Skip to Content

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی چڵ ڕێساكه‌ی عه‌شق … خوێندنەوەی خوێنەر:هه‌ڵگۆرد شێخ محمد

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی چڵ ڕێساكه‌ی عه‌شق … خوێندنەوەی خوێنەر:هه‌ڵگۆرد شێخ محمد

Closed
by ئازار 17, 2018 General, Literature

ڕۆمانی چڵ ڕێساكه‌ی عه‌شق كه‌ نوسه‌ری به‌ره‌گه‌ز تورك(ئه‌لیف شه‌فه‌ق)نووسیویه‌تی و له‌لایه‌ن وه‌رگێری به‌ئه‌زموون جه‌لیل كاكه‌ وه‌یسه‌وه‌ كراوه‌ به‌كوردی،ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م چاپی كردووه‌ .خوێنه‌رێكی زۆری به‌لای خۆی ڕاكێشاوه‌ و جێگه‌ی بایه‌خی زۆرینه‌ی كتێب دۆستان و خوێنه‌رانی ڕۆمانه‌.

به‌ر له‌ هه‌ر شتێك كاتێك سه‌رنج ده‌ده‌یته‌ ناوی ڕۆمانه‌كه‌ له‌خۆته‌وه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌یت پێویسته‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ بخوێنیته‌وه‌،بۆچی؟چونكه‌ ئێمه‌ی مرۆڤ پێمان وایه‌ هه‌موو شتێكی ئه‌م جیهانه‌ پێویستی به‌ سیسته‌مێك یان یاسایه‌ك هه‌یه‌،تا به‌باشترین شێوه‌ به‌رێوه‌بچێت،ته‌نانه‌ت عه‌شقیش ،كه‌ من پێم وایه‌ هیچ شتێك له‌ عه‌شقا به‌ سنور و یاسا تێناپه‌رێت،عه‌شق خۆی شكاندنی سه‌رجه‌م ڕێساو یاساكانه بۆ گه‌یشتن به‌ ڕۆحیه‌تی مه‌عشوق،له‌ عه‌شقدا هه‌رگیز جه‌سته‌ و ماتریاڵ به‌ته‌نیا به‌س نین بۆ هه‌ستكردن به‌ بوون و وجودیه‌تی مه‌عشوق،به‌ڵكو دڵ پێوه‌ری سه‌ره‌كی و جێگایی هه‌میشه‌ی مه‌عشوقه‌.

من چه‌ند لێكۆلینه‌وه‌ و ڕانانێكم سه‌باره‌ت به‌ ڕۆمانه‌كه‌ خوێنده‌وه‌،هه‌ستم كرد پێویسته‌ خودی ڕۆمانه‌كه‌ بخوێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی بتوانم له‌ گۆشه‌ نیگایه‌كی جیاوازه‌وه‌ له‌ روانگه‌ی فكری خۆمه‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌ بدوێم،هه‌رچه‌ند به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌گرێدانی كه‌لتوره‌كان له‌ دیدگای جیاوازه‌وه‌یه‌،باس له‌ ڕۆحیه‌تی سۆفیستی و جیاوازی ئادیاكان ده‌كات،من ده‌مه‌وێ له‌ روانگه‌یه‌كی تره‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كان بڕوانم و باس له‌ ئاشكڕاكردنی هه‌قیقه‌ت بكه‌م ،ڕێك وه‌ك دادگه‌یكردنه‌كه‌ی سۆكڕات،كاتێك ده‌یه‌وێت هه‌قیقه‌تێك ئاشكرا بكات،ڕه‌نگه‌ گڕێدانی ئه‌م دووبابه‌ته‌ به‌یه‌كتریه‌وه‌ تۆزێك ئه‌سته‌م بێت و نه‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی باش هه‌ق به‌ بابه‌ته‌كه‌ بده‌ین،به‌ڵام ده‌توانین به‌ باشی ئه‌وه‌ ببینین كه‌ شه‌مس ده‌یه‌وێ هه‌قیقه‌ت ئاشكرا بكات،هه‌قیقه‌تێك كه‌ په‌رده‌پۆشكراوه‌ به‌ مه‌نسه‌ب یا پله‌وپایه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ زانست و په‌یوه‌ندی نێوان تاكه‌كانیش،شه‌مس له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌رده‌ی له‌سه‌ر زۆڕێك له‌ هه‌قیقه‌ته‌كان داماڵیوه‌،به‌ڵام دیارترین نمونه‌ی هه‌ڵمارینی هه‌قیقه‌تی (مه‌ولانا كه‌ زانایه‌كی ناوداره‌ له‌گه‌ڵ داماڵینی هه‌قیقه‌تی گوڵی بیابانی له‌شفڕۆشه‌)شه‌مس به‌ دوو ڕێگای جیاواز كار له‌سه‌ر دوو كاره‌كته‌ری جیا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بوونی مڕۆڤانه‌ی خۆیان بدۆزنه‌وه‌ و به‌ عه‌شقه‌وه‌ له‌ ژیان بڕوانن،مه‌حاڵ له‌ ڕۆحیه‌تی خۆیان فڕێ بده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌،به‌ داماڵینی ئه‌و په‌رده‌یه‌ی كه‌ به‌ دووجۆری جیا ژیانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ (مه‌ولانا و گوڵی بیابانی )داپۆشیووه‌،ئێمه‌ هه‌قیقه‌تێكمان بۆ ڕونده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش باشبوون و خاككه‌رایی و جوانی مڕۆڤه‌،وه‌ك چۆن سۆقرات هه‌وڵ ده‌دات نیشانی ئه‌و كه‌سانه‌ی بدات كه‌ تۆمه‌تی بۆ ساز ده‌كه‌ن،كه‌ ئێوه‌ پێتان وایه‌ دانان،به‌ڵام دانا نین،شه‌میسیش به‌ مه‌لانا ده‌لێت ڕاسته‌ تۆ زانایه‌كی گه‌وره‌یت،به‌ڵام ده‌بێ عه‌شق له‌ نێو خۆتا گه‌شه‌ پێبده‌ی،ده‌بێت بۆ گه‌یشتن به‌ پله‌ی باڵای عه‌شق خۆت بۆ هه‌مووشتێك ئاماده‌ بكه‌یت و ببیت به‌ كه‌سێكی تر.

لێره‌دا له‌ خالێكی تریش ده‌توانین ژیانی شه‌مس له‌گه‌ڵ سۆقراتا به‌راورد بكه‌ین،ئه‌ویش دژایه‌تی كردنیه‌تی،وه‌ك چۆن دژایه‌تی سۆقرات ده‌كرا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك كه‌ پێیان وابوو سۆقرات مێشكی گه‌نجه‌كان تێك ده‌دا و دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌وان هانیان ده‌دا،له‌ كاتێكدا سۆقرات ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌ڵكو شتێكی تربووه‌،كه‌ ده‌یویست بیسه‌لمێنێت كه‌ په‌یامی خوداوه‌ند كه‌ ده‌ڵێ داناترین كه‌سی ئه‌سینایه‌ وا نییه‌،ئه‌و دانا نییه‌.

لێره‌شدا شه‌مس رووبه‌روی دژایه‌تی ده‌بێته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تر و به‌تۆمه‌تێكی تر له‌لایه‌ن كه‌سانێك كه‌ نزیكی مه‌ولانا یان خه‌ڵكی شاری قۆنیه‌ن،دژایه‌تی كردنی شه‌مس ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ دژایه‌تی كردنی چاكه‌و باشبوون له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ كه‌ دابه‌شبوون بۆ چه‌ند ده‌سته‌یه‌ك،له‌وانه‌ نزیكه‌كانی مه‌ولانا كه‌ پێیان وایه‌ شه‌مس بۆته‌ هۆكاری له‌ده‌ستدانی خۆشه‌ویستی مه‌ولانا به‌رامبه‌ر ئه‌وان،وه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌لائه‌دینی كوری مه‌ولانا.

دژایه‌تی ده‌سهه‌ڵاتداران به‌هه‌مان شێوه‌ دژایه‌تان ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ پێرپرسی جه‌نگاوه‌ر هه‌میشه‌ لای وابوو كه‌ ئه‌م ده‌روێشه‌ گه‌ریده‌یه‌ ترسه‌ بۆسه‌ر شاره‌كه‌ به‌گشتی و مامی به‌تایبه‌تیكه‌ شێخ بوو،خودی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ له‌وه‌ ده‌ترسێ هه‌قیقه‌تی ئه‌و ئاشكرا بێت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خۆی ده‌نوێنێت.

گرنگترین خاڵ له‌ دژایه‌تی كڕدنی شه‌مش دژایه‌تی كردنی زاناكانه‌ به‌رامبه‌ر به‌و شته‌ی كه‌ په‌ی پێ نابه‌ن و ره‌تكردنه‌وه‌یه‌تی،وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ شێخ یاسین به‌رامبه‌ر شه‌مس ده‌یكرد و ڕۆژ دوای رۆژ رق و قینی به‌رامبه‌ر شه‌مس زیادی ده‌كرد،به‌گشتی لێره‌دا شه‌مس كه‌وتۆته‌ به‌ڕامبه‌ر چه‌نده‌ها تۆمه‌تی بێ بنه‌ماو بێ بنچینه‌،به‌ڵام جیاوازی شه‌مس و سۆقرات له‌وه‌دایه‌ كه‌ شه‌مس بێ هیچ دادگایه‌ك حكومی مردنی به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنڕێت و هیچ لێكۆلینه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ دا ناكرێت.

لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ نه‌ك ته‌نیا به‌یه‌كه‌وه‌گڕێدانی كه‌لتوره‌ جیاوازه‌كان و ناساندنی سۆفیزمه‌،به‌لكو ڕۆمانێكه‌ ده‌یه‌وێت په‌رده‌ له‌سه‌ر هه‌قیقه‌ت دابماڵێ كه‌ به‌ ناهه‌قی ڕۆپۆش كراوه‌ ،وه‌هه‌روه‌ها دژایه‌تی كڕدنی چینی ده‌سهه‌ڵاته‌ له‌گه‌ڵ ویستی چاكه‌كاری و تۆمه‌تو ناوزڕاندنی كه‌سانێك كه‌ ده‌یانه‌وێ چاكبوون بكه‌ن به‌ پڕۆسه‌سێكی به‌ردوام و خه‌ڵك بۆ ڕێگای باشبوون و ساده‌ی هان بده‌ن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish