دەوڵەتی کوردی و دیباتی نێوان کۆمۆنیزم و ناسیونالیزم! … سامان کەریم
لەم دووایی یانەدا و لە ماوەیەکی کورتدا، ژمارەیەکی هێجگار زۆر و فراوان لە نووسین و ووتار و چاوپێکەوتن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی لە پێگە و ماڵپەڕ و بڵاوکراوە و کەناڵە ئاسمانیەکاندا بڵاوکراونەتەوە لە سەر پرسی ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق، “ڕیفراندۆمی 25.09.2017 ی بارزانی” چ لە لایەن لایەنگران یان نەیارانی ئەم سیاسەتەوە. لە نوسەران و ڕابەرانی نێو بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی خۆمانەوە بە هەر سێ چوار حزبەکەیەوە بگرە تا دەگاتە ئاغای عبداللەی موهتەدی و بەڕێزان سەمیر ئەمین و مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و نێچیرەڤان بارزانی و محمود محەمەد و مەلابەختیار و شاسوار عەبدولواحید وهێنری لیڤی و…. لیستێکی درێژ. ئەوەندەی پێم کرا، خوێندمەوە و گوێم بۆ شلکردن بە هەر سێ زمانی فارسی و کوردی و عەرەبی. تەواوی ئەو نووسراو وچاوپێکەوتنانەی کە لە نێو بزوتنەوەکەماندا پیادەکراوە و نووسراوە، خوێندمەوە و گوێمگرتەوە لێیان و سەرنجم دانەوە.
لە نێوان مان ونەمانی کێشە نەتەوەیی یەکاندا
لە نێو هەردوو بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و کۆمۆنیستی، باسێکم نەدی کە ڕۆشنی بکاتەوە چۆن کوردستان دوای جیابوونەوە لەم هەلومەرجەدا، ووڵاتێکی ئارام دەبێت ودوور دەبێت لە کێشەی نەتەوەیی. چۆن بەهۆی سەربەخۆیی کوردوستانەوە دەگەینە “ئاشتەوایی نەتەوەیی”؟!. لە هیچ ووتارێکدا، کە دووا ووتاریان لە بزووتنەوەی ئێمەدا تا نوسینی ئەم باسە ووتاری هاوڕێی خۆشەویست خەسرەو سایەیە “ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کام سیاسەتی کۆمۆنیستی. وەڵامێک بە هاورێ سامان کەریم” ، نەمخوێندەوە و نەم بیست کە چۆن کوردوستانێکی سەربەخۆ دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کۆسپەکان و” کێشەی کورد بێ ستەمی نەتەوەیی، چونکە ئەم ستەمە نەماوە” چارەسەردەکات. وە چۆن دەکرێت ئەم کۆسپانە چارەسەر بکات کە لە نوسین یان چاوپێکەوتنی چەند هاوڕێدا هاتووە. منیش هاوڕام کە ئەوکێشانە هەن، بەڵام باس لە چارەسەرکردنیەتی بەهۆی سەربەخۆیی یەوە. چەند نموونەیەک لە وانە : “مهسهلهیهک که له پهیوهند بهدهوڵهتی عێراق وفیدراڵیزمێکی قهومی و دابهشبوونه تایهفهگهریه دینیهکانهوه، کێشمهکێشی نێوان ناسیونالیزمی کورد و عهرهبی لهحالهتێکی تهقلیدیهوه گۆڕیوه بۆ زهلکاوێک لهتهفرهقهی قهومی که ههردوولا لهسهر حسابی ژیان و ئارامی کۆمهڵایهتی خهڵک لهسهری دهلهوهڕێن.” سەربەخۆیی کوردوستان دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی تازە لە خەباتی چینایەتی نێوان چینی کرێکاری کوردوستان و بورژوایی کورد بەبێ هیچ بیانوویەکی چەوساندنەوەی نەتەوەیی (بڕیار بوو ستەمی نەتەوەیی نەمابێت) یا هەر بیانوویەکی دیکە” (تەئکیدەکە و کەوانەکەی ناوەوە هی منە)!! یان “لە ئەنجامدا تەنیا گەڕانەوە بۆ ڕەئی ڕاستەوخۆی خەڵکی کوردوستان لە ڕیفراندۆمێکی ئازادا دەتوانێت کۆتایی بێنێت بەو مەسەلەیەی بۆتە بناغەی کێشمەکێش و جەنگ و ململانێ ونیفاق و دابەشکردنی خەڵکی هاوچارەنووس”، ” دەسەڵاتی کورد بە ئاسانی بە سازکردنی هەرا لەسەر مەسەلەیەکی قەومی وەکو هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، مادەی ١٤٠ی دەستور و بەشی کورد لە دەسەڵات و داهات، ڕووی خەڵکی بەدەنگهاتوو لە دژی خۆیان وەردەگێڕن بەرەو بەغدا و لە پشتی سیاسەتەکانی خۆیان هەڵیاندەخڕێنن. ئەوەندە بەسە کە وای نیشانبدەن جارێ شەڕ لەسەر بەشی کوردە لە عێراق”…. کێشەکان هەموو ڕاستن و لەوە زیاترن و لە ژماردن نایەن. بەڵام بڕیار نیە سیاسەتی کۆمۆنیستی دووبارە نوسینەوەی کێشەکان بێت. گوێگرتن لە هەواڵەکانی ڕۆژانە بەسە بۆ ئەوەی هەموو کەس بزانیت کە کێشەکان چین، سیاسەتی کۆمۆنیستی دەبێت بە شێوەیەکی مەلموس و کۆنکرێت نیشانی بدات کە ئەو کێشە نەتەوەیی یانە بەهۆی سەربەخۆیی یەوە لەم سەردەمەدا( نەک هەموو کات) نامێنن. کۆمۆنیزم “زانستی ڕزگاری کرێکارە” بە قەولی ئەنگلس. کەواتە بۆخەڵک و کرێکارانی ڕۆشن بکەنەوە کە چۆن ئەو کارە مەیسەر دەبێت لەم قۆناغەدا؟! لەم بارەوە وەڵامێک نیە. هەموو ئەو حزبانە و هاوڕێیان دەبێت بۆ خەڵکی ڕۆشن بکەنەوە کە دوای ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، ئیتر ناسیۆنالیزمی کورد و حزب و دەسەڵاتەکەی ناتوانێت ناوی کورد و کێشەی کورد بەکار بەرێت و جەنگ بەناوی کوردەوە بکات!!! ئەمە لە خەیاڵیش کەمترە، بە ڵام لە ناو باسی هاوڕێیاندا بە ڕۆشنی دەیبینین. یان لایەنی کەم ئەو پڕوپاگەندانە زەمینەی نامێنێت!!.
باسی سەرەکی بۆ ئەوەی کە سیاسەتی کۆمۆنیستی لە ناسیونالستی جیابکاتەوە لە هەنگاوی یەکەمیدا ئەوەیە کە پیشان بدرێت بە هۆی ئەم ڕیفراندۆمەوە(ڕیفراندۆمی ٢٥.٩) ئەم کێشانە چارەسەر دەبن. کێشەی نەتەوەیی نامێنیت. نموونەیەکی سادە، هەرکەس و هەر هاوڕێیەک پێی وایە کە ئەم ڕیفراندۆمە دیاریکراوەی بەردەممان دەبێتە هۆی چارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان، دەبێت نیشانی بدات چۆن وە بەکام ڕێگا؟ ئەگەر ڕیفراندۆم ئەو ناوچانەی نەگرتەوە ئەو سیاسەتە چی بەسەر دێت؟! ئایا ئەگەر بەشێکی گرتەوە و بەشێکی دیکەی مایەوە چی؟! چونکە ئەگەر لەم ناوچانە یان لە بەشێکی دا ڕیفراندۆم نەکرێت ئەوە ئیتر هەموو ئەوباسانەی هاوڕێیان سەبارەت بە چارەسەری کێشەی نەتەوەیی، دەچێت بەهەوادا… تازە ئەمە یەک خاڵە. وەڵامی ئەمە ئەوە نیە کە کاک مەسعود ووتویەتی دەکرێت، وەڵامی کۆمۆنیستەکان چیە؟! ئەگەر نەکرا چی؟١ نەک وەک لێکدانەوەکەی هاوڕێی ئازیزم خەسرەو کە باسی ئاڵوگۆری سیاسەتی خۆیان دەکات لە نێوان دوو بەیاننامە جیاوازەکەیاندا، هەموو ئاڵوگۆڕەکان دەباتەوە سەر ئەوەی کە ئاڵوگۆڕ لە قسەی بارزانیدا ڕوویداوە!!!!. ئەوە لێکدانەوەی بابەتی نیە چ جا کۆمۆنیستی. من نازانم لە کەیەوە کۆمۆنیستەکان بە پێی قسەی بارزانی سیاسەتیان گۆڕیوە و، بارزانی بۆتە جێگای باوەڕمان. ئەوە دەبێت هاوڕێ خەسرەو وەڵامی بداتەوە. تاکاتێک ئەوە وەڵامێکی ڕۆشن وەرنەگرێتەوە، ئەم سیاسەتە سیاسەتێکی ناسیونالیستی و سەربەخۆخوازانەیە و پەیوەندی نامێنیت بە بەرژەوەندی خەڵک و کرێکارەوە. بە تایبەت کە کێشەی نەتەوەیی لەمڕۆدا و لە کوردوستانی عێراقدا سەرەڕای ئەوەی بوونی هەیە، بەڵام بەبێ پایەی ستەمی نەتەوەیی. کە نەبوونی ئەم ستەمە دەبێت وا لە کۆمۆنیستەکانی سەردەمی ئێمە بکات کە زیاتر وە بەهەستیاریی یەکی ووردتری ئەنتەرناشیونالی وکۆمۆنیستی یەوە سەرنج بدەینە ئەم باسە. بە مانایەکی دیکە باسەکەی ئێمە لە چوارچێوەی باسەکانی لینین و مەنصور حیکمەتدا سەرەڕای ئەوەی کە پاشخانەیەکی فکری وسیاسی گەورە و گرینگن، لێک نادرێتەوە، چونکە باسی سەرەکی ئەوان بوونی ستەمی نەتەوەیی یە. بەکورتی وەلامێک لە نێو هەموو ئەو باسانەدا نیە لەمبارەیەوە.
لە نێو بەرەی بورژواییدا و بەتایبەت لە نێو پارتی دیموکراتدا دەکرێت ووتەی کاک مەسرور بارزانی بهێنینەوە لە سالۆنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکی دا “مافى چارەى خۆنوسینى کورد دەبێتەهۆى خۆشگوزەرانى و گەشەسەندن و سەقامگیرى. http://www.nrttv.com/Rifrandom/detail.aspx?Jimare=79362 ٢٧.٧.٢٠١٧” هەروەها “ئێمە رێگەی جودامان لەگەڵ عێراق هەڵبژاردووە کە دیموکراسیە و بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا کێشەکانمانی پێ چارە بکەین کە ئێمە دڵنیایمان هەبێ لە جیهاندا بۆیە دەبێ ریفراندۆم ئەنجامبدرێ و ئەنجامەکەیشی دەبێتە بنەمای گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا.٢٨.٧.٢٠١٧(هێلی تەئکید هی منە. کاکە ڕیفراندۆمی دەوێت بۆ گفتووگۆ، نەک بۆ سەربەخۆیی. سەرنجی وورد بدەن لە قسەکانی بارزانی.http://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=101996 ).
هەروەها فەیلەسوفی نۆکەری ناتۆ و ئەمریکا و ئەندازیارێکی هێرشی ناتۆ بۆسەر لیبیا دەڵێت؛ “دواجار و پێچەوانەی بۆچوونی نەیارانی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان؛ ئەو سەربەخۆیی یە و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هۆکاری سەرەکی ئاشتی و سەقامگیریی یە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.(فەیلەسوفی فەرەنسی :بیردنارد هێنری لیڤی- وەرگێرانی عەلی بداغی/ http://www.kurdistanukurd.com/?p=23840).
لێرەشدا و لەم بەرەیەشدا پێمان ناڵێن چۆن ئەو کارە مەیسەر دەبێت. مەگەر جەنابی فەیلەسوف پێش کاولکردنی لیبیا و “شۆڕشی ناتۆ” هەمان پەیمانی ئاشتی و دیموکراسی نەدا بە خەڵکی لیبیا؟! وبەشیک لە کۆمۆنیزمە کڕیکاریەکانیشی لەگەڵ بوو!!. کاک مەسرور دەڵێت “دەبێتە هۆی خوشگوزەرانی و …..سەقامگیری” بەڵام چۆن و بەکام پێوانە و دەلیل “واز لە خۆشگوزەرانی بێنە” دەبێتە هۆی سەقامگیری ؟ هیچ دیار نیە. ئەم پرۆسەیەش پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەهەمان شێوە بە لیبیایکردنی ناوچەکەیە بە کوردوستانیشەوە. کەسێک لەمە نەگات وا دیارە مێژووی ئەمریکای لە بیر چۆتەوە، هیرۆشیما و عێراق و ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ و تەنانەت باسەکانی مەنصور حیکمەتی لەسەر موهەتدی لە بیر کردووە. بە لیبیایکردنی ناوچەکەیە جا لەوانەیە کوردوستانیش سەربەخۆ بێت، بەڵام ئەمە چ پەیوەندی بە سیاسەتی کۆمۆنیستیەوە هەیە؟!. لەناو شین و واوەیلای نەتەوەکانی دیکەدا، لەجەرگەی گریمانەی خوڵقاندنی سیناریۆیەکی مەترسیدار لە ئێران و سوریا و تەنانەت تورکیادا، لە تۆپکی بێ ئیرادەیی خەڵک و ترس لە جەنگ و برسێتی و ئاوارەیی دا، سەربەخۆیی کوردوستان تەنها بە باڵای ناسیونالیزمی کورد دەبڕێت.
بۆ ئەوەی ڕۆشنتر بێت دەبێت هاوڕێیان پێمان بلێن کە سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی 25.09 لایەنی کەم کێشە نەتەوایەتیەکان چارەسەر دەکات. بۆمان ڕۆشن بکەنەوە، ئەگەر نا ووتنەوەی کێشەکان سوودی نیە. پێمان بڵێن بەپێی کام فاکت و بنەما و سیاسەت لەناوچە جێناکۆکەکان ڕیفراندۆم دەکرێت؟! ئەگەر نەکرا چی؟! پێمان بڵین لەسەر بردنی نەوتی کەرکوک کێشە دروست نابێت و ئیتر دەسەڵاتدارانی کورد بە ناوی کێشەی کوردەوە ناتوانن خەڵکی کوردوستان بە لاڕێدا بەرن؟! ئەگەر وەڵام هەیە زۆر باشە. ئەگەر نیە هەموو باسەکان و سیاسەتێک کە گیراوەتە بەر بێ ناوەرۆک دەبێت و ئەو باسەش مایە پوچ دەبێت کە دەڵێت ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆی”ڕۆشن بوونەوەی خەباتی چینایەتی لە کوردوستان”.
بەڵام گریمان من هەڵەم و هاوڕێیان ڕاستی دەڵێن و سیاسەتی حزبمان لە کوردوستان سیاسەتێکی کۆمۆنیستی یە و دەبێت بڕۆین و دەنگ بدەین و بڵێین “بەڵێ”. گریمان ئەوە ڕاستە. بەڵام ئەگەر هەموو باسی هاوڕێیان ڕاست بێت و هەموو کێشە نەتەوەیی یەکان چارەسەر بکرێن و بگەینە “ئاشتەوایی نەتەوەیی” بە قەولی لینین، هێشتا ئەمە خالێکە و مومکنە لە هەلومەرجێکی ئاسایی مێژوویدا هەموو خاڵەکان بێت، بەلام بە موتڵەقی لە هەلومەرجی ئەمرۆ و ئەم سەردەمەدا، تەنها یەک خاڵە. خاڵێکی دیکەی کۆمۆنیستەکان و گرنگتر لە خاڵی یەکەم، بەرژوەندی چینایەتی کرێکارە لە ئاستی ئەنتەرناشیونالیدا، کە لەم هەلومەرجە مێژوویی یە و لەم کێشە دیاریکراوەدا، زیاتر زەق دەبێتەوە و ئەولەویەتیەکی زیاتر پەیدا دەکات. بۆ ئەم باسە دیسان وە جارێکی دیکە، ئەگەرچی بە شێوازێکی جیاواز پێویستە باس لە قۆناغی ئێستا و ئەو ئامانج و ئیستراتیژە بکەینەوە کە سیاسەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی تیایدا هاتۆتە پێشەوە. ئەم سیاسەتە لە دوورگەی دوور لە ڕووداوەکانی ناوچەکە ناتوانێت هەبێت و بەشێکی لێک هەڵپێکراوی تەواوی کێشەکانی ناوچەکەیە. باسەکە بەوە تەواو نابێت کە بڵێین “دوای داعش” چونکە یەکەم داعش تەواو نەبووە و لەسەر دەستی بورژوازی داعش تەواو نابێت “ناوی داعش ناڵێم”. وە دووەم : پڕۆژەی داعش خۆی بەشێک بووە لە خوڵقاندنی ئەم هەلومەرجە.
ئەنتەرناشیۆنالیزم یان ناسیۆنالیزم
سیاسەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی سیاسەتێکی لۆکەڵی نێوخۆی عێراق یان کوردوستانی عێراق نیە. بەشێکە لە ئامانجێکی گەورەتری ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکە. سیاسەتێکی ماکرۆو بەشیک لە ئێستراتیژی ئەمڕۆی ئەمریکایە بۆ چارەسەی کێشە بناغەییەکانی بورژوایی جیهانی، دروست وەک کێشەی ئێستای کوریا. ئەم سیاسەتە بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی پێگەی ئەمریکا و دەرپەڕندانی مونافسەکانی ڕوسیا و چین لە ناوچەکەدا لە ڕیگای لاوازکردن و پەڕوباڵکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. ئەمە تاکەی درێژەی دەبێت رۆشن نیە لە ئێستادا. هەمان ناوەرۆکی سیاسەتی ئەمریکی ساڵی ١٩٩١ لە جەنگی کەندا و “ڕزگارکردنی کوەیت” دیارە ئەوکات ئامانجەکەی هەم جیاواز و هەم گەورەتر بوو. ئەمریکا مونافسی نەبوو. ڕوسیا و چین نەبوون و ئێرانیش هێز نەبوو لە ئاستی ناوچەکەدا.
بۆ ئەم ئامانجە، لە سەرەتاوە داعش دەبێتە پرۆژەیەکی سیاسی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا. پاش سەرنەکەوتنی ئەم پڕۆژەیە “ئەگەرچی لە سەرەتاوە کۆمەلێک ئامانجی پێکا”، ئەمرۆ مەسەلەی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بۆ ئەمریکا هێجگار بۆتە مەسەلەیەکی گرینگ. بڕیار بوو دەوڵەتی سوننی داعشی لەپال دەوڵەتی کوردی دا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دابین بکەن لە پاڵ ئیسڕائیلدا. ئەمە دوای سەرنەکەوتنی پرۆژەی داعش ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا هاتووە. گرینگیپێدانی مەسەلەی کورد بۆ ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکەدا زۆر زیاتر چۆتەسەر. سەیری دوومستەفاکە و دوو دیموکراتەکەی ئێران و ئاغای چەلەبی ئێران “موهەتدی” بکەن لە کوردوستانی ئێران. هەروەها پەیوەندی و کۆمەکی ئەمریکا بۆ پەیەدە ڕۆشنە و سەرنج بدەنە پڕۆژەی فیدرالیزمی ئەم حزبە لە سوریا، کە بەهۆی بوونی ژن و جەنگاوەرانی ژنەوە لە ڕیزەکانیاندا زۆر هاوڕی پێیان وابوو ئەم هێزە ناسیونالیست نیە. لەلایەکی دیکەوە دوای سەرنەکەوتنی پڕۆژەی داعش ڕۆلی تورکیا و قەتەر بەشێوەیەکی بەرچاو لە کۆی سیاسەتی ئەمریکی دا هاتۆتە خوارەوە “ئەگەرچی لەم قۆناغە ئینتقالیەدا، ئالۆگۆڕ لە سیاسەتی ئەم ووڵاتانەدا، عادەتە و ئاسایی یە”.
لەم چوارچێوەیەدا پرۆژەی ڕیفراندۆمی بارزانی و پرۆژەی بەرەی کوردوستانی ئێران و کوڕەکەی قازی و موهەتدی و هەردوو دیموکرات و گیان بەبەراکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەمسەری ڕاستی شاهنشاخوازیەوە تادەگاتەوە ڕەجەوی و نەتەوەییەکان و ڕیزێکی فراوانی نێو چەپی ئێران، هەروەها دووبارە سەرهەڵدانەوەی پڕوپاگەندە و سیاسەتی “ئەسەد هیچ دەورێکی نیە لە ئایندەی سوریا” لەلایەن سعودیەوە، سزا تازەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و قسەکردن لەسەر هەڵوەشانەوەی “ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و پێنج بە زیادەی یەک” (سەرەڕای ئەوەی کە ئەم کارە بۆ ئەمریکا هێجگار سەختە لە ئێستادا)، نانەوەی جەنگ و شەڕ لەسەر سنوری نێوان عێراق و سوریا و، پرۆژەی تازەی کاک شاسوار عەبدولواحد “جوڵانەوەی نەخێر” (بە ووتارێک یا گرتەیەکی ڤیدیویی جیاواز لەسەر ئەم بابەتەی شاسوار قسەدەکەم)، سزاکانی ئەمریکا بەسەر ڕوسیادا… هەموو ئەوانە پێکەوە بە ئیزافەی کۆی هەلومەرجی ناوچەکە و ململانێی توندی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا بە تایبەت … لە دووتۆیی یەک ئامانج و سیاسەتدا دەچیتە پێشەوە بۆ ئابڵوقەدانی ئێران و ڕوسیا و بۆ دوورخستنەوەی ڕوسیا و لاوازکردنی پێگەکەی لە ناوچەکەدا. هاوکات بۆ پچڕاندنی پەیوەندی زەمینی نێوان ئێران و سوریا و و بەم پێیە تێشکاندنی هیوای ئێران و پاشان چین بۆ گەیشتن بە دەریای سپی (ئەگەرچی دەوڵەتی کوردی ئەم کارە بەتەواوی مسۆگەر ناکات بەلام زۆر سەختی دەکات بۆ ئیران) و هەروەها کۆتایی هێنان بە خەونی ناردنی نەوت و گازی ئیران لە ڕێگای بۆریی یەوە بۆ دەریای ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا. ئێران هەر ئێستا خەریکی دانانی ئەلتەرناتیڤی خۆیەتی و هەم هوشیاری دەدات لە دژی ڕیفراندۆم. هەفتەی پێشوو وەزیری نەوتی ئێران و عێراق لە تەهران ڕیکەوتن لەسەر ناردنی نەوتی کەرکوک و نەفتخانەی خانەقین لە ڕیگای بۆریی یەوە بۆ ئێران بۆ پاکردنەوە و جیاکردنەوەی بەشەکانی “تکریر”. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە ڕیفراندۆم وسیاسەتی سەربەخۆیی تێبگەین.
لەگەڵ شایی کوردەکانی عێراقدا، ئێمە خەریکی تەعزەیە و کوێرەوری و مەینەتی کوردەکانی ئێران و خەڵکی ئێران دەبین لە سایەی چەلەبی و عەلاوی و بارزانیەکانی ئێراندا. لایەنی کەم ئەم سیاسەتە ڕۆشنە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڕێیان نوسینی دروست و سیاسەتی مارکسیستیان نیشان داوە، لەسەر تێکچونی هەلومەرجی ئێران و مەترسیەکانی ئەم دۆخە. بەڵام کۆسپەکە ئەوەیە کە بێ پەیوەند بە هەلومەرجی کوردوستان و پیادەکردنی ڕیفراندۆمەوە، باس دەکرێت. وەک ئەوەی ڕیفراندۆم و هەلومەرجی ئێران لە دوو هەسارەی جیاوازبن. هەروەها خەریکی شەڕو توندبوونەوەی کێشەی قەومی دەبین لە سوریا و تورکیادا. هەر ئێستا لە سوریا دا کێشەکە بەرەو توندبوونەوە کشاوە. بەهەمان شێوەی ١٩٩١، ئەوکات لەسایەی شایی ولۆغانی دەسەڵاتگرتنی ناسیونالیزمی کورددا کە ئێمەش کەم تا زۆر بەشداربووین، خەڵکی عێراق غەرقی تاریکی و کوشتن و جەنگێکی خوێناوی بوو.
ئەمڕۆش هەمان سیناریۆیە بەڵام هەلومەرج و هێز هاوسەنگیەکان گۆڕاون و هێجگار مەترسیدارترە. لەم ڕوانگەیەوە بەشداریکردن لە پرۆسەیەکی ئاوەهادا و شایی گێڕان لە کوردوستانی عێراق بۆ سەربەخۆیی، لەسەر کاولکردنی شوێن و ناوچە و ووڵاتەکانی دیکە، پەیوەندی نیە بە کۆمۆنیزمەوە بەڵکو ناسیونالیزمە. ئەمە زەربەیەکی دیکەی کوشندە دەدات لە خەباتی کرێکاری و هاوچارەنوسی چینایەتی لە گشت ناوچەکەدا. ئەمرۆ پاش نزیکەی سی ساڵ بەسەر جەنگی کەنداوی ئەمریکادا، ئیتر سیاسەتێکی ئاوەها کاریکاتێرە یان لەوە خراپترە. لە هەلومەرج و واقعیەتیكی دیکەدا، کە لەجیاتی یەک زلهێز چەندین زلهێز کێشەو ململانێێ توند و شەڕیانە لە ناوچەکەدا. کۆمۆنیستەکان لە هەلومەرجێکی وەهادا ڕێگای سێهەمیان هەیە. هەر ڕێگایەک بۆ کەوتنە نێو بەرەیەکەوە هوشیارانە یان ناهوشیارانە، ڕاستەوخۆ بە دژی سیاسەتی کۆمۆنیستی و ئەنتەرناشیونالی تەواو دەبیت. لینین ١٠٠ ساڵ لەمەوبە ڕابەت شۆڕشی کرد، نەچوە پاڵ هیچ لایەکی جەنگی یەکەمی جیهانیەوە، بەڵکو بێ رەحمانە خەباتی سیاسی و تیوری لە دواجاردا ڕابەری شۆڕشی کردو ڕیگای سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری گرتە بەر. هەلومەرجەکە زۆر جیاوازەو، بزوتنەوەو حزبەکانی ئێمەش لاواز، بەلام ڕیگای سێهەم هەیە، ئەویش لایەنی کەم ئەوەیە کە بەشیک نەبین لەسایەتی ئەمریکا وئاشوب وفەوزایەک ناوچەی گەورە، کە ناوەرۆکەکەی تێکچونی هەلو،مەرجی ناوچەکە دەبێت بە ئاقارێکی ترسناکی توندبونەوەی کێشە نەتەوەییەکان و شەڕی لەسەر شوناسی نەتەوە… ئەمە مەترسیە دەبێت بەوردی کاری لەسەر بکریت و پێشی پیبگیریت. نەک ببینە بەشێکی. وەک چەند جار وتومە لەهەردوولای ” نەخیر”و ” بەڵی” بزوتنەوەی ئێمە لەم هەلومەرجە دەستکەوتیك بەدەست ناهێنیت. بەلام مەسەلەکە ئەوەیە کە دەبینە بەشیک لە قوڵبونەوەی کێشە نەتەوەییەکانی ناوچەکەو پرۆژەی جارەسەرکردنی کیشەکانی بورژوایی جیهانی، بەرژوەندییەکانی ئەمریکا؟! دەبێت نەبین. بەبروای من کات درەنگەو دەبێت فریا کەوین.
هاوڕییان خۆیان نادەن لە هیچ لێکدانەوەیەکی سیاسی لەهەلومەرجی ئەمڕۆدا. زۆریان هەر راستەوخۆ دەلین “لە 20 ساڵ” لەمەوپێشەوە دەبوایە ئەمکارەمان بکردایە. زۆربەیان 1995 بۆتە پایە بۆیان، کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێستاوە نیە و دوو هەلومەرجی تەواو جیاوازە. لەم تەوەرەیەدا پێویستە هاوڕێیان بیسەلمێنن وە نیشانی بدەن کە کوردوستانی عێراق دوورگەیەکی دوورە و پەیوەندی نیە بە ئاڵوگۆڕ و جەنگ و کێشەکانی ناوچەکەوە، پەیوەندی نیە بە چارەسەرکردنی کیشە پاییەکانی بورژوایی جیهانیەوە. پێویستە لەسەریان نیشانی بدەن کە ڕوودا و سیاسەتەکان بێ پەیوەندن.
دەڵێم هێشتا ڕێگا ماوە لە ڕێگای ڕەخنەیەکی کۆمۆنیستی یەوە خۆمان ڕزگار بکەین لەم سیاسەتەی حزبمان لە کوردوستان گرتویەتیە بەر، ئەگەر ئەوە ناکرێت، دەکرێت بەڕۆشنی بڵێین کاتی دیاریکردنی دەولەتی سەربەخۆ بەسراوەتەوە بە گفتوگۆوە، ئەگەر ئەوەش بەدروست نازانن، ئەوەندە بەسە بڵێین لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕیفراندۆم ناکریت بۆیە ئێمە سیاسەتێکی دیکە دەگرینە بەر. کە ئەم خاڵە لە پرینسیبەکانی بەیاننامەی حزبمان هاتووە لە کوردوستاندا. وە ڕێگەی دیکەش زۆرە.
چەند سەرنجێکی جیاواز و خێرا
یەکەم: تێڕاونینی عەجایب و بۆچوونی دور لە واقیع دەبینین لە لێکدانەوەی هاوڕێیاندا، تا ئەو ئاستەی دەگاتە ئەوەی کە “ڕیفراندۆم یەک جار ئەنجام دەدرێت”. بۆ شۆرشی کرێکاریش ئەم “یەک جارییە” دروست نیە چ جا بگات بە ڕیفراندۆم. لە کیوبیک لە کەنەدا تا ئێستا دوو جار کراوە و خەریکی جاری سێهەمن. لە ئوسکۆتلەند جارێک کراوە و پەرلەمانەکەی بڕیاری جاری دووەمی داوە… باسی ئەوەی کە “ڕیفراندۆم یەک جار دەکرێت” زۆر دوورە لە ڕاستیەوە. باس باسی هێز و هاوسەنگی هێزە. ئەگەر هێز هەبیت هەموو چەند ساڵ جارێک دەکرێت پیادە بکرێت. ئەم تێڕوانینە، بڕیاری داوە کۆمۆنیزم هەر بێهێز بێت، خۆی فرسەت نەخولقێنیت، هەرلاواز بێت. تازە باسی ڕیفراندۆمیشە، کە باسێکی تاکتیکیە و لەوانەیە زۆر بەرەنگاری و کێشەی لەسەر نەبێت بە بەراورد لە گەڵ شۆرشی کرێکاری یان بە گشتی لەگەڵ هەر شۆرشێکی جەماوەری دا. یان تیڕوانین و بانگەوازێکە بە خەڵک دەڵێت خیرا کەن و هەر ئەم فرسەتەیە، ئەگەر نا ئیتر، ڕیفراندۆم نابیننەوە!!. بانگەوازێکی نابابەتی و دوور لە ڕاستی بۆ ڕاکێشانی خەڵک.
دووەم: تێڕوانینێکی دیکە ئەو دابەشکردنەیە بەسەر مانەوە و جیابوونەوەدا. ئەوە دروستە کە ریفراندۆم بۆ ئەم پرسیارە دەکرێت. بەلام ئەمە ژیانی کۆمەڵایەتیە و ماتماتیک نیە، تازە ماتماتیکیش بوارێکی تێدایە. لە هەردوو بارەکەیدا دەکرێت ژیان باشتر بێت یان خۆشتر بێت ئەوە پەیوەندی بە هێزەوە هەیە. ئەگەر بزووتنەوەی کرێکاری و حزبەکەی بەهێز بن لە هەردوو بارەکەدا دەتوانن کاری خۆیان بکەن و خواستی خۆیان یان بەشێکی بسەپیێنن بەسەر بورژوایدا. ئەمە یاسای بزووتنەوەی مێژووە. بەڵام لە زۆربەی نوسینەکاندا ئەمجارە لە هەردوو بەرەی کۆمۆنیستی و بورژواییدا ئەوە چەندین بار زەق دەکرێتەوە کە لەژێر سایەی فیدرالیەت و زام و کێشە و نەفرەتی نەتەوەیی، یان لەسایەی حکومەتی بەغدا کە نان وموچەیان لێبرێن و ماددەی ١٤٠ یان جێبەجینەکرد… ئیتر ژیان ناکرێت، یان جەهەنەم دەبێت لەسایەی “فیدرالیزمی قەومی کۆنەپەرستدا” یان ” لە سایەی ڕێز نەگرتن لە دەستور”… بۆ ئەمبەری وایە و من هاوڕام لە گەڵیدا. بەڵام بۆ ئەوبەریش هەر وایە و ژیان ناکرێت لەسایەی دەسەڵاتی میلیشایی و نەوت بەرو سەرکوتکەردا، ژیان ناکرێت لەسایەی دەوڵەتێکی کوردی کە لە پێشدا مژدەی لە برسا مردن بە دانیشتوانەکەی دەدات، ژیان ناکریت لە سایەی دەولەتێکدا کەبەشێکە لە سیاسەتی بەهێزکردنەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ….. لە سەرەوە ئاماژەم بەوە کرد کە هیچ هاوڕێ یەک ئەوەی نەخستۆتە ڕوو کە کێشەی نەتەوەیی چارەسەر دەکرێت لە ڕیگای ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی یەوە. بەم مانایەش مەسەلەی جەنگ و کێشەی نەتەوەیی لەسەر هەر خاڵێکی سەر سنور کە 1400 کم گریمانەیەکی گەورەیە. ئەمە ئەگەر واز لە دەیان کێشەی دیکە بهێنین، کە هەرئێستا بە بەر چاومانەوە دێت و دەچێت. پێم وایە وەک کۆمۆنیستێک و حزبێکی کۆمۆنیستی پێویستە هەموو لایەنەکان باس بکەین و لێک بدەینەوە و بۆ کرێکاران و خەڵکی ڕۆشن بکەینەوە، بە جیا لەوەی کە لەگەڵ کام سیاسەت و هەڵوێستداین، ئەوە ئەرکێکی ئێمەیە.
سێهەم: “ڕیفراندۆم ئەگەر دەوڵەتیش ڕانەگەیەنێت ئەوا بەرەی ئازادیخوازی دەخاتە بەرانبەرپارتی و یەکێتی”: ئەم بۆچوونە مەترسیدارە لە نێو بزوتنەوەی ئێمەدا. ناسیونالیزمێکی نوستوە. بەسادەیی چونکە سەردەم و هەلومەرجی دیاریکراوو، دیاریکردنی بەرژوەندی چینی کرێکاری لەبەرچاو نیە بەپێی هەلومەرجە جیاوازەکان. گریمان ئێستا ئەم ساسەتە دروستە بەلام بە پێی هەلومەرجێکی دیکە لەوانەیە دروست نەبیت، خۆ ئەمە شۆرشی سۆشیالستی نیە، هەر بلێین ” بەڵێ”. بە بەپێی بەرنامەی حزب بڕیارە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی چینی کریکار لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا بڕیار بدەین. ئەم ڕوانگەیە هیچ ئومێدی بە بزوتنەوەو هیزەکەی خۆی نەماوە کە کاریگەری دابنی لەسەر ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان و بیشکێنێتەوە بە قازانجی چینی کرێکارو هاوسەنگی هێزێکی تازە بەقازانجی کۆمۆنیزم دەستەبەر بکات. تێروانینێکی ئاوەها پێدانی لاپەڕەیەکی سپی واژوو کراوە بە ناسیونالیزم. تێناگات لەوەی کە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی سیاسی بەردەوامە و .. کاتێک کە ناسیونالیزم گرەوی ڕیفراندۆم دەباتەوە ئیتر لایەنی کەم تا چەند ساڵ دەهۆلی کوردایەتی و هەستی نەتەوەیی هەم تیژو بەهیز دەبێت هەم بازرانی دەکاتە باوکی نەتەوەی کورد. ناسیونالیزم و پارتی دەتوانن ١٠ ساڵ لە ژیر ناوی گفتوگۆ لە شەڕ باشترە درێژە بە هەلومەرجی هەلوسراوی سیاسی بدەن سەڕەرای بڕیاری خەڵک، ئەوەنیە کاک مەسرور بارزانی بە ئاشکرا وا دەڵێت، باسی گفتوکردن بە دەنگەکانەوە دەکات. هەمیشە خەڵک شەری پێ باش نیە و بۆیە بارزانی و پارتەکانی دیکەی ناسیونالیزمی کورد دەتوانن دەیان ساڵ ئەم برینە وەکو خۆی بهێڵنەوە بە قازانجی خۆیان و کۆمۆنیزم زیاتر لاواز و لاچەپ بکەن. وەئەمە برەو دەدات بە چاوەڕوانیەکی ناگونجاو. لەمبارەوە فەلەستین نمونەی گەوەرەی یەک سەدەیە، سەڕەرای چەندین بڕیاری جیهانی؟!! تیورییەکی ئاوەها لەوپەڕی خۆیدا بە فەلەستینکردنی کوردوستانە.
چوارەم: لە نێو باسەکانی هاوڕییان و هەروەها سەرانی ناسیونالیزمی کوردا، زۆر باسی سەردەمی دەسەلاتدارێتی بەعس و ستەمی نەتەوایەتی دەکرێت. وەک پایەیەک بۆ حەقیانیەتی باسەکانیان مێژووی ئەوسەردەمە دەهێنرێتەوە. سودی ئەم تیڕوانینە بۆ ناسیونالیزم ودەسەلاتەکەی ڕۆشنە. ئەم بزوتنەوەیە هەموو ڕۆژێک خۆی ئەنفالی ژنان و هیواو خواستی لاوان دەکات بەلام ساڵانە یادی ئەنفالی بەعس دەکاتەوە، ئیتر ئەوە ناسیونالێزم چێتیە. بەلام نەوەی ئەمرۆ لە کوردوستان نەوەیەک کە تەمەتی نزیک بە ٣٥ ساڵ دەبیت ، ئەگەر سالێ ١٩٨٣ بە سالێ لەدایک بون دابنێن و سالێ ١٩٩١ کە بەعس نامێنیت تەمەنی ئەم نەوەیە ٧ساڵ دەبیت. ئەگەر ئەوسالە یان چەند ساڵیک زیاتر یان کەمتر بە بناغە وەرگرین.. ئەوکات دەگەینە ئەوە ئەنجامەی کە زۆربەی خەلكی کوردوستان یان هەموو لاوان و تازە پێگەیشتوو مندالانی کوردوستان لە سایەی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورددا، ژیان و گوزەرانیان کردوەو چەوسانەتەوەو خەباتیان کردوە، نەک لەسایەی دەسەڵاتی بەعسدا. هەر بۆیە خەباتی خەڵكی کوردوستان دژ بە عەبادی و مالکی و بەغدا نەبوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ، دژ بە دەسەڵاتی ناسیونالیزم و بارزانی و یەکێتی بوە. ئەم خاڵە گرینگیەکی زۆری هەیە لە لێکدانەوەی سیاسی دا، کە لەلایەن بزوتنەوەکەمانەوە بۆ مەبەستی سیاسی و نیشاندانی هێزو توندی ستەم و کێشەی نەتەوەیی کەم باس دەکرێت، یان هەر ناکرێت. کێشەی ئەم نەوەیە بەتەواوی جیاوازە لەگەڵ نەوەی ئێمە کە نەوەی ئەنفالو کیمیایی بارانی بەعسین، نەوەی ئیعدام و فراری سەربازی و شەڕی” کوردو عەرەب” ین، نەوەی جینوسایدو تەعریب و تەبعیسین … نەوەی ئەمڕۆ هەم ئاشنا نیە بەو کارەساتانە، وەهەم کاریگەری ڕاستەوخۆی نەبوە بەسەر ژیانیەوە. بۆیە ئامانج و خواستەکانی دەگۆرێت. ئەوان خواستی ژیانێکی خۆشتر و باشتر، دامەزراندن و فرسەتی کار، خزمەتگوزاری و ئازادییەکان … مەسەلەی سەرەکیان بوە لە ماوەی ١٠ساڵی ڕابوردودا، بە خەباتی خۆیان نیشانیان داوە. ئەم نەوەیە هەرگیز باوەڕی بەسەران و ڕابەرانی ناسیونالیزمی کورد نەکردوە سەبارەت بەوەی کە نەبونی ” کارەبا” و “بڕینی موچە”و ” ئازادییە سیاسەکان”، ” گەندەڵی”، پەیوەندی هەبێت بە حکومەتی مەرکەزییەوە. وە ستەمی نەتەوەیی و قەهرو ملهوڕی حکومەتی مەرکەزی چێژ نەکردوە.
پێنجەم: تیڕوانینی “ئەنتی پارتی” ئەم چەمکە لە نێو نووسەرانی بزووتنەوەکەماندا بەشی شێری بەرکەوتووە. ئەمەش تێڕوانینێکی کؤپیکراوی هەمان “ئەنتی یەکێتی” یە. ئەنتی یەکێتی بوون لە نێو بزووتنەوە کۆمۆنیستی و حزبماندا زاڵ بوو لە هەمان کات و سەردەمدا کە بڕیارماندا بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لەساڵی 1995دا…. ئەوکات هەم ڕیفراندۆمی ئێمە و هەم ئەنتی یەکێتی بوون هەردووکیان دروست بوون. بەڵام ئێستا هەردووکیان نادروستن. “ئەنتی یەکێتی” لە بناغەوە باسی بزووتنەوەو هێزێک بوو کە ئەوکات ماوەی چەند سالێک بوو وەک بزووتنەوە و زۆربەی ڕابەرانی بەگشتی لە هەناو و بە ڕەخنەگرتن لە بزووتنەوەی ناسیونال-چەپ هاتبووە دەرەوە، کە یەکێتی ڕابەری دەکرد لە ساڵانی هەشتاکاندا. قورسایی ناسیونالیزم و ئاسۆی سیاسیەکەی و هێزەکەی یەکێتی نیشتمانی بەسەر بزووتنەوە و حزبدا رۆشن و بەرچاو بوو… ئەمە لایەن و پایەیەکی سەرەکی بوو بۆهێنانەدەرەوەی ئەو چەمکە. باس باسی ئاسۆی سیاسی و شێوازی کاری “ئەنتی یەکێتی” بوو. باسی بەرتەسکردنەوەو هێنانەخوارەوەی ئاسۆی سیاسی کۆمۆنیستی بوو تا ئاستی لە قاڵبدانی کۆمۆنیزم لە چوارچیوەی وەستانەوە بەرانبەر بە “یەکێتی”، کە ئەمەش بەرتەسکردنەوەی خەباتی کۆمۆنیستی بوو تا ئاستی هێنانەخوارەوەی بۆ دژی حزبێک نەک سەرمایەو سەرمایەداری.
ئەمڕۆ “ئەنتی پارتی” بوون دروست بە مانای ” ئەنتی ڕژێم” بوونە. دژی ڕژێم بوون خراپ نیە. ئەوە کاری کۆمۆنیستی یە کە دەبێت دژی ڕژێمی و ئەنتی پارتی بکاتە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێرانە و ڕابەری کرێکاری تێدا دابین بکات. هەموو جومگەی دەسەڵات مالیە و ئابوری و سەربازی و پەیوەندی دەرەوە لە دەسەڵاتی پارتیدایە. ئەوە دووساڵە بە شەق پەرلەمانی قتکردوە. ئەم ڕژێمە خەڵک نایەوێت سەرپەرشتی دەوڵەتی بۆبکات. بەڵام باسی من جیایە و، بە ڕۆشنی دیارە نەک لەبەر ئەوەی تەنها پارتی پێشنیازی کردووە بەڵکو پایەکانی باسی من لەم نوسینەو لە نوسینی پێشودا ڕۆشنە”هەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی/ بەشی دووەم”. بەڵام بۆ ئەوانەش کە ڕیفراندۆم ڕەتدەکەنەوە تەنها لەبەرئەوەی کە “پارتی” پێشنیاری کردووە، مەسەلەیەکی بابەتیە و پەیوەندی هەیە بە ژیان و گوزەرانی نزیک بە 30 ی ساڵی خەڵکی کوردوستانەوە. پایەکانی سیاسەتی کۆمۆنیستی لە ڕوانگەی منەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم بە ڕۆشنی لەو نوسینەدا باسکراوە، بە تایبەت لە ژێر تیتەری” سەربەخۆیی لەم قۆناغەدا دژ بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردوستانە!”. بۆیە ئەم داهێنانەی هاوڕێیان لە هەموو سەرێکەوە نادروستە، لە باری واقعیەوە وەک پاساوێکی نادروست بۆ پارتی لێک دەدرێتەوە. دروست نیە لە نێو بزووتنەوەکەی ئێمەدا ئەم “چەمکە” بەکاربهێنرێت، هەرچۆنێک لێکیبدەینەوە بە قازانجی پارتی یە.
کۆسپەکانی بزووتنەوە و حزبمان
لە نووسینی پێشوودا کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە لە سەرەتاوە نوسیومە”… هەموو مەسائیلە سیاسی یە گرینگەکانی کۆمەڵگا کە ڕوومان تێدەکات، تەواوی کۆسپ و گرێوگۆڵەکانی کۆمۆنیزم جارێکی دیکە دێنێتەوە ژیر زەڕەبین و باسەوە…”. بەدور لە باسی نەخێرو بەڵێ، ئەم باسە گرینگترین باسی کۆمۆنیزمی سەردەمی ئێمەیە. کەواتە ئەگەر باسی ڕیفراندۆم تاکتیکی کۆمۆنیستی یە و وا گرینگە بۆ حزبمان لە کوردوستان، مانای چییە لە جیاتی کارو شێوازی کۆمۆنیستی و کاری ڕاستەوخۆی کۆمۆنیستی ئەمجارەش سپێردراوە یان وا دەردەکەوێت سپێردرابێت، بە کەمپینی سەربەخۆیی؟! بەڕاستی نیشانەی ئەوەیە کە هیچ فێر نەبووین لە تەجروبەی نزیک بە 25 ساڵی حزبایەتی وکاری کۆمەڵایەتی و حزبی دا. ئەگەر وا گرینگە بۆمان “یەک جار دەکرێت” مانای چی یە؟! هاوڕێی مەکتەبی سیاسی مان دەبێت ئەندامی کەمپین بێت و بەناوی حزبەکەمانەوە کاری کۆمۆنیستی نەکات؟!! بەڕاستی ئەگەر سیاسەتەکەش دروست بێت، ئەم شێوازی کارە بەسە بۆ ئەوەی کە دەستکەوتەکانی بە هەوادا بەریت. دەبوایە تا ئێستا فێر بووینایە کە شێوازی کاری کومۆنیستی و پراتیکی کۆمۆنیستی پیادەبکەین وبیکەینە کاری ڕۆژانەمان. لەم بارەوە هیچ پراتیک و شێوازی کارێکی کۆمۆنیستی دیار نیە. تەکتیکی کۆمۆنیستی پێویستی بە شیوازو کاری کۆمۆنیستی هەیە. تەنها وەک تێبینیەک بە پێویستم زانی ئاماژەی پێبکەم، ئەگەر نا ئەم باسە زۆر فراوان و پایەیی وچەند تەوەرەیە.
کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزمی بورژوایی
من سیاسەتی تاکتیکی حزبمان لە کوردوستان بە کۆمۆنیستی نازانم وە ئەم هەلوێستە سیاسیەی بە هەلوێستێکی ناسیونالیستی دەزانم. ئەمە تیڕوانینی منە و ڕۆشنە. بەڵام ئایا لەم ڕوانگەیە، حزبی ئێمە لە کوردوستان دەکاتە حزبێکی بورژوایی؟! بێگومان نا. ئەو بوچونە بۆچونو ڕوانگەیەکی هەڵەیەو تێنەگەیشتنە نەک لە بزوتنەوە کۆمەلایەتی و حزبە سیاسیەکان، بەڵکو تەنانەت لە مەکاتبی فکری و ڕەوتە فکرییە جیاوازەکان. هیج حزب و کەسایەتیەکی کۆمۆنیستی بە هەلوێستێکی سیاسی هەڵە نابێتە بورژوایی، مەسیری بزوتنەوەو حزبێک لە نەبەردو سەنگەرێکدا دیاریناکرێت. بەڵکو لە کۆی جەنگی چینایەتی نیوان کرێکارو بورژواییدا ڕۆش دەبێتەوە. ئەوە خاڵێک. خالێکی دیکە ئەوەیە؛ ئەم هەلوێستە هەر چیەک بێت هەلوێستێکی سیاسی تەکتیکی یەو حزبێکی کۆمۆنیستی کەمێک دورتر لە ئێمە دەتوانن هەر باسی نەکەن. باسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بەگشتی هیچ پەیوەندییەکی نیە بە ستراکتۆری کۆمۆنیزم و بیرو تیۆری کۆمۆنیستیەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ڕەهەندێکی سیاسی گرینگە. بەم مانایەش هەلەیەکی گەورەیە بە حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردوستان بوترێت حزبێکی بورژوایی یان کۆمۆنیزمی بورژوایی، چونکە دەڵی ” بەڵی بۆ سەربەخۆیی”… بەتایبەت ئەگەر ئەم تێڕوانینە لە نێو ڕیزەکانی خۆماندا بیت، ئەوە ترسناکترەو ئاستێک لە لاوازی فکری و تیوری لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە درک نەکردنی بردنە پێشەوەی جیاوازە سیاسیەکانە لە کەشوهەوایەکی تەندروستی سیاسی و سالمدا، کە پێویستە نەریتی ئێمە بێت.
نیسبیەتی سیاسی
بەپێویستم زانی کۆتایی باسەکە لەسەر پێشەکی نوسینەکەی هاوڕێم خەسرەو بێت. کەسەرتاپای پێشەکیەکەی پەیوەندی نیە بە باسی ریفراندۆمە. وەک نمونە باسی “ناحزبی بوونی سامان کەریم و ڕیفراندۆم” دەکەم من نەمزانی بوو کە پەیوەندییەکی دیالەکتیکی لە نێوان ناحزبی بونی من و ڕیفراندۆمدا هەیە. ئێستا دوای نوسینەکەی هاورێی بەڕیزو خۆشەویستم خەسرەو تێگەیشتم کە ئەو پەیوەندییە هەیە. پەیوەندیەکی دیالەکتیکی پێچەوانەیی “مەعکوس” لەنێوان ناحزبی بوونی سامان کەریم و ڕیفراندۆمدا هەیە. پەیوەندیەکەش بەم شێوەیەیە. سامان ناحزبیە، کەواتە ڕیفراندۆم و سیاسەتی هاوڕی خەسرەو دروستە. سامان حزبیە کەواتە سیاسەت و تێڕوانینی هاوڕی خەسرەو هەر دروستە. ئەمە بەڕاستی نوکتەیە و پەیوەندی بە باسەکەمانەوە نیە. “باسی ناحزبی” و” ڕەئی شەخسی گرینگە یان حزبی” و ” یەکریزی جولانەوە”و شتی لەم بابەتە…..هیچیان پەیوەندیان نیە بە باسەکەوە. بەرژەوەندی هاوڕی خەسرەو لەم باسەیدا ڕۆشنە، بەرژەوەندییەک کە مانای نیسبیەتی سیاسی هەیە بە قازانی خۆ، چونکە پایەیەکی واقعی نیەو تەنانەت بێ ویژدانی پیوە دیارە. بەڵام لەبەرئەوەی هاوڕی دڵخۆشە و پێی وایە تەوەرەیەکی باشی گرتوە، من وەڵامی نادەمەوە. و هیوادارم لە گفتوگۆو دیباتی نێوانماندا دانەبەزینە ئاستی ئەم شێوەیە لە نیسبیەتی سیاسی. پیویستە ئەلگۆیەکی ڕاقی و مۆدێرن لە دیبات وگفتوگوو بۆ کۆمەڵگا نمایش بکەین. ٨.٨.٢٠١٧
سامان کەریم
Saman.karim5@gmail.com