Skip to Content

ئێوارانە ١٠.. سەردار جاف

ئێوارانە ١٠.. سەردار جاف

Closed
by كانونی دووه‌م 16, 2023 General, Poems

فرمێسکەکانی ئەم ئێوارەم بە ئاوابوونی خۆر سپارد
خەياڵە پەرتەوازەکانم
بوون بە دەعبايەک و بە شەودا بۆ گزنگم نارد
شەو لە دەست من هەڵهات، نەبا بە ئەشکم باڵا تەڕ بێت و هۆگر و دەستەوئەژنۆی خەمم بێ
شەو هێندە تاريک و نووتەک بوو،
نايەوێ ديقەتی دەفتەری ياداشتەکانم بدا، نەبا بێدەنگی لە خەو بکرێ و ژاوەژاوی نەرم بێ
جريوەی ئەستێرەکانی دەم کزە بايەکی سەرما،
بە بەردەمما حۆل و دەبەنگ دێن و دەچن
شەو بە پەلە خۆی نوقمی ونبوون دەکا، نەبا چەپکێ لە پرياسەکەی ژانەکانم باوەشی پێدا بکا
لە ناو گرێکوێرەی شەوەزەنگدا بێن و بچن
ئەم ئێوارە بە تريفەی مانگەشەو،
باوەشێنی رووخساری ئەوم دەکرد
شۆڕەبييەکی سەوز سەوز لە کەبابخانەکەی عەلەتورکە ،
دوو نارنجی پێوە لکابوو
غەرقی شەپۆلەهاروهاجەکانی دەريا ببوو،
کەشتييە زەبەلاحەکەی تايتانيکی تێدا شکا بوو
من هەموو رۆژێ دەمەو ئێواران ون دەبم و هيچ کەسێکيش نە سۆراخ و عەوداڵم دەبێ نە دەمدۆزنەوە
هەموو رۆژێ دەمەو ئێواران بە سەر بەلەمە شکاوەکەی زرێبارا رێ دەکەم و گورج گورج لووشدراوم و دەمدزنەوە
غەرقی گوناهی لێوەکانيم،
مەگەر خودا بەر شەپۆلی دەريای بەزەیی خۆييم بخا
تا راپێچی کن حۆريان بم
ئيدی دەبمە وڕکگرتوويەکی نێومێرگوزاری خودایی و دەبێ ببمە عزرائيل و نوقمی تاوان بم
ماچەکانی ئەو ديو ئاڵدی ،
دەستەودامێنی دوعاکانی دايکم بوون ،
تا ئەبەد بە حەسانەوە نەگەم
قوتووبەندە کريستاڵييەکە، وێنايەکی خێوی بوو بۆ رێبواران،
تا هەناسەی ئۆخەيەکانم نەدەم
ئەم ژووانە ….
ديداری نيازمەندانەيە سەفەرێکی پێ دەکەين بۆ بەهەشت
ئەی نامان وت ماچەکانمان ئورلاوب ئاسايەکە بۆ گەشت
با پێکەوە بەرەو غوربەتی ماچ تەی بکەين خۆشەويسترين کەسم هەی کەسەکەم

ئەڵمانيا
١٦ / ١ / ٢٠٢

Previous
Next
Kurdish