
مه‌رگی هێدی … به‌ختیار محه‌مه‌د
من پێشتریش له گوتاری دیكه‌مدا گوتوومه، نه‌بوونی ئازادی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادی سێكسی له نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌دا، كاره‌ساتی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی گه‌وره‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌رهه‌م هێناوه: به هه‌زاران قه‌یره كچ و قه‌یره كوڕ و بێوه‌ژن و بێوه‌پیاو (به‌ده‌ر له لاوه‌كانیش) ناتوانن به ئازادی موماره‌سه‌ی مافی سروشتی سۆزداری و سێكسی خۆیان بكه‌ن. ئێستا ئه‌وان (كه ئه‌مه به‌لای كه‌می به‌رهه‌می چاره‌گه سه‌ده‌یه‌كه له قه‌یرانی سیاسی و ئابووری كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه) خه‌ریكه هه‌موو پیر ده‌بن و ورده – ورده به‌ره و نه‌خۆشی و مه‌رگ هه‌نگاو هه‌ڵدێنن، كه‌چی كه‌س هه‌ست به‌م ئازار و موعاناته مرۆییه بێ ده‌نگه‌یان ناكا (ئای چه‌ند سته‌مكاره یاسای داب و نه‌ریتمان و چه‌ند زاڵمه شه‌ره‌فێكی قه‌ڵپی درۆزنانه! چه‌ند بێزه‌وه‌ره، كه نه‌زانی به‌سه‌ر حه‌قدا سه‌رده‌كه‌وێ!…).
له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ،زۆربه‌ی جار، ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییش چاره‌ی مه‌حرومی و بێ به‌شی له كرده و سۆزی پێوه‌ندی سێكسی ناكا (به‌و پێیه‌ی هاوسه‌رگیریی – به شێوازی ئێستامان – په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناچارییه ده‌یكه‌ین)؛ ئه‌وجا چ جای ئه‌وه‌ی، كه به درێژایی ژیانت نه‌توانیت ئه‌م مافه غه‌ریزیی و سروشتییانه (وه‌ك مافێكی شه‌خسیی خۆت) دابین بكه‌ی.
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه – به شێوه‌یه‌كی ناعه‌قڵانی – هێنده له مانای چه‌مكی شه‌ره‌ف ده‌ترسێ، پێی باشتره، كه كچ و كوڕه‌كانی (له ڕووی چالاكی فیزیكی و ده‌روونییه‌وه) به هێواشی و له‌سه‌ره‌خۆ بمرن، له‌وه‌ی، كه به مانا ته‌قلیدیی و خێڵه‌كییه‌كه‌ی به‌های شه‌ره‌فی بڕووشێت و له‌كه‌دار بێت (ئه‌مه چ شه‌ره‌فێكه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، كه شه‌رعیه‌تی مه‌رگ به‌رهه‌م ده‌هێنێ؟).
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه فۆبیای له ئازادی سێكس هه‌یه، له هه‌مان كاتدا كۆیله‌ی ئه‌م غهریزهیهشه (نوكته سێكسییه‌كان ده‌لاله‌ت له‌م حاڵه‌تی فۆبیا و له‌م كۆیله‌ییه ده‌روونی و جه‌سته‌ییه ده‌كه‌ن. ئێمه بۆیه نوكته‌ی زۆر له‌سه‌ر سێكس ده‌كه‌ین، چونكه هێنده لێی مه‌حرومین ده‌مانه‌وێ به نوكته، كه شه‌ره‌ف هانمان ده‌دا وا بكه‌ین، قه‌ره‌بووی بكه‌ینه‌وه: شه‌ره‌ف هانمان ده‌دا هه‌میشه به نوكته و سووكایه‌تی باسی حه‌زی سێكس بكه‌ین).
به‌هه‌رحاڵ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌روه‌ك چۆن فۆبیای له ئازادی سێكس هه‌یه، به هه‌مان شێوه ڕقیشی له ئازادی خۆشه‌ویستییه: ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی، كه له ئه‌نجامی ترس له نه‌مانی شه‌ره‌ف و له ئه‌نجامی نه‌زانی و نه‌بوونی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی، قه‌ت له دایك نابێ.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌رگه: مه‌رگی فیزیكی و مه‌رگی سایكۆلۆژی تاكه نائازاده زیندووه‌كانی؛ ئه‌و تاكانه‌ی ده‌روونێكی تێكشكاو و جه‌سته‌یه‌كی – له ڕووی مافی چێژ و زۆربوونه‌وه – له‌كارخراوی به‌ستوون. پێده‌چێ تێربوون له سێكس تاكێكی ساخڵه‌م به‌رهه‌م بهێنێ؛ مه‌حروم بوونیش لێی تاكێكی نه‌خۆش: نه‌خۆش و فاشیل له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌وه. هیچ گومان له‌وه‌دا نییه، چه‌پاندنی سێكس و مه‌حروم بوون لێی، ده‌لاله‌ت له چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی زۆری ئه‌خلاقیی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینیی تاك ده‌كا. هه‌موو چهوساندنهوهیهكیش ده‌لاله‌ت له پرۆسه‌ی به كۆیله‌بوون ده‌كا. له‌مه‌وه تاك له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا كۆیله‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی سێكسییه.