Skip to Content

غەریبی ڕاوم دەنێ … جەلال عەبوڵا ساڵح

غەریبی ڕاوم دەنێ … جەلال عەبوڵا ساڵح

Closed
by شوبات 21, 2017 General, Poems

نازانم من بۆ وام
ڕۆشتم و وەک باڵندە
ڕووە و دەریا
سەری غەریبیی خۆم هەڵگرت
شایی باخم بەجێهێشت
وەک دیجلە دەستی فوراتم گرت
وەک چرای ئاشتبوونەوە
ئێوارەیەک بەدزی زەردەپەڕەوە
تیشکم ڕژایە ڕۆحیی ئۆقیانووسێکی پیرەوە
کەچی هەر غەریبم بە خۆم
کەچی هەردەڕۆم و بە کەفی دەمی دەریا ناگەم
کەچی هەر بیر
لە گوناهەکانی با پیرم دەکەمەوە
کەچی هەر خەیاڵ دەمباتەوە
بۆ بەزمی
گلەیی
گۆزە و کانی
بۆ گۆڵمەزی
نیشتمان و بیرەوەری

ئەی جەلادی دابڕان
لێمتێبگە
کراسێکم لەبەردایە
نە شمشێری برووسکە دەیبڕێت
نە قەمەی زریان و تۆفان
پێڵاوێکم لە پێدایە
لەچەرمی گابەرد
لە پێستی داربەڕوو
لێمتێبگە
ئەی جەلادی دابڕان
کە برسییەتی گەوجم دەکات
دەستی خەیاڵ درێژ دەکەم
بۆ لیرەی کڵاوە کۆنەکەی نەنکم
وەک پوولە تۆپیووەکەی ناو دەستی باوکم
ژیان جڕتم بۆ لێدەدات
لێم تێبگە
ئەی ڕۆحی دابڕان؟
تامەزرۆ بە ژان
لەم دنیا جەنجاڵەدا
چرکەیەک خۆشحاڵیم هەبوو
هەزار ڕۆژ گریان

من لە نیشتمانی داربەڕوو
گەورەبووم
لەشم چرنووکی ڕەشەبایە
کلیلی دابڕانم ونکردووە
کۆڵانەکانی هەور
گیرفانی گەڵا
ژێر بنی پێی با
مشتی تەزیوی زەوی
جانتای سەفەری تریفە دەگەڕێم
نایدۆزمەوە

چ کارێکی شێتانەیە پیشەی من
بە شەو گوێدەگرم لە گۆرانی بۆق
بە ڕۆژ داڵغەی کیسەڵی پییر دەژمێرم
نیووەشەو دەمەوێت شەقامەکان هەڵبگێڕمەوە
حەزدەکەم بنی پێیی با ببینم
من چێژ دەبینم لە پێچەوانەی شتەکان
دەمەوێت لەقە بدەم لەسەر سنگی شەقامەکان
حەزدەکەم خۆڵ بکەمە دەمیانەوە تا دەمرن
ئەوەتەی شەقام هەیە
پشتی فەرشی
پێڵاو و پێیە

من چەند خڵەفاوم بە فێڵی ژیان
لە مشتی کام ڕێکەوتتی شێتدای
ئەی جەلادی دابڕان؟
ئەی نوقڵی بەسەرچووی
سەر ڕەفەی دووکانە ڕووخاوەکانی ڕۆژگار
ئەی هەڵمی حەڵوای پاش مەرگی ئازیز
ئەی دووکەڵی جەنگی سەرشانی با
هێزم نەما
هێندە لە دەرگای شکاوی تۆمدا

تەماشا غەریبی چۆن ڕاوم دەنێت
کەی گەڵای ئەنفال
وەک منی بەسەرهات؟
لەگەڵ هێزی سەربازی با
کەی گەمێ وەک من شکا؟
کەی چەتر وەک من دڵی قووپا؟
بە چەپۆکی فێی ڕەشەبا

ئێرە سەزەمینی پێکەوە ژیانە
یان گەنجینەی دزی و تاوانە؟
ئێرە کوانووی خۆڵەمێشی
ژەهر و جەستەیە ؟
لێمتێبگە ئەی جەلادی دەبڕان
لەم مەملەکەتی وێرانەیە کەسێک ناناسم
جگە لە چاوێکی کزی کوونەبەبوو
گۆچانێکی پیری هەنگاوێکی هیلاک
جگە لە دڵێک لەڕەنگی ئاو و
نوورێک لە ڕەگەزی هەتاو
تەنها سامانم ژیانێکی پوچ بوو
بەخشیمە عەسر و
ئێوارە چەقەنەی بۆلێدام
دەزانم کە مردیشم
ماڵی دەریا گۆڕم دەبێت
نەهەنگی پیر خوێنم دەخوات
زریان ئێسقانم دەهاڕێت

….

ئەی جەلادی دابڕان
لێمگەڕێ هەنگاو بنێم
بگەمە تەقسیم
نوری هەتاوی
عەسرێکی غەریب
وەک هەڵمی دەمی دەریا
بئاڵێنم لە ڕۆحی ماندووم

ئێرەیی دەبەم بە ئەستەمبوڵ
شەو تا ڕۆژ دەبێتەوە
هەزار ئەستێرە ماچی دەکا
عەسر و ئێوارە
سەر دەخاتە سەر ڕانی
بەرەبەیان شەپۆل ڕایدەژەنێ
بە دەستی ئاو
دیواری با و
شەپۆلی شێت دەژمێرێ
کاپتنی خنکاو دەردێنێ

….

ئێرەیی بە باڵندەی ئەستەمبوڵ دەبەم
ماچێکی بە پەلەی
ڕومەتی کەنار دەکات و
باڵدەگرێ
ئێرەیی بە بەلەمێکی
شان شکاو دەبەم
لە ماڵی ئاو
ئافرەتێکی ئازەری
دەیلاوێنێ

….

ئەی جەلادی دابڕان؟
کێ بیر لە منی
هەمیشە غەریب دەکاتەوە؟
من تەمێکی وێڵ
زیخێکی سەرشکاو بووم
من بەفرێکی قوڕاوی
سەرشانی چاکەتێکی دڕاو
قۆڵی قرتاوی
جەنگی بۆرژوا بووم

نازانم من بۆ وام
پێم خۆشە بۆ هەمیشە بڕۆم
هەرگیز نەگەڕێمەوە
بێزارم لە دووبارە
حەزدەکەم وەک قاڵی
عەسر لوول کەم
بیخەمە سەرشانی ئێوارە و
هەرگیز نەگەڕێتەوە
پێم خۆشە وەک توتن
بەیانیان بکوتم
لە بەرتیشکی دوانیوەڕۆ داینێم
بێتە هەڵم و
هەرگیز دوبارە نەبێتەوە
دەمەوێ قاچم ببڕمەوە
هەرگیز پێڵاو نەبینێ
بێزار بووم
لە پرسیاری ژمارە
بێزار بووم لە جەنگی
گۆرەوی و پێ
هەنگا و و ڕێ

ئەی جەلادی دابڕان
لێمتێبگە
دەمەوێ ژیان ڕەنگ کەم
بە بۆیەی ئاسمان
دەمەوێت دەرگای
کۆڵانەکانی تاوان داخەم
بە دەستی ئاشتی
دەمەوێ خەیاڵ
وەک کاغەز گرمۆڵەکەم
بیخەمە ناو دەمی (با) وە
هەرگیز نەیبینمەوە
دەمەوێ بڕۆم
دوور دوور بڕۆم
بەسەر پردی
درۆی ژیاندا باز بەم
کەس نەبینمەوە

هێشتا دووکەڵی تەرمی
جەنگی دووبرا
وا لە ژوور ئاسمانی
تاران و بەغدا
هێشتا پەتی ملی
ڕابەرێک و شاعیرێ
وا لە چەکمەجەی
ئەفسەرێکی مەزهەبیدا
هێشتا دڵی کتێبی
(هەنگاوێک بۆ پێشەوە و
دوو هەنگاو بۆ دواووە)
بۆ هەزاران ستالینی مێژوو لێدەدا
هێشتا قاچی قرتاوی
سەبازەکانی جەنگ
ئەوەتا لە ناو سکی
خوێناوی
دیجلە و فوراتدا

کێ هەناسەی غەریبیم کۆکاتەوە؟
بۆ هەرلایەک دەڕۆم
کارەساتی جەنگە
دەگەمە ڕۆحی بەغدا
دەچمە لای ئەبونەواس
بۆنی هەناسەی ماسی
کوژراو دەکەم
سەرئەدەم
لەماڵی مێژووی
نازم غەزالی
دەگەڕاێم بۆ ڕۆحی زیندووی
مۆسیقا و گۆرانی
مایە پووچم
بەشەقامی جمهوریدا
سەربەرەو ژوور هەنگاو دەنێم
پرچی خوێناوی
فورات و
قۆڵی شکاوی
دیجلە دەبینم

….

ئەی جەلادی دابڕان
ئێرە سەرزەمینی بارووتە
بەغدا بۆنی
تەرمی مردووی لێدێ
بەغدا ناناسمەوە
پڕ بووە لە گوناه
پڕ بووە لە نزا
بە فڵچەی دین
شەو مەلای سعوودیە
بۆیەی دەکا
بە ڕۆژ
ئاخونی تاران و
بەغدا

….

ئێوارە درەنگانێ
بابلم جێهێشت
گەیشتمە لای
هەولێری مێژوو
زەردەخەنەی گۆڕابوو
هەنگاوی پێچەوانە دەنا
نەلە ئامەد و
سنە دەچوو
نەلە قامیشلی و
سلێمانی

باوەشم گرتەوە
بۆ پشتە کوڕەکەی قەڵا
حەزم لە برنج و شلەیەکی
تەیراوا بوو
ڕیقنەی باڵندەکان
بارێن بەسەرما

هەنگاومنا
بۆ بازاری بیرەوەری
ویستم هەولێر ماچ کەم
نەیناسیمەوە
پاڵتۆیەکی
ڕەنگ خۆڵەمێشی
لەبەردابوو
ئەنقەرە بۆی دووری بوو
قۆپچەکانی
سەربەرەو خوار
داخست بوو

قەڵام بینی
بە پشتی کوڕەوە
بەدزی جەلادەکانی خێڵەوە
مێژووی زەردەشتی دەخوێندەوە
گەیشتمە گەڕەکی شێخەڵا
حەماڵە برسییەکان
توڕە بوون لە ئارد
شەراب لە ڕەز
ئاو لە دەریا
خەڵک لە قالۆنچەی سووپا

ئێوارە قەڵام جێهێشت
گەیشتمە لای گۆیژە
کۆشی پڕ بوو
لە زەنگیانەی شکاووی مێژوو
چاوی پڕ بوو
لە دووکەڵی دزاوی کوانوو

لە دوورەوە
سەیری پارچەی شکاوی
ئەستێرەی سەرشانی
سلێمانیم بینی
خەم دایگرتم
ئەسحابە سپی
وەک بنی مەنجەڵ
ڕەش هەڵگەڕابوو
کەلاوەیەک لە باوەشیا
جنێویدەدا
بە دەوڵەتی خێڵەکی
قالە گازی دەگرت
لە پشتی پیری
ئەسحابەسپی
جنێوی دەدا
بە عابا و مێزەری
پیاوی مەزهەبی
تفی دەرکرد
لە سەرکردەی
دۆڕاوی سیاسی

هەروەکو جاران
ڕۆشتم بۆ لای
قەیسەری نەقیب
ڕێحانە بێزار بوو لە بۆن
وسمە و خەنە
لە سمێڵی
پیاوی گەمژە

لە قەیسەری نەقیب
کامەرانم ناسییەوە
چاوی کز بوو
ڕێشی مەزهەبی هێشتبووەوە
پێیان ووتم:
سی ساڵە
لە دوکانێکی سێ گۆشە دا
دیواری سەلەفی
ڕەنگ دەکا

ڕۆشتم بۆ خوار خانەقا
جەمالی هاوڕێم بینی
کزکز لەبەردەم
مقەڵی بێکاریدا دانیشتبوو
شانی داڵغەی
خستبوو سەر شانی عەرەبانەکەی
گوێ لە گۆرانی
خۆم و عودەکەم دەگرت
هەنگاوی ڕێبوارەکانی دەژمارد
جەمال ئەگەر
فکری پەرتووکی
بەلشەفیکی بفرۆشتایە
ئێستا ڕاوێشکاری
سەرۆک بوو
ئەندامی شوورای
دەوڵەت بوو

ئەی جەلادی دابڕان
هەرکۆڵانێکی ئەم سەرزەمینە
بۆنی ژەهر و بارووتە
دەگەڕێمەوە بۆ ماڵی ئاو
بۆ لای ڕۆحی دەریا
دەگەڕێمەوە بۆ ئاسمان
کەمێ تەمەنم ماوە
دەیبەخشمە باران

جەلال عەبوڵا ساڵح
٢٠١٦-٢٠١٧ تۆرۆنتۆ

Previous
Next
Kurdish