گوتاری جۆكهریی … 4 … غەمگین بۆڵی
به‌شی چواره‌م
ئه‌مجۆره نووسینانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوتراوی ئاماده‌كراون و بۆچوونه‌كانیش به‌درێژایی مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كورد هه‌بوونه، گوتاره‌كان یه‌ك قالب وه‌رده‌گرن و خاوه‌ن یه‌ك دیدگه و یه‌ك بۆچوونن. بۆ نموونه: ده‌كرێت هه‌موو ئه‌و گوتراوه سواوانه‌ی له‌و گوتاره‌دا نووسراون له‌باره‌ی ئه‌زموونی شیعریم، بۆ شیعری شاعیرێكی دیكه‌یش ببن. واته ته‌نیا ناوی شاعیره‌كان و نموونه‌ی شیعریهكانیان بگۆڕین، وه‌به‌ر هیچ جیاوازییه‌ك ناكه‌وین. ئه‌مجۆره گوتاره ئه‌گه‌ر بشێت، ناوی بنێن: (گوتاری جۆكهریی)، گوتارێكه بۆ هه‌موو ئه‌و شاعیرانه ده‌بێت كه ده‌كه‌ونه خانه‌ی میتۆدی خراپه‌وه. ئه‌گینا ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و شاعیرانه بكه‌ین كه بنووس له بازنه‌ی (میتۆدی باشه)دا ناوی ڕێزكردوون له گوتارێكی به‌ناوی (كۆكردنه‌وه‌ی دژه‌كان)دا نووسیویه‌تی: ” ئه‌گه‌ر له ئه‌زموونی شیعری هاوچه‌رخی نوێ وردبینه‌وه و نموونه‌ی هه‌ر یه‌ك له ( دڵشاد عه‌بدوڵڵا، هاشم سه‌راج، هیوا قادر، جه‌مال غه‌مبار، سه‌باح
ره‌نجده‌ر، كه‌ریم ده‌شتی، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، دڵسۆز حه‌مه، قوبادی جه‌لی زاده…) وه‌ربگرین ده‌بینین تاڕاده‌یه‌ك به‌ر ئه‌زموونی جیاوازی شیعری ده‌كه‌وین.”(10) ئایا ئه‌گه‌ر له خوێنه‌رانی هۆشیار بپرسم: ئایا ئه‌و بۆچوونانه و قسهڕیزكردنانه هی ساڵانی حه‌فتا و ههستاكان نین؟
ئایا ئه‌زموونی شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی كه بنووس له گۆڤاری (شیعر) له‌سه‌ریان ده‌نووسێت و به ناشاعیریان ده‌زانێت، له به‌شێكی ئه‌زموونی شیعری ئه‌و شاعیرانه تایبه‌تتر و جوانتر نین كه بنووس ناوه‌كانیانی ریزكردوون؟ ( خوێنه‌ر ده‌توانێت سه‌یری ژماره‌كانی گۆڤاری “شیعر” بكات). ئایا وه‌كوو
پرسیارێك بۆ خوێنه‌رانی به‌جێبهێڵم و بڵێم، ئایا ده‌بێت له ژماره‌كانی داهاتووی گۆڤاری (شیعر)دا، هه‌مان ئه‌و شاعیره جیاواز و هاوچه‌رخانه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردی، به ناشاعیر و كۆیله و كۆڵه‌وار نه‌زانێت؟ ئه‌گه‌ر زۆر دوور نه‌كه‌وینه‌وه و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ناوانه بوه‌ستین كه ئاماژه‌ی پێداون، بنووس ئه‌مجاره له‌باره‌ی ئه‌زموونی شیعری شاعیرێكیان (قوبادی جه‌لی زاده)ه‌وه، نووسیویه‌تی: ” ڕه‌نگه قوبادی جه‌لی زاده نموونه‌ی دیاری ئه‌و شاعیرانه بێت، كه بێپه‌رده و ڕاشكاوانه گوزارشتی له‌و چه‌پاندنه سێكسیانه كردووه، كه ساڵانێك پێوه‌ی ناڵاندوویه‌تی و ئێستا له نێو دونیای شیعرییه‌كه‌یدا گوزارشتی لێ ده‌كات.
واته شیعری نه‌كردووه‌ته ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ تێڕامان له بوون و مرۆڤ و ئه‌و پێشهاتانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه. به‌ڵكو شیعر ده‌بێته جێگه‌یه بۆ خۆبه‌تاڵكردنه‌وه” (11).
ئایا ئه‌و دووڕووییه‌ی ناو نووسین چی ناوێكی لێ بنین؟ كه‌سێك سه‌روكاری له‌گه‌ڵ دونیای فیكر و مه‌عریفه‌دا هه‌بێت، چۆن ده‌لوێت جارێك ئه‌زموونی شیعری شاعیرێكی ( قوبادی جه‌لی زاده) پێ جیاواز و تایبه‌ت بێت و جارێكیش ئه‌زموونی شیعری ئه‌و شاعیره‌ی پێ جێگه‌یه‌ك بێت بۆ خۆبه‌تاڵكردنه‌وه؟ ئایا ئه‌وه لۆژیكی ڕه‌خنه‌گرتنه؟ كه‌سێك خاوه‌ن چه‌قێكی فیكری به‌هێز نه‌بێت، به‌رده‌وام تووشی ئه‌م هه‌ڵانه ده‌بێته‌وه و به‌خۆی خودی خۆی به درۆ ده‌خاته‌وه و به‌رده‌وام خۆی ته‌ریق ده‌كاته‌وه. بۆیه زۆرجارانه وه‌ستان له نووسین گرنگتره له نووسین، چونكه پێویستمان به‌وه‌یه به كرده‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی چڕ و پڕ ئه‌و چه‌قه فیكرییه له ناوه‌وه‌ی خۆماندا دروست بكه‌ین.
بۆیه به‌شێك له‌وانه‌ی خه‌ریكی ڕه‌خنه‌گرتنن خاوه‌ن ئه‌و چه‌قه فیكرییه نین و هه‌وڵیش ناده‌ن بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و دونیابینییه تایبه‌تییه‌یان. بۆیه به‌رده‌وام له گوته‌یه‌ك بۆ گوته‌یه‌كی دیكه و له گوتارێك بۆ گوتارێكی دیكه دژی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه. به جۆرێك بێ سه‌روبه‌ر ده‌بێت، كه دواجار خۆی سه‌ر له خۆی ده‌رناكات. ئه‌و دووفاقیه‌ته له گوتاری سیاسیی حیزبی نزیكه، نه‌وه‌ك له گوتارێك په‌یوه‌ندی به دونیای ئیستاتیكا و مه‌عریفه‌وه هه‌بێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و كۆنتێكسته‌دا بوه‌ستین، ئایا شیعر جێگه‌یه‌كه بۆ خۆبه‌تاڵكردنه‌وه؟ ئایا بنووس له خۆی پرسیوه، كام به‌تاڵكردنه‌وه؟ كه‌سێك ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێكی هۆشیاریش بێت، جارێك ناڵێت ئه‌و شاعیره، یه‌كێكه له شاعیره تایبه‌ت و جیاوازه‌كانی شیعری كوردی و دواتریش بڵێت، ئه‌وه ناشاعیره و شیعر له‌لای ئه‌و جێگه‌یه‌كه بۆ خۆبه‌تاڵكردنه‌وه.
له گوتاری (كۆكردنه‌وه‌ی دژه‌كان) بنووس ئامانجی ئه‌وه نییه جیاوازیی دژه‌كان ڕاڤه بكات، به‌ڵكو ئامانجی ته‌نیا ناوڕێزكردن و ڕازیكردنی ئه‌و شاعیرانه كه ده‌كه‌ونه ناو بازنه‌ی میتۆدی باشه‌وه. بۆیه به پێویستی ده‌زانم ئاماژه به‌چه‌ند گوتراوێكی ئاماده‌ن و قسه‌ی سواوی ناو گوتاره‌كانی بكه‌م، كه ئه‌مجۆره له قسه ههڵڕێشتنانه به‌رده‌وام له چایخانه و شه‌قام و دانیشتنی خوێنه‌ران دووباره و دووباره ده‌بنه‌وه. ئایا پڕه‌نسیپی كاری ڕه‌خنه‌گر ئه‌وه‌یه ئه‌و گوتراوانه دووباره بڵێته‌وه كه هه‌موو خوێنه‌رێكی شیعری ده‌یانڵێته‌وه، یان شتێكی دیكه ده‌ڵێت كه پێشووتر نه‌مانزانیوه؟ ئه‌گه‌ر جددیتر بپرسین، ئایا ئه‌وه لۆژیكی فه‌لسه‌فه و فیكر و ئه‌ده‌بیاته كه ئه‌و شتانه وه‌ك ڕه‌خنه بگوترێنه‌وه، كه پێشووتر و به‌رده‌وام گوتراون و گوتراونه‌وه؟ لێره‌دا ئاماژه به چه‌ندان گوتراوێكی سواوی ناو گوتاره‌كانی بنووس ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی گوتراوه‌كانمان نه‌كه‌ونه بازنه‌ی گومانه‌وه و خوێنه‌ر وه‌ها هه‌ست بكات گرێیه‌كی ده‌روونیمان هه‌یه له‌و گوتاره‌دا.
بنووس له گوتارێكی به‌ناونیشانی (سروشتگه‌را، یان دژه سروشتگه‌را)دا، نووسیویه‌تی: ” به‌شێك له توێژه‌ره‌وان لایانوایه به‌كاربردنی زمانی نووسین به گشتی و زمانی ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌تی له شێوه ساده‌كه‌یدا به دروست نازانن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه به‌شێك له نووسه‌ران و شاعیران هه‌ر به‌رده‌وامن له‌سه‌ر به‌كاربردنی زمانی ساده و نزیك له زمانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیانه‌وه” یان له په‌ڕه‌گرافێكی دیكه‌یدا ده‌ڵێت: ” ئه‌گه‌ر باس له ده‌ست پێك بكه‌ین ده‌بینین ده‌ستپێكی شیعره‌كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر به ده‌ستپێكێكی لاواز ده‌ستی پێكردووه” (12).
بنووس له گوتارێكی دیكه‌یدا به‌ناونیشانی (نامۆبوونی خود له به‌رده‌م بووندا) چه‌ندان گوتراوی سواو و ئاماده‌كراو فڕێده‌داته ناو گوتارهكهیهوه. وه‌كوو:
” ئه‌گه‌رچی تا ئێستا سیمای ده‌نگه نوێكانی شیعریی نوێی كوردی به‌ته‌واوی ده‌رنه‌كه‌وتووه، به‌ڵام له‌نێو ئه‌و ده‌نگه نوێیانه‌دا هه‌ندێك ده‌نگ و شاعیری نوێ ده‌بینین”.
ئایا ئه‌وه قسه‌ی ڕه‌خنه‌گرێكه كه ساڵانه دوو سێ كتێب بخاته ناو كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه، یان قسه‌ی هه‌موو خوێنه‌رێكی ئاسایی شیعریی كوردییه؟ هه‌ر به‌جددی كاك ئارام سدیق هه‌ست ناكه‌یت ئه‌و گوتراوهیه زۆر ته‌قلیدییه؟ ئه‌م گوتراوه به‌جێده‌هێڵین و ئه‌مجاره ده‌چینه سه‌ر گوتراوێكی دیكه‌ی. ئه‌مجاره‌یان نووسیویه‌تی: ” زمان كه‌ره‌سته‌ی بنه‌ڕه‌تی شیعره و به‌بێ زمانێكی تۆكمه و جیاواز ناتوانرێت شیعرێكی نه‌مر و چێژبه‌خش به‌رهه‌م بهێنرێت”.
ئایا گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی له‌وه‌ته‌ی هه‌یه ئه‌مه‌ی دووباره و دووباره نه‌گوتووه؟ باشه ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕسته‌یه هی من بێت و تۆ خوێنه‌ری ئه‌و ڕسته‌یه بیت، ئایا هیچ خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ت وه‌به‌ر هیچ شتێكی تازه ده‌كه‌وێت كه له پێشوودا نه‌تزانی بێت؟
هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان گوتاردا ده‌وه‌ستین و ئه‌مجاره‌یش بنووس نووسیه‌تی: ” شاعیرانی نه‌وه‌ی نوێ زیاتر له شاعیرانی نه‌وه‌كانی پێشووتر كاریگه‌رن به مۆدێرنه و ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌م دنیا تازه‌یه”(13).
هه‌میشه ڕه‌خنه‌گری میلی پشت به‌و گوتراوه ئامادانه ده‌به‌ستێت كه ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بێت ده‌یزانێت. واته هه‌مان قسه‌ی ڕۆژانه ده‌گوازێته‌وه ناو پرۆسه‌ی نووسینه‌وه، ته‌نانه‌ت ناتوانێت قسه‌ی ڕۆژانه‌یش تێبپه‌ڕێنێت.
بنووس له گوتارێكی دیكه‌یدا به‌ناونیشانی (شیعر و دۆخی به لێبوكبوون) ده‌نووسێت: ” یه‌كێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی له‌مه‌ڕ شیعری نه‌وه‌ی نوێ به‌رده‌وام به‌ر گوێمان ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه كه شیعرییه‌ت له ده‌قه‌كانیاندا نییه و شیعر لای ئه‌م نه‌وه‌یه بۆته قسهههڵڕشتن”.
له‌م ڕستانه‌دا ته‌واو د‌رك به‌و هه‌قیقه‌ته ده‌كه‌ین كه بنووس قسه‌ی ڕۆژانه و گوتراوی سواو به‌زۆر ده‌ئاخنێته ناو نووسینه‌كانیه‌وه. گوته‌ی ” به‌رده‌وام به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت” ئاماژه دانه بۆ ئه‌و هه‌قیقه‌ته.
یان له دێژه‌ی گوتاره‌كه‌دا ده‌ڵێت: ” یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته‌كانی شیعر ئه‌وه‌یه كه لادانی زمانی و وێنه‌یی بخولقێنێت”.
ئایا له‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كوردی هه‌یه، ئه‌و گوته‌یه نییه؟ ئاخر بنووس له‌وه ڕاهاتووه چه‌ندان گوته‌ی سواو لێره‌و له‌وێ بهێنێت و به‌بێ ئامانج و مه‌به‌ست بیانخاته ناو باسهكانیهوه.
ئه‌مجاره له هه‌مان گوتاردا نووسیویه‌تی: ” به‌بێ چێژ شیعر جوانی كه‌مده‌بێته‌وه”.
پێموایه ئه‌و گوته‌یه‌كی هێنده سواوه، ئه‌وه‌ی چوار كۆمه‌ڵه شیعر بخوێنێته‌وه ده‌توانێت گوته‌یه‌كی وه‌ها بڵێت؟
هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان گوتار دهدهوستین و ئه‌مجاره بنووس چونكه بڕیاری داوه به بوون و نه‌بوون هه‌ر ده‌بێ و هه‌ر ده‌بێ بنووسێت، ده‌نووسێت: ” شاعیر نه‌یتوانیوه تۆكمه‌یی ته‌واو له شیعره‌كه‌دا به‌رجه‌سته بكات”.
به‌ر له هه‌موو شتێك تۆكمه‌یی ته‌واو مانای چییه؟ ئایا تۆكمه‌یی ناته‌واویش هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر شتێك تۆكمه بێت، ده‌شێت ته‌واو یان نا ته‌واو بێت؟ هه‌ر كرده‌یه‌ك تۆكمه بوو، ئه‌وه گومانی تێدا نییه كه ته‌واوه. دواتر، ئه‌وه ئیشی ڕه‌خنه‌گری ڕاسته‌قینه‌یه ڕێنمایی ده‌ربكات و بڵێت، نه‌یتوانیوه وه‌ها بكات و ده‌بوایه شاعیر ئه‌وهای كردبایه – نووسیبایه – ئه‌وه جۆره قسه‌كردنه له‌سه‌ر شیعر ده‌مانباته‌وه بۆ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان.
بنووس هه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت له قسهههڵڕێشتن و هه‌میش به‌بێ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ هه‌مان ئه‌و گوتانه‌ی له ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌ر خوێنه‌رێكدا به‌ر گوێمان ده‌كه‌ون و دووپات ده‌بنه‌وه، ده‌نووسێت:” درێژكردنه‌وه‌ی شیعر به شتی زیاده”(14).
پێموابێت ئه‌وه‌یش هێنده ڕوونه كه هیچ گوته‌یه‌ك له خۆی هه‌ڵناگرێت، وه‌لێ ئه‌گه‌ر هه‌ركات كاك ئارام سدیق حه‌زی كرد و ویستی ئه‌وه ئاماده‌یی ئه‌وه‌م ده‌بێت گفوگۆی جددیانه و به‌بێ بڕیاری پێشوه‌خته له‌سه‌ر ئه‌م گوته و له‌م باره‌یه‌وه بكه‌ین، جا چی به نووسین بێت، یان به شێوه‌ی زاره‌كی.
بنووس له گوتارێكی دیكه‌یدا به‌ناونیشانی (درۆ و مۆدێرنه له شیعریی حه‌قیقه‌تی شاراوه) ده‌نووسێت: ” له‌نێو دونیای مۆدێرندا هه‌موو شته‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، هه‌ر له په‌یوه‌ندی تاكه‌كانه‌وه تا ده‌گاته هه‌موو ئاسته‌كانی تری په‌یوه‌ندی”(15).
ئایا ئه‌و گوتراوانه قسه‌ی هه‌موو خوێنه‌رێكی شیعری كوردی نین؟ ڕه‌خنه‌گری ڕاسته‌قینه كه‌شفی دونیایه‌كی دیكه‌مان بۆ ده‌كات له‌ناو كۆنتێكسته شیعرییه‌كاندا، كه خوێنه‌ری ئاسایی دركی پێناكات. ئه‌گه‌ر هه‌مان ئه‌و گوتراوه میلیانه‌ی له چایخانه‌كاندا له‌باره‌ی شیعره‌وه ده‌گوترێن، بنووسینه‌وه! پرۆسه‌ی نووسین وه‌ك نه‌نووسینه، چونكه شتێك ناگوترێت، شیاوی گوتن بێت؟ بۆیه یه‌كێك له ناسینه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی ڕه‌خنه به‌زمانی میللی ئه‌وه‌یه، كه گوته‌ی ناو گوتاره‌كان له یه‌ك ده‌چن و كۆی گوتاره‌كان یه‌ك قالب و چوارچێوه‌به‌ندی وه‌رده‌گرن و ده‌شێت ناو له‌مجۆره گوتارانه بنێن، گوتاری جۆكهریی.