Skip to Content

ڕوقی داڵتۆن ئەو شاعیرە کۆمۆنیستەی بە غەدر تیرۆر کرا!.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی : عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)

ڕوقی داڵتۆن ئەو شاعیرە کۆمۆنیستەی بە غەدر تیرۆر کرا!.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی : عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 7, 2021 General, Literature


ڕوقی داڵتۆن هەر بە تەنها شاعیر نەبوو، بەڵکو شاعیرێکی شۆڕشگێر بوو.

ئێستا نزیک بە نیو سەدە تێدەپەڕیت بەسەر تراژیدیای تیرۆرکردنی شاعیری کۆمۆنیستی وڵاتی سلڤادۆر ڕوقی داڵتۆن؛ کە لە تەمەنێکی زۆر زوودا (چل ساڵ)، نەک هەر جەستەی ئەو شاعیرەیان خەڵتانی خوێن کرد، بەڵکوو ڕوحی داهێنانی ئەدەبیی و شیعرییشیان لەنێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی سلڤادۆر بۆ ماوەیەک سڕ کرد. ڕوقی گەرچی کەم ژیا، بەڵام گەلێ بەرهەمی ئەدەبی و سیاسی دوای خۆی جێهێشت کە بە خوێندنەوەیان گەلێ سەرنج و تێڕامان لای خوێنەر دروست دەبێت. بەرزی ئیستاتیکای ئەدەبی و ڕەنگدانەوەی مارکسیزم لەسەر دەق و نووسینەکانی ڕوقی و گرنگتر لەمەش بێئۆقرەیی روحی شۆڕشگێرانە و گیانی گیڤارایی کە لەپراکتیکی ژیانی ئەم شاعیرە شەپۆڵی دەدا، کە گەواهیدەری گیانفیدایی ئەم شاعیرە کۆمۆنیستە بوون، شایانی هەڵوەستە لەسەر کردنن. نووسین بۆ ئەم شاعیرە وەک هۆکارێکی گوزارشت، مەنفەسێکی گرنگی دەربڕینی تێڕوانینی شاعیرە بۆ ژیان و جیهان و کۆمەڵگە.

ئاه..ئەی شیعری ئەمڕۆ
لەگەڵ تۆدا دەتوانرێ
هەموو شتێک بوترێ(١)
شیعر بۆ ڕوقی ئەو بانیژەیەیە کە لێوەی وەک شاعیرێکی شۆڕشگێڕ پەیامی خۆی بڵاو دەکاتەوە. ڕوقی داڵتۆن یان ڕوقی ئەنتۆنیۆ داڵتۆن گارسیای شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسی شۆڕشگێڕ و هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی لە وڵاتی سلڤادۆر لە ١٤ی ئایاری ساڵی ١٩٣٥ لە باوکێکی ئەمریکی خاوەن زاویوزار و دایکێکی سلڤادۆریی پەرستار لەدایکبووە. هەرچەندە هیچ بڕوانامەیەکی ئەکادیمی بەدەسی نەهێناوە، بەڵام لە زانکۆکانی شیلی و سلڤادۆر یاسای خوێندووە. ڕوقی ئەو کاتەی لە وڵاتی شیلی دەبێت، بەهۆی خوێندکارە چەپەکان و هەروەها دیکۆ ڕیڤارای شێوەکاری مەکسیسکی، مارکسیزم دەخوێنێتەوە و ئامانجی سۆشیالیزم وەک ئامانجی بەرزی ئینسانی خۆی دەبینێت. کاتێکیش دەگەڕێتەوە سلڤادۆر دەست بە هەڵسوڕانی سیاسی دەکات و ئینجا پاش کۆمەکیکردن بە دامەزراندنی حەلقەی ئەدیبان لە زانکۆ، ڕوقی دەست دەکات بە شیعر نووسین. دواتر پەیوەست دەبێت بە حیزبی کۆمۆنیستی سلڤادۆرەوە. ساڵانی ١٩٥٩ تا ١٩٦١ دەستگیر دەکرێت. لە ساڵی ١٩٦١ کاتێک لە زیندان دەبێت و سزای ئیعدامی دەبێت، خۆشبەختانە زەمین لەرزەیەک ڕوو دەدات و دیواری زیندانەکە دەڕووخێت و ڕوقیش ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە و ڕا دەکات و ئینجا بەهۆی هاوڕێ شۆڕشگێرەکانییەوە کۆمەک دەکرێت و لە سلڤادۆر دوور دەخرێتەوە و ئەویش بەناچاری دەچێتە مەکسیک و لەوێشەوە بەرەو کوبا دەڕوات کە لەوێ شیعرەکانی بڵاو دەکاتەوە و ئینجا لە وڵاتەکانی کوبا و مەکسیک و چیکسلۆڤاکیا پەرە بە نووسین دەدات و وەکو نووسەرێکی کرێکاریی دەناسرێت. لە وڵاتی کوبا چەندینجار مەشقی سەربازی دەکات و ساڵی ١٩٦٥ کەدەگەڕێتەوە بۆ سلڤادۆر جارێکی تر دەستگیر دەکرێتەوە. ساڵی ١٩٦٩ دەچێتەوە بۆ کوبا و لەوێشەوە بۆ پراگ تا وەک پەیامنێری گۆڤاری نێونەتەوەیی (ئارێشەکانی ئاشتی و سۆشیالیزم)(٢) کار بکات. لەهەمان ساڵ خەڵاتی (کاسا لێ داس ئەمەریکاس)ی(٣)پێدەبەخشرێت. دوای جێهێشتنی کوبا لە ساڵی ١٩٧٣، ڕوقی پەیوەست دەبێت بە (سوپای شۆڕشگێرانەی خەڵک)(٤) و لەوێدا لەگەڵ فەرماندەی یەکەمی ئەو سوپایە دەکەوێتە ململانێیەکی تووند و سەرەنجام بەتیرۆرکردنی ئەو شاعیرە کۆمۆنیستە،کۆتایی بەو ململانێیە دێت. (٥)
لە سەرمایەداریدا درۆیە ئەگەر بڵێین
ئاگات لە خۆت بێت. تۆ کێشی خۆت زێڕ دەهێنیت
چونکوو لە سەرمایەداریدا تەنها خاوەن زێڕەکان
بەهای کێشیان زێڕ دەهێنن.

لە بنیادنانی سۆشیالیزمدا
هیچکەس درۆ ناکات و دەتوانرێت بوترێ
تۆ زیاتر لە کێشی خۆت زێڕ دەهێنیت
پێویستە ئاگادر خۆت بیت و
زێڕ موڵکی گشتییە و
ئاڵۆگۆڕی بیانیش گرنگە بۆ خۆی

تەنها لە کۆمۆنیزمدا دەکرێ بوترێت
تۆ شایانی ئەوەی کە دەیهێنیت
زێر هیچ پەیوەندییەکی بە کێش و بەهای تۆوە نییە

لە کۆمۆنیزمدا زێڕ تەنها لە میانی
بەکارهێنانی کرێکاران و هاووڵاتییانەوە بەهای دەدرێتێ
بۆ نموونە لە پزیشکی ددان
لە نەقشسازی
یان جوانکردنی مل و گوێی کچان .(٦)
شێوازی ژیان و کەسێتی ئەم شاعیرە لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. ڕوقی سەرباری ئیلتزامی بە کێشەکانی سلڤادۆرەوە، هەروەها بەهۆی کارە هەمەجۆرەکانی کە سنوورەکانی بیروباوەڕی مارکسیستی خۆشی تیپەڕاندبوو، بووە یەکێک لە کاریگەرترین نووسەری سەردەمەکەی خۆی. بۆیە دوای مەرگی ئەم شاعیرە لەلایەن حکومەتی سلڤادۆرەوە دانی پیا دەنرێت و تا کار گەیشت بەوەی زانکۆی سلڤادۆر بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بەخشی پێی. ساڵی ١٩٧٠ دەبێتە یەکێک لە سیما هەرە ناسراوەکانی بزووتنەوەی چەپی سلڤادۆر. بەڵام ئەم شاعیرە کۆمۆنیستە گەرچی سیاسەت و مارکسیزم سێبەری خستبووە سەر تەواوی ژیانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵی پڕ لە خۆشەویستی بوو بۆ ئینسان و ژن.

بەبێ دەستەکانی تۆ
دڵم دووژمنی سینگمە.(٧)
ڕوقی داڵتۆن لەدوای خۆی پانزە کۆشیعر و ڕۆمانێک و شانۆنامەیەک و ژمارەیەک کورتەچیرۆک و ڕەخنەی ئەدەبی و نووسینی سیاسی جێهێشت. بەشێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و چیکیی و ڕووسی و ئیتالی. ڕوقی دەڵێت ( لەسەر شاعیر پێویستە وەپێش هەموو شاعیرێک لەسەر شاعیری کۆمۆنیستی پێویستە گوزارشت لە هەموو شتێکی ژیان بکات، خەباتی پرۆلیتاریا، جوانی ئەو کاتیدرایانەی لەلایەن داگیرکەرانی ئیسپانییەوە بۆمان جێماوە. چێژی کاری سێکسی و پێشبینی داهاتووی بەرهەمدار بەهۆی نیشانەکانی ئەم سەردەمانەوە.)(٨)ڕوقی داڵتۆن دڵی بۆ ئازادی لێدەدا، ئەو بڕوای وابوو کە تێکۆشانی مرۆڤە ستەمدیدەکان نەک هەر ڕەوایە، بەڵکوو جێی پشتیوانی و قوربانیدانیشە. شاعیر خوێنی خۆی وەک خوێنی خەڵکی شۆڕشگێڕ دەبینێت و ئامادەیە ئەو خوێنە لەپێناو ئازادیدا بڕژێنێت.

لەوبڕوایەدام جیهان جوانە
ئەم شیعرەشم وەکوو نان وایە بۆ هەموو کەس
دەمارەکانیشم لەنێو جەستەم کۆتاییان نایە
بەڵکوو لەناو خوێنی هەموو ئەوانە کۆتاییان دێت
کە لەپێناو خۆشەویستی و ژیان و شتومەک و گوند و
نان و شیعر بۆ هەمووان دەکەن، تێدەکۆشن.(٩)

ڕوقی شاعیر هەموو ژیانی تەرخان کردبوو لەپێناو مەسەلە جەوهەری و بنەڕەتییەکانی خەبات و سۆشیالیزم. مارکسیزم ئەو باوەڕە بەرزەی شاعیر بوو کەلە سێبەریا هەناسەی ژیانی دەدا. بەڵام بەداخەوە ڕفاندنی ئەم شاعیرە مانگێک پێشتر و پاشان تیرۆرکردنی ئەم شاعیرە کۆمۆنیستە بەو شێوە تراژیدیایە، لەسەر دەستی پۆلێک لە گەریلاکانی سوپای شۆڕشگێڕانی خەڵک، کە هەر هاوڕێی خۆی بوون، بەبیانووی ئەوەی کە سەر بە دەزگای هەواڵگری کوبایە و دوایش تۆمەتەکەیان گۆڕی بەوەی کە سەر بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکایە، پەڵەیەکی ڕەشە بەسەر مێژووی سیاسی سلڤادۆر و بزووتنەوەی ڕادیکاڵیزمی سلڤادۆر لەو قۆناغەدا. روقی لەناو ژووری نووستنەکەی لە گەڕەکی سانتا ئەنیتا لە سلڤادۆر تیرۆر کرا، سەرەتا دەستڕێژی لێ دەکرێت و بەر ناکەوێت. بۆیە یەکسەر خۆی فڕێ دەداتە سەر تەختە خەوەکەی و ئینجا هاوار دەکات مەمکوژن. بەڵام جاقوین ڤیلالۆبۆس و جۆرج مێڵێندز دووەم دەستڕێژی لێدەکەن و دەیکوژن. کار و یادەوەرییەکانی ئەم شاعیرە بوونە ئیلهامبەخشی ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسوڕاوە چەپەکانی سلڤادۆر. لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی چەپی سلڤادۆر بڕیاریدا، چواردەی ئایاری هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی شیعری نەتەوەیی وەک ڕێزلێنانێک بۆ لەدایکبوونی ئەو شاعیرە بەغەدر تیرۆرکراوە.(١٠)

ئامادەکردن و وەرگێڕانی : عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)

——————————

سەرچاوە و پەراوێز :
(١)Rouqi Dalton; Poet anf Revolutionary by Claribel Alegria
https://www.jonathancohenweb.com/dalton.html

(٢)ئەم گۆڤارە ڕووسییە لە ساڵی ١٩٥٨ تا ساڵی ١٩٩٠ بەردەوام دەرچووە و لەلایەن حیزبە کرێکاریی و کۆمۆنیستەکانی جیهانەوە پشتیوانی لێدەرا.
(٣)کاسا لێ داس ئەمەریکاس یان ماڵی هەردوو کیشوەری ئەمریکا، ئەم ڕێکخراوە لە وڵاتی کوبا ساڵی ١٩٥٩ چوار مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا، هاتە دامەزراندن. ئامانج لەم ڕێکخراوە پشتیوانی گەشەپێدان و پتەوکردنی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی – کلتووری لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و دەریای کاریبی و جیهانە لەڕێی بەخشینی خەڵاتەوە.

(٤)سوپای شۆڕشگێرانەی خەڵک، ڕێکخراوێکی چەپی گەریللایی بوو و ساڵی ١٩٧٠ لە سلڤادۆر لەئەنجامی یەکگرتنی سێ ڕیکخراو هاتە دامەزراندن. باوەڕی زاڵی نێو ئەو ڕێکخراوە سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕانە بوو. بەدەیەها چالاکی سەربازییان ئەنجام داوە و سەرەنجام لەساڵی ١٩٩٢ کۆتایی بە ئەم ڕێکخراوە دێت.
(٥)بۆ زانیاری و دیتەیڵی زیاتر بڕوانە
https://en.wikipedia.org/wiki/Roque_Dalton

(٦)و (٧) و (٨) و (٩)All of Life, Roque Dalton, poet and Revolutionary by Mickey Gallagher sep.3rd, 2013 . For more info please visit
https://www.peoplesworld.org/article/all-of-life-roque-dalton-poet-and-revolutionary/
(١٠)https://www.telesurenglish.net/news/Roque-Dalton-The-Death-of-a-Revolutionary-Poet-20150510-0010.html

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish