ده‌وڵه‌ت گوێ له كێ ده‌گرێت؟ … شوان ئه‌حمه‌د باپیر
ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له به‌رچاومانه بریتییه له كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی چه‌ندین ساڵه‌یه، كه بێ چاره وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه، گه‌ر ئاوڕێك له دواوه بده‌ینه‌وه زۆرینه‌ی شته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی پێداویستی ژیاری ڕۆژگاری ئه‌و ڕۆمان گه‌ر وه‌ك خۆشییان مابنه‌وه ئه‌وا هه‌ر باشه له‌وانه كێشه‌ی كاره‌با، كه‌رتی ته‌ندروستی، ئاسایشی خۆراك، كێشه‌ی ئاو، رێگا‌و بان، قه‌یرانی ئابووری. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه ئه‌وه‌یه تۆ ئه‌م هه‌موو كێشه‌یه ڕووت لێبكات كه‌چی به‌ده‌یان كۆنفڕانس و وۆڕك شۆپ سازكراون بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه، كه تێچوویه‌كی زۆریشیان بۆ ته‌رخان ئه‌كرێت و ساڵانه‌ش به سه‌دان توێژینه‌وه بڵاو ئه‌كرێنه‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه له ڕووی پڕاكتیكییه‌وه به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و دۆخه‌ی به‌ر له چه‌ندین ساڵه‌یه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و توێژینهوانی كه ئه‌خرێنه به‌ر باس و گه‌نگه‌شه كردن شتێكی ئه‌وتۆی له دۆخی هه‌نوكه‌یی گۆڕیبێت. واته گه‌وره‌ترین خزمه‌تێك كه ئه‌وان پێشكه‌شی بكه‌ن، ده‌بێت بتوانن دابڕان دروست بكه‌ن له قۆناغه‌كانی پێش خۆیان، به‌ڵام تا ئێستاش ئه‌وه ڕوینه‌داوه ده‌بێت له زووه‌وه كاری بۆ بكرابایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌لایه‌كه‌وه له‌به‌ر خزمه‌تی حزبایه‌تی و له‌لایه‌كی تریشه‌وه له‌به‌ر كه‌م توانایی و پاشخانی زانستی هه‌نگاوی كرداری و پێویستی بۆ نه‌هاوێشتراوه.
ئایا هه‌ر به‌ڕاست پێگه‌ی كه‌سه تایبه‌تمه‌نده‌كان و پسۆره جیاجیاكان له‌و ئاستهدانه كه بتوانێت ئه‌م هه‌رێمه له‌م دۆخه داتهپیویهی ڕزگار بكات و بیگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر ئاستێكی جێگیر. من ئه‌ڵێم به‌ڵێ كه‌سانێكی كه‌م هه‌ن دڵسۆز‌و خاوه‌ن توانایه‌كی باشیشن به‌ڵام ئه‌بێت به‌ها بۆ پێشنیارهكانییان دابندرێت نه‌وه‌ك له‌سه‌ر پێوه‌ری حزبایه‌تی و واسته‌كاری وناسیاوێتی كه‌سه ده‌ست ڕۆیشتووه‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و بایه‌خی شایه‌ن به پێشنیارهكانییان نه‌درێت، چونكه له‌هه‌ر وڵاتێك بایه‌خی كه‌سه زاناكان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرا ئه‌وا چاوه‌ڕوانی دواڕۆژێكی گه‌ش مه‌به بۆ ئێستا و ئایندهی نه‌وه‌كانی ئه‌و وڵاته. مێژووی وڵاتان لێوان لێوه له قه‌یرانگه‌لێكی سیاسی، ئابووری، ململانێی ئاینی و مه‌زهه‌بی ، كۆمه‌ڵایه‌تی، سنور، ته‌ندروستی، خۆراك، ئاو هتد..،
په‌ند وه‌رگرتن له ئه‌زموونی مێژووی وڵاتانیش ده‌چێته چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت( سیاسه‌تی حه‌كیمانه) به‌نموونه له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ساڵی 1933 وڵاته‌كه قه‌یراناویترین ڕۆژه‌كانی خۆی به‌ڕێ ده‌كرد( فڕانكلین دیلانۆر رۆزفێڵد) سیاسه‌تێكی نوێی داڕشت كه به‌پڕۆژه‌ی سیسته‌می نوێ New Deal ناوداره، كه بریتی بوو له پشت به‌ستن به مامۆستایانی زانكۆ، كه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك مامۆستایی زانكۆی له خۆی كۆكردنه‌وه له‌وانه‌ش( ریمۆند مۆلی و تۆكوێل) بوون. ئه‌مانه ڕۆزفێلدیان ڕێنموونی كرد كه كۆمه‌ڵێك چاكسازی بكات له سه‌ر جه‌م بواره‌كاندا، رۆزفێڵد كۆمه‌ڵێك چاك سازی به ئه‌نجام گه‌یاند به شێكی وه‌ك ریفۆڕم وابوو، به‌شه‌كه‌ی تریشی مه‌به‌ستی له یارمه‌تیدان و بوژانه‌وه‌ی وڵات بوو، ئه‌و سیاسه‌ته ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له زاڵبوونی رۆزفێڵد به‌سه‌ر كێشه ئابوورییه‌كان، دواتر ئه‌وه وای له گه‌لی ئه‌مریكی كرد له هه‌رسێ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 1936 -1940- 1944، متمانه بده‌ن به رۆزفێڵد و سه‌ركه‌وتن ده‌سته‌به‌ر بكات.
مه‌به‌ستمه بێژم كه ئایا حكومه‌تی ئێمه و په‌رله‌مان، گه‌ر گوێی به داخوازییه‌كانی ئه‌وانه‌ی كه چه‌ندین ساڵه پڕ به‌قورگی خۆیان هاوار ده‌كه‌ن بۆ ڕیفۆرمی ئابووری، وچاكسازی له سێكته‌ری په‌روه‌رده و ته‌ندروستی له بناغهوهو بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی، نه‌هێشتنی خانه‌نشینی نایاسایی و (وه‌زیرو گزیر و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كاره‌كانیان نه‌وه‌ك له هیكڕا ببن به ملیۆنێر)، نه‌هێشتنی پێگه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی خێل( كه مرۆڤ شه‌رم ده‌كات له سه‌ده‌ی 21وه هێشتاش گیرۆده‌ی ده‌ستی ئه‌و كێشه‌یه بێت)، بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ و به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی به‌رووبومی ناوه‌خۆیی و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، كه‌رتی پیشه‌سازی ناوه‌خۆی، ڕێگاو بانه‌كان بدایه، ڕۆژگاری ئه‌وڕۆمان به‌و ڕۆژه ده‌گه‌یشت، بێگومان نه‌خێر.