Skip to Content

ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و عێراق، ڕەنگدانەوەی هاوکێشە جیهانیەکانە!.. کامل احمد

ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و عێراق، ڕەنگدانەوەی هاوکێشە جیهانیەکانە!.. کامل احمد

Closed
by August 31, 2021 General, Opinion


جیهانی ئەمڕۆ جیهانێکی پڕ کێشمەکێش و ئاڵۆزی یە لەم قۆناغە ڕاگوزەرەیدا. ئاڕاستە جیاوازەکانی سەرمایەداری لە جیهان دا لە کێشمەکێشی گەورەدان و هەریەکەیان دەیانەوێت تەرازووی هێز بە قازانجی خۆیان و لە پێناو کەڵەکەی زیاتری سەرمایەدا بجووڵێنن و دەستەبەری بکەن. ئەم کێشمەکیشانە بە نەخشەی جیۆسیاسی جیهانەوە بە ڕوون و ئاشکرایی دەبینرێت کە چۆن ئەم هێزانە خەریکی ساغکردنەوەی ناوچەی دەسەڵاتی خۆیانن بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ئابوری و سەربازی تیادابکەن. ئێستا هەموومان لە جیهاندا شاهیدی ئەو کێشمەکێشە هەنسکبڕەین کە لە نێوان دوو گەورە زلهێزی جیهاندا، ئەمریکا و چین، دەگوزەرێت. ئەگەرچی ئەمریکا تا ئێستاش هێزی یەکەمی جیهانە، بەڵام پێگەی ڕوو لە خوارە و خۆری سەرکردایەتی جیهانی لە ئاوابووندایە، لەگەڵ ئەوەشدا بە هەموو جۆرێک هەوڵدەدات کە ئەم پێگەی ڕابەریەی خۆی لە ئاستی جیهاندا لە دەست نەدات. هەرچی چینیشە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەی ئابوری گەورەدایە و ئێستا لە پێش ئەمریکاوەیە لە ڕووی ئابوری و وەبەرهێنانەوە و هەوڵدەدات کە ئەگەر نەشتوانێت ئەم پێگەی ڕابەری یە لە ئەمریکا بسەنێت، هیچ نەبێت شەریکی بێت و هاوشانی بێت.
هەموو کێشمەکێشەکانی جیهان لەم دەورانە ڕاگوزەرەدا لە نێو ئەم کێشمەکێشانەدا مانا پەیدادەکات و دەچێتەپێشەوە. هەموو هێزە بورژوازی یە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکانیش خەریکی خۆسازدانەوە و خۆگونجاندنن لەگەڵ ئەم بارودۆخە ڕاگوزەرەدا و لەم نێوەدا دەیانەوێت ئەسپی خۆیان تاودەن.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و عێراقیش بەشێکن لەم هاوکێشە جیهانی یە و بگرە مەیدانێکی ساغکردنەوەی ئەم کێشمەکێشانەن . داگیرکاری لە عێراق و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تا سەرمۆخ و ئێسقان دواکەوتوو کۆنەپەرستی سەرمایەداری کە لەسەر بناغەی ئیتنیکی و دینی و تائیفی و قەومی دامەزرێنراوە یەکێکە لە ئامرازەکانی بردنەپێشەوەی ئەم شەڕە لەسەر پێگە و جێگا و ڕێگای هێزەکان.
ئێمە دەبینین کە کۆی هێزە بورژوازییەکانی عێراق و کۆی هەلومەرجی سیاسی و ئابوری لە عێراقدا لە چوارچێوەی ململانێیەکی جیهانیدا دەڕواتە پێشەوە و بورژوازی عێراقی دابەشکردووە بەسەر بورژوازی گەورەی جیهانی و ناوچەییدا. ئەگەرچی لە زۆربەی کاتدا ئەم هێزانە، بە هێزە ناوچەییەکان و بەر مەبنای ئەوەش بە هێزە جیهانیەکانەوە ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕکێی بەسەردا دێت و هەندێک جار هەندێک لەو هێزانە دەیانەوێت بە هەردوولادا شەن و کەو بکەن و دەیانەوێت بەرژەوەندیەکانیان لە ڕێگای هەردوولاوە دەستەبەربکەن. هەربۆیە ئەو ئاڵوگۆڕانەشی لە عێراق و کوردستان ڕوودەدەن یان بەڕێوەن کە ڕووبدەن سەرەداوێکە لە سەرەداوەکانی ڕوونبوونەوە و ڕۆشنبوونەوەی دنیای ئایندە و بە مانایەکی تر دنیا لە چوارچێوەی زەبروزەندی چین و ئەمریکادا. تێڕوانین لە ئەوزاعی عێراق و کوردستان ئەوەمان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە کە باسی ئاڵوگۆر لە عێراق و کوردستاندا باسی ئاڵوگۆڕێکە لە تەواوی ناوچەکەدا.
تا ئێستاش ئێمە شاهیدی ئەوەین کە پایە و نفوزی ئەمریکی لە عێراق دا بەهێزە. ئەمریکا ئێستا دەیەوێت ئارایشتێک بە هێزەکانی خۆی بدات لە عێراق و ناوچەکەدا و ئەوەی کە بە شەڕی داعش وشەڕی تائیفی و کوشتوبڕ و خۆپیشاندان و جووڵاندنی شەقام لە ڕێگای هێزەکانیەوە بۆی نەکراوە بۆ بەرگرتن بە چین و هەژموونی ئەو لە ناوچەکەدا، دەیەوێت لە ڕێگای ڕێکەوتنەوە بیکات و لە ئێستادا خەریکی کۆکردنەوەی ئەو هێزانەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە “هەڵبژاردنی” ئایندەی عێراق دا سوود لەم هێزانە ببینێت بۆ ئەوەی ڕێگا لە بەرژەوەندیەکانی چین و ڕێگای حەریر و گەشتنەوەی ئەم هێڵە بە سوریا و لەوێشەوە بۆ دەریای ناوەڕاست بگرێت. هاوکات خەریکی نەرمی نواندن و هاتنەخوارەوەیە لە پێداگریەکانی پێشووی لە بەرامبەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دا بە هەمان مەبەست. ئەوەی ئەمریکا چەندە ئەمەی پێدەکرێت مەسەلەیەکی نەبڕاوەیە لە ئێستادا و هیوا و ئومێدی بە بەشێکی زۆری هێزە شیعیەکانی خوارووی عێراق نیە و هێزە سوونیەکانیش ناتوانن ئەمەی بۆ بکەن. بۆیە تەنها هیوا و ئومێدی بۆ دروستکردنی پێگەیەکی ئارام بۆ خۆی، کوردستانە.
لە کوردستان دا تا ئێستا پارتی و زۆنی زەرد ئەو ناوچە و پێگە ئارامە بووە بۆ ئەمریکا. لەم نێوەدا ئەوە یەکێتی و زۆنی سەوزە کە ساغ نیە. کێشەکانی ئەم دواییانەی ناو یەکێتی بە ئاشکرا ئەم هەوڵانەی ئەمریکای پێوەدیارە بۆ ئەوەی بتوانێت کوردستان هەمووی بۆ خۆی زامن بکات و بتوانێت ئەو ناوچەیە ئامن بکات، ئەوسا کوردستان دەبێت بە ناوچەی بەرگرتن بە تێپەڕینی ڕێگای حەریر و دواخستن و بەربەست دروستکردن بۆ چین.
بۆ ئەم مەبەستەش وا بڕیارە لە ٢٨ ی ئەم مانگەدا لوتکەیەک، “کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی”، لە بەغدا بەڕێوەبچێت کە تیایدا ووڵاتانی درواسێی عێراق؛ ئێران، سعودیە، کوەیت، تورکیا و ئەردەن، جگە لە سوریا کە یەکێک لە تەوەرەکانی ئەم کۆبوونەیە لەسەر ئەوە، تیایدا بەشدار دەبن بە ئیزافەی قەتەر و ئیمارات و میسر و ئیمانویڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا و نوێنەری بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا و نوێنەری باڵای ئەمریکاش تیایدا بەشدار دەبن. هەموو ئەو مەلەفانەی کە وا بڕیارە لەم لوتکەیەدا جەختی لەسەربکرێتەوە، هەر لە پڕۆژە ئابوری و بازرگانی و سەربازیەکانە و باسکردن لە جێگیرکردنی ئارامی و هتد، هیچ شتێک نیە جگە لە ڕژانی ئاوێک بەپێی ئەو سیاسەتانەی کە ئەمریکا دەیەوێت لەم ناوچەیەدا بیابەتە پێشەوە بۆ زیاتر جێگیرکردنی پێگەی خۆی، تەنانەت لەدوای چۆڵکردنی هێزەکانی لە عێراقدا و ئەم ڕۆڵەی بە سعودییە و فەرەنسا سپاردووە، و هەروەها بۆ مەبەستی پشێوی نانەوە بۆ چین و ڕێگریکردن لێی هەم لە ڕێگەی هاوکاری هاوپەیمانە ناوچەییەکانیەوە و هەم بە دانیشتن ودانوستان و تەنازولکردن لە بەرامبەر نەیارەکانیدا. بایدن و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا ئەوەیان سەد بارە کردەوە کە ئەوان کاتێک دەچن بۆ ناوچەیەک بۆ دەوڵەت دروستکردن ناچن. کەواتە بۆ نانەوەی ئاژاوە و پەشێوی دەچن لە هەوڵی گەشەپێدانی سەرمایەکانیاندا کە بێتوانایی خۆی نیشانداوە و دەیانەوێت چین نەبێتە هێزی یەکەم بۆ ئەمەش پێویستیان بە نانەوەی پەشێوی یە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەی چوونە بەرەوەیەی چین دوابخەن.
هەڵبژاردنی پێش وەختی عێراقیش پێویستە وەک بەشێک لە ململانێی ‌هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و هاوکات هێزە بورژوازییە ناوخۆییەکان سەرنج بدرێت. لە ڕاستیدا بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێش وەختە، ڕاستەوخۆ سیاسەتی ئەمریکا بوو کە لەژێر ناوی وەڵام بە خواستەکانی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەردا دەرخواردی خەڵکی دەدەن. سیاسەتێک کە ڕووی لە لاوازکردنی گروپ و هێز و حزبەکانی سەر بە میحوەری ئێرانە لە نێو پەرلەمان و کۆی پرۆسەی یاسادانانی عێراقدا. بەڵام ئەوەی کە ئەنجامەکەی چۆن دەشکێتەوە، هەمیشە گریمانەی گۆڕانی تێدایە لەم هەلومەرجەدا.
ئەوەی کە لەم هاوکێشانەدا و لە جێگۆڕکێی ناوبەناوی ئەم هێزە بورژوازیە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییانەدا غائبە، چینی پڕۆلیتاریایە. ئەگەرچی ئەم چینە لێرەو لەوێ خۆی نیشاندەدات و ناڕەزایەتی نیشاندەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئاگایی سۆشیالیستی و لە ڕیزی یەکگرتوو و ڕێکخراوی خۆی بەهرەمەند نیە دەکرێتە سووتەمەنی بردنەپێشەوەی ئەم سیاسەتە چاوبرسیانەی سەرمایەداری. تاکە زامن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم هاوکێشەیە بە قازانجی پڕۆلیتاریا و بۆ بنەبڕکردنی کاری بە کرێ و کۆتاییهێنان بە سیستەمی هاری سەرمایەداری، شۆڕشی پڕۆلیتاریای ڕێکخراو و حیزبی چینایەتی ئەوە. بە بێ بوونی ئەم ئاگاییە و بردنەسەرەوەی هۆشیاری و ئاگایی ، شەقهەڵدان لە تەواوی سیستەمی سەرمایەداری و هەموو بەهاکانی لە ژێر ناوە جۆراجۆرەکانی وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ و تاکە کەس و هتد کارێکی ئەستەمە و ئەگەر لێرە و لەوێش شۆڕشێکی سیاسی ڕووبدات ئەوا دیسانەوە دەسەڵات دەکەوێتەوە دەست هێزێکی تری بورژوازی و درێژەدان بە سیستەمی ئاوەژووی سەرمایەداری و مەینەتیەکانی بەسەر پڕۆلیتاریاوە بە شێوازی تر درێژەی دەبێت. شۆڕشی پڕۆلیتاری بە بێ کۆمۆنیزمی مارکس و نەریتە شۆڕشگێرییەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم و بە بێ گرتنەبەری بیروباوەڕی مارکس و ڕێبازەکەی، ناتوانێت لە بەرامبەر زەبروزەنگی بورژوازی جیهانیدا خۆی بگرێت.

کامل احمد
kamil.ahmed.f@gmail.com
27.08.2021

Previous
Next