Skip to Content

لەبارەی کولتووری کوردی …  نەبەز سەمەد

لەبارەی کولتووری کوردی … نەبەز سەمەد

Closed
by ئاب 27, 2017 General, Opinion, Slider

بەگشتی کولتووری کوردی [لە هەرێمی کوردستان] لە جوداوازی دەترسێ، بۆیە داژیەتی جوداوازبوون دەکا و داواکاری بۆ هاوشێوەیی، لەیەکچوون و وەکیەکی بەرزدەکاتەوە. ئاخر دەیەوێ هەموو مرۆڤەکان وەک یەک و هاوشێوەبن، یەک ڕەنگ بن، وەک یەک بیربکەنەوە و بهزرن. لێرەوە بەو دەرەنجامە دەگەین کە کولتووری کوردی کۆیەکییە، تاک لە خۆیدا، بەبێ کۆمەڵ بەها و بایەخمەندی نییە. بۆیە لەنێو ئەو کولتوورەدا تاک سەرهەڵنادات و ئازادی تاکەکەسی بوونی نییە. تاکەکان لەنێو هاوشێوەیی و یەکڕەنگیدا خۆیان دەشارنەوە، بۆیە بێشوناس و کێیەتی خۆیان دەمێننەوە؛ لەبەرئەوە بەڕێی بنەماڵە، خێڵ، ناوچە، … هتاد یەوە خۆیان دەناسێنن و پێناسەی خۆیان دەکەن.
لەنێو کولتوورێکی وەهادا خۆبوون و جوداوازبوون گەورەترین باج و قوربانیدانی دەوێ، ئاخر هەر زوو ڕووبەڕووی هێرشی هەمووان دەبیتەوە، چونکە هەمووان دەیانەوێ وەک ئەوان بی، وەک ئەوان بژی، وەک ئەوان بیربکەیەوە، وەک ئەوان بخۆی، وەک ئەوان چێژ وەربگری، وەک ئەوان بپۆشی.

کولتووری کوردی پیرە، کولتوورێکە تێیدا گەنج و منداڵ فەرامۆش و ئەفەرۆزکراون، منداڵ دەبێ زوو گەورەبێ، زوو ببێ بە پیاو یان ژن، واتا زوو دەبێ پیر ببێ، ئێمە لە کولتووری کوردیدا گەنجێتی و قۆناغی گەنجێتیمان نییە. کولتووری کوردی دژە گەنجە، وێنای بۆ جیهان، بۆ ژیان پیرانەیە، بیرکردنەوەی، خەیاڵی، خەونەکانی، ئەندێشەکانی پیرانەن. واتا بە چاوێکی پیرانەوە لە دەوروبەر، لە جیهان، لە بوون دەڕوانێ. بۆ نموونە، کاتێ بیر لە هۆنەرێک، مامۆستایەک، هونەرڤانێک، نووسەرێک دەکاتەوە و وێنای دەکا، وەک پیر دەیان بینێ، ناتوانێ وەک گەنج وێنای ئەوانە بکات. ئێمە لە پۆرترێتی هۆنەرە کلاسیکییەکانی وەک نالی، مەحوی، سالم، حاجی قادر، هتاد بۆمان دەردەکەوێ کە وەک پیر ئەوانە لێیان دەڕوانرێ و وێنادەکرێن، بۆیە ناتوانین پۆرترێتێک، یان پەیکەرێکی ئەوانە بە گەنجی ببینین. ئاخر وەک کەسانی پیر و ڕیش چەرموو وێنەیان دەکێشرێ و پەیکەریان بۆ چێدەکرێ. هەروەها کولتووری کوردی کاتێک وێنای مامۆستای زانینگە، سەرۆک، ڕێبەر، سیاسەتڤان دەکا، وەک پیر وێنایان دەکا و دەیانبینێ، نەک وەک گەنج.

کولتووری کوردی پتر زارەکییە، نەک نووسراو. بۆیە کورد مێژووی نووسراوی خۆی نییە، بەڵکو پتر گێڕانەوەی زارەکی هەیە. لەبەرئەوە بەگشتی کورد پشت بە بیستراو نەک بینراو دەبەستێ. کولتووری نووسین، ئەرشیفکردن، دۆکیۆمێنتکردن … هتاد هێشتا بەتەواوی لەلای کوردان سەریهەڵنەداوە و گەشەی نەکردووە. ئەم کولتووری ئەرشیفکردن، نووسین و دۆکیۆمێنتکردنە هی شار و دەوڵەتدارییە، بەڵام کورد هێشتا هەر لەنێو کولتووری کشتکاری و جوتیاری و بێدەوڵەتیدا ماوەتەوە.

لەبەر نەبوونی کولتووری نووسین، زۆرینەی نووسەرانی کورد چۆن قسەدەکەن، وەهاش دەنووسن. واتا چی بەسەر زاریاندا دێت لەکاتی ئاخاوتندا، هەر ئەوەش دەنووسن، بۆیە نەیان توانییەوە ئاستی زمانی ڕۆژانەیی و زارەکی تێبپەڕێنن. لەبەرئەوە چەندین هەڵەی زمانەوانی، ڕێنووس، ڕێزمان، و پنتبەندی لەنێو نووسینەکانیاندا هەن. زۆرینەی نووسەرانی کورد بێئاگان لەوەی کە زمانی نووسین و ئاخاوتن لەیەکدی جودان، ئاخر نووسین ڕێسا و دەستووری خۆی هەیە، کە بەڕێی ڕێزمان، ڕێنووس و پنتبەندییەوە ڕێکدەخرێ. دەشێ لەکاتی ئاخاوتندا مرۆڤ هەڵەی زمانەوانی و ڕێزمانی بکات، بەڵام ئەوە لە نووسیندا نەشیاوە و ئاسایی نییە. زمانی ئاخاوتن ڕۆژانەیییە و بۆ ڕاییکردنی ئیشەکانی ڕۆژانە و پەیوەندیکردنە لەگەڵ ئەوانیدیدا، بۆیە پتر زمانێکی سادە، ناوچەیییە، کەمتر قووڵ و هزرییە. لە کاتێکدا، نووسین پرۆسەیەکی درێژخایەنە، نووسەر گەرەکە چەندین جار بە نووسینەکەیدا بچێتەوە و هەڵەچنی بکات، هەروەها بەدیدێکی خۆ_ڕەخنەیی لە نووسینەکەی بڕوانێت. ئاخر زمانی نووسین پتر هزرییە و پەیوەستە بە مەعریفە و زانینەوە. هەروەها زمانی نووسین فەرمییە، بەڵام زمانی ئاخاوتن نافەرمییە. لە نووسیندا، زمان لە ژانرێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆرێ، ئاخر هەر ژانرە و تێگە و زاراوەی تایبەتمەندی خۆی هەیە. بۆ نموونە، زمانی ئەدەب لە هی فەلسەفە و زانست جوداوازە. زمانی ئەدەب پتر هەستەکی و سۆزمەندە، بەڵام هی زانست پتر ئەزموونەکی و هی فەلسەفەش پتر هۆشەکییە.

کولتووری کوردی بەشێوەیەکی گشتی کولتوورێکی داخراوی ناوچەیییە. لەبەرئەوەی کولتوورێکی گوندی و خێڵەکییە، نەک شاری. ئێمەی کورد تاکو ئێستا سەردەمی جوتیاری و کشتکاریمان تێنەپەڕاندووە لە ڕووی هزر و کولتوورەوە، بۆیە ئێمە خاوەن کولتوورێکی کشتکاری و جوتیارین، ئەمە بەڕوونی لەنێو نووسین، زمان، سیاسەت، ئەدەب و هونەری کوردیدا پەرچێندراوە. بۆ نموونە، نووسەرەکان ناوچەیین، بە زمانی ناوچەیی دەنووسن، لە ناوچەیەکدا دەخوێنرێنەوە، حیزبەکان ناوچەیین، لەبەرئەوەی تەنیا لە ناوچەیەک یان شارێک پتر لایەنگریان هەیە. هەروەها شارچێتی و ناوچەگەرایی مۆرکێکی دی ئەم داخراوی و لۆکاڵیبوونەی کولتووری کوردییە. بۆیە زۆربەی تاکەکان و خێزانەکان هەر لەو شوێنەدا ماونەتەوە کە تێدا هاتوونەتە ژیانەوە، پابەندن بەو ناوچەوە کە خێڵ و بنەماڵەکەیانی تێدا نیشتەجێیە. لەبەرئەوە سەفەر و گەشتکردن لە کولتووری کوردیدا زۆر بایەخی نییە، پێگەیەکی ئەوتۆی نییە، بۆیە زۆربەی تاکەکانی کورد نەک وڵاتێکی بێگانە بەڵکو هەموو شارەکانی کوردستانیشیان نەبینووە. ئاخر کورد ئەگەر خزم و ناسیاوی لە شوێنێک نەبێت، ڕووی تێناکات، یان کۆچکردن و ماڵ گواستنەوە بۆ شوێنێکی دیکە کەم ڕوودەدا. بۆیە لەناو کورداندا کولتووری سەفەر، مانەوە لە ئوتێل و گەشتکردن کەمە و بایەخمەندی زۆر نییە.

Previous
Next
Kurdish