شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت كێن ئه‌وانه‌ی كه شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن؟ …1
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
به‌شی یه‌كه‌م…….
شه‌ڕی گه‌وره و ملمڵانێی زه‌قی سه‌ره‌تاكانی گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر ساغكردنه‌وه و دروستكردنی ئه‌و تێگه‌یشتنه بوو، كه ئایا كورد نه‌ته‌وه‌یه یان نه‌ته‌وه نییه؟
ئه‌و مشتومڕه زیاتر له‌نێوان چهپڕوهكانی عێراق و كوردستانی ئه‌و زه‌مانی حزبی شیوعی و نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌ییه چه‌په‌كانی ئه‌و ده‌می پارتی دیموكراتی كوردستان كه مام جه‌لال به چه‌پی پێشكه‌وتوخوازی شۆڕشگێڕانه‌ی وه‌سف كردون له ئارادا بوو.
به درێژایی مێژوو دوو دیدگای ئایدۆلۆژی زۆر زه‌ق و دیار هه‌بوون، كه هه‌موو جۆره شێوازێكی فیكری و ئاینیان به‌كار هێناوه بۆ سه‌ركوتكردنی نه‌ته‌وه‌كان به ئامانجی كۆمهڵكردنیان له چوارچێوه و بازنه‌ی ئه‌و فیكر و بیروباوه‌ڕ و دیدگایه‌ی كه هه‌یان بووه بۆ نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه‌كان.
ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش له فه‌لسه‌فه‌ی كۆمۆنیزم و ئیسلام تێناپه‌ڕێ، كه ئه‌م دوو باوه‌ڕه، دوو باوه‌ڕی زۆر وێكچوون له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا، ئیسلام له ڕوانگه‌ی ئوممه‌تی ئیسلامه‌وه ده‌روانێته نه‌ته‌وه‌كان و پێی وایه ده‌بێ نه‌ته‌وه‌كان له سێبه‌ر و چه‌تری ئیسلامدا جێگیر بكرێن و بمێننه‌وه، به‌ده‌ر له‌مه هه‌رجۆره هه‌نگاوێك بۆ ده‌رچوون له‌و یه‌كێتی-یه ده‌رچوونه له باوه‌ڕی ڕاستی ئیسلام، به‌ڵام ئه‌و بیروباوه‌ڕه ڕۆژ به‌ڕۆژ له گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونه ژیارییه‌كان كاڵبووهوه.
هه‌روه‌ك كۆمه‌نیزم-یش نه‌یتوانی ئیسپاتی ئه‌و باوه‌ره‌ی بكات، كه بوونیادنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی شتێكی مایه پووچ و بێهوده‌ییه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كۆمه‌نیسته‌كان كه‌وتنه به‌یه‌كدا هه‌ڵشاخان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئایا فه‌لسه‌فه‌ی ماركسی، یان ماركسی لینینی رێگا به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دات، یان نا، له كاتێكدا دامه‌زرانی هه‌ر جۆره ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاوی یه‌كه‌مه بۆ هه‌رس پێهێنانی ئوممهمییهت.
ئه‌و ئووممهییهتهی كه لای هه‌ریه‌ك له ئیسلام و كۆمۆنیزم وه‌ك شكل و به‌شێك له جه‌وهه‌ریش یه‌ك مانای هه‌یه، واته به شێوه‌یه‌كی گشتی ره‌تكردنه‌وه یان باوه‌ڕ نه‌بوون به ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵقوولاوی ئه‌و دوو بیر‌و باوه‌ڕه‌یه، كه ناكرێ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو دیدگا‌و تێگه‌یشتنه‌وه گفتوگۆی هه‌موو ئه‌وانه بكه‌ین كه خه‌ریكه هه‌ڵوێسته‌كانیان له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی پارتی و ته‌به‌نی نه‌كردنی ڕیفراندۆم، ده‌گوازنه‌وه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكاره و ناكرێ قیول بكرێ.
بۆیه له‌مه‌ڕ تێڕوانینیان بۆ سه‌ربه‌خۆی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، ده‌چنه‌وه سه‌ر جه‌وهه‌ری ئه‌و باوه‌ڕه‌یان، كه له ئه‌ساسدا پێی په‌روه‌رده كراون جا چ كۆمۆنیسته خۆ به عه‌یار 24 زانه‌كان بن، یان ئیسلامییه خیلافه‌ت خوازه‌كان.
ده‌كرێ له‌م گۆشه‌وه نیگایه‌وه بڕوانینه بۆچوون و ده‌ربڕینی هه‌ندێ له‌و نووسه‌رانه‌ی، یان كاردیره حزبیانه‌ی له باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه قسه ده‌كه‌ن و كردوشیانه، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌ندێ له‌و نووسه‌رانه ئه‌وه‌یه كه له مه‌سه‌له‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر پارتی و ده‌ربڕینی ڕه‌خنه‌كانیان سه‌باره‌ت به ڕیفراندۆم كه‌وتنه باسی قسه‌كردن له ده‌وڵه‌ت، تا ئاستی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌بیانووی ئه‌وه‌ی، كه ناكرێ ته‌به‌نی ده‌وڵه‌تێك بكرێ كه پێشوه‌خت زه‌مانی دیموكاتییهت بوونی و سیستمه سیاسییه‌كه‌ی نه‌كرابێت.
لێره‌دا هه‌ندێ له دیدو بۆچوونه‌كانی رابوون مه‌عروف به‌نمونه ده‌هێنمه‌وه، به‌و مانایه‌ی ئه‌و له رابردوودا كۆمۆنیستێكی دژه نه‌ته‌وه بووه و له ئێستاشدا بیرئیسلامییهكی هه‌مدیسان دژه نه‌ته‌وه‌یه، ئه‌وه‌شی وایكرد ئه‌و هاوڕێیه‌م به‌نمونه بهێنه‌وه ئه‌وه بوو كه وه‌ك مونه‌زرێكی دیاری گۆڕان تێزێكی له‌مه‌ر ده‌وڵه‌ت خستۆته به‌رده‌م سه‌ركرادیه‌تی بزووتنه‌وه‌كه‌ی و ڕای گشتی.
ئه‌و كه ئێستا په‌رله‌مانتارێكی گۆڕانه و به كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی كۆمۆنیستیانه به‌ربۆته گیانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و پێی وایه ناكرێ پشتیوانی له‌وه‌ها هه‌وڵێك بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بكرێت، چونكه ئه‌و پێی وایه داهاتووی ئه‌م ده‌وڵه‌ته له زیندانێكی گه‌وره به‌ولاوه شتێكی دیكه نییه.
رابوون پێچه‌وانه و جیاواز له بۆچوونی زۆر له نووسه‌ران و سیاسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی، جۆرێك له ڕای گشتیش، ئه‌و هه‌وڵه‌ی پارتی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به جدی له قه‌ڵه‌م ده‌دات:
(پارتی به‌جدی سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی و به ئاشكرا و نهێنی بنه‌ماكانی داده‌مه‌زرێنێت).
ئه‌م دانپیانانه‌ی ڕابوون به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی لێیه‌وه گفتوگۆ له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری تێگه‌یشتنه‌كه‌ی بكه‌ین بۆ تێروانیین و تێگه‌یشتنی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
بۆیه به‌ده‌ر له‌و تێگه‌یشتنه هاوبه‌شانه‌ی هه‌ر تاكێك له كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌تی بۆ بنه‌ماكانی دیموكراتی داده‌په‌روه‌ری و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ی رابوون و جۆرێك له خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌یانه شتێك نییه ته‌نیا به بیری ڕابوون‌دا هاتبن و ئه‌و بیه‌وێ به گوێ و بیری ئێمه مانانیدا بێنێته‌وه. چونكه هه‌موو ئه‌وانه كۆمه‌ڵێك ڕاستی و بنه‌مای فیكری هه‌ر كه‌سێكی وشیارو ناوشیارن، هه‌مووانیش خه‌بات بۆ وه‌ها ده‌وڵه‌تێك ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاماژه‌كان به‌و ئاراستییهن ئه‌وه دیسان ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه به‌م بیانوانه‌وه رێگه له دامه‌زرانی وه‌ها ده‌وڵه‌تێك بگیرێ، چونكه ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی ناتێگه‌یشتن و بێئاگایه له مێژووی جیهان، لهڕووهیهكی دیكه‌وه ئه‌وپه‌ڕی بێمتانه بوونه به ئیراده‌ی میلله‌ت له‌وه‌ی له داهاتوودا چۆن ده‌كرێ كۆمه‌ڵگا به ژیان له‌وه‌ها زیندانێك قایل بێت، به‌تایبه‌تی له جیهانێكی ته‌واو جیاواز له‌و ڕابردووه‌ی كه ڕه‌نگه مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانێكی له‌و شێوه‌یه له ڕابردوودا مومكینتر بووبێ له ئێستا.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه گرنگه و ده‌بێ هه‌مووان له خه‌می ئه‌وه‌دا بین جۆرێك له گفتوگۆ و هه‌ڵوێستی دژ به یه‌ك بێته ئارا و به شێوه‌یه‌كی ئاساییش وه‌ربگیرێ، چونكه مه‌رج نییه یه‌كریزی و یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌میشه به‌ره‌و رێیه ڕاست و دروسته‌كه‌مان به‌رێ، له مێژووی رابردووماندا، شۆِڕشی ئه‌یلول به نمونه، یه‌كێكه له‌و ڕووداوه یه‌ك ههوڵوێستیانهی نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌ره‌و هه‌ڵدێر برد.
ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی زۆری ئه‌وه‌ی ئێستا له سه‌ر پرسی رێفراندۆم و ده‌وڵه‌ت ده‌وترێن و ده‌نووسرێن، جگه له خولانه‌وه له بازنه‌ی رق و كینه و بیری ته‌سكی حزابهیهتی به‌ولاوه شتێكی تر نییه، له‌مڕوه‌وه كه‌مترین خوێندنه‌وه‌ی فیكری و مێژوویی بۆ ئه‌و باته گرنگ و هه‌ستیاره كراوه.
مه‌ترسی و گرفتی گه‌وره‌ش له‌به‌رده‌م به‌شێكی زۆر له رۆشنبیران و سیاسییه‌كانی كورد ئه‌وه‌یه، كه نه‌یانتوانیوه له ئه‌لقه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه دۆگما و ده‌مار گیرییه فیكری و ئایدیۆلۆژی و حزبییه ده‌ربازیان بێ، بۆیه هه‌موو شته‌كان هه‌ر ته‌نیا به‌ڕه‌ش و سپی ده‌بێنن. له كاتێكدا بیرمه‌ندانی عه‌ره‌ب ده‌مێكه ئه‌وه‌یان تێپه‌ڕاندوه، به شێوه‌یه‌كی زۆر ئاسایی گفتوگۆی هه‌موو شته پیرۆزه‌كانیان ده‌كه‌ن هه‌ر له ئاینه‌وه بگره تا ده‌گاته بیری عروبه، ئه‌گه‌ر لێره‌و له‌وێش هه‌ندێ جار یه‌كتریشیان ته‌كفیر و خائینیش كردبێ، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌م حاله‌ته نه‌بۆته هۆی قوفلدانی بیركردنه‌وه‌ی تر، به‌پێچه‌وانه‌وه له رابردوودا هه‌ندێ له سه‌ركرده‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی، چ له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی خۆیان یان وڵاته‌كه‌یان، یانیش به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بوو بێت، هه‌نگاویان هاویشتوه، جا با ئه‌و هه‌ڵوێست و هه‌نگاوانه‌شیان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه گشتیانه بووبێ كه ئه‌وده‌م له ئارادا بووه، هه‌موو ئه‌وانه دواتر خراونه‌ته به‌ر لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌قلی بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست هه‌ڵسه‌نگاندیان بۆ بكرێ، بۆیه ده‌بینین زۆربه‌ی ئه‌و گفتوگۆ و كتێبانه‌ی ئه‌وان له باره‌ی ئاینی ئیسلام و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌وه ده‌ینووسن، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ئێمه ناتوانین، یان ڕاستر بڵیم به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا نه‌مانتوانیوه بشیان كه‌ینه كوردی.
له ڕووی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ئوردن له ده‌ركردنی فه‌له‌ستینییه‌كان و میسر له رێككه‌وتننامه‌ی كامپ دێڤد و دواتریش سه‌بر سه‌بر دروست كردنی په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی له نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسرائیل، كه سه‌رده‌مانێك ئه‌وه كوفر و خیانه‌تێكی گه‌وره بووه لای زۆربه‌ی هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب، به‌ڵام دواتر توانین ئه‌و گرێ ده‌روونی و فیكرییه تێپه‌ڕێنن.
له هێنانه‌وه‌ی ئه‌م نمونانه من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه قسه‌ی یه‌كلاكره‌وه له سه‌ر هه‌ندێ مه‌بادئی ئه‌خلاقی و نیشتمانی و ئینسانی بكه‌م، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ بلێم ده‌ربڕینی بۆچوونه جیاوازه‌كان، تا ئاستی هاوهه‌ڵوێست نه‌بوونیش له ئاست پرسه نیشتمانی و سیاسییه‌كان ده‌بێ ئاساییانه لێیان بڕوانین و خۆمان به‌دوور بگرین له ته‌خوینكردنی یه‌كدی، چونكه مه‌رج نییه هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه ببین به خاوه‌نی سه‌ركه‌وتنه‌كان، یان هه‌مووشمان به‌یه‌كه‌وه ئۆباڵی شكسته‌كان له ئه‌ستۆ بگرین.
كاتێك توانرا هه‌مووان ته‌عبیر له بیروبۆچوونه‌كانی خۆیان بكه‌ن، مانای وایه ده‌توانین هه‌نگاو باوێین، بۆیه رێگه‌گرتن له ده‌ربڕینه جیاوازه‌كان مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه و ده‌بێ رۆشنبیران به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له هه‌وڵی به‌رپه‌رچدانه‌وه و ڕێگركردن بن له وه‌ها تێگه‌یشتنێك، چونكه دوور نییه لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه میلله‌تێك دووچاره‌ی نه‌هامه‌تییه‌كی گه‌وره بكات. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه حه‌قی هه‌مووانه تێگه‌یشتنی خۆیان ده‌رببڕن، به‌ڵام له ئاستێكی بابه‌تیانه‌ی باڵای دوور له بووغزی سیاسی.
لێرده‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه بۆ ڕووداوێكی گرنگ و مێژوویی بكه‌م، كه ده‌كرێ به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به‌راورد بكرێ به‌وه‌ی ئێستا له باره‌ی ریفراندۆم و ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌گوزه‌رێ.
مام جه‌لال له كتێبی دیداری ته‌مه‌ندا كاتێك باسی سه‌ره‌تاكانی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عه‌بدولكه‌ریم قاسم و بارزانی باوك ده‌كات، زۆر به‌ڕوونی تیشكی خستۆته سه‌ر هۆكار و چۆنییه‌تی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه كه بارزانی له پشتیوانیكردنی سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پاڵپشتیكردنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان دژ به قاسم، هه‌رگیز مه‌به‌ستی ئه‌وه نه‌بووه ناكۆكییهكهن بگه‌نه ئاستی لێكترازانی ته‌واو و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ، كه له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا پێی ده‌وترێت شۆڕشی ئه‌یلول، به‌ڵكو ئامانجی بارزانی له قوولكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بۆ ئه‌وه بوو فشاری زیاتر بخاته سه‌ر قاسم بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام به‌ده‌نگ داخوازی و داوكارییه‌كانی كورده‌وه بێت، له‌م نێوانه‌دا مام جه‌لال و به‌شێك له براده‌رانی مه‌كته‌بی سیاسی هاوهه‌ڵوێست نه‌بوونه له گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌تی بارزانی و پێیان وابووه كه ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته خراپ به‌سه‌ر كورددا ده‌شكێته‌وه و چاوه‌ڕوان ناكرێ ئانجامهكهی به‌م شێوه‌یه بێت كه بارزانی پێشبینی ده‌كرد، به‌ڵام به هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه له نێویاندی مه‌سه‌له‌ی پاراستنی یه‌كرێزی كورد، كه هۆكارێك بووه وای له مام جه‌لال و برایم ئه‌حمه‌د و ئه‌و چه‌ند ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسییه كردوه، وێرای بۆچوونی جیاوازیان به ناچاری به‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كه‌ی بارزانی بكه‌ون، كه دواتریش ده‌ركه‌وت فشاره‌كان بوونه هۆكارێك بۆ به‌ته‌واوی لێكترازان و هه‌ڵگیرسانی شۆڕش، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه بارزانی نه‌خشه‌ی بۆ كێشابوو، واته بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بن به دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ك و دابه‌شی سه‌ر به‌ری نیشتمانی و نا نیشتیمانی نه‌بن مام جه‌لال و هاوڕێكانی به‌ناچاری چوونه پاڵ تێگه‌یشتنه‌كه‌ی بارزانی.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش له باره‌ی ریفراندۆم و دامه‌زاراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیه‌وه ده‌گوزه‌رێ و وه‌ك له كه‌ناڵه جیاجیاكانیشدا گوێ بیست ده‌بین، زۆر باش دیار نییه كه ئایا به‌ڕاستی خستنه‌ڕووی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ فشار خستنه سه‌ر حكومه‌تی عێراقییه بۆ ئه‌وه‌ی مل بدات به داخوازییه‌كانی كورد، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تاكانی به‌ر له هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول ڕوویدا، یان به‌ڕاستی هه‌نگاو تێگه‌یشتنێكی جدییه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه لای هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه ئێستا چوونه‌ته ژێرباری ئه‌و سیاسه‌ته‌و به‌ڕاشكاوی لایه‌نگری خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌ربڕیوه، هه‌مان ئه‌و ناچارییه‌ی سه‌رده‌می به‌ر له شۆڕشی ئه‌یلول بێت، ئه‌مه هه‌ڵه‌و هه‌نگاوێكی خراپ و پڕ مه‌ترسییه كه جارێكی دیكه به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌بنه دوو به‌ره‌ی دژ به یه‌كی نیشتیمانی و نانیشتمانی، دوور نییه دووچاری كاره‌ساتێكی دیكه ببینه‌وه، بۆیه با به‌هۆی به‌ره‌ی نیشتیمانی و نا نیشتمانی رێ له جیاوازییه‌كان نه‌گرین.
ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌ی مێژوو بڕوانینه پڕۆسه‌ی ریفراندۆم، یان ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه ده‌بێ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وته‌یه‌ی هیگل-یش بڕوانینه مێژوو، كه ده‌ڵێ: ڕووداو و كه‌سایه‌تییه‌كان دووجار ڕووده‌ده‌ن، یان دووباره ده‌بنه‌وه. ڕه‌نگه بۆ كورد له باره‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه شتێك ڕاست بێ، نه‌ك هه‌ر دووجار ڕه‌نگه هه‌ر دووباره نه‌بنه‌وه، به‌ڵام بۆ ڕووداوه‌كان ڕه‌نگه چه‌ندین جار دوباره ببنه‌وه، هه‌موو دووباره بوونه‌وه‌یه‌كیش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئێمه كوتوینهته به‌ر كاریگه‌ری ئه‌و وته‌یه‌ی لای كورد و گه‌لانی دونیاش هه‌یه كه پیره‌كان ده‌ڵێن (هه‌ر قسه مه‌كه شتێك بكه). ژیژه‌ك ئه‌م قسه‌یه‌ی پیاوانی پیر به قسه‌یه‌كی زۆر گه‌مژانه تێده‌گات. به‌ومانایه‌ی ده‌یه‌وه‌ی بڵێ ئینسانه‌كان زۆر شتیان كرد، كه هه‌مووی هه‌ر تێكدان و كاولكاری بوو، بۆیه كاتی ئه‌وه هاتوه پاشه‌كشه له كرده‌كان بكه‌ن و له‌مه‌ودوا شتێكی شیاو بڵێن، لێره‌وه ژیژه‌ك ده‌یه‌وێ بڵێ ئێمه زۆرجار باس له شتێك ده‌كه‌ین له بڕی كردنی، به‌ڵام هه‌ندێ جاریش شتێك ده‌كه‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر بكه‌ین، یان بمانه‌وێ بیكه‌ین.
ئه‌و نمونه به‌و دێنێته‌وه تۆ كاتێك بڕێكی زۆر پاره له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كدا خه‌رج ده‌كه‌ی، به‌ڵام ئاماده نیت بیر له هۆكاره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دروست بونی كێشه‌كه بكه‌یته‌وه.
له ئێستادا ئێمه‌ی كورد به دۆخێكی هاوشێوه‌یه‌ی ئه‌وه‌دا تێده‌په‌ڕین له نێوان دووباره‌بوونه‌وه و كرده و قسه نه‌كردندا، ئه‌وان بۆ ده‌یانه‌وێ ده‌می ڕۆشنبیران داخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌ڵێن، ئه‌وان بۆ ده‌یانه‌وێ ته‌نیا ده‌بێ وابكه‌ن، مه‌رجه به‌رهه‌می هه‌موو كرده‌یه‌ك ئه‌وه بێت كه مرۆڤ به درێژایی ته‌مه‌نی خه‌باتی بۆ كردوه، بۆیه دڵنیابن ئه‌وه‌ی ئێستا من ده‌یبینم دووبارهبووهنهوهیهكی زۆر زه‌قه.
ئه‌و دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ش جارێكی دیكه ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و قسه‌ی كه ماركس خستییه سه‌ر قسه‌كه‌ی هیگل به‌وه‌ی به‌ڵێ یه‌كه‌مجار وه‌ك تڕاژیدیا و دووه‌م جاریش وه‌ك كۆمیدیا دووباره ده‌بێته‌وه.
به ئاورڕدانهوه له مێژووی گه‌لان، سه‌دان قاره‌مانی هه‌ڵكه‌وتوو ده‌بینین، سه‌دان شۆڕشی رزگاریخوازی گه‌لان له پێناوی رزگاری و سه‌ربه‌خۆیاندا له پێنیاو گه‌یشتن به مافی چاره‌ی خۆنوسین ده‌كه‌ونه به‌رچاو.
كه به ئامانج گه‌یشتنی هه‌ندێكیان به هه‌ورازێكی زۆر سه‌ختدا تێپه‌ڕیوه و هه‌ندیكیشیان نشێوییهكی ئاسان.
روداو و پێشهاته‌كان بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌لانه‌ی به دوای سه‌ربه‌خۆییه‌وه بونه ده‌رفه‌ت و قۆناغێكی باش بووه بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، له پاڵ ئه‌مه‌شدا ئیراده‌ی گه‌لان و هه‌ڵكه‌وتنی سه‌ركرده‌ی جوامێر رۆڵیان كه‌متر نه‌بووه و نییه له رووداو و پێشهات و ده‌رفه‌ته‌كان، به‌ومانایه‌ی زۆرجار ده‌رفه‌ت هه‌ڵكه‌وتوه، به‌ڵام سودی لێوه‌رنه‌گیراوه.
بۆیه عه‌قڵ و ئیراده‌و تێگه‌یشتن له هاوكێشه سیاسییه‌كان سێ بنه‌مای سه‌ره‌كین بۆ سوود وه‌رگرتن له هه‌ر ده‌رفه‌ت و پێشهاتێك كه دێنه پێش، ئه‌مه‌ش به سوود وه‌رگرتن له مێژووی گه‌لان، وه‌ك سیاسییه‌كی ئه‌وروپی گوتی كێشه‌ی كورد ئه‌وه‌یه مێژووی نه‌خوێندۆته‌وه.
له قۆناغێكی وه‌ك ئێستادا بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد، كه ده‌كرێ به به‌جێماوێكی مێژوویی دابنێن له رووی گه‌یشتن به مافی چاره‌ی خۆنووسین، به‌و مانایه‌ی ئێمه له قۆناغێكی زۆر دره‌نگی پرسی سهربهخۆیداین، له قۆناغێكداین كه خه‌ریكه سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و پیرۆزی و شه‌وقه‌ی جارانی نامێنێ، ئه‌گه‌ر جاران هه‌موومان به یه‌كه‌وه‌و بێ دوودڵی له خه‌یاڵی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا بووبین، له ئێستادا ده‌بینین ئه‌و پرسه كه‌وتۆته به‌رده‌م رای جیاوازه‌وه، ئه‌مه‌ش تا رادهیكی زۆر په‌یوه‌ندی به‌و پێشكه‌وتنه خێرایه‌وه هه‌یه، كه ژیان و گوزران و چوونه نێو دونیای خۆشی و كه‌یف و سه‌فا، كۆمه‌ڵگای وه‌ها گوشیوه، هێنده‌ی بیر له ژیان ده‌كاته‌وه نیو هێنده خه‌یاڵی به‌لای سه‌ربه‌خۆییه‌وه نییه، به‌تایبه‌تیش كاتێك ده‌بینین دادپه‌روه‌ری له‌وپه‌ڕی پاشاگه‌رادانی دایه و له ئێستاوه كۆمه‌ڵێك به‌هه‌شتیان بۆخۆیان دروست كردوه و خه‌ڵكانێكی زۆریش له نێوان ئه‌و به‌هه‌شته و جه‌هه‌نه‌مه‌دا دۆش داماوان و باوه‌ڕیان به‌وه‌ش نییه رۆَژێ له ڕۆژان ئه‌وانیش بتوانن پێیه‌كیان بخه‌نه نێو ئه‌و به‌هه‌شته‌وه.