ئێران.. راپەڕینەکان و پرسی رێبەرایەتی!.. نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی
تێڕوانینێک بۆ سەر شەپۆلی هەلپەرەستکاران لە راپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی ئێراندا
نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
ئەگەر لێرە و لەوێ دەبیستین راپەڕینی ئەمڕۆی خەڵکی ئێران بێ “سەرکردایەتی” و بێ”رێبەر”ە، ئەوە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات و پرۆسەیەکی کاتییە و پێویستی بە باسکردنە! بەڵام ئایا بەڕاستی راپەڕینی خەڵکی ئێران بێ سەرکردە و بێ رێبەرە؟ ئەگەر وایە!، چۆنە توانیویەتی هەنگاو بنێتە سێیەم مانگی خۆی و لە بەرانبەر ترسناکترین و سامناکترین دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا، بەرگەی شەپۆلی شاڵاو و پیلانەکانی دەسەڵات بگرێت؟ هەڵبەت وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر “کات” هەڵناگرێت! بەڵام بۆ وا دەڵێن و ژێدەری ئەم پرسیارە چییە؟! با جارێ وازی لێ بێنین!
مەهسا ئەمینی (ژینا) لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ لە تاران بە دەستی پۆلیسی ئیرشادی حکومەتی ئێران شەهید کرا. سروشتییە دوای ئەم هەواڵە دڵتەزێنە، دۆخی کوردستانی ئێران، کە شوێنی لە دایکبوونی (ژینا)یە، بشڵەژێت و بتەقێتەوە بەرانبەر بە حکومەت. وەک چۆن راپەڕی و قارەمانانە بەرەنگاری دیکتاتۆر بووەوە و زۆرێک قوربانیشی پێشکەش بە خەڵکی سەراسەری ئێران کرد لە پێناو گەیشتن بە ئازادی. رۆحی شەهیدان شاد!
ڕۆڵی موقاومەت لە راپەڕیندا!
ڕاپەڕینەکە بە خێرایی تەشەنەی کردە سەرانسەری ئێران و نەک هەر نەکوژایەوە، بەڵکو بڵێسەی سەند و بەردەوام بوو. ئەوەیش وەک راستییەکی حاشا هەڵنەگر کە رێکخراوەیی و رێکخستنەکانی ئەم راپەڕینە نیشان دەدات و ئامانج و چارەنووسی دیاریکراوی هەیە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەکی مەزهەبیدا، هیچ دەنگێک نابیسترێت بەبێ “پشت” و بە بێ”ڕێکخستن” و بە بێ “پەیوەندی” لەگەڵ دەنگەکانیتر. کەواتە پێشتر بوارێک بۆ راپەڕین رەخسێنراوە کە هێندە خێرا و بەپەلە ئەم خوێنە پاکە بەری دا و لق و پۆی سەند. بە واتایەکی تر راپەڕینی ئەمڕۆ درێژەپێدەری راپەڕینەکانی پێشووە لە ئێران و جیا نییە لە رابردووی.
دیکتاتۆرییەتی مەزهەیبی خوێنڕێژترین جۆری دیکتاتۆرییەتە لە مێژووی ئێراندا. ٤٣ ساڵە ئەم حکومەتە بە خوێن و سەروەت و سامانی خەڵک دەژی و دابینکەری بژێوی سازشکاران و مشەخۆرانی رۆژئاواییشە. ئەمەش وەک بەڵگەیەکیتر کە لە چوار دەیەی رابردوودا، هەمیشە سازشکارانی رۆژئاوایی رۆڵی “کۆسپ”یان لە بەردەم راپەڕین و شۆڕشی گەلی ئێراندا بینیوە.
کاتێک دەبینین خوێنی پاکی “ژینا ئەمینی” جیهانی هان دا دژ بە حکومەتی ئێران، ئەوە ئاماژەیە بە بوونی بەرخۆدان موقاومەتێکی سەراسەری کە لە چوار دەیەی رابردوودا شەو و رۆژ خەباتی کردووە بۆ تێکەوەپێچان و کۆکردنەوەی سازانی رۆژئاوا لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆر لە ئێراندا و باجێکی زۆریشی داوە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان بە سوودی خەڵکی ئێران. پشتگوێخستنی ئەم راستییە، هەڵگری ئەم روانگە و بیرۆکەیە بەلاڕێدا دەبات!
راپەڕین و پێویستیی بەردەوامیدانی!
سەردەمی راپەڕینی “خۆڕسک” لە ئێراندا بەسەر چووە. چونکە راپەڕین هەروەک چۆن “ڕابردوو”ی هەیە، داهاتوویەکیشی لە پێشە. مێژوو پێمان دەڵێت راپەڕینە “خۆڕسکەکان” بە خێرایی دەکوژێنەوە. بەڵام ئەمجارە راپەڕینی خەڵکی ئێران کە لە مانگی سێیەمی خۆیدایە و بەردەوامیشە، زۆر لە هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بە قازانجی خەڵک گۆڕیوە و جێگەی بە دیکتاتۆر لەق کردووە!
ئەوەی ئێمە لەبەردەم خەڵک و لە میدیاکاندا دەیبینین و دەیبیستین، رێژەیەکی زۆر کەمە لە راستییەکانی ئەمڕۆی راپەڕینی خەڵکی ئێران. لە پشت پەردەوە، راستی نەگوتراوی زیاتر هەیە کە دواتر باس دەکرێت! راستییەک کە هەندێک جار لە زمان کاربەدەستانی دەسەڵاتەوە دەیبیستین. رێبەرانی رژێم بە تایبەت عەلی خامنەیی، سەرەتا راپەڕینکارانی بە “تێکدەر” و “ئاژاوەگێڕ” ناوبرد و لە هەمان کاتدا کاربەدەستانی حکومەت دەیانگوت “رێبەران”ی راپەڕین سەر بە “موجاهیدینی خەلق”ن! کەمێک دواتریش گوتیان ئەم دۆخە لە دەرەوەی سنوورەکانەوە رێبەری دەکرێت و “بیانییەکان” دەستیان لە راپەڕیندا هەیە!
واتا و دیوەکەیتری ئەم وتە و لێدوانانە، دەرخەری ئەو راستییەن کە راپەڕینی خەڵکی ئێران، خاوەن سەرکردایەتی و رێکخستنی خۆیەتی و ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە. واتا رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبی لەسەر دەستی خەڵک و موقاومەتی ئێران و رێبەرایەتییەکەی، بە دیاریکراوی موجاهدینی خەلق! بۆیە ئەم راپەڕین خۆڕسک نییە، بەڵکو خاوەن رەگ و ریشەی دێرینە لە چەند دەیە خەبات و تێکۆشانی بێوچان لە رووبەڕووبوونەوەی خوێناوی و قورسی نێوان خەڵک و موقاومەت لە لایەک و دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە لایەکی دیکەوە. کەوایە ئەگەر لە گەرماوگەرمی راپەڕیندا دەوترێت راپەڕین “خۆڕسک”ە و بێ “رێبەڕ”ە، بە گومانەوە سەیری بنەچەی ئەم وتانە بکەن!
گریمانەیەکی مەحاڵ!
ئەگەر تەنانەت وا دابنێین کە ئەو وتەیە راستە و راپەڕین بێ رێبەرە، دووبارە دەبینین کە براوەی راپەڕین، خەڵک و موقاومەتی ئێرانە. چونکە لێرەشدا رێبەر و (لیدەر)ەکانی سەر شەقام زۆر بە خێرایی بۆیان دەردەکەوێت کە بە چ رێگایەکدا بچن بۆ ئەوەی بە زووترین کات دیکتاتۆرەکە بخەنە خوارەوە. موقاومەتی ئێران تا ئێستا هەموو رێگاکانی روخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێراندا بە ئەزموون کردووە و خاوەن تەجروبە و دەستکەوتی زۆرە. جگە لەمانە، موقاومەتی ئێران ئێستا خاوەن ئەڕتەشێکی گەوەرەی پێکهاتوو لەهەزاران “ناوەندی شۆڕش”ە لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا!
ئەگەر هەندێک لۆژیک و پرەنسیپ پەیڕەو بکەین، واقیعی ئێرانی ئەمڕۆ دەبینین، کە ئەگەر موقاومەتی ئێران نەبوایە، ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان هەرگیز نەدەگەیشتنە وەرچەرخانێکی ئاوا شکۆمەندانە لە مێژووی ئێراندا. ئێستا، ئیتر تەنیا موقاومەتی ئێران نییە کە دەڵێ بارودۆخی کۆمەڵگای ئێران ناگەڕێتەوە دواوە و رووخانی رژێمی ئێران بێ مشتومڕە و بەردەستە! کەوایە پرۆسەی بەرەوپێشەوەچوونی راپەڕین، خۆی بەڵگەیەکی روونە بۆ لادانی ئەم وتە ناڕاستانە.
نەبوونی رێبەری یان نەبوونی ئاگر!
ئەم دەسەڵاتە “هەرگیز” بە بزووتنەوەی مەدەنی و چارەسەری ئاشتیانە و هێمنانە و “شێوازی بێ تێچوو” ناڕووخێنرێت. چونکە ئەم دەسەڵاتە تا دواهەناسە بەردەوام دەبێت لە سەرکوتکردنی کۆمەڵگای ئێرانی و هەوڵی مانەوە دەدات. بۆیە تاکە رێگای رزگاری “وڵامدانەوەی ئاگر بە ئاگر”ە کە ئێستا لە راپەڕیندا دەرکەوتووە.
کەوایە بۆ گەیاندنی راپەڕین بە سەرکەوتن و “ڕوخاندنی دیکتاتۆر”، کێشەکە لە نەبوونی رێبەریدا نییە، بەڵکو لە کەمبوونی ئاگرە لە بەرانبەریدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوەندەکانی حکومەت. بەڕێز مەسعوود رەجەوی، رێبەری موقاومەتی ئێران لە یەکێک لە پەیامەکانی ئەم دواییەی خۆیدا وتی: “دەستبەسەرداگرتنی باڵەخانەکانە حکومەت و ناوەندەکانی دزین و تاڵانکردن، ئەرک و شێوازی ئێستای شۆڕشوانانە لە ئێران. دەڵێن کێشەکە ئەوەیە راپەڕین بێ رێبەرییە. بەڵام ئێمە دەڵێین مەسەلەی سەرەکی، کەمبوونی ئاگر و هەڵگیرسانی بڵێسەی ئاگرە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوەندەکانی حکومەت. هەرکەسێک دەیەوێت پرسی رێبەرایەتیکردنی راپەڕین یەکلایی بکاتەوە، با زیاتر و زیاتر ئاگر بەرداتە گیانە دەسەڵاتی ئێعدامکەر و کۆمەڵکوژ. دەبێت تا بە رادەیەک لە شەڕدا بین دژ بە حکومەتی مەزهەبی و بجەنگین، تا تەواوی جومگەکانی فاشیزمی ئایینی لەبەر یەک بترازێنین. دەبێ بە تەواوی بیڕووخێنین و ئێران رزگار بکەین. شۆڕشی دیموکراتیی ئێران سەردەکەوێت”.
ئەرکی سەرەکیی سەرکردایەتیی راپەڕین؟
بەو پێیە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆر لە ئێران هەرگیز بە شێوەیەکی ئاشتیانەو هێمنانە ناڕووخێنرێت، رەسەنایەتی و رەوایەتی هەر هەنگاوێک لێرەوە دەست پێدەکات کە باج و نرخەکەی بدرێت. موقاومەتی ئێران زۆر جار رایگەیاندووە کە ئێمە رکابەری هیچ بزووتنەوەیەک نەبووین و نین. بەڵام لە دانی باجی رووخاندنی دیکتاتۆردا، هیچ لایەنێک ناگاتە ئاستی موقاومەتی ئێران!
ئەم هەڵوێستە هەڵگری پەیامێکی گرینگە بۆ خەڵکانی لۆژیکمەند و راپەڕینکار. پێشخستنی راپەڕین کە یەکێکە لە ئەرکەکانی رێبەراتیکردنی راپەڕین، پێویستی بە خۆبەخشی و فیداکاری و قوربانیدان هەیە. سەردەمی مشەخۆری و هەلپەرەستی و بێ تێچوون و بێ قیمەتدان بەسەر چووە. هەنگاونان بە پێچەوانەی واقیع و لۆژیک، خاوەن هەنگاو فڕێ دەداتە دۆڵی مشەخۆری و هەلپەرەستییەوە!
تایبەتمەندیەکانی سەرکردایەتیکردنی راپەڕین!
پێشخستنی راپەڕین پێویستی بە گۆڕەپان و ستراتیژ و تاکتیک و نەخشەڕێگا و لە هەمووان گرنگتر، هێزی شۆڕشگێر و رێکخستن هەیە. روخاندنی دیکتاتۆر بە میتۆدی ئاشتیانە و هێمنانە و چالاکیی مەدەنی تراویلکەیە و بەس! پێشخستنی راپەڕین، پێویستی بە نرخی گیانی و قوربانیدان و خوێن هەیە. پێویستی بە دەزگایەکی وەها پێشەنگ و رێکخراو هەیە. رزگارکردنی نیشتمان پێویستی بە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانە و دەبێ بەرخۆدانی بۆ بکرێت. هەرکەسێک لافی “سەرکردایەتی” لێدەدات بە بفەرموێت، ئەوە مەیدان و گۆڕەپان! ئەگەر کەسێک یان رەوتێک لەم بوارەدا لە پێشەوە بێت و پێشەنگ بێت، هەروەک رێبەری موقاومەتی ئێران بەڕێز مەسعوود رەجەوی چەندین جار وتوویەتی، ئێمە نەک هەر لە پشتیەوە هەنگاو دەنێین، بەڵکو هەرچیمان هەیە پێشکەشی دەکەین.
کۆتایی