Skip to Content

دۆڕان.. شیعری: نەوزاد بەندی

دۆڕان.. شیعری: نەوزاد بەندی

Closed
by ئازار 11, 2021 General, Poems

بڕوانە ئەو کارەساتە ،
ملیارەها چا خورایەوە و ..
سەرئێشە هەر زیاترێکە ..
هەزاران شار دروست کرا و
بێ لانەیی زیاترێکە ..
هەر ٣٠ مەترێک ،
دەرمانخانەیەک
تەلارێکی پزیشکی و
خەستەخانەیەک ،
نەخۆشی هەر زیاترێکە ..
هەزاران جۆر خواردەمەنی
داهێنران و ..
هەر برسێتی زیاترێکە ..
ئەو هەموو ئوتومبیلە دروستکران
ئەو هەموو شەقامە ڕاکێشران ،
هەر تەنیایی و
دوور کەوتنەوە زیاترێکن ..

تۆ بڕوانە چ کارەساتێکە ،
ئەو ملیارەها کتێب و
لاپەڕەیە ..
کەچی نەخوێندەواریی
هێشتا زیاترێکە ..
ئەو هەموو بۆیاخ و ڕەنگ و دیکۆرە ،
هێشتا سووتماک و
ڕەشیی و
خەڵوز زیاترێکن …

چ کارەساتێکە ،
هەزاران فیلمی کۆمیدی و ..
ملیارەها نوکتە …
کەچی هێشتا گریان و
فرمێسک زیاترێکن …

ملیارەها ملیار گڵۆپ
نەیانتوانی تاریکیی قەڵاچۆ کەن ..
ئەو هەموو ڕاگەیاندن و
ڕۆژنامە و گۆڤارە ،
نەیانتوانی بە دێڕێکیش
باسی خەمی من و تۆ کەن ..

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress