سەرمایەداری جیهانی و تا ڕادەیەکی دیاریکراو بە بلۆکی سەرمایەی ئەمریکی و ڕۆژئاواوە، سەرەڕای دابڕانی ئابووریی ئێستای و بوونی گەمارۆی ئابووریی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی لەسەر ئیران، جێبەجێ دەکات.
- مانەوەی ڕژیمی ئیسلامی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بۆرژوا ئیسلامی بەگشتی بۆ دریژەدان بەدەسەڵاتی دڕندانەی بە دژی جەماوەر لە ئێراندا، هەمیشە گرێدراوبووە بەڕادەی بەرینکردنەوەی نفوزی ئەم ڕژێمە لە ئاستی ناوچەکە، و ئەنجامدانی تەماحە ئیمپریالیستییەکانی، و بەهێزکردنی باڵە میلیشیاکانی و چەپۆکی تیرۆریستیی خۆی بەسەر جەماوەری ناوچەکەدا. هەموو ئەمانەش وەک “هەناردەکردنی شۆڕش”، “میحوەری بەرخۆدان” و بەرگری لە دۆزی فەلەستین وێناکراون. هەردەم ئەم ڕژێمە لەپێناو درێژەدان بەخۆی، سوودی وەرگرتووە لەو ستەمە نەتەوەیی و کۆمەڵکوژی و وێرانکاریـیانەی کە فەلەستینیـیەکان تووشی بوون بەدەستی دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی ئیسرائیل و حکومەتە یەک لە دوای یەکە تاوانکارەکانیەوە.
- خەبات بۆ کۆتاییهێنانی دەستبەجێی شەڕ و دووبارەنەبوونەوەی، وەک بەشێک لە خەباتی پرۆلیتاریا و سۆسیالیستەکان لە سەرانسەری جیهاندا، ئەرکێکی سیاسی و کردەیـیە کە ناتوانرێت دوابخرێت، بەڵام ئەمە نە هیچ پاساوێک دەدات بەدەستەوە بۆ بەرگریکردن لە بۆرژوا ئیسلامی دەسەڵاتدار لە ئێراندا، وە نە بۆ بەرگریکردن لێی بە ناوی “بەرگری لە نیشتمان” وەک ئەوەی ناسیۆنالیستەکان و ئیسلامیـیەکان داوای دەکەن.
- خەبات بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ، و وەستانەوە بەدژی دووبارەبوونەوەی، و هەر بەمپێیەش ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کاولکاری و ماڵوێرانیی و هەڵکشانە لە کۆنەپەرستی سیاسی کە عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لەسەر دەستی ئەمریکا ئەزموونیان کردووە، پیویستە، بە ڕای من، دروشمی کۆمۆنیستەکان بێت لە عێراق و ئێران.
“بەرگری لە نیشتمان” دروشمێکی کۆنەپەرستانەی ناسیۆنالیستەکان و ئایینییەکانی ئێران و ئیسرائیل و ناوچەکەیە
بەرگریکردن لە بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە ئێران یان ئیسرائیل، لە کاتی شەڕ یان ئاشتی، و بەهەر بیانوویەکەوە بێت، دروشم و داواکاریی بۆرژوا ناسیۆنالیستی و ئایینییە، و شاردنەوەی واقیعی ئەو ململانێ و شەڕیە کە لە ئارادایە، کە شەڕی نێوان بۆرژوازییە دەسەڵاتدارەکانە لە هەردوو لای بەرەی شەڕدا.
ئەوەی کە ئەم شەڕە و ئاگربەستی ئێستا درێژکراوەی سیاسەتی ئیمپریالیستی ئیسرائیل و ئەمریکایە بۆ دووبارە وینە کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە و ملکەچکردنی ئێران بۆ ئەنجامدانی بەرژەوەندییە بۆرژوا-ئیمپریالیستەکانیان، ناکاتە ئەوەی ڕژێمی سیاسی ئیسلامی لە ئێراندا شایستەی پشتیوانی هیچ مارکسی و کرێکارێکی کۆمۆنیست بێت. لە ئەنجامدا ئەمە دروشمی “بەرگریکردن لە نیشتمان”، واتە بەرگریکردن لە ئێران، ناکات بە دروشمێک کە پەیوەندیدار بێت بە بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ، چونکە ئەم کارە پرۆلیتاریا لە هەمان ڕیزی بۆرژوا فاشیستی دەسەڵاتدار لە ئێراندا دادەنێت و دەیگۆڕێت بۆ هاوپەیمانی سیاسی ئەو، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ئیسلامی دەسەڵاتێکی تاوانکاریـیە و جەماوەر دەیەوێت ڕزگاری بێت لێی.
ئەزمونی هاوچەرخ، تایبەت و دیاریکراوی عێراق و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تایبەتمەندی شەڕەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەردەخات، کە چۆن ئەم شەڕانە ئامانجیان هەر ڕوخاندنی ڕژێم یان ئیفلیجکردنی توانا سەربازییەکانی نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم بۆ تێکڕماندنی پەیکەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکانە، و ئەمە سیاسەت و ستراتیژێکە کە خنکاندنی شۆڕش و وزەی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا ئامانجیەتی. بەم پێیە، دروشمی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، لە هەمانکاتدا پەیوەندیدارە هەم بە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی ئیمپریالیستی و هەم بە بەهێزکردنی هەلومەرجی خەباتی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا لە ناوخۆی ئێراندا لە دژی ڕژێمی ئیسلامی.
سپێکترۆمێکی(طیف)بەرین لە حزبە ستالینیستەکان و ناسیۆنالیستە نیمچە ڕیفۆڕمخوازەکان، نەک تەنها لە ئێران، بەڵکو لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، هەن، کە بە ناوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، و چەپەوە بە گشتی، دەدوێن، بەڵام بە شێوەی جۆراوجۆر دروشمی “بەرگریکردن لە نیشتمان” دەگرنەبەر و لە نوسراوە و لێدوان و ڕاگەیاندنەکانیاندا دەریدەبڕن و بەرەوپێشی دەبەن. ئەمە لە ئەدەبیاتی (حزبی توودەی ئێران)ی، بەشێک لە چەپەکانی ناو ئێران و ناوچەکە، و لە لێدوانەکانی (حیزبی شیوعی عێراق)دا دەیبینین، لەگەڵ ئەوەشدا کە بەشێکیان خۆیان بەدوور دەگرن لە دەربڕینی ئاشکرای بەرگریکردن لە دەسەڵاتی سیاسیی هەنووکەیی لە ئێران .
ئەوانە بەرگری لە ئێران وەک “نیشتمان” و “وڵاتێکی ئیسلامی”، شکۆمەند دەکەن، و ئەمەش بە پێی ئاسۆ و ئامانجە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیـیەکانیان. هەروەها ئەوان کاردانەوەی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران بە ئیسڕائیل و ئەمریکا وەک کردەی سەربازی بەرگریکارانە و “بەرخۆدانی ڕەوا” لە قەڵەم دەدەن، و بەم شێوەیە و بە کردەوە تەوەرەیان بەستووە بە دەوری “میحوەری بەرخۆدان”دا، ئەو میحوەرەی کە بە پلەی یەکەم هێزێکە جەماوەر سەرکوت دەکات لە ئێران و ناوچەکەدا، پێش ئەوەی لە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕکردندا بێت لە بەرامبەر ئیسرائیل. ناوەڕۆکی چینایەتی بۆرژوازیـیانە و ناسیۆنالیستیـیانە و ئیسلامیـیانەی ئەم ئاڕاستەیە ڕوون و ئاشکرایە و بەرجەستەش دەبێتەوە لە هاوپەیمانیـیەتی سیاسیدا لەگەڵ بۆرژوازی ناسیۆنالیستی و بە پلەی جیاوازیش لەگەڵ ڕژێمی سیاسی دەسەڵاتدار لە ئێراندا.
ئەم حزب و ڕەوتانە دەمیکە وازیان لەوە هێناوە کە لە ڕێگەی شێواندنی مارکسیزم و نەریتی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕانە، سیاسەت و هەڵوێستەکانیان پاساو بدەن. بەهەرحاڵ، ڕەنگە بۆ پاساوکردنی هەڵوێستەکانیان، نمونەی ئەوە بهێننەوە کە بەلشەفییەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی هاوسەردەمیان بەرگرییان کردووە لە “خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی گەلانی ڕۆژهەڵات” لە دژی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ئەو کاتە، بەڵام ئەمە دەبێتە شیواندنی سیاسەتی بەلشەفیـیەکان و سۆشیالیستەکان کاتێک بەم شێوەیە بەسەر سەردەمی ئێستادا جێبەجێ دەکرێت.
کەسێک کە باسەکانی سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم بۆ بەرگریکردن لە بزووتنەوەکانی “ڕزگاریخوازی نەتەوەیی” لەدژی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ئەو سەردەمە، لە فۆرمی ئەبستراکت و گشتیی خۆیاندا، بۆ ئەم سەردەمە بگوازێتەوە، ئەوە لەبەرچاو ناگرێت کە: یەکەم، یەکێک لە گرنگترین مەرجەکان بۆ پێناسەکردنی شەڕەکانی ئێستا، دیاریکردنی ناوەڕۆکی ئەو سەردەمەیـە کە ئەم شەڕانە تێیدا ڕوودەدەن، وەک سەردەمی سەرمایەداریی ئیمپریالیزم و ململانێی جەمسەرەکانی، ئەمەش لەناو سیستەمێکی سەرمایەداری جیهانی کە گشتگیرە و بەسەر هەموو گۆشەکانی هەسارەکەماندا بڵاوبووەتەوە؛ و دووەم: ئەو گۆڕانکارییانەش لەبەرچاو ناگرێت کە هاتوونەتە ئاراوە لە وڵاتانی بەرکەوتووی شەڕ و هێرشی زلهێزە ئیمپریالیستەکاندا، واتە ئەوەی کە ئەم وڵاتانە خۆشـیان بوونەتە وڵاتانی سەرمایەداری، بە هۆی پەرەسەندنی مێژوویی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ئێستا، و بۆرژوازیـیەکەشی بە شیوە و ڕەنگە جۆراوجۆرە نەتەوەیی و ئایینی و لیبڕاڵیەکانی، زاڵن بەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیاندا، و دەسەڵات و سیستەمی سیاسیان قۆرخ کردووە و بە شێوازی جۆراوجۆر پڕۆلیتاریا دەچەوسێننەوە.
هەروەها، لەناو چەپی ڕادیکاڵدا بەشێک هەیە کە دژایەتی ئیمپریالیزم دەکات، بەڵام وەک دەوڵەتی ئیمپریالیستی ستەمکار و سیاسەتی “داگیرکاری”، بەبێ ئەوەی ئیمپریالیزم بە سەرمایەداری و خەباتی دژ بە سەرمایەدارییەوە ببەستێتەوە. ئەوانە ئیمپریالیزم وەک سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان نیشاندەدەن بۆ ژێردەستەکردنی وڵاتان و درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی سیاسی و ئابووری و سەربازی بەسەریاندا و پێشێلکردنی “سەروەری” سیاسی “نەتەوەیی” سەربەخۆیان. ئیمپریالیزم نابەستنەوە بە سەرمایەداریـیەوە وەک سیستەمێکی چینایەتی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و سەربازیی بەیەکەوە گرێدراوی جیهانی، کە لەناو سیستەمی سەرمایەداریـیەکەدا وڵاتێکی وەک ئێران و سیستەمی سیاسی ئیسلامیش دەگرێتەوە کە سەرمایە دەپارێزێت. دیارە ئەم جۆرە سیاسەت و بۆچوونەش زەمینە بۆ گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی سیاسیی دژە ئیمپریالیستی خۆش دەکات کە لەسەر بنەمای ڕوانگەیەکی ناسیۆنالیستی بۆرژوازی ڕادیکاڵ دامەزراوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سروشتی چینایەتیی سیستەمی سیاسی بۆرژوازی لە ئێراندا. لە ئەنجامدا ئەمەش ئەبێتە ئەوەی یان پشتیوانی لە “بەرخۆدان”ی ڕژێم بکەن یان بسوڕێنەوە لە بازنەی دژایەتی ناسیۆنالیستی ڕادیکاڵ لە بەرامبەر دەستێوەردانی ئیمپریالیستی “بێگانە”دا.
جگە لەوەش، بەشیک لە چەپ لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، سەرەڕای هەڵوێستی دروستیان سەبارەت بە دژایەتیی توندیان لەبەرامبەر شەڕە ئیمپریالیستییەکانی وڵاتەکانیان و شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران، تیۆری وەستانەوە لە دژی شەڕە ئیمپریالیستییەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە پەیوەندییە چینایەتییەکاندا ڕوودەدەن لەو کۆمەڵگایانەی کە تووشی ئەو شەڕانەی ئێمپریالیستەکان بوون، جێبەجێ دەکەن.
هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی مارکسیستی لە بەرامبەر شەڕی ئیسرائیل لە دژی ئێران، “بەرگریکردن لە نیشتمان” یان پشتیوانیکردن لە ڕژێمە سیاسییـەکەی ئێستا نیـیە لە ئێران، بەڵکو وەستاندنی شەڕ و دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەیەتی. ئەمەش بۆ دوورخستنەوەی جەماوەر لە کارەساتەکانی شەڕ و ڕەخساندنی هەلومەرجی لەبار بۆ خەباتی پرۆلیتاریا لە ناوخۆی ئێراندا بۆ ڕزگارکردنی خۆی لە ڕژێمی ئیستا لە ڕێگەی شۆڕشی سۆشیالیستی پرۆلیتاریا، نەک لە ڕێگەی شەڕەوە.
پرسی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە ڕێگەی شۆڕشی کرێکاران و زەحمەتکێشان، و بنیاتنانی سۆشیالیزم، لە کارنامەی مێژووی هەموو کۆمەڵگاکاندایە، بە وڵاتانی سەرمایەداری ئیمپریالیستی و ناوچەیـیە بەهێزەکانەوە تا و ئەو وڵاتانەش کە گەشەسەندنی ئابوورییان کەمترە. ئەمەش پێویستی به گەورەترین پلەی هاوپشتی نێونەتەوەیی هەیە لە نێوان کرێکاران و زەحمەتکێشانی هەموو وڵاتانی جیهان، نەک بوون بەسوتەمەنی شەڕی بۆرژوازی نەتەوەیی هەر وڵاتێک یان پاڵپشتیکردنی ئەم بۆرژوازی و دەولەتەکانی لەبەرامبەر ئەوانی تر. ئەمەش پێویستی بە کێشانی هێڵـێکی زۆر ڕوون هەیە لەنێوان خۆیان و بۆرژوازی ناسیونالیست و ئایینی و لیبڕاڵی ئۆپۆزسیۆنـدا.
شاردنەوەی ئەو ڕاستییە چینایەتی و سیاسیـیانە لە چاوی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و گەنجان بەناوی دروشمی “بەرگریکردن لە نیشتمان”، بە هەر فۆرمێک بێت، جا بە ئاشکرا یان شاراوە، لە هاوپەیمانیی لەگەڵ بۆرژوازی دەسەڵاتدار و گرتنەبەری سیاسەتەکانی بۆرژوازی ناسیۆنالیست و ئیسلامی و لیبراڵ زیاتر شتێکی دیکە نییە.
سەردەمی ئێستا کە بە گەشەسەندنی بیئەندازەی سەرمایەداری لەسەر ئاستی جیهانی و چڕبوونەوەی دژایەتییە چینایەتییەکانی بۆ ئاستێکی ترسناک، و زاڵبوونی کۆنەپەرستی سیاسی بۆرژوازی و میلیتاریزم و کێبڕکێی چەک تایبەتمەندە، هیچ بوارێکی بۆ بچووکترین گومان نەهێشتۆتەوە کە ئەوەی لە کارنامەی مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسیدایە، شۆڕشی پرۆلیتاری کۆمۆنیستی و ئینتەرناسیۆنالیستیە نەک بەرگریکردن لەم یان ئەو لە بۆرژوازی دەسەڵاتدار.
ئایا دەکرێت شەڕ و ئاگربەستی ئێستا لە ژێر ڕۆشنایی ململانێی نێوان دوو جەمسەری تیرۆری جیهانیدا ڕوون بکرێتەوە: تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکا؟
لە ڕووکەشدا پێدەچێت هیچ کێشەیەک لەم فۆرمولاسیۆنەدا نەبێت، چونکە هەردوولا تیرۆریستن، بەڵام بە کەمێک وردتر دەبینین کە ئەمە یارمەتیدەرمان نییە لە تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی سیاسی چینایەتی سەرمایەداری ئیمپریالیستی، شەڕ و ئاگربەستی ئێستای نێوان هەردوولا، و بەمجۆرە یارمەتیدەرمان نییە بۆ گرتنەبەری سیاسەتی مارکسیستی و پرۆلیتاری دروست بەرامبەر بە شەڕی ئەم دواییە و ئەو ئاگربەستەی کە بەدوایدا هات.
بەشێک لە حیزب و ڕەوتەکانی بزووتنەوەی (کۆمۆنیستی کرێکاری) لە ئێران کە خۆیان بە پەیڕەوکارانی ڕێباز و بیرۆکەکانی هاوڕێ (مەنسور حیکمەت) دەناسێنن، بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانیان سەبارەت بە شەڕ و ئاگربەستی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و ئێران، کەڵک لەوە وەردەگرن کە پێشتر ئەم هاوڕێـیە باسی لە ململانێی ئیسلامی سیاسی و ئیمپریالیزمی ئەمریکی و هاوپەیمانە ڕۆژئاوایـیەکانی کردووە، لە پەیوەند بە کردەوە تیرۆریستیـیەکانی (١١)ی سێپتەمبەری (٢٠٠١)، لە ئەمریکا.
من لێرەدا بە دوای هەڵسەنگاندنی وردەکارییەکانی ئەم تێزە سیاسییەوە نیم کە لەو کاتەدا لەلایەن (مەنسور حیکمەت)ەوە خراوەتە ڕوو، بەڵکو دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە جێبەجێکردنی ئەم تێزە و وێناکردنی وەک تیۆریـێک کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت لە سەردەمی ئێستای پەرەسەندنی ململانێ سەرمایەداریـیە جیهانیـیەکان بۆ ڕوونکردنەوەی ململانێی ئێستای نێوان ئیمپریالیزمی ئەمریکی و ئیسڕائیل لە لایەک و ئیسلامی سیاسی و حزب و ڕژێمەکانی، لە لایەکی دیکەوە، کارێکی نادروستە. ئەمەش هەڵەیەکی تیۆری و سیاسی پێکدەهێنێت کە دەتوانێ بەشێک لە داکۆکیکارەکانی بکەونە داوی لایەنگری ئۆردوگای بۆرژوازی لیبڕاڵی نیمچە عەلمانی لە ئێران و ناوچەکەدا.
بەکارهێنانی میکانیکیی ئەم تێزە لە دۆخی ئێستادا دەبێتە هۆی جیانەکردنەوەی ئەو شتانەی کە جەوهەرییە لەوەی کە ڕووکەشە، و جیانەکردنەوەی نێوان ئەو “زەمینە” ئابوری و سیاسییە بابەتییە زاڵەی کە لەم سەردەمەدا شەڕی ئیمپریالیستی و شەرە پرۆکسیەکان (شەڕی بە وەکالەت) لەسەری بەڕێوەدەچن، و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم شەرانەش دیاری دەکات، لەگەڵ بزووتنەوە و ڕژێمە سیاسییە بۆرژوازییە دەسەڵاتدارە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکانی ناوچەکە، کە لەسەر ئەم زەمینە زاڵ و ئەم تایبەتمەندیـیە سەرەکیـیانەی سیاسەتی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی ئیسڕائیل و ئەمریکادا گەشە دەکەن.
خستنەڕووی تیزی “ململانێی نێوان جەمسەرەکانی تیرۆریزمی جیهانی” لە ساڵی (٢٠٠١)دا، لە کاتێکدا کە ململانێی نێوان جەمسەرەکانی سەرمایەداری جیهانی بەو شێوەی ئێستای شکڵی نەگرتبوو، هۆکاری خۆی هەبوو، چونکە “نەزمی نوێ جیهانی” بەسەرکردایەتی ئەمریکا، هێشتا سیما سەرەکییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی دیاری دەکرد لەو سەردەمەی گەشەسەندنی سەرمایەداری و ململانێکانی نێوان جەمسەرەکانیدا، و ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمەکەی لە ژمارەیەک وڵاتی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو و بەبەردەوام گەشەی دەکرد.
وروژاندنی ئەم تێزە لەو سەردەمەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ململانێـیە تیرۆریستیـیەی نێوان ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی و ئیسلامی سیاسی هەر وەک ئاماژەم پێدا هۆکاری خۆی هەبوو، بەڵام گواستنەوەی میکانیکی و بەکارهێنانی بۆ سەردەمی ئێستا کە دژایەتییەکانی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی هاوچەرخ چڕتر بوونەتەوە و ململانێکانی نێوان جەمسەرە جیهانییە سەرەکییەکانی هەردەم لە توندوتیژتربوونەوەدان، لە قتیسبوون لەنێو دۆگما و فۆرمۆڵەکاندا لە جیاتی شیکارییەکی دیاریکراو بۆ دۆخی ئێستای جیهان، شتێکی زیاتر نیـیە.
شەڕ بەدژی ئێران و ئاگربەستی ئێستا لە چوارچێوەی هەژموونی پەیوەندیـیە سەرمایەدارییە ئیمپریالیستییەکان و هەلومەرجی ململانێی نێوان جەمسەرە ئیمپریالیستییە جیهانییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ناوچەی نفوزی جیۆپۆلەتیکی، جیۆستراتیژی و جیۆئابووریی و کۆنترۆڵکردنی ئیڕادەی جەماوەر لە وڵاتانی جۆربەجۆردا بەڕێوەدەچێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو وەک درێژکراوەی سیاسەتە تاوانکاری و فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێشدەبرێت، و ئەمەش دوای ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە هاوسەنگی هیزی سیاسی و سەربازییدا ڕوویانداوە لە نێوان ڕژێمەکانی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکادا کە لەدوای کردەوە تیرۆریستی و سەربازییەکانی حەماس لە (٧)ی ئۆکتۆبەر و تاوانە جینۆسایدییەکانی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و کۆمەڵکوژییەکانی کەنارەی ڕۆژئاوادا، فەراهەم هاتووە.
بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی، وەک هێزێکی بۆرژوازی، چ لە حکومەتدا بێت یان ئۆپۆزسیۆن، لە وڵاتانی جۆراوجۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئاسیادا، بەردەوامە لەوەی کە شوێنی خۆی هەبێ لەناو کێشمەکێشی جیۆپۆلیتیکی و ئابووری و جیۆستراتیژی جیهانیی فراوانتر و هەمەلایەنەتر. ڕژێمی ئیسلامی لە ئێرانیش بە هەمان شێوە وەک هێزێکی بۆرژوازی لەنێو ئەم چوارچێوەیەدا بۆ بەرژەوەندی چینایەتی و ئامانج و تەماحە جیۆپۆلەتیکیەکانی خۆی ململانێ دەکات.
بە واتایەکی تر ئەم بزووتنەوەیە هەوڵدەدات پشکی خۆی لە غەنیمەتەکانی چەوساندنەوەی چینی کرێکاری ناوخۆیی و جیهانی مسۆگەر بکات و دەست بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتاندا بگرێت و لەنێو ئەم چوارچێوە جیهانییە نوێیەدا نفوزی خۆی بەسەر بازاڕە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیاندا درێژ بکاتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئیسلامی سیاسی جەمسەرێکی جیهانی ئابووری، سیاسی، یان سەربازی لەبەرامبەر جەمسەری سەرمایەداریی ئیمپریالیستی ئەمریکی-ئیسرائیلی-ڕۆژئاوای ئێستا پێک ناهێنێت تا توانای هەبێت تایبەتمەندییەکانی سەردەمی ئێستا و ئەو ململانێ جیهانیانەی کە لەناو ئەو جەمسەرەدا ڕوودەدەن، دیاری بکات.
ئەم فەرعی بوونەی ئیسلامی سیاسی لە ململانێی ئێستای جیهانیدا تەنانەت لە ئەزموونی مێژوویی سەرهەڵدانی هێزی دژە شۆڕشی بۆرژوازی-ئیسلامی بۆ دەسەڵات لە ئێراندا دیارە کە چۆن بە پشتیوانی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا گەیشتن بەم ئامانجە و شۆڕشیان خنکاند. هەروەها ئەم واقیعە بەدیدەکەین لە هەبوونی ئەو وڵاتانەدا کە بزووتنەوەکانی ئیسلامیی سیاسیی بەڕێوەی دەبەن، بەڵام هاوپەیمانانی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوان؛ لە هەبوونی دەوڵەتێکی وەک تورکیا، ئەندامی ناتۆ؛ لە سیاسەتی دەوڵەتانی کەنداو کە پشتیوانی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی لەسەر شێوازی ئەلقاعیدە دەکەن بۆ ئەنجامدانی ستراتیژی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ناوچەکەدا؛ و لە کۆتاییدا لە هاوپەیمانی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەم وڵاتانە لەگەڵ تیرۆریستی ئیسلامیی ئەحمەد ئەلشرع لە سوریادا دەبینیین. جگە لەوانەش ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران پێوەندی ئابووری، سیاسی و سەربازیی بەهیزی هەیە لەگەڵ هەردوو دەوڵەتانی چین و ڕووسیا لە چوارجیوەی ململانێی جیهانیدا و وەک هاوپەیمانێکی لاوەکیان ڕۆڵ دەگێڕێ.
خنکاندنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری پرۆلیتار، پێشگرتن بە سەرهەڵدانی قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە کە بەرەو شۆڕشێکی پرۆلیتاری سۆسیالیستی ببات، لە ئەنجامی پەرەسەندنی قەیرانی سەرمایەداری، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، و توندوتیژتر بوونەوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکیەکان، و سەرکوتی هەر هەوڵێکی جددی بۆ شکڵگرتنی هاوپشتی نێونەتەویی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ، هەموو ئەمانە بەشێکن لە ستراتیژی بۆرژوازی ئیمپریالیستی لەم شەڕ و ململانێیانەدا.
بە بڕوای من زۆر پێویستە مارکسیست و کۆمۆنیستەکان لە ئێران و ناوچەکە و هەروەها بزووتنەوەی کرێکاری و ڕزگاریخوازی، پەیگیرانە ڕووبەڕووی شەڕی ئیمپریالیستیی بەردەوامی ناوچەکە ببنەوە و دژایەتی بکەن، و هاوپشتی نێونەتەوەیی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستییە جیهانییەکان کە لەم سەردەمەدا دژایەتی شەڕە ئیمپریالیستەکان دەکەن، بەهێزتر بکەن. هەروەها زۆر پێویستە، زیاتر لە جاران، لەگەڵ پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕی هەموو وڵاتان دژی بۆرژوازی وڵاتەکانی خۆیان بوەستن، و نەکێشرێنە ناو نە بەرگریکردن لە شەڕی ئیمپریالیستی و نە “بەرگریکردن لە نیشتمان”.
سەبارەت بە ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی لە ڕێگەی شەڕەوە
هیوا بەستن بە شەڕی ئیمپریالیستی ئیسڕائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران وەک ئامرازێک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی لەو وڵاتەدا، ڕێکدێتەوە لەگەڵ ئامانج و سیاسەت و ستڕاتیژەکانی ڕەوت و حزبی بۆرژوا ناسیۆنالیستی وەک “لایەنگرانی پاشایەتی”، و هەروەها “موجاهدینی خەڵق” و ئەو ڕەوتە ناسیونالیستانەی کە داوای فیدرالیزم دەکەن و چەندانی تر. ئەم هێزانە وەک هەمیشە، هەوڵ دەدەن ستراتیژی سیاسی خۆیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بە بەستنەوەی بە شەڕەوە دابین بکەن، کە پێکهاتەی مەدەنی کۆمەڵگا تێکدەدات و وزەی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا ئیفلیج دەکات و سەختی و مەترسییەکی یەکجار زۆر بەسەر جەماوەری کرێکاران و هەژاران و هەموو چەوساوەکانی تردا دەسەپێنێت. لە ڕێگەی ئەم ئامرازەوە هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵی خۆیان فراوان بکەنەوە، چ لەسەر ئاستی وڵات و چ لە سەر ئاستی ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران کە بەدەست هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و تایفیەوە دەناڵێنن.
ئاسەوارەکانی ڕووخانی ڕژێم له ئێران یان وڵاتانی دیکه، له ڕێگەی شەڕی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانەوە یان شەڕی بە وەکالەت لە ناو ئەو وڵاتانەدا، هیچ شاراوه نییه، و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان له عێراق و سووریا و لیبیا و وڵاتانی دیکەش ڕۆژانە و هەتاکو ئێستاش باجەکەی دەدەن. ئەرکی کۆمۆنیست و مارکسیستەکان لە عێراقدا ئەوە دەخوازێ وانەکانی ئەم ئەزموونەی جەماوەری عێراق بگەێنین بە جەماوەری پرۆلیتاریا لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، و خەبات بکەن بۆ پاراستنی هێزە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕەکان لە کەوتنەداوی ئەو خۆشباوەڕی و پڕوپاگەندانەی کە لەلایەن بۆرژوا لیبراڵ و ناسیۆنالیستەکان و حزبەکانیان و لایەنە جۆراوجۆرەکانەوە بڵاودەکرێتەوە. ئەم هێزانە بە بەردەوامی گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان گرێدەدەنەوە بە پەنابردن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکان لە ڕێگەی شەڕی ئیمپریالیستییەوە.
گومانی تێدا نییە کە ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران و ڕزگاربوون لە چنگی ئەو، خواستی دەیان میلیۆن کرێکار و زەحمەتکێش و ژن، و لاو و چینی کرێکارە، نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکو لە عێراق و ناوچەکەشدا. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم جەماوەرە بکەونە دوای سیاسەت و ستراتیژەکانی بۆرژوازی ناوخۆیی یان جیهانی کە ئامانجیان زەوتکردنی ئیرادەی سیاسی ئەوانە. ئەم جەماوەرە و خەباتیان و پارتە سیاسییە سۆشیالیستی و شۆڕشگێڕەکانیان لەم وڵاتەدا سیاسەت و ستراتیژ و تاکتیکی سیاسی خۆیانیان هەیە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری سیاسی لە وڵاتدا و ناکرێ بەزۆر تێکەڵ بە سیاسەت و ستراتیژییەکانی بۆرژوازی بکرێن.
وەک مارکس دەڵێت: “هەموو خەباتێکی سیاسی خەباتی چینایەتییە”،ناکرێت باس لە پرسێکی سیاسی گرنگی وەک شەڕ و ڕووخاندنی ڕژیم لە ڕێگەی شەڕەوە بکرێت، بە بێ پێناسەکردنی ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو سیاسەتەی کە شەڕ و ڕووخاندنی ڕژیم لە پەیوەند پێیەوە، درێژەپێدەریەتی. لە بەرامبەردا، شۆڕش، وەک ئەنگڵس دەڵێت، “بەرزترین شێوازی پراکتیکی سیاسییە”، شۆڕشی پرۆلیتاری لە ئێران و بەدیهێنانی گۆڕانکاری سیاسی لە ڕێگەی شەڕی ئیمپریالیستییەوە، دوو سیاسەتی چینایەتی دژبەیەکن کە ناتوانرێت پێکەوە ببەسترێنەوە. ئامانجی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ئێران، ڕووخاندنی ڕژیمە لە ڕێگەی شەڕەوە، واتە خنکاندنی شۆڕشە لە ڕێگەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران، وە ئەمە سیاسەت و هەڵوێستێکی چینایەتی بۆرژوازییە کە هیچ پەیوەندییەکی بە دینامیزمی سیاسەت و شۆڕشی چینایەتی پرۆلیتاوە نییە، جگە لە دروست کردنی ئەو هەلومەرج و پێشمەرجانەی کە ڕێگرن لە بەردەم بەدیهێنانی ئەمەی دواییدا.
لە سەردەمی شەڕی ئیمپریالیستی جیهانی ساڵانی (١٩١٤-١٩١٨)، بەلشەفییەکان و سۆسیالیستە ئنتەرناسیۆناڵەکان، دروشمی گۆڕینی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئیمپریالیستیان بۆ شەڕێکی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریای ناو دەوڵەتانی شەڕکەر و ڕووخاندنی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە هەر وڵاتێکدا بەرزکردەوە، لە ڕێگەی بەرپاکردنی ئەم شەڕە شۆڕشگێڕانە سۆسیالیستییە جیهانییە و یەکخستنی خەباتی ئنتەرناسیۆناڵیستی بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم شۆڕشە.
هەرکەسێک پێی وابێت “لایەنگرانی پاشایەتی”، و “موجاهدینەکان” و ناسیۆنالیستە فیدراڵیـیەکان، ئەوانەی لە کەمپی بۆرژوا ئۆپۆزسیۆندان و داکۆکیکاری ڕووخاندنی ڕژێمن لە ئێران لە پەیوەند بە شەڕی ئیمپریالیـیەوە، لە خەمی شۆڕشی سۆشیالیستیدابن لە ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا، ئەڵبەتە بێجگە لە خنکاندنی ئەو شۆڕشە، ئەوا ئەمە خەیاڵپڵاوییەکی پوچ و ناکۆکیـیەکی لۆژیکی تا ڕاددەی گاڵتەجاریـیە. بۆیە هەر سۆسیالیست و کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕ کە خۆشباوەڕ بێت و بانگەشە بکات بۆ ڕووخاندنی ڕژێم لە ئێران لە ڕێگەی شەڕی ئیمپریالیستییەوە، لەژێر بیانووی ئاماژەدان بە ئەزموونی بەلشەفییەکان و کۆمۆنیستە ئنتەرناسیۆنالیستە شۆڕشگێڕەکان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، ئەوا ڕووبەڕووی پرسیارگەلێکی زۆر دەبێتەوە.
یەکەمین کێشە لە بەردەم ئەم سۆسیالیستانەدا ئەوەیە کە چۆن دەتوانن پشت بەم ئەزموونە ببەستن بۆ بەرگری لە بۆچوونەکانیان بەبێ ئەوەی دروشمی ڕووخاندنی ڕژێمی بۆرژوازی لە هەموو وڵاتانی شەڕکەردا بەرز بکەنەوە، کە لەم حاڵەتەدا ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاواییـن و بەشدارن لەو شەڕەدا کە ڕوویداوە. بۆچی لەم شەڕەدا باس لە شۆڕشێکی سۆسیالیستی جیهانی ناکەن، و خۆیان قەتیس دەکەن لە گەیشتن بە سەرکەوتنی جەماوەریانەی “بزووتنەوەی ڕووخاندنی ڕژێم”لە ئێران و تەنیا لە چوارچێوەی “شۆڕش”ی (“ژن، ژیان، ئازادی”)دا خۆیان دەیهێڵنەوە؟ و بێدەنگی دەکەن لەوەی کە ئەم “شۆڕش”ە سیاسییە خۆی بزووتنەوەیەکی چینایەتییە، کە لە چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان پێکهاتووە کە بەرژەوەندی و ئامانجی هەمەچەشن و دژبەیەکیان هەیە. باس لەوە ناکەن کە ئەم داخوازییە “دیموکراسییانە”، لەژێر هەلومەرجی سەرمایەداریی جیهانیی هاوچەرخدا، تادێت زیاتر و زیاتر وابەستە دەبن بە گەشەکردن و پێشکەوتنی شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئێران و ناوچەکەدا.
خۆشباوەڕی بە شەڕی ئیمپریالیستی بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری، یان بەستنەوەی ستراتیژی سیاسی شۆڕشگێڕی بەوەوە، نە لە ئەجێندای حزب و بزووتنەوە سۆسیالیستییە شۆڕشگێڕەکاندا هەیە، و نە لە مێشکی زۆربەی جەماوەری پرۆلیتاریشدایە، بەڵام واقیعی فەلاکەتباری ژیان لەژێر دەسەڵاتە ستەمکارییەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستەکان لە وڵاتانی وەک عێراق و ئێران، توێژێک لە چینی کرێکار و جەماوەر و تەنانەت بەشێکیش لە سۆسیالیست و چالاکەوانی سیاسیش دەبات بەرەو خۆشباوەڕی هەڵبژاردنی ڕزگاری لە دڕندەیی ستەمکاری و دیکتاتۆریەت بە هەر ڕێگایەک بێت تەنانەت شەڕی ئیمپریالیستیش. ڕەنگە هاندەرێکی ئەم خۆشباوەڕییە بە هۆی پاشەکشە سەپێنراوەکان و سەرکوتی درێژخایەنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانەوە بێت.
بەستنەوەی بەدەستهێنانی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران بە شەڕی ئیمپریالیستییەوە، سیاسەتێکی دژ بە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و دژ بە بەرژەوەندییەکانی پێشخستنی خەباتی چینایەتی سەربەخۆیان و ڕێبازی گەشەسەندنی شۆڕشی سۆسیالیستیە لەو وڵاتەدا، هەروەها سیاسەتێکە لە دژایەتی دایە لەبەرامبەر سیاسەتی دژە شەڕ کە بزووتنەوە کرێکاری و سۆسیالیستییەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەوانەی ئەمڕۆ بانگەشە بۆ شەڕی ئیمپریالیستی دەکەن لەناو سۆشیالیستەکاندا، سبەی کە گۆڕانکاری سیاسی لەم وڵاتەدا ڕوودەدات، لە کەمپی بەرامبەر بە بزووتنەوەی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ و شۆڕشی سۆشیالیستیدا سەنگەر دەگرن، مەگەر ئەم سۆشیالیستە بەهۆی تێنەگەیشتن و دەرکی نادروستی لە دیاردەی شەڕەکە وەک سیاسەتێکی چینایەتی ڕەگوڕیشەداری کۆمەڵایەتیی، ئەم سیاسەتەی گرتبێتەبەر.
بە بڕوای من ڕەگی کێشەکە لە هەڵوێستە جیاوازەکانی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لەسەر ئاستی ئێران و ناوچەکە سەبارەت بە شەڕ و ئاگربەستی ئێستا، دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی لەسەر ئامانجی کۆتایی بزووتنەوەکە، واتە شۆڕشی پرۆلیتاری کۆمۆنیستی لەم وڵاتانەدا. ڕاوەستان لە ناوەڕاستی ڕێگەی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێران وئیکتیفاکردن بە گەیشتن بە گۆڕانێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای عەلمانییەت و ئازادیی سیاسی و مەدەنی و هەندێک چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئابووری بێت، ئەوە ڕێگا دەکاتەوە بۆ هاتنە ناوەوەی بیرۆکە و سیاساتەکانی بۆرژوازی بۆ ناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بۆ ناو ئەرکە کۆمۆنیستییەکانی بەردەممان لە دەروونی گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران و ناوچەکەدا. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە هەڵوێستێکی پتەو وەرنەگیرێت لە دژی شەڕی ئیمپریالیستی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا و لەوانەش شەڕ دژی ئێران.
٨/٧/٢٠٢٥