
كوردی دەستخەڕۆکراو..!.. جواد خەلیل
(کتێبێک دەربارەی شکستی ڕیفراندۆم و کاریگەرییەکانی لەسەر کورد)
“فوئاد مەتەر” ڕۆژنامەنوس و نوسەرێکی ناوداری لوبنان و جیهانی عەرەبییە. لە ساڵی 1962 ەوە تا ئێستا بەردەوامە لە نووسین. ئەو جگە لە کاری ڕۆژنامەنوسی، چەندین کتێبی گرنگیشی بە تایبەتی لە بواری سیاسیدا نووسیوە. کەسێکی لیبراڵە و لەگەڵ ئەوەشدا بە تەواوەتی پەیوەستە بە باوەڕی نیشتمانی گەورەی عەرەب.
دوایین کتێبی ئەم نوسەرە ( الكردي المخذول، رواية الدولة السراب في الوطن المستحيل) تایبەت کراوە بە پرسی کورد و ڕیفراندۆم، کە زۆر بە وردی و لێهاتوییەوە هەموو ڕووداوە گرنگەکانی ئەو سەردەمەی تیا تۆمارکراوە. ئەوەی جێی سەرنجە فوئاد مطر بە بەراورد بە نووسینەکانی پێشووی، تەنانەت بە بەراورد بە نووسەرەکانی دیکەی دونیای عەرەبیش زۆر بابەتیانەتر و واقیعبینانەتر لە بارەی کورد و خەونی سەربەخۆیبوون و ڕیفراندۆمەکەیەوە نووسیویەتی.
ڕەنگە ڕاشکاوی نوسەر لە درکاندنی هەندێک ڕاستی و حەقیقەتی تاڵدا، زۆر خوێنەری کورد بێزار و تووڕە بکات، بەڵام دواجار هەر دەبێ بزانرێت هۆکاری ئەم هەموو نسکۆ و شکستە مێژووییانە چین!
ئەم کتێبە باسی چی دەکا؟
کتێبەکە 256 لاپەڕەیە و لە 13 بەش پێک دێت و هەربەشێکی تەرخانکراوە بۆ بابەتێکی کاریگەر و جێ بایەخ. لە دەستپێکدا نوسەر دەمانباتەوە بۆ مێژووییەکی دوور، مێژووی شکست و نادادی و چەوساندنەوە و خەباتی دوورودرێژی کورد لە پێناوی ئازادیدا، دواتر دێتەوە بۆ سەردەمی نوێ و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕیاری بارزانی بۆ ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە هەمبەر ڕیفراندۆم و دۆخی نێوخۆی کورد و حساب نەکردنی بارزانی بۆ ڕای وڵاتە زلهێزەکان.
لە بەشێکی کتێبەکەدا نوسەر باس لە شکست و نسکۆ گەورەکەی دوای ڕیفراندۆم دەکا و هۆکارەکانی ئەم شکستهێنانە دەخاتە ڕوو. بە بڕوای وی زیانە ماددیەکانی ڕیفراندۆم بەو ڕادەیە زۆر نەبوون، بەڵام ئەوە زیانە مەعنەوییەکانێتی کە ئەوەندە زۆربوون لە هەژمار نایەن و قەرەبوو ناکرێنەوە. نوسەر پێی وایە کورد لە دوای ڕیفراندۆمەوە شکۆ و باوەڕبەخۆبوونی شکێنراوە و هاوشێوەی دۆڕاوێکی جەنگ لە لایەن ئێران و تورکیا و عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. دراوسێکانی کورد لەمەدا سەرکەوتن و کوردیان دەستخەڕۆ کردەوە، بەڵام ئەمجارەیان وەک دەستخەڕۆیەکی بێ خەون، جەنگاوەرێکی بەزیو و ژێردەستەیەکی سەرکز.
” فوئاد مطر” دۆخی “مەسعود بارزانی” لە دوای ڕیفراندۆم بەراورد دەکا بە دۆخی “جەمال عەبدولناسر” دوای شکستی لە جەنگی دژ بە ئیسرائیل و چۆنێتی پەراوێزخستنی هەردووکیشیان دەخاتە ڕوو. هاوکات پێی وایە دۆخی گەلی کوردیش هاوشێوەی دۆخی گەلی فەڵەستینە و لە زۆر باردا لەیەک دەچن. ئەم دوو گەلە هەردووک باجی جوگرافیا و نەبوونی سەرکردەی بەتوانا دەدەن، ئەوان لە نێو خاکێکدا دەژین کە خاکی ڕکابەرییە، مەیدانی بەرژەوەندی و چاوتێبڕینی زلهێزەکانی جیهانە، سەرباری هەموو ئەمانەش ناکۆکی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەکی و خۆخۆری هێندەی تر لاواز و سەرکزی کردوون.
ئەم کتێبە دەشێت لە زۆر ڕووەوە ڕەخنەی لێ بگیرێ، بەڵام هێشتاش وەک بابەتیانەترین کتێبێک دەمێنێتەوە کە تا ئێستا لە سەر ڕیفراندۆم نووسرابێ و بێ لایەنانە شرۆڤەی شکست و کاڵبوونەوەی خەونی سەربەخۆیی کوردی کردبێت. ئەم کتێبە نە لەگەڵدایە و نە دژ، بەڵکو گێڕانەوەی مێژووییەکە بە ئاگایی و ئەمانەتەوە و تا ڕادەیەکیش وەک خۆی.
جواد خەلیل