Skip to Content

خەڵاتی خۆشەویستی.. ن: جەلال قادر

خەڵاتی خۆشەویستی.. ن: جەلال قادر

Closed
by ئازار 11, 2021 General, Literature

لەبەرئەوەی تەمەنم ڕوو لە هەڵکشان دەچێت و تا لەبیرم نەچوەتەوە، پێمباشبوو ئەفسانەی دڵداری نێوان خۆم و (زارا) یاداشت بکەم کە لە بەهاری ساڵی ٢٠٠٣ بە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ستەمکاری بەغدا، بە یەکتر شادبیوونەوە.
من لەناو شاری هەوڵێر بووم، زارای دەزگیرانمیش کە چەندین ساڵ بوو نەمبینبوو لە کەرکوک بوو. لەشاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەمانبینی هێزەکانی (ئاڕئاڕ) و پێشمەرگە، لەسەر کەل و بناری شاری کەرکوک خۆیان مەلاس دابوو بۆ تاڵان کردن و ئازادکردنی شارەکە.
خزمێکم هات بەدوام و وتی : وەرە لەگەلم دەتبەم بۆ کەرکوک، بەدڵنیاییەوە بە دەستی بەتاڵ ناگەڕێینەوە.

  • کێشەی من تەنها دۆزینەوەی زارای دەزگیرانمە، کە لەمنداڵییەوە یەکترمان خۆشدەوێت، بەڵام جارێ پەڵەم نییە تا باروودۆخەکە ئارام دەبێتەوە…
    خزمەکەم و چەند ماڵە هاوسێیەک، بەسواری پیکاب بەڕێکەوتن بەرەو کەرکوک.

بوو بە شەو، خەو نەچووە چاوم و خەیاڵم لای ئەوەبوو کە چەند ڕۆژێکیتر دەبێت بچم بۆ کەرکوک و کۆڵان بەکۆلان بگەڕێم تا ماڵی زارا دەدۆزمەوە.

لەگەڵ بەری بەیان دایکم لەخەو هەڵیساندم و وتی : تەماشاکە کەرکوک ئازاد کراوە، چەند ڕۆژێکیتر ئێمەش بەخۆشی دەگەڕێینەوە.
_ دایکە گیان تووبڵێی بتوانم مالی (زارا)ی دەزگیرانم بدۆزمەوە.
دایکم بە پێکەنینەوە وەلامیدامەوە : خۆزگە ئەم زارایەم ببینیایە بزانم چ کچە سەر ڕشکنێکە…
لەگەل ڕاخستنی سفرە و دانانی چایی و ماست، خزمەکەم لە دەرگەی حەوشە خۆی کرد بەژووراو هێلاک و ماندوو لێ دانیشت و وتی : هەر ئێستا گەڕامەوە، ئێوە نازانن چ حەشامەتێکە، خەلکی لە هەموو لایەکەوە ڕژاونەتە ناو شاری کەرکوک.
دایکم وتی : لەشاشەی تەلەفیزیۆنەکان دەیبینین.
لەپاش ئەوەی خزمەکەم چەند پیاڵە چاێیکی خواردەوە، ڕووی دەمی لەمن کرد و وتی : بەختیار مزگێنیت بەمێ (زارا)ی دەزگیرانتم دۆزیوەتەوە و قسەشم لەگەلی کردووە.
لەخۆشیا پارووە نانەکە لە قوڕگم گیربوو، پەرداخێ ئاوم خواردەوە و لێمپرسی : چۆنچۆنی بۆم باسکە!
_ لە دەروازەی شارەکە خانمێکی ڕووگەش و چاوڕەش و باڵا بەرزم بینی، لەسەر جادەکە ڕاوەستابوو و وێنەیەکی بەدەستەوەبوو پیشانی ڕێبوارەکانی دەدا و پرسیاری ڵێاندەکرد… ڵێی چوومە پێش تا وێنەکەی ناو دەستی ببینم و بزانم ئەم خانمە عەودالی چییە؟ کەچی سەیرمکرد وێنەی سەردەمی هەرزەکاری تۆ بوو. پێشئەوەی خانمەکە لێو ببزوێنێت، من پێمگوت : ئایا تۆ (زارا)یت؟
زارا لەخۆشیا باوەشی پێماکرد و لێمپرسی : چۆن دەمناسیت؟
وەسفی تۆم بۆ کرد و بەسەرهاتەکەم بۆ گێڕایەوە.
زارا لەخۆشیا پێی عەرزی نەدەکەوت. بەهەربار ڕایسپاردووم، کە سبەی ئەم کاتە کاتژمێر هەفتی بەیانی لەکەرکوکەوە بەڕێ دەکەوێت و لەناو شارۆچکەی پردێ چاوەڕوانت دەبێت.
_ ئەی بۆ لەگەل خۆت نەتهێنا؟
وتی : دەبێت ماڵەوە ئاگادارم کەمەوە، هەروەها پێیگووتم کە دەبێت (بەختیار)یش بەپیادە، کاتژمێر هەفتی بەیانی بەڕێ بکەویت.
دایکم وتی ؛ بۆ دەبێت بە پێ بڕوات… با تەکسییەک بگرێت.
_ پوورێ… (زارا)ی دەزگیرانی کوڕەکەت، لەپێناوی خۆشەویستیەکەیان ئەم مەرجەی داناوە، کە ئەو ڕێگایەی نێوانیان بە پێ ببڕن!.
دەستم نایە سەرشانی خزمەکەم وتم : ماڵت ئاوابێت، زۆر سوپاس بۆ ئەو مزگێنییە خۆشە، ئێستا دڵنیام ئەو کچەی بینیوتە زارا بووە، چونکە هەمیشە بۆ ژووانەکانیش مەرجی بۆ دادەنام.

سپێدە کاتژمێر هەفت شاری (قەراومەنارەم) بەجێهێشت و بەرە پردێ بەڕێکەوتم. وەرزی بەهاربوو کژوگیا سەوزو دڵی خەلکی زۆر خۆشببوو.
سەرجادە گشتییەکە پڕ لە ڕێبواربوو، نیوەیان بەدەستی پڕ دەگەرانەوە، نیوەکەیتر بەدەستی خاڵی ڕوو لەشار دەرۆیشتن.
لەڕێگە چەند برادەرو ناسیاوێکم، ئۆتۆمبیلەکەیان ڕاگرت و هاواریانکرد : بەختیار بەختیار وەرە لەگەل ئێمە جێگەمان هەیە.
وتم_ پێویست ناکات، من حەزدەکەم بە پیادە بڕۆم…

ئەو ڕۆژە هەندێک کەس ئەوەیان هەبوو کە چۆن زوو بگەنە شار و شتێک تاڵان کەن، هەندێ کەسیتر ئاواتیان دەخواست بە کەس و کاریان شادبنەوە، منیش یەک کێشەم هەبوو ئەویش چۆن بگەمە زارا و ماچی کەم.

پێشئەوەی کاتژمێر بگاتە ١٢ی نیوەڕۆ لە شارۆچکەی پردێ نزیکە بوومەوە، لەدوورەوە کچێکی کراس زەردم بینی لەسەر جادەکە ڕاوەستابوو. بەغاردان بەرەو ڕووی یەکتر ڕۆیشتین و بە ئامێزی یەکتر شادبووینەوە. تووند لەباوەشمکرد و تێر بۆنم کرد. ئەویش لە خۆشیا دەیچرپاندە بن گوێم و جوێنی پێدەدام و دەیگووت ؛ سەگباب بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە تۆ لەکوێ بوویت…
نزیکەی چارەگە سەعاتێک دەست لەناودەست و چاوبازێمان دەکرد و ئاگامان لەکەس نەمابوو، تا لەپڕێکا وردە وردە هەستمانکرد خەلکێکی زۆر لەدەورمان ئاڵاون و دەیانویست بزانن چیرۆک و بەسەرهاتی ئێمە چییە. تەنانەت گوێم لەیەک دوو پیرەمێرد بوو، وتیان ؛ دوورکەونەوە.. کێ ناڵیت خوشک و برا نین.
نیگەران بووم بە خەلکەکەم وت : کاکە گیان دوور کەونەوە چیتان لە ئێمە دەوێت و بۆچی چاودێریمان دەکەن، ئێوە ئەو هەموو تاڵانکردن و ستەمکارییەتان لەبیر چووەتەوە و هاتوون وەک ندیتکەوبتکە تەماشای ئێمـە دەکەن؟
زارا بزە خەندەیەکی کرد و چرپاندییە بن گوێم : بەختیار گوێبگرە، بزانە ئەم خەلکە ئێستا چۆن فریو دەدەم.
زارا دەستی لەناودەستم بەرداو وەک شێر ڕووی لە جەماوەرەکە کرد و هاواریکرد : خەلکینە جوان گوێم لیبگرن، من و ئەم لاوە لە منداڵییەوە یەکترمان خۆشدەوێت و دەیان ساڵە یەکترمان نەبینیوە ئێستا بە دیداری یەکتر شادبووینەوە. دەمەوێت پرسیارێکتان لێبکەم، ئەگەر وەڵامەکەیتان زانی ئامادەم خەڵاتتان کەم.

هەرکە زارا باسی خەڵاتی کرد، جەماوەرەکە پتر گوێچکیان شڵ کرد بۆ قسەکانی.

_ من کاتژمێر هەفتی بەیانی لەشاری کەرکوکەوە بەڕێکەوتووم، هەروەها ئەم دەزگیرانەشم کە لەبەردەمتان ڕاوەستاوە، کاتژمێر هەفتی بەیانی لە شاری هەوڵیرەوە بە پیادە بەڕێکەوتووە، ئایا ئێمە کاتژمێر چەند بە دیداری یەکتر شادبووینەتەوە؟ لەسەر گۆشەی ئەم زەوییەدا، هەرکەس وەلامی ئەم پرسیارە بە دروستی بداتەوە ئامادەین جوانترین خەڵاتی پێشکەش بکەین.
دوو دوو، سێ سێ، خەلکەکە کۆبوونەوە و سەرقاڵی شیکارکردنی هاوکێشەکە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکە بوون.
زارا تووند دەستی گوشیم و وتی : بەختیار گیان… وەک دەبینی خەلکی لەپێناو خەڵات کردن ئێمەیان لەبیرچووەتەوە… خێراکە، فرستە با بڕۆین و لێرە دوورکەوینەوە!

Previous
Next
Kurdish