Skip to Content

نەوزاد بەندی لە نێوان چوون و نەچووندا.. کامەران مەحمود

نەوزاد بەندی لە نێوان چوون و نەچووندا.. کامەران مەحمود

Closed
by تشرینی دووه‌م 28, 2022 General, Literature

هێشتا کلیلی ئەو دەرگایانەم لا ماوە،
بوار نەبوو بیانکەمەوە و ..
جێم هێشتن ..
ئەو هەڵماتانەی یەک جاریش،
کاتم نەبوو ڕیزیان کەم و ..
ئەو پەرداخە کریستاڵانەی
قومێ ئاوم پێ نەخواردنەوە،
هەر ماون …
شاعیرو ئەدیب و خامە بەدەست لەناو کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا کە نرخی مرۆڤ تیایدا یەکسانە بە یەك گوللەی دەستی جەللادو پیاوکوژێك چ ئەرزشیکی هەیە؟ نابێت لەئاوا شوێنکاتێکدا چاوەڕوانی ئەوە بکرێت بەرهەمی بیرمەندو داهێنەران بنرخێنرێت، هەموو شتێك یەکسانە بە (نا)ی سەرۆك مافیاو بە ناو پلەی ئیداریەکان، ئیتر کێ گوێ لەکۆشش و کارێکی بیرڕۆشنی وەك نەزاد بەندی دەگرێت و حساب بۆ پەیڤەکانی دەکات؟ لە کاتێکدا هیچ گروپ و حیزبێكی لە پشت نییە و نووسینەکانی پێچەوانەی ئەجیندای ئەو بازرگان و گەندەڵکارانەیە.
زۆر شیعری نەوزاد بەندیمان بینیووەو بە سروشتی تەنزئامێزیی و ریالیزمی بەرهەمە شیعریەکانی ئاشنا بووین و پەیام و بابەتەکانی تیژن وەکو گوێزان بەڵام کەس ئازار نادەن ، لە لایەکی ترەوە بوێری و ئازایەتییەکی تیا بەدی دەکرێت وەکو کەسێك کە هیچ منەتی بەمەرگ نەبێت و ترسی هیچ شتێکی نەبێت کە لە دەستی بدات.
ئەمجارە نەوزاد بەندی بە تین و وزەیەکی جیاوازەوە دێتەوە مەیدان و خزمەتی عاشتدۆستانی ئەدەب و ئەسپی خامەی لە مەیدانی چیرۆکدا تاو دەدات، چیرۆکی/ چووی؟.. نەوزاد بەندی کە لە ٢٤تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ لە ماڵپەڕی دەنگەکان بڵاوکراوەتەوە زۆر شارەزایانە پلۆتی گونجاوی بۆ دەقەکە هەڵبژاردووە، جا چ واقیعی بێت یان هەوێنی ئەندێشەی نووسەر بێت، دەرگایەکی زۆر گرنگە بۆ چوونە ناو دنیای مرۆڤەکان، ئەو ئەدیبە پایەدارە هەردوو زەمەنی پێش ٢٠٠٠و دوای ٢٠٠٠ژیاوە، (جیلی ئاڵتوونی و جیلی ئایپاد) هەردوو زەمەنەکە بە هەموو جیاوازی و ناتەباییەکانیەوە لێکدەدات تا ئەمڕۆو داهاتووی نەوەکانی تێدا بخوێنێتەوە، لە ڕێی پرسیارێکی زۆر سادەوە کە هەر وشەیەکەو فڕێی دەداتە سەرمێزو بەردەرگای هەر کەسێك کە وەڵامێکی هەیە بۆ ئەو وشەیە تا لێکدانەوەو دنیای ئەزموونی خۆی لە رووی ئەو وەڵامانەوە دەربخات، وەك دەبینین هەندێك لەو وەڵامانە فەلسەفین و هەندێکیان بازاڕیین بە پێی ئاست و سروشتی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایەی چیرۆکنووس بڕیایری داوە جەنگی خۆی تێدا ئەنجام بدات، هەروەها مرۆڤەکان لەو نێوەندەدا پلەڕێژ دەکرێن، زیرەکی ئەو لە بەکار‌هێنانی کەسی دووەمی تاکدا دێت وەکو شێوازێکی ناراستەوخۆی دەربڕین و داماڵینی خود لە چیرۆکەکەو بە مەوزوعیکردنی تییمای چیرۆکەکە، بە جۆرێك کە دوورو نزیك پەیوەندی بە هەموومانەوە هەبێت، هەرچەندە بێهیوایی لە کەشێکی گشتیدا زاڵەو مۆرکێکی دیاریکراو بە چیرۆکەکە دەبەخشێت. بەڵام خۆ مەرج نییە ئەدەب ژیان و قەناعەتەکانی ئادەمیزادەکان بگۆڕێت، بەڵام لانی کەم چیرۆکنووس خۆی بەتاڵ دەکاتەوەو لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە خودی حەقیقیمان دەخاتەوە ژێر نەشتەرگەریی، ئەو ئاوها دەست پێدەکات :
چووە سەر مەسنجەر و .. نووسی : ( چووی ؟ )
ئەو وشەیەی بۆ هەموو هاوڕێکانی نارد ..
١ــ جا شوێن ماوە بۆی بچم ؟
٢ــ چوون چیە و نەچوون چیە ؟ جیاوازییان چیە ؟
٣ــ خەریکە بڵێم ناچم .. بۆ هیچ شوێنێ ناچم .
٤ــ هەمیشە بە دەست بەتاڵیی دێمەوە .
٥ــ لە هەموو چوونەکانما پەشیمانییم چنییەوە ، هەر بۆیە زۆر لە چوون ئەترسم.
٦- ئەوانەی چوون چییان هێنایەوە هەتا منیش بچم ؟
٧ــ وڵاتەکە ڕاوەستاوە ، هەمووی وەک زەڕنە قوتە دەمی داپچڕیوە بە سەرۆک وەزیرانیشەوە ، ئیتر بۆ کوێ ئەڕۆی ؟
٨ــ ئەوانەی تا ئەوروپایش ڕۆیشتوون ، بە نیازن بێنەوە ، کۆمەڵگای داخراو ، چوون تیایدا ئازاری ویژدان دروست ئەکا وەک ئەوەی کەمئەندامێک به زۆر لەسەر کورسیەکەی هەڵیسێنیتەوە ..
٩ــ من چووم و هاتیشمەوە ، پارە و بەنزین و زۆر شتی ترم خەرج کرد ، بەڵام نەگەیشتمە هیچ ، وەک ڕێگایەک لە بیابان دەست پێ بکا و لە بیابانیش کۆتایی بێ .
١٠- گەمژەییە ..
١١ــ بۆم دەرکەوتووە زیندانێکی نیمچە گەورەیە ، سیاسی و دەوڵەمەندەکان وەک پاسەوانی زیندانەکه دێن و دەچن
١٢ــ لەوە زیاتر خۆم ناخەڵەتێنم .
١٣ــ من خوا دەستم دا بچم ، ناگەڕێمەوە .. ناگەڕێمەوە ئەگەر ئەوێ تا ئێره ئاڵتونم بۆ بڕێژن .
١٤ــ پرسیارێکی قۆڕە .
١٥ــ له کەیەوە فێری نووسین بووی ؟ مەنگۆل .
١٦ــ من تاقەتی زۆر شتم نەماوە ..
١٧ــ ئەگەر بۆ شۆڕش و وێرانکردنی هەموو شتێکە ، من ئامادەم ….
١٨ــ هەفتەیەکە گەیشتوومەتە یۆنان ، ئێرە بەهەشت نیە ، بەڵام دڵنیام لەوەی لە دۆزەخ هەڵهاتووم ..
١٩ــ پرسیارێکی جوانە ، بەڵام بۆ هەر کوێ بچم ئەبێ بێمەوە ، ئیتر بۆچی ؟؟
٢٠ــ واز لەوە بێنە ، کۆمان بکەرەوە با شانە سەرەتاییەکان دروست بکەینەوە ، ئەم وەزعە ڕۆژ به ڕۆژ خراپ ئەبێ .
٢١ــ لە هەموو شتێ نائومێدم ، لە چەند و چونی خۆکوشتنام …
٢٢ــ واز لەم پرسیارانە بێنە ، وەک کانت شێت ئەبی ، دوای حەوت ساڵ بیرکردنەوە جا بڕیاری دا داوای دەستی خۆشەویستەکەی بکا ، سەیر ئەکا شووی کردووە و دوو مناڵیشی هەیە ..!
٢٣ــ هەر لەسەر کەمعەقڵیەکانت بەردەوامیت ؟ قەپۆز !
لەهەمان کاتیشدا چیرۆكنووس گیانی قۆشمە لە یاد ناکات و زیاتر دۆخی چیرۆکەکە تەڕو پاراو دەکات و چەند زاراوەو باسێکی تەنزئامێزی تیا جێ دەکاتەوە وەکو ئەوەی دەنووسێت:
١- هەتا فریای کلێنکسێک کەوت ، سەری لووتی بە گشتی شین و سوور بۆوە.. ئیشێکی قۆڕم کرد، ئەوەی لەبەرخۆیەوە ووت ، لە هەمان کاتدا گوێی لە پرخەی خێزانەکەی بوو ، بەم دوای نیوەڕۆیه لە ژووری نوستنەوە دەنگی بۆردمانەکانی لووتی دێت .. لووت وا نەبێ بۆچی باشە ؟ هەر سەرت خستە سەر سەرین ، فڕۆکەکانی هەستێنێ هەرچوارلا پرخە باران بکا
٢- ــ پرسیارێکی قۆڕە .
ــ له کەیەوە فێری نووسین بووی ؟ مەنگۆل .
٣ــ هەر لەسەر کەمعەقڵیەکانت بەردەوامیت ؟ قەپۆز !
ـــ ……
لە کۆتاییدا زۆرجوان و بە شێوەیەکی هونەریی چیرکنووس دواپەردەی چیرۆکەکەی دادەداتەوەو خودی چیرۆکخوانیش دەست لەم زۆرانانە دەکێشێتەوەو دەچێتە پاڵ پرخەی کەسی نوستوو و هاوشان ئەویش دەست بە پرخە پرخ دەکات، وەك ئەوەی گوتراوە تۆش وەرە ڕیزەوە، یان : دوور بڕۆو سەلامەت وەرەوە، یان دەست بەکڵاوەکەی خۆتەوە بگرە با نەیبات.
(پرخەیەکی تریش لە ژووری دانیشتن بەرز بۆوە و .. تێکەڵاوی پرخەی ژووری نوستن بوو .. وەک گۆرانیەکی دوو قۆڵیی لێ هات ، دوو گۆرانیبێژ له ژێر ئاودا بیچڕن)
ستمبوڵی خەو و بێئاگایی یان روونتر بڵێین ئەم دیدگا سارتەرییە وجودییەی چیركخوان لە شیعرەکانیشدا رەنگی داوەتەوە، هەڵبەت وەك خامە بەدەستێك ئەزموونەکانی گەیاندوویەتییە ئەو قەناعەتەو لەولاشەوە بە حوکمی ئەوەی دۆخی ئاگایی و رۆشنبیرێتی ئەو ڕێگای پێنادات خوێن بڕێژێت جگە لە خۆخواردنەوەو ناکارابوونی رۆڵی وەکو مرۆڤێك لە ژینگەیەکدا کە لە مێژە گیانی بەرخۆدان و مەبدوئو قوربانیدان کرمی گەندەڵی خواردوویەتی و تەنانەت کەسی خنکاویش هیچ فریادڕەسێک نابینێتەوە جگە لەوانەی بە مۆبایلەکەیان دەیانەوێت ساتی خنکانی ئەو مرۆڤە فلیمبەرداری بکەن:
ئێستا ئیتر
بە دیار پەڕەیەکی ساردی
فەیسبوکەوە ..
بە بیجامە و
یەک دنیا نەخۆشییەوە ..
فریای هیچ شتێ ناکەوم ..
هەموو شتێکیش بێ بەهایە .
تەنها چاوەڕێی زریانێ ئەکەم بمبا ..
ڕزگارم کا لەم دنیایە …

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish