گەشتێکی بڕۆنزی.. شیعری شوان شەفیق
مووسافیرێکم
,جێگام لە گەشتەکەم لە فارگۆنی یەکدایە
!کورسییەکەم دەکاتە چراخان تەنیایی
کاتێک سەفەر دەکەم
!ڕامم ناکەن پڕچ زەردەکان
وەک چۆن ئولفەتم گرتووە بە ڕەشی بەختەوە
!ئاواش بە قژی خاوی ڕەش سەرسامم
گەشتەکەم درێژە و
!منیش کورت بیر دەکەمەوە
بڕوام وایە درێژ بیرکردنەوە لەم زەمەنە خێرایەدا
.بەفیرۆدانی کاتە
کیژێك بەرانبەرم دانیشتووە
دەیەوێت سەرنجم ڕاکێشێت
بە جووڵە هەستبزوێنەکانی
بەو بۆدییە کورتەوەی کە کەمەری دانەپۆشیووە
!بەو مەمکە فنجانییەوەی کە سێوبەندی نەبەستووە
!پێستی ئەوەندە ناسکە
کاتێك تیشکەکانی ڕۆژ بۆنی دەکا دەبریسکێتەوە
.پێ دەچێ نەوەی قەرەجەکانی ئیسپانیا بێ
ئەو ناسکۆڵەیە خەیاڵەکانمی بردووە
بۆنی هەناسەمی تەی کردووە
ئەو بێئاگایە لەوەی
لە جووڵەی یەکەم وێستگەوە
،لە چەقی جەستەیدا
!بە پرگالی ئارەزوو بازنەی حەزم کێشاوە
من لە جنسێکی شێتم
باکم نییە دەستبەندەکەی
ناوی کێی لەسەر نووسراوە
!تاتۆی ملی بۆ کام ئەوینەی کێشاوە
بەڕوومدا جار جار بزەیەک دەکا
منیش بە هەناسەیەکی سەردەوە تەماشایەکی دەکەم
دەبێت بزانێت
لە گەشتی نێوان شارەکاندا
دڵداری کاتی ناکەم
مرۆڤێک نیم
.بە ئارەزووی کاتییەوە سەرقاڵبم