Skip to Content

ئایا شیعر وەردەگێڕدرێت؟.. نووسینی: جێز گیرینگ

ئایا شیعر وەردەگێڕدرێت؟.. نووسینی: جێز گیرینگ

Closed
by تشرینی دووه‌م 28, 2022 General, Literature

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

یەک دوو ڕۆژ لەمەوبەر (١) ب. ج. ئیپستن ئەم قسەیەی (ساموێل جانسن)ی بڵاوکردەوە :

لەڕاستی شیعر ناتوانرێت وەربگێڕدرێت؛ بۆیە ئەوە شاعیرەکانن کە زمانەکان دەپارێزن؛ گرفتێکی تێدا نییە بۆ فێربوونی زمانێک ئەگەر بتوانین هەموو ئەو شتانەمان هەبێت کە تێیدا نووسراون بە هەمان شێوە لە وەرگێڕانیشدا. بەڵام وەک چۆن جوانییەکانی شیعر لە هیچ زمانێکدا ناپارێزرێت جگە لەو زمانەی کە لە بنەڕەت پێی نووسراوە، بۆیە دەبێت فێری زمانەکە بین.

 ئیپستن ئاماژەی بەوەدا کە جانسن کەم تا زۆر بیرکردنەوەی ئایدیالیستییانەیە چونکە پێیوایە شیعر ناتوانرێت وەربگێڕدرێت. بۆ ئەوەی شیعر بە زمانێکی تر جگە لە زمانی خۆمان بخوێنینەوە، دەبێ فێری ئەو زمانە بین. لە کاتێکدا من پێم وایە بە سەیرکردنی واقیعبینانەی مشتومڕەکە زۆر شت بەدەست دەهێنرێت، بەڵام ئەوەی پێموایە ئیپستن چاوپۆشی لێکردووە، یەکەم ڕستەی وەرگێڕانەکەیە: “ئەوە شاعیرەکانن زمانەکان دەپارێزن.”

ئەم پرسی پاراستنە بەلای منەوە زۆر سەرنجڕاکێشە. بە دڵنیاییەوە زمانی شیعری بە قورسترین زمان دادەنرێت بۆ وەرگێڕان، لێرەوە سەرهەڵدانی بڕوانامەی دەرچووانی وەرگێڕانی ئەدەبی و ڕێکخراوەکانی وەک کۆمەڵەی وەرگێڕکارانی ئەدەبی ئەمریکیی و وەرگێڕانی ئەدەبییش وەک وەرگێڕانی پزیشکی یان یاسایی پێویستی بە زمانێکی تایبەت و لێهاتوویی هەیە، بەڵام زیاتر لە لێهاتوویی و هەستیاری زمان، ئەو فاکەڵتییە داهێنەرەیە کە لە وەرگێڕانی ئەدەبیدا پێویستە؛ بۆ نموونە تاکە بڕوانامەکانی وەرگێڕانی ئەدەبی لە ئەمریکا بریتین لە ماستەر لە هونەرە جوانەکان. بۆ ئەوەی بڕوانامەکە بەدەست بهێنن، کاندیدەکانی ماستەر لە هونەرە جوانەکانی وەرگێڕان تەنیا پێویستیان بە سەلماندنی شارەزایی لە یەک یان دوو زمانی جیاوازدا نییە، بەڵکو پێویستە ناویان لە وۆرک شۆپەکانی نووسینی داهێنەرانەی خەیاڵیی، شیعر، نووسینی ناخەیاڵی و هتد-  تۆمار بکەن کە نووسینەکانی خۆیان وردتر دەکەنەوە و هەستیاری داهێنەرانەی سەرەکی خۆیان بەرامبەر بە هەردوو زمانی زگماکی و غەیرە زگماکی دەچەسپێنن.

ئەوەی ئەم بەرنامانە درکی پێدەکات ئەوەیە کە وەرگێڕانی ئەدەبی خۆی لە خۆیدا فۆرمێکی هونەرییە. وەرگێڕانی بۆدلێر یان سێلان لە ڕاستیدا وەرگێرانێکی داهێنەرانەیە بۆ بەرهەمە ڕەسەنەکەی شاعیر. وەرگێڕکارانی ئەدەبی لە کاتی وەرگێڕانی شیعردا دوو بژاردەیان هەیە. یان دەتوانن وردبینی بەرهەمەکە وەربگێڕن، بەمەش بەشێکی زۆری جوانی زمانەکە کە شیعرە لەدەست دەدەن، یانیش دەتوانن شیعرەکە بۆ جوانی وەربگێڕن، بەمەش بەشێکی زۆری وردبینییەکەی لەدەست دەدەن. هەر لەبەر ئەمەشە کە زۆرێک لە وەرگێڕانەکانی بۆدلێر بوونیان هەیە. بە سادەیی مەحاڵە شیعرەکان لە (گوڵە خراپەکان)  بۆ هەم وردبینی و هەم بۆ جوانی وەربگێڕدرێن.(٢)

ساموێل بێکێت یەکێکە لە نموونەی ئەو نووسەرانەی کە بەگشتی ڕەتیدەکردەوە بەرهەمەکەی لەلایەن کەسانی دیکەوە وەربگێڕدرێت. لە چاوەڕوانی گۆدۆدا، کە ناسراوترین شانۆنامەیەتی، لە بنەڕەتدا بە زمانی فەرەنسی لە ساڵانی ١٩٤٨-١٩٤٩ نووسراوە و دواتر خۆی وەریگێڕاوە بۆ زمانی ئینگلیزیی بۆ ئەوەی لە بەریتانیا و ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە. بە هەمان شێوە، سێینەی- ڕۆمانەکانی مۆلی، مالۆن دەمرێت و بێناو – لە بنەڕەتدا بە زمانی فەرەنسی نووسراون و دواتر خۆ وەرگێڕراونەتە سەر زمانی ئینگلیزی.(٣) (بیرت نەچێت کە بێکێت ئێرلەندییە، زمانی زگماکی ئینگلیزییە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەرهەمی سەرەکی خۆی بە زمانی فەرەنسی نووسیوە کە دواتر وەریگێڕاونەتەوە سەر زمانی ئینگلیزی). بۆ هەموو بەرهەمە ئینگلیزییەکانی، بێکێت بە شێوەیەکی شەخسی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فەرەنسی و ڕەتیکردەوە دەستبەرداری کۆنترۆڵی هونەری بێت. سەبارەت بە زمانەکانی دیکە، بە تایبەتی ئەڵمانی و ئیتاڵی (دوو زمان کە بێکێت نیمچە شارەزاییەکی لێیان هەبوو، ئەگەر بە تەواویش شارەزا نەبوو بێت لێیان)، ئەو بەڕاستی ڕێگەی بە کەسانی دیکەدا وەرگێڕان بکەن، بەڵام تەنیا ئەوانەی کە خۆی بە شێوەیەکی شەخسی متمانەی پێیان هەبوو ( تەنانەت ئەو کاتەش ڕەزامەندی خۆی هەر پێویستە بۆ خوێندنەوە و پەسەندکردنی وەرگێڕانەکان پێش بڵاوکردنەوە.)

لە کاتێکدا بێکێت نموونەیەکی دەگمەنە، بەڵام پێموایە شتێک هەیە و دەبێت لێوەی فێربین. بێکێت تێگەیشت کە وەرگێڕانی گۆدۆ لە ڕاستیدا وەشانێکی نوێی گۆدۆیە و بۆ ئەوەی ئەو ڕەسەنایەتییەی هونەر بپارێزێت (تێبینی: نەک وردبینی بەڵکو ڕەسەنایەتی) خۆی پێویستی بە وەرگێڕانی بەرهەمەکە بوو (واتە شانۆنامەکە بە زمانی داواکراو بنووسێتەوە). بەدڵنیاییەوە دەتوانرێت شیعر وەربگێڕدرێت و هەرواشە، بەڵام وەرگێڕانێکی ڕەسەن بوونی نابێت ئەگەر شاعیر خۆی بەرهەمی خۆی وەرنەگێڕێت. سەبارەت بەو وەرگێڕانانەی کە لە گۆڤارەکانی ئەدەبیدا یان لە کۆمەڵە وەرگێڕدراوەکاندا دەیخوێنینەوە، گرنگە لەبیرمان بێت کە وەرگێڕانەکە کاری داهێنەرانەی وەرگێڕە. وەرگێڕ بەرهەمەکە بە زمانێکی تر لێکدەداتەوە نەک ئەو زمانەی کە شیعرەکە لە سەرەتادا پێی نووسراوە، لە کاتێکدا شیعرە وەرگێڕدراوەکە (بەهیوای ئەوەی) کرۆکی شیعرە ڕەسەنەکە بپارێزێت، بەڵام شیعرێکی نوێیە، بەرهەمێکی داهێنەرانەی وەرگێڕە.

کەواتە بەڵێ ئیپستن ڕاست دەکات، مەحاڵە هەموومان فێری هەموو زمانێک بین بۆ ئەوەی شیعر بخوێنینەوە. بەڵام جانسنیش ڕاست دەکات. شاعیران لە شیعرەکانیاندا زمانێکی دیاریکراو دەپارێزن و وەرگێڕانی شیعرێک دروستکردنی شیعرێکی جیاوازە بە زمانێکی جیاواز. لە کاتێکدا پێمخۆشە بڵێم کە من بەڕاستی بۆدلێرم خوێندووەتەوە، بەڵام پێموانییە ئەوە قسەیەکی ورد بێت. من چەندین وەرگێڕانی بۆدلێرم خوێندووەتەوە، بەڵام، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زمانە فەرەنسییەکەم لە ئاستێکی بەرزدا نییە، بە دڵنیاییەوە بۆدلێرم نەخوێندووەتەوە. بەڵام هیوادارم ڕۆژێ بێت کە بیخوێنمەوە.

تێبینییەکان وەرگێڕ ئامادەی کردوون :

(١)مەبەست لە سەرەتای مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٠٩ یە.

(٢)کۆشیعری گوڵە خراپەکان کە کۆشیعرێکی چاڕڵس بۆدلێرە چاپی یەکەمی ساڵی ١٨٥٧ بڵاوبۆتەوە. ئەم کۆشیعرەی بودلێر لە بزووتنەوەی ئەدەبی ڕەمزی و مۆدێرنیستیدا جێگەی خۆی وەرگرتووە. شیعرەکانی ئەم کتێبە لە دەوری تەوەری داڕمان و ئیرۆتیزم دەسوڕێنەوە.لە چاپی یەکەمی خۆیدا شەش تەوەرەی لەخۆگرتبوو وەک (بێزاری و ئایدیالیزم، تابلۆی پاریسیان، لێ ڤین، گوڵی خراپە،  ریڤۆلتێ، مردنی لا مۆرت)

(٣)سێینەی ڕۆمانەکانی ساموئێڵ  بێکێت بە زمانی فەرەنسی ئەو سێ ڕۆمانەی لەنێوان ساڵانی ١٩٤٧تا ١٩٥٠ نووسیونی و دواتر خۆی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی ئینگلیزی.

سەرچاوە :

Can Poetry be translated?

Jes Gearing

ALTA

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish