Skip to Content

بەدەم سەفەری شارانەوە*.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

بەدەم سەفەری شارانەوە*.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 13, 2022 General, Poems

پاریس
بە شانزێ ئەلیزێ دا ئەڕۆیشتم
ژێر هەموو هەنگاوەکانم تەڕ بوون!
شیعرێکی رووخۆشی “ئاراگۆن”م بینی
وەک باران ئەباری

جنێف
لە سیمای هەر کاتژمێرێک ورد ئەبوومەوە
جان جاک رۆسۆ
بە رێزەوە سڵاوی لێ ئەکردم
وام ئەزانی دڵی ئەوە
لە جەستەی زەمەندا لێ ئەدات

دیمەشق
لەسەری هەر کوچەیەکدا
پۆلێک لە پیاوانی پۆلیس و
ژنانی لەشفرۆش وەستابوون
“ئەدۆنیس”م بینی
بە خۆی و دەفتەرێکی رەساسی شیعرەوە
سەر بەرەو ژوور هەڵدەهات

ئیستامبۆڵ
گۆرانییەکی ئەحمەد کایا و
شیعرێکی “نازم حیکمەت”م بینی
هەردووکیان ببوونە
دەستە خوشکی ناو زیندان
ئۆرهان پاموک
پرچی هەردووکیانی دائەهێنا

بەرلین
ئاگام لێ بوو نیوە شەوێک
برێخت لەسەر مێزێکی سوورباو
نامەیەکی بۆ مارکس ئەنووسی
لە نامەکەدا نوسیبووی
هاوڕێ ناکامەکەم
تارماییەکەت هێشتا
ئاسمانی ئەوروپای دانەپۆشیوە

تاران
بە بەرچاوی سوهرابەوە
ئاوەکان لێڵ لێڵ کران
شاملۆ شیعری بیر چوو بووەوە و
لەسەر خیابانەکان
دەرۆزەی ئەکرد بۆ لەتێک نان

بەغداد
لە ئەبونەواس، جەواهیری
بە گوێی “رەسافی”دا ئەچرپاند
ئیدی بۆ لەمەولا ئەبێت
شیعرەکانمان عەمامە لەسەر بکەن
هادی عەلەوی
لەولاوە دایە پڕمەی گریان

رۆما
مێژوویەکم بینی
پەیکەر ئەیگێڕایەوە
فڵچەکەی “داڤینشی”یش
سڵاوی لە موسافیرەکان ئەکرد
لە نازی هەر کچێکدا
خەندەیەکی مۆنالیزایی ئەدرەوشایەوە

ئەمستردام
سندووقێکی پرتەقاڵیم دۆزییەوە
گوێیە بڕاوەکانی ڤان کوخی تیا بوو
لەگەڵ نامەیەکی پڕ فرمێسک
بۆ تیۆی برای

کۆڵن
نیتچە لە کەنار رووباری راین
گوێی لە موزیکی ڤاگنەر ئەگرت
بەدەم جگەرەکێشانەوە ئەیووت
“تف بە ئاڕاستەی بادا مەکەن” -1-
ئینجا بردیان بۆ شێتخانە

کۆپنهاگن
“نیلس هاو”م بینی
بە بەلەم ئەپەڕییەوە بۆ مالمۆ
گوێم لێ بوو
شیعری بۆ دەریا ئەخوێندەوە و
بە ماسییەکانی ئەوت
“شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە” -2-

ستۆکهۆڵم
ستریندبێرگ خەریکی
نووسینی شانۆنامە بوو
جانتایەکی بەدەستەوە بوو
بەرەو پاریس خۆی کۆکردبووەوە
لەوێ کەوتە دۆزەخەوە -3-

قاهیرە
میقداد بەدرخان
لە مۆزەخانەکاندا بەدوای خۆیدا ئەگەڕا
تەنیا هەر ئەو بەشەی لە خۆی دەست کەوتەوە
کە ناوی رۆژنامەی کوردستان بوو

نیویۆرک
هێشتا رێم نەکەوتۆتە ئەوێ
ئەگەر کاتم هەبوو بچم
لە تەنیشت پەیکەری ئازادییەوە
پەڕۆیەکی سپی
بۆ ئابڕووی ئەمەریکا هەڵدەکەم

هەولێر
دێوانەیەکم بینی لای مەچکۆوە
پێموابوو سوکراتە و رێی بزر کردووە
وەختێک لێی چوومە پێشەوە
وتم ئەو شێتە جوانەم دیوە
وا بزانم ناوی فەرهاد پیرباڵە

ئەڵمانیا – بیلەفێڵد

17-9-2017

*باس لەو شارانەیە کە رۆژێک لە رۆژان رێم تێیان کەوتووە، جگە لە نیویۆرک کە هێشتا ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە بۆی بچم.

پەڕاوێز:
1- ئەو دێرەی ناوی کەوانەکە وتەی نیتچە خۆیەتی.
2- ناونیشانی کتێبێکی شاعیری دانیمارکی نیلس هاوە.
3- ستریندبێرگ رۆژانی ژیانی لە پاریس بە دۆزەخ پێناسە کردووە، کە دواتر لە توێی رۆمانێکدا هەر بە ناوی “دۆزەخ” ئەو رۆژانەی یادداشت کرد.

Previous
Next
Kurdish