كتێبی ژنوه‌ر و چه‌ند سه‌رنجێك.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
له ڕاستیدا، سرووشتی هیچ مرۆڤێك له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژی، له مرۆڤێكی تر ناچێت. كه مرۆڤه‌كانیش له یه‌كتری جیابوون، ئه‌وا بیركردنه‌وه و دید و تێڕوانین و هه‌ڵوێستیشیان له كاركردن جیاواز ده‌بێت. بۆیه هه‌ڵه‌یه پێمان وابێت كه ده‌بێ مرۆڤه‌كان، هه‌موویان وه‌كو یه‌كتری بن. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان له بیر بچێت، كه دیدی مرۆڤ بۆ هه‌ر پرس و بابه‌تێك، ئاستی ئاگایی و هوشیاری ئه‌و كه‌سه ده‌رده‌خات. له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، چوونه نێو ژیانی تایبه‌تی تاكه‌كان به ڕاده‌یه‌كه، كه كه‌سانێك ئه‌و مافه به خۆیان ده‌ده‌ن، ڕه‌نگڕێژی ژیانییان بۆ بكه‌ن و ئامۆژگاری و حیكمه‌تییان فێر بكه‌ن. له كاتێكدا ژیانی تایه‌تی هه‌ر مرۆڤێك، سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژییانه‌ی هه‌ر مرۆڤێكه‌و به‌شێكه له پێكهاته‌ی كه‌سی و تایبه‌تی ئه‌و، كه ده‌چێته خانه‌ی ژیانی كه‌سی و نهێنی خۆی. مرۆڤ هه‌میشه پێویستی به ئامۆژگارییه ئه‌گه‌ر له هه‌ر ته‌مه‌نێك بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌گونجاوه ئه‌وه‌یه، تۆ ئه‌و ژیانه تایبه‌تییه‌ی مرۆڤه‌كان، له چوارچێوه‌ی ژیانی گشتی، یاخود ژیانی تایبه‌تی خۆت ببینیت و پێوه‌ر و خاسیه‌ته‌كانی ژیانی ڕۆژانه و گشتی خۆت، بكه‌یته ئه‌ته‌كێت و فۆڕمێك بۆ ژیانی كه‌سانی تریش. هه‌ڵبه‌ته، باسه‌كه ئه‌وه نییه مرۆڤ پێویستی به ڕێنوێنی و ئامۆژگاریكردن بۆ ژیانێكی جوانتر و ته‌ندروستتر نه‌بێت، چونكه هیچ مرۆڤێك نییه تا مردنیش، پێویستی به ئامۆژگاری نه‌بێت، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه، زۆر جار له په‌راوێزی ئه‌و به ناو ڕاسپارده و ئامۆژگاریكردنه‌وه، به‌ر جۆرێك له نووسین و گوزارشتكردن ده‌كه‌وین، كه له بری ئه‌وه‌ی له خزمه‌ت مرۆڤ و ژیانه‌كه‌ی دابن، به داخه‌وه به جۆرێك له جۆره‌كان، له شكۆمه‌ندی و پێگه‌ی مرۆڤیش ده‌ده‌ن. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، مۆدێلێك له نووسین له نێو به‌شێك له نووسه‌رانی ئێمه، به تایبه‌تی گه‌نجه‌كان دروست بووه، كه خۆیان وه‌ك (ئۆشۆ) و( دالای لاما) و (جوبران خه‌لیل جوبران) ده‌بینن و كتێب به نێوی وانه و ئامۆژگاریی و ڕاسپارده چاپ ده‌كه‌ن و به تێگه‌یشتنی خۆیان ده‌یانه‌وێت، فێری ژیان و ماناكانی ژیانمان بكه‌ن. به‌ڵام كاتێ ده‌چینه نێو ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كتێبانه، به‌ر تێگه‌یشتنێكی دیكه ده‌كه‌وین، كه زۆر جار له بری ئه‌وه‌ی مرۆڤ شكۆمه‌ند پیشان بدات، ئه‌وا له به‌ها و پێگه‌ی ده‌دات. یه‌كێك له‌و كتێبانه، كتێبی ( ژنوه‌ره). ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه، له چه‌ند وته و ده‌ربڕینێكی نووسه‌ر پێكهاتوون، بۆ كه‌سایه‌تی ژن و ڕوانگه‌ی خۆی وه‌ك مرۆڤێك بۆ ژن ده‌خاته ڕوو. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له به‌شێكی زۆری ئه‌و وتانه بده‌ین كه له دوو توێی كتێبه‌كه‌دا هاتوون، ده‌بینین به جۆرێك له جۆره‌كان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌قڵه میللی و هه‌مووه‌كی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه، كه تیایدا وێنای ژن، وه‌ك مرۆڤێكی ( زۆرتر ڕۆمانسی، ناسك، بیركه‌ره‌وه به‌دڵ، بێ هێز و نه‌وه‌ستاو له سه‌ر پێی خۆی) ده‌كات. ئه‌م دیدگایه، ئه‌وه‌نده‌ی ژن وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ڕۆمانسی پڕ له هه‌ست و سۆز ده‌بینێت و وێنا ده‌كات، ئه‌وه‌نده وه‌ك مرۆڤێكی بیركه‌ره‌وه، خاوه‌ن ئیڕاده و به توانا و داهێنه‌ر نایناسێنێت. بۆیه ده‌بینین به‌رده‌وام ستاییشه‌كانی، له‌گه‌ڵ جه‌سته و لایه‌نی بایه‌لۆژی و هه‌ستی ژن دایه، له‌وه‌ی هزری بدوێنێت. ئه‌م دیدگایه، گه‌رچی له ڕووكه‌شدا خۆی وا نیشان ده‌دات، كه ده‌یه‌وێت شكۆیه‌ك و پیرۆزیی و پێگه‌یه‌ك به ژن بدات، به‌ڵام كاتێ ده‌چینه قووڵایی ئه‌و ڕوانینانه‌ی له‌و ستاییشانه‌دا هه‌ن، گوتارێكی پێچه‌وانه ده‌بینین. له كتێبی (ژنوه‌ر) یشدا، له پاڵ ئه‌و وه‌سفه ڕووكه‌شه‌ی نووسه‌ر بۆ ژن ده‌یكات، هه‌ست به كه‌م ته‌ماشاكردن و نیشاندانیش ده‌كه‌ین. بۆ نموونه: نووسه‌ر چه‌ند وته‌یه‌كی وه‌ك به پیرۆز ته‌ماشاكردنی ژن هێناوه‌ته‌وه كه‌چی كاتێ شرۆڤه‌یان ده‌كه‌ین، به‌ر مانای دیكه ده‌كه‌وین. وه‌ك:_
- لا50 نووسیویه‌تی:_( ژن هه‌میشه ده‌یه‌وێت له ژیانی شكۆی پیاوێك دابێت).
- لا 84 نووسیویه‌تی:_(گوێی ژن ده‌رگه‌ی دڵیه‌تی).
- لا 115 نووسیویه‌تی:_( هه‌ر ژنێك ئابڕووی خۆی شكاند، هیچ پیاوێك بۆی نایه‌ته ژووره‌وه) سه‌رنج بده‌ن، چۆن نووسه‌ری كتێبه‌كه، هه‌مان ئه‌و ده‌ربڕینه خێڵه‌كی و میللییانه ده‌نووسێت، كه خه‌ڵكه هه‌مووه‌كییه‌كه (عه‌وام) به‌كاری دێنن، ئه‌ویش وشه‌ی (ئابڕوو) وه كه به مانای ( شه‌ڕه‌ف و نامووس) دێت!
- لا 119 نووسیویه‌تی:_( له نێو دڵی زۆربه‌ی ژناندا، جێ پێی ڕۆیشتنی پیاوێك هه‌یه).
- لا 135 نووسیویه‌تی:_( سه‌ختترین ركابه‌ری جوانی هه‌ر ژنێك ژنێكی تره).
- لا 142 نووسیویه‌تی:_( بۆ ڕاگرتنی دڵی ژنێك ته‌نها پیاوبوون به‌سه) پیاوبوون چییه؟
- لا156 نووسیویه‌تی:( ئه‌و كاته‌ی ژنێك جوانی و ناسكی خۆی ئاوێته‌ی تۆ ده‌كات، تۆش له كانیاوی پیاوبوونی خۆت بێ به‌شی مه‌كه). بێگومان، به ته‌نها ئه‌و وته‌یه‌ی كۆتایی، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه و دنیابینی نووسه‌ری ئه‌و كتێبه بۆ ژن و دنیای مێیه‌تی بگه‌ین. هه‌موومان ده‌زانین جوانی و ناسكی ژن له چی دایه و كانیاوی پیاویش به مانای چی دێت. ئه‌م جۆره گوزارشتكردنانه له دنیای ژن، له ڕاستیدا هیچی كه‌متر نییه له‌و دنیابینییه خێڵه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه ژن ته‌نها وه‌ك كاڵایه‌ك له خزمه‌تی پیاودا ده‌بینێت. ئه‌وانه‌ی له ژن‌دا به‌ر له هه‌موو شتێك ناسكی و جوانی ده‌بینن، ڕوون و دیاره مه‌رام و مه‌به‌ستییان له ته‌ماشاكردنی ژن چییه. ئه‌وانه، له‌بری هزر، جه‌سته‌ی ژن و له بری تێگه‌یشتنی، له‌ش و لار و جه‌سته و و ناوقه‌دی ده‌بینن. هه‌ر پیاوێك نیگای یه‌كه‌می له‌سه‌ر له‌ش و لار و جه‌سته‌ی مێیه‌ك بوو، ئیدی پێویست به‌وه ناكات بزانین مه‌به‌ست چییه. ئه‌م جۆره ده‌ربڕینانه، جارێكی دیكه به سووك ته‌ماشكردن و وێناكردنه‌وه‌ی ژنن به ناوی كتێب و دنیای نووسین و حیكمه‌تی بێ حیكمه‌ته‌وه. ده‌نا مانای چییه، ژن ده‌بێ ئابڕووی هه‌بێت؟ ئایا شه‌ڕه‌ف ته‌نها له ژن دایه؟ مه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌ترین بێ ئاكاری نییه؟ خیانه‌ت كردن له نیشتمان گه‌وره‌ترین بێ مۆڕاڵی نییه؟ ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ دوژمنان و سیخوڕیكردن جۆرێك نییه له بێ ئاكاری؟ بۆچی ده‌بێ ئه‌خڵاق و شه‌ڕه‌ف هه‌ر ته‌نها له ژن و له ژنیش له پاكیزه‌ییه‌كه‌ی ببینین؟ دواجار ده‌ڵێم، ژنان نابێ به‌و جۆره نووسینانه فریو بخۆن و هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنرێن، چونكه ئه‌م جۆره دنیابینییه، به‌ر له‌وه‌ی به شكۆ و پیرۆزییه‌وه سه‌یری ژن بكات، ناڕاسته‌وخۆ به ناوی وته و نووسین وحیكمه‌تی بێ حیكمه‌ته‌وه،له په‌نای ئامۆژگاری بێ مانا‌و دواكه‌وتووه‌وه، له كه‌سیه‌تی و پێگه‌ی ژن ده‌دات. *په‌راوێز: ناوی كتێب: ژنوه‌ر، نووسینی: هه‌رێم هه‌ژان، ساڵی چاپ 2020.
- له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره‌ی ڕۆژی 27/4/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی پێویست:
چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌و به‌ر، له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كمه‌وه ئاگادار كرامه‌وه، كه نووسه‌ری ئه‌و كتێبه له پۆستێكی فه‌یسبووكدا، باسی له‌وه كردووه( كه گوایا من ناوه‌رٍِۆكی نووسینه‌كه‌ی ئه‌وم شێواندووه، له‌وه كۆمێدیتریش نووسیویه‌تی، كه من بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و بناسم له سه‌ر كتێبه‌كه‌ی ئه‌وم نووسیوه و ڕقی نووسه‌رانی ترم به‌و هه‌ڵڕشتووه) سه‌یری ئه‌و نوكته‌یه بكه‌ن، مه‌گه‌ر خوێنه‌ر چ كاری به ناسینی نووسه‌رێكه‌وه هه‌یه كه كتێبه‌كه‌ی ده‌خوێنێته‌وه؟ خوێنه‌ر نووسین ده‌خوێنێته‌وه، یان نووسه‌ری كتێب؟ هه‌ڵبه‌ته، ئه‌مه جاری یه‌كه‌م (بێگومان دواجاریش نابێت) نییه، كه‌سانێك تۆمه‌تی له‌و شێوه‌یه‌م ده‌ده‌نه پاڵ. به تایبه‌تیش كه خۆم فه‌یسبووكم نییه، ئیدی كه‌سانێك ئه‌مه به ده‌رفه‌ت ده‌زانن و له په‌یجه‌كانییان كه سه‌كۆیه‌كی بێ سانسۆره، ده‌كه‌ونه هه‌ڵڕشتن و فڕێدانی قسه‌ی نێو دڵییان، به بێ ئه‌وه‌ی بوێری ئه‌وه‌یان هه‌بێت له هه‌مان ڕۆژنامه و بڵاوكراوه وه‌ڵامم بده‌نه‌وه. من وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی، كه سه‌رنجه‌كانم له باره‌ی نووسینی نووسه‌ران ده‌خه‌مه ڕوو، دیاره ده‌مێكیشه خۆشم بۆ ئه‌وه یه‌كلایی كردۆته‌وه، كه ده‌بێ باجی ئه‌و سه‌رنجانه‌م بده‌م. ئه‌و باج دانه، هه‌ندێك جار به قسه‌ی زبر و برینداركه‌ر، هه‌ندێ جاریش به تۆمه‌ت و چه‌واشه‌كاریی، هه‌ندێ جاریش به تووڕه‌بوون و پچڕانی په‌یوه‌ندییه كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵم، ته‌واو ده‌بن و كۆتاییان دێت. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه ساردم ناكه‌نه‌وه، به‌ڵكو ڕژدترم ده‌كه‌ن، وه‌ك خوێنه‌رێك ئیستی زیاتر له ئاست نووسینه‌كان دابكه‌م. نووسین لای من، نه پیشه‌یه نه هونه‌ر، به‌ڵكو ئه‌خڵاقه. وه‌ك چۆن هه‌موو ڕه‌فتار و كرده‌كانی ژیانم، له ژێر چاودێری په‌روه‌رده و ئه‌خڵاقی كه‌سیم دایه، به‌و شێوه‌یه‌ش له نووسیندا، ئه‌خڵاقم سانسۆرم ده‌كات و ڕێگه‌م پێ نادات یه‌ك پیتی نووسینی هیچ كه‌سێك بشێوێنم و گه‌ردێك ڕقیشم به‌رامبه‌ر مێرووله‌یه‌كیش له دڵ دانییه، چ جای بگاته مرۆڤێك و ئه‌و مرۆڤه‌ش نووسه‌ر بێت!