Skip to Content

بازنەی خەرمانەی زێ یان پەردەی کچێنی.. بەیان ناسیح

بازنەی خەرمانەی زێ یان پەردەی کچێنی.. بەیان ناسیح

Closed
by تشرینی دووه‌م 13, 2023 General, Opinion, Women

هاوڕێیەکم لەم رۆژانەدا لینکی بەرنامەیەکی تەندروستی کەنالێکی تەلەفزیۆنی کوردی بۆ ناردم. پێشکەشکەری بەرنامەکە بەم پرسیارە دەستپێدەکات “پەردەی کچێنی بەچ شتێک لادەچێت جگە لەپرۆسەی هاوسەرگیری؟”

یەکێ لەو دوو دکتۆرە میوانانەی کەبانگکرابوون ببۆ ەرنامەکە پزیشکێکی داوەری بوو و گوتی ” … خۆی زەبری دەرەکی بەهێز دەبێتە هۆی لادانی پەردەی کچێنی، بەڵام لەحالەتێکدا دەبێت بترسی کە خوێنەکەی بینی ئەگەر خوێنەکەی نەبینی پێویست بەترس ناکاتن، بۆ نموونە لەهەموو وەرزشەکان زیاتر کەحالەتی لادانی پەردەی کچێنی تێدا روودەدات ئەسپ سوارییە، کاراتێیە یان پایسکل. ئەو سێییە وەکی ئەوەی ئەمن بینیتم وەکو پزیشکێکی دادوەری حالاتی لێکەوتووەتەوە بەلام کەخوێنی بینی ئینجا دێ روو لە پزیشکی دادوەری دەکات واتا نەک خوێنی نەبینی و بلێ بەربووەتەوە…”

ئەمە گفتۆگۆیەکی بەر لە پەنجا ساڵ لەمەوبەر نییە بەڵکو بەرنامەیەکی زیندوی ئەم سەردەمەیە کە بینەری زۆری هەیە بابەتی جیاوازو هۆشیاری پزیشکی بڵاودەکاتەوە لە کوردستاندا و تا ئێرە جگە لەدەستخۆشی لەو پرۆگرامە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری تەندروستی کە زۆر پێویستە بوونی هەبێت هیچ بۆچوونێکی دیکەم نییە.
بەڵکو رەخنەی من لێرەدا لە ناوەڕۆکی باسەکەیانە لەسەر “پەردەی کچێنی”.

چەند جار گوێم لەگفتۆگۆکە کرد، بەهەوڵی تێگەیشتن لەچۆنیەتی لێکدانەوەکانیان لەڕووانگەی ئەو سێ دکتۆرەوە، ئەوەی ئآشکرایە ئەو سێ دکتۆرە، پێشکەشکارو میوانەکان لەسەر خالێک هاوکۆکن ئەویش بوونی پەردەیەک وەکو شتێکیی سابت. هەر ئەم خاڵە وایکرد ئەم بابەتە بنووسم و بە دیدێکی جیاوازەوە ئەو بابەتە هەڵسەنگێنم.

بەپرسیارێ دەستپێدەکەم ئەویش ئایا ئەم سێ دکتۆرە پشت بە زانست دەبەستن لەباسەکەیاندا؟ بەداخەوە ئەمە روونادا لەدیدی منەوە لەکاتێکدا دەزانین زانستی پزیشکی لە پێشڕەویدایە و ئەو زانستانەی ئەمڕۆ دانی پێدا نراوەو خراوەتە باری پراکتیکەوە نموونەیان زۆرە لەهەموو بوارەکانەوە.

لەبەرگرنگی بابەتەکە ئاواتەخوازی ئەوەبووم ئەم دکتۆرانە وەکو ئەرکی پیشەییان پشتیان بەزانست ببەستایەو لەو گۆشەیەوە روونیان بکردایەتەوە نەک بەهێزکردنی ئەو وێنەیەی سەدەها ساڵە کۆمەڵگا بەگوێچکەی منداڵی کچدا دەیچرپێنن: “ئاگات لەخۆت بێت بابنت نەپژێ”. روونکردنەوەی دروست لەم بابەتە کارێکی گرنگە بەتایبەت کاتێک کەسانی پرۆفیسیۆنال و شارەزا قسەی لێوە دەکەن. ئەرکێکی پێشەیی و ئەخلاقی و مرۆییە بەتایبەت لەبەرامبەر ئەو کچانەی کەهەمیشە دەترسن نامەخوا نەوەکو ئەو”پەردەیە” شتێکی لێبێت.

تۆ بڵیی ئەو زانستە ئەوەندە ترسناک بێت لەناو کۆمەڵگایەکی نەرێتی و پیاوسالاری وەکو کوردستان کە ووتنی کێشەی لێبکەوێتەوە یان وەکو زۆر بابەتی تر بەلارێدا ببردرێت؟ ئایا ئەمە حاڵەتی “نەشیش بسووتێ نەکەباب” کەیە؟ وا قسە دەکرێت تا هەموو لایەک رازی بێت. ئەی چۆن دەبوو ئەگەر لەشوێنی ئەوەی قسە لەسەر پەردەیەک بکرێت کە گوایە قابیلی لاچوون یان دڕان وخوێن هاتنەدەرەوەیە قسە لەسەر بوون و نەبوون یان ناونانی وەکو پەردە بکرایە؟ ئایا ئەو زانیارییەی دەدرێت بەبینەران وەکو نموونەی ئەسپسواری، کاراتێ یان پاسکیل لێخوڕین کە دوژمنی ئەو پەردەیەن مەرترسی ئەوەی لێناکرێت کەچەندەها دایکو باوک جووڵەی کچەکانیان سنووردار بکەن نەوەکو لەپڕیکدا پەردەکە لابچیت؟.

دروست نییە کەمنداڵی کچ بەو هەستەوە گەورە بن کەپەردەیەکیان پێوەیە و قابیلی لاچوونە. بەلکو پێویستیان بەپەروەردەیەکی تەندروستە کەبڕوابەخۆبوونیان لەلادروست بکات، لەکاتی تەمەنی گونجاودا زانیاری دروست وەرگرن لەسەر هەموو بەشەکانی لەش و چۆنیەتی گەشەکردنی.

لەزۆر کۆمەڵگادا خەڵکی بڕوایان بەو ئەفسانەیە هەیە کەگوایە پەردەیەکی تەنک دەرەچەی کۆئەندامی زێینەی مێینەی داپۆشیوە. زانستی پزیشکی سەلماندوویەتی هیچ پەردەک بوونی نییە، هێچ شتێکیش نییە کون بێت، بدرێت یان لاچێت لەکاتێکدا کچێک بۆ یەکەم جار سێکسی دەبێت. یان لە ئەنجامی ئەو کارەدا هەمیشە خوێنی هەبێت. هەندێ جار ئەوە روودەدات کە خوێنێکی کەمی هەبێت ئەمەش جیاوازە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر. نکۆڵی کردنی ئەم زانستە وەکو نکۆڵی کردنی ئەوەیە کەبڵێی زەوی خڕ نییە.

چەندەها تێگەیشتنی چەوت هەیە سەبارەت بەو شتەی کە لەزمانی کوردیدا بە پەردەی کچێنی ناودەبرێت. ئەو تێگەیشتنانە زۆر ترسناکن، چونکە لە راستی و زانستەوە دوورن. لەوانەیە هەندێ لەخوێنەرانی ئەم بابەتە تووڕبن و بڵین ئەم درۆیە چییە! لێرەدا تکای پشوو درێژیتان لێدەکەم بابزانین زانستی پزیشکی چۆن روونی دەکاتەوە.

بازنەی خەرمانەی زێ چییە؟

مێژووی ئەو ئەستورانەی یان ئەفسانانەی زاڵە بەسەر مێشکی مرۆڤدا لەبەرامبەر مێیەندا زۆر کۆنە بەتایبەتی لەمەڕ پێناسەی پاکیزەیی لەمێژووی مرۆڤایەتی و ئایینە جیاوازەکاندا، سەرچاوەکەشی تەنها نەزانین و ترسی چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی خەرمانەی زێە لەلای مێینە. هەر ئەم نەزانین و پشتبەستن بە ئەستورەکانە کە تائێستاش دەبنە هۆی تێکدانی ژیانی هەزارەها کچ لە رۆژهەڵاتی ناویندا کە کوردستانیش دەگرێتەوە. گوایە کەوتن لەکاتی ئەسپسواری و پاسکیل و هەندێ وەرزشی تر لەوانەیە ببنە هۆی لەدەستدانی ئەو شتەی بەپەردە ناوی دەبەن جێی پرسیارە.

هیچ پەردەیەک نییە کە کۆئەندامی زێ و دەرەچەی زێ داپۆشیبێت تا بەهێزیکی دەرەکی یان بۆیەکەم جار سێکست دەبێت بدڕێت یاخود لاچێت. ئەوەش دروست نییە هەموو یەکێ خوێنی هەبێت، بەڵام هەندێ جار ئەوە روودەدات. کۆئەندام و دەرەچەی زێ لەچەندین توێی شانەی لینجاو پێکهاتووە کەپێی دەوترێت بازنەی خەرمانەی زێ کە شایانی کشانن. توێی شانەی لینجاو لەکەسێکەوە بۆ کەسیکی تر جیاوازە تەنانەت شێوەشیان دەکرێت جۆراو جۆر بێت. دەکرێت یەکێ لە توێیەکان بڕووشی و رەنگە کەمێک خوێنی لێبێت، بەڵام خۆی چاک دەبێتەوە.

لە گفتۆگۆی ناو بەرنامەکەدا دکتۆرەکان سوورن لەسەر ئەوەی لەئەنجامی هەندی وەرزشدا ئەگەر خوێن هات ئەوە پەردەکە لاچووە. ئەی ئەگەر هاتوو کچیک بەربۆوەو خەرمانەی زێی لەو جۆرە بوو کە دەکشێت(لاستیکی) بوو هیچ خوێنێکی لێوە نەهات بۆ ئەوە دەڵین چی؟.

لێرەد قسەیەکی نەستەقی چینی دەهێنمەوە بۆ ئەوەی ئەو مەبەستەی کەهەمە لەم باسەدا بەرزی بکەمەوە ئەویش ئەوەیە کەدەڵئ: بۆ ئەوەی لەهەرشتێ تێبگەی دەبێت بەناوی خۆیەوە بانگی بکەی. لەزمانی کوردی و گفتوگۆکاندا، لەمێدیادا پێویستە بابەتێکی ئەوەندە گەنگ کە لەزۆر شوێن و کاتدا بەستراوە بەژیان و مردنی کچێکەوە بەووردی باسی لێوە بکەین و زانیاری پێویست بەرزبکرێتەوە، بە بەرپرسیارییەتەوە مامەڵەی لەگەل بکەین و ئەمەش رێگایەکە بۆ چاککردنەوەی تێگەیشتنە هەڵەکان. لێردا با ئەوەی سەدەها ساڵە ناوی پەردەیان لێناوە بەناوی خۆیەوە باسی بکەین ئەویش خەرمانەی زێیە.

بەیان ناسیح
کۆمەڵناس

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish