Skip to Content

چاکسازیی کۆمەڵایەتی هەرێم، یان وێرانکردنیی کۆمەڵایەتی!؟ تاهیر عیسا

چاکسازیی کۆمەڵایەتی هەرێم، یان وێرانکردنیی کۆمەڵایەتی!؟ تاهیر عیسا

Closed
by ئازار 13, 2023 General

ڕۆژنامەی هاوڵاتی، سێ ڕۆژ لەمەو بەر، چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، “ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان”، دا، ئەنجامداوە.
کەوەختێک هەر ئینسانێکی شەڕافەتمەندی بێچاویلکەی بەرژەوەندی تایبەتی لە گەڵ ئەم ڕژێمە هەرێمیەو فەرمانڕەوا دزو گەندەڵکارو هاوبەشەکانیدا، ڕاستییە کەم و زۆر دانپێدانراوەکان، لە لێدوانی خۆیانەوە دەبیستێت و دەبینێت و دەخوێنێتەوە، ناتوانێت لە ئاستیدا کەم و زۆر بێدەنگ بێت و خەفەت نەخوات.
هەڵبەتە، ئەم جەنابی ئیحسان ناوە، کەبێشک و بێگومان وەک باقی هاوبەشەکانی دیکەی ناو ئەم دەستەی فەرمانڕەوایەتیە دزو مافیاچێتیە، بەرژەوەندی ماددیی و سیاسیی و چینایەتیی خۆی لە دەوریاندا گرێداوە، بەڵام هێشتاش ویژدانی مرۆڤیانەی خۆی ڕێگای ئەوەی پێنادات دان نەنێت بە هەندێک لە ڕاستیەکانداو لە گەڵ ئەوەشدا چاوەکان و زوومەکانی شاهید حاڵ و خودی قوربانیەکان خۆشیان، لەسەر ئەم دیاردە قێزەونانەی سیستەم و حوکمڕانان ڕەنگبێت هۆکارێکی دیکەی نەتوانینیان لە چاوپۆشیی و بێدەنگەکردنیان بێت!
داندەنرێت بەوەی ئەو بینایانەی کە بۆ حەوانەوەی سزادراوەکان بنیاتنراون، کە لە بنەڕەتدا بۆ نۆسەد کەس دروستکراون، بەڵام لە ئێستادا هەزارو پێنج سەد بۆ هەزارو حەوسەد سزادراویان تێدایە،جگە لەوەی داندەنێت بە خراپی دۆخی داوو دەرمان و کەمی پزیشک و نەبوونی ڕاوێژکاری دەرونی پێویست، ئایا ئەمە ناو دەندرێت چاکسازی کۆمەڵایەتئ یان وێرانکردنی کۆمەڵایەتی، کە هەڵبەتە زۆربەی ئەوانەشی کە ماوەی زیندانیش تەواو دەکەن، دواجار لەکۆمەڵگادا هەمان دۆخی تاوان و خراپسازی کۆمەڵایەتی بۆ جارێکی دیکەش ئەزموون دەکەنەوە.
هەر بەپێی لێدوانی ئەم لێپرسراوەی دەزگای ( چاکسازی کۆمەڵایەتی) هەرێم، تاوانەکانی “ماددەی هۆشبەرو کوشتن و دزیکردن لە زیادبووندایە” .
وەختێک کەسێک لە دەزگایەکی هەستیاری ناو ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتییە فاسیدە لە ڕۆژنامەیەکی موعتەبەرو ناوداریی هەرێمێکەوە، بوێریی ئەوە پەیدا دەکات دان بنێت بەم ڕاستییەوە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەوەیە کە دۆخەکە لە ئاستێکی مەترسیداردایە و قابیلی چاولێپۆشین و پەردەپۆشکردن نییە.
من هەر ئەم لێدوانە ڕۆژنامەوانیەم خوێندەوە، بیرم بۆ لای هۆکارە هەرە فاسیدئاساکانی ئەم دەردو میحنەتەی ناو کۆمەڵگای کوردستان چوو، کە حوکمڕانانی کوردستان و حیزبەکانیان، لە ماوەی زیاتر لە سی و دووسالەی حوکمڕانییاندا، کارو پیشەو مەشغەلەتی هەرە بنەڕەتییان دزی و فەسادی بووە بەسەرسەری زۆرینەی کۆمەڵگادا، هەرچی سامانێک کە دەبوو ئەم دەستەی فەرمانڕەوایەتیە، لای کەمی لە خزمەتیی بیمە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگاو بووژاندنەوەی ژێرخانێکدا مەسرەف بکرایا، کە ڕێگابگرێت لەم دیاردە پڕلە کارەساتبارانەی کۆمەڵگا، لەهەژاری و بێکاری، بێخانەو لانەیی، بەڵام سەرانی دەسەڵاتداری ئەم هەرێمەو کلک و گوێکانیان، کە خۆیان دزو تاڵانچی گەورەن، هەر چەند ئەوان سەرمایەی زیاتر دەخەنە سەر خەرمانەی سەرمایە کەڵەکەکراوەکانیان، هێندەی دیکەش و بەو ئەندازەیەش دۆخی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا خراپترو وێرانتر دەکەن، لە پاڵیدا ڕێژەی بێکاری زیاتر دەبێت و ئاستی هەژاریی و نەداری زیاتر دەچێتە سەرو دواجاریش دیاردە قێزەونە جۆراوجۆرەکانی دیکەی وەک قاچاخچێتی دەرمانی هۆشبەر و بەکارهێنانی کە خۆشیان دەستیان لەپاڵیدا هەیە و دزی و تاوانیش زیاتر پەرە دەگرێت.
هەر بەو هۆکارەی کە دەڵێت دزی و تاوان و کوشتن و بەکارهێنانی دەرمان زیادی کردووە ، مەعلوومە کە ڤەسادیش لەناو دەسەڵات و حوکمڕانانی هەردوو زۆنەکەش لە لوتکەدایە.
کەدەبوو خۆیان نەک لە ناو چاکسازیی کۆمەڵایەتیدا، کە هۆکاری بنەڕەتی ئەم هەل و مەرجە خراپەی کۆمەڵگان، بەڵکوو دەبوایا بۆ ئەبەد لە کونجی زیندانەکاندا جێگای ئینفڕادییان بۆ تەرخانبکرایا.
لە ساڵی دووهەزاروو نۆزدەدا بوو، لە لایەن ماڵپەڕی “dirt.com”وە کە ماڵپەڕی تایبەت بە خانوو بەرەو ڤێللاو کۆشک و تەلارە لە ئەمریکادا، ئاماژەی بە کۆشکەکەی ماڵی بارزانی کرد، کۆشکی ژمارە “٦١٣”بە بەهای بیست و حەوت ملیۆن دۆلار لە ڕووبەری شەش هەزار مەتردووجادا، لە گەڕەکێک بەناوی بێڕلی هێڵس لە ویلایەتی دیلاوێر. وەختێک باس لە مواسەفاتەکانی ئەم کۆشکەو تایبەتمەندیەکانی و هەڵکەوتەکەی دەکرا سەرمان لە نایابیەکانی دەسوڕما و خەڵکانێکی هەژارو بێدەرەتانیش لەژێر سایەی سوڵتەی ئەم دزو مافیایانەدا، یان زۆربەیان لە نەبوونی و بێدەرەتانیدا، پەنایان بۆ دزیی و تاوان و کوشن و بەدبەختی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبرد و دواتریش لەلایەن پاسەوانانی ئەم دزو مافیایانەوە زیندانەکانیان بەناوی چاکسازییەوە لێپڕدەکرا، یان ڕێگای هات و نەهاتیی هاندەران و خەون و خولیای گەیشتن بە ژیانێکی نەرێنیانەی هەندێک باشتر دەگرتەبەر، کە بەداخەوە چارەنووسی بەشیکی زۆریشیان لەو ڕێگایەداو لە ناو دەریاکاندا، تێداچوون و نەهامەتی و بەدبەختی زیاتر بووە!
هەرچەندە ئەم بنەماڵە دزو فاسیدە لەوەها ڕاپۆرتێکدا ئینکارییان لە ڕاستیەکەی دەکرد، بەڵام زۆری نەبرد لە دوو هەزارو بیست و یەکیشدا بۆ جارێکی دیکە دزیی و سکانداڵێکی دیکەی ئەم سەرۆکی حکومەت و کابینەیەی ئێستا لە لایەن ڕۆژنامەوانێکی ئەمریکی بە ناوی “ زاک کۆپلین “ ەوە و لە ڕۆژنامەکەیاندا بەناوی “ ذە ئەمریکان پڕۆسپێکت” وە بڵاوکرایەوە، کە باسی لە ئاشکراکردنی کۆشکێکی هەژدە ملیۆن دۆلاری دەکرد، کە نەک هەر نەیان توانی لە بەرامبەریدا ئەستۆپاکی خۆیان ڕاگەیەنن، بەڵکو تۆمەتی ناڕەواو هەڵبەستراویشیان بۆ چالاکانی سیاسیی دیکەی کوردزمان لە ئەمریکادا هەڵدەبەست کە گوایا لە پشتی ڕێکخستنی وەها ڕاپۆرتێکدابن، کە ئەمەشیان بۆ جارێکی دیکە ئەوەی دەسەلماند کە ئەم دەسەڵاتە چەندە بێفەرهەنگ و ئاست نزم و دواکەوتوون. سەرباری چەندین ڕاپۆرتی دیکەی ڕۆژنامەوانە جیهانیەکان و میدیا جیهانیەکان، لە پەیوەست بە گەندەڵی و دزی بێپەردەی ئەم بنەماڵانە و مڵک و ماڵ و کۆشک و تەلارو پشکیان هەرلەدوبەی و بورجی خەلیفەوە هەتا میامی و ڤێرجینیاو کالیفۆڕنیا.
وە هەروەها خاوەندارێتییان لە کۆمپانیاکانی ستێر گرووپ، کە مەسرور بارزانی خاوەندارێتی دەکات بۆ خۆی حکومەتێکە لە ژێر سێبەری حیزبدا تەواوی جومگە ئابوورییە وەبەرهێنەکانی زۆنی زەردی لەناو گەندەڵستانی ئەم فەرمانڕەوایەتیەدا بۆخۆیان و بنەماڵەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە!؟
بنەماڵەکانی تریش لە زۆنی سەوزدا، خەریکی ئەم دزی و تاڵانیەن لە چەشنی کۆمپانیاکانی نۆکان و فەرعە وەبەرهێنە جۆراوجۆرەکانی کە بنەماڵەی تاڵەبانی لەژێر ناوی حیزبدا خاوەندارێتی دەکات، دزی و تاڵانی بێپەردەیان و کۆنتڕۆڵکردنی تەوای جومگە ئابووریەکانی کۆمەڵگاو هەڵاوسانی سەرمایە لەدەستی کەمایەتیەکدا، هەرچی زیاتر قڵشتی چینایەتیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا گەورەترو فراوانتر کردۆتەوە.
کۆمپانیای وشەی گۆڕانیش کە دواجار لە ژێر ناوی گۆڕان و گۆڕانخوازیدا دامەزراو هەزاران گەنجی بەدبەخت و خئرلەخۆنەدیتوو بە و ئومێدە موزەوەرەی پێیەوە گرفتار بوون و زۆربەشیان دواجار لە بەتاڵبوونەوەی باڵۆنی فریادڕەسی ساختەدا، نائومێدی قول دایگرتن، کوردستانیان جێهێشت و لە دەریای ئیجەدا گیانیان بەخشی!؟
لە دوای مردنی بەناو باوکی هەژاران، نەوشێروان مستەفاشدا میراتەکەی کە لە چەندین ملیۆن دۆلاردا بەرجەستە دەکرا بەگردی زەرگەتەشەوە وەک وەسیەتی باوک بەخشرایە کوڕەکانی.
لەدەرەوەی دەسەڵاتیش ئەو هێزانەی دیکەش کە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆن پێناسەدەکەن،هەر یەکەو بەجۆرێک و بەشێوازێک خەریکی ئەم بازرگانیەن. لە سەر حیسابی بەشمەینەتییەکانی زۆرینەی کۆمەڵگای کوردستان.
شاسوار عەبدولواحیدیش، کە بەناوی نەوەی نوێ و نوێنەرایەتی نەوەی نوێوە هاتە ناو مەیدانی سیاسییەوە، هەرزوو لەناو ئەم گەندەڵستانەدا فرچکی لە گەندەڵی و دزی گرت و کۆمپانیای چاڤیلاندی لە پشکی هەزاران خاوەن پشکیی دیکەدا بۆ خۆی بردوو لەو ناوەشدا توانی ئۆتۆریتەی خۆی و و میدیایەکی زەبەلاح لەسەر حیسابی پشکی ئەوانی دیکەدا بۆ خۆی بەدەست بهێنێت هەر لەم زۆنگاوو قوڕو لیتەیەی پاڵ بنەماڵە دەستڕوۆیشتوو و گەندەڵەکانی دیکەشدا توانی پێبگرێت و دواتریش وەک نەوەی نوێ سەر دەربهێنێت.
ئەوانەی دیکەش هەر یەکەو بەجۆرێک و بەشێوازێکی دیکە لەنا و ئەم گەندەڵستانەدا خەریکی بازرگانین و هاوبەشن لەم پڕۆسە سیاسییە قێزەونەدا کە هەر یەکەی بەدەورو نەقشی کەم و زیادی خۆی دەوری هەیە لە شەرعیەتدان بەم هەل و مەرجە کۆمەڵایەتییە سیاسییە ئابوورییە وێرانەیەدا.
ئەرێ دەسەڵاتێک و سیستەمە گەندەڵەکەی جیاواز لە شێوازە ستانداردییە سەرمایەدارییە جیهانیەکەی کە لە هێزی تاقەتپڕووکێنی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەهرەبەرداریی دەکات و لە پڕۆسەی سەرمایەگوزاریدا سەرمایەی بێشوومار لە شکڵی زێدەبایی شەرعیەت پێدراویاندا کەڵەکەدەکەن، دزیی و تاڵانی بێپەردەو ڕاشکاوانەش لە خەڵکی کرێکارو هەژاری کۆمەڵگای کوردستان و قووت و داهاتی مناڵەکانیان دەکەن، بە بێشک ئەوە خۆیانن کە دەبێت لە زیندانەکاندا سزا بدرێن، نەک خەڵکانێک کە لەسایەی سیستەم و فەرمانڕەوایی ئەواندا دووچاری هەڵدێران و هەڵخلیسکانی کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵی دەبن.

تاهیر عیسا
13.03.2023

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish