Skip to Content

ئێوارانە/2/.. سەردار جاف

ئێوارانە/2/.. سەردار جاف

Closed
by تشرینی دووه‌م 28, 2022 General, Poems



٢

ئەم ئێوارە
نمە بارانی ئيشقت تەڕی کردم
بە دەم پياسەی ئێوارە پاييزێ، ورتە ورتی ميلۆدييەک مەستم دەکا
بە نەشئەی نەسيمی غوربەتەوە لە شەققەی باڵی ئەوين دەدم
گرێ کوێرەی تەمەنی نەهامەتی دەکەمەوە
کەچی لە دوورەوە
کە گومانەکانت دەبينم هێزم لێ دەبڕن
شۆک و وڕ دەبم
ئەو گومانانە لە هەگبەی ترسەوە هاتوون
لە خەرەندی ئاڵاندووی
لە گومانەکانت دەبمە کۆڤيد ١٩
دەبم بە تارماييەک برسێتی دێنم
دەبم بە جەنگی سێيەمی جيهانی
لە گومانەکانت خۆ بە شەپۆلە بێبەزەييەکانی دەريا سەر شێت و هاروهاجەکان دەبينم
لە گومانەکانت دەبمە مۆتەکە بۆ جەستەی مرۆڤ، دەبمە خەونێ لە روئيام هەڵبێن
لە گومانەکانت ئيدی لە حەرفەجوانەکانم رادەکەم و خۆ لە تونێلێکی بێدەرەتان دەبينم و ون دەبم
لە گومانەکانت ئيدی قەڵەم لێم ياخی دەبێ و چيدی هاو رێی و هاوسەفەريم ناکا نا
کچێ ….ژنێ
تۆ دەزانی .. سەفەری بێ تۆیی پوکانەوەی رۆحە، بۆ بەو گومانانەت ئەو هەستە ناسکە لە تەلبەندی زيندان دەنێی
بە گومانەکانت ئيدی پێکەنينەکان بە مڕومۆچی لە دايک دەبن و نەشونما دەکەن، ئەو دەمە منيش دەبم بە پارچەيەک لە گومانەکانت
لە گومانەکانت خۆم لا قێزەون دەبێ و دەخليسکێم بە سەر يانەو باڕی شەوانەدا، هەر جارەی دەست لەملی سۆزانييەک دەکەم
لە گومانەکانت لە بەر تيشکەڵانی خۆرا تاريکستان دەبينم و لە شەوەزەنگيش دێوەزمە ئەنجن ئانجنم دەکا و هەر پەلێکم بە دەم نەهەنگێکەوەيە
دەبمە هەناسە و هەنسکی رەوينەوەی گومانەکانت دواجار دەفڕم دەبمە کەنارييەک بۆ بەردەم پەنجەرەکەت و ئاوازی خۆشترين گۆرانێت بۆ دەچڕم
دەبمە شيعرێ کە دڵت پێی خۆشە ، دەبمە شنەيەک و بە شێنەیی باوەشێنت دەکەم
دەبمە ئۆخەيەک بۆ هەتاهەتايە بە سەر باڵی ئارامييەوە پشووی تەمەن بدەی
پێکەوە ژيان بکەين ژيان ، خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

ئەڵمانيا
٢٧ / ١١ / ٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish