Skip to Content

داني پێدا دەنێم.. پەری ڕەحمانپوور

داني پێدا دەنێم.. پەری ڕەحمانپوور

Closed
by ئاب 30, 2026 General
image_print



هاوينێکی گەرم تاقەت پروکێن، تەمێکی گڕاوی ئاسمان و دەورودوری شاری تەنی بوو، هەردەم هەستت بە بە بێزاری و تەنگەنەسی دەکرد، فێنککەرەوەيەکم لە بەردەرگای چوونە ژوورەوە دانابوو، هێدی هێدی باوەشێنێکی دەکردم و بەرەو فێنکبوونەوە دەکشا، زەردەواڵەيەک خۆی بە خانەبچووکەکانی فێنککەرەوەکە هەڵواسی بوو، دەيويست لە ئاوی لێواری خانەکان بخواتەوە، جا چۆن ئەوێی دۆزيبۆوە و دەيزانی کانگای ئاوی سروشت خوڵقاوی دەگمەنی خۆی بوو. لە پڕ ڕاچڵەکێم ترسێکی زۆر دايگرتم، لە خەياڵی خۆمدا وتم هەر ئێستا دێت و پێوەم دەدا، ئەو کاری بە من نەبووهەرگيزيش نەيدەويست پێوەم بدات، تەنيا دەيويست ئاوبخواتەوە، لە پڕ تاکە کەوشێکم تێگرت، کەوتە سەر زەوی و پشتی شکا و دوا هەناسەی دا و بێدەنگ کەوت و ئيدی نەبزوا، دەست بەجێ دانەيەکی ديکە بۆ ئاوخواردنەوە هات، زانيم تەنيا دەيەوێت ئاوبخواتەوە و کاری بە من نييە، خەمێکی قورس دايگرتم تا هەنووکەيش بەرۆکی بەرنەداوم، نازانم من چيمکرد چۆن توانيم ئەو هەموو زيرەکی و هۆشيارييە لە دەست بدەم و خوڵقەت و بوونی ئەو بوونەورە زيندووە لە يەک کاتدا لە خوردوخۆرایی بکەمە نيسانەی دەستە پڕ نەهامەتی و تاوانکارييەی خود، منی مرۆڤ خۆم پێ چييە…؟ چۆن من بوونم دەوێ ئەويش هەروا، چۆن توانيم ئەو هەموو زيرەکييە لە چاوترووکانێکدا کۆتایی پێبهێنم، بريا ئەو پێوەی بدام و چيدی هەناسەم نەکێشايەتەوە و بەو جۆرە تەرمی بێگوناهی لەبەرچاومدا نەچەمابايەتەوە، بۆيە تا مردن من بووم زەردەواڵەيەکی بێگوناهم کوشت نەمهێشت هەناسە بدا و ئاوبخواتەوە، ئيتر من تاوانبارترين و ناپاکترين مرۆڤم، بشێ ماڵی خۆشەويستەکەيم وێران کردبێت و لە گەڕانەوەی بێهيوام کردبێت، چرندق کارێکت دڕندانەم ئەنجامدا، گەرەکە بمناسن من مرۆڤێکی خۆ بەزلزانم زەويم تەنها بۆ خۆ دەوێت، هەرچی لە بەرژەوەنديم نەبێ وەک باڵە ناسکەکانی ئەو باڵندە بچووکە بێنازە دەيشکێنم، من تاوانبارم تا سەر ئێسک، دانێ پێدا دەنێم.

پەری ڕەحمانپوور
نووسەر، سەقز

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next