
شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت .. بەشی چوارەم … سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
كێن ئه‌وانه‌ی كه شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن؟
به‌شی چواره‌م
(یان كه‌ركوك و كوردستان، یان تاماوین ئه‌جه‌نگین)…..
پرسی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر هه‌ستیاره كه سه‌ركردایه‌تی نابێت و ناشتوانێ به‌هه‌ندی وه‌رنه‌گرێت، به گوێره‌ی كۆمه‌ڵێك دیكۆمێنت و لێدوانی ڕاشكاوانه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد، شه‌كستی گفتوگۆكانی كورد له گه‌ڵ ڕژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق و نه‌گه‌یشتن به هیچ ئه‌نجامێك، به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه بووه، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه كه‌ركوك، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد و بۆ كورد، هه‌میشه وه‌ك دوو به‌رداش وابووه، به‌رداشی ده‌ستبه‌ردابوون، یان دواخستنی بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، یان ده‌ستبه‌رداربوون له‌و ناوچانه‌ی كه بۆ كورد هه‌میشه خاڵی ناكۆكی و نه‌گه‌یشتنه یه‌ك بووه.
به‌ومانایه‌ی تا ئه‌وكاته‌ی ته‌واوی ئه‌و ناوچانه نه‌گڕێنرێنه‌وه سنوری جوگرافی و ده‌سه‌ڵاتی كوردی مومكین نییه بتوانرێ رێككه‌وتنێكی شه‌ڕه‌ف مه‌ندانه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد ئه‌نجام بدرێ، ئێمه له رابردوودا شاهیدی چه‌ند گفتوگۆیه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ین، كه به‌م هۆكاره‌وه هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بووه.
لێره‌وه جیابوونه‌وه، یان ڕێككه‌وتن به بێ ناوچه دابڕێنراوه‌كان، ئه‌مه ئه‌و هاوكێشه سیاسییه‌یه كه زۆرجار به‌غدا لێیه‌وه بێمنه‌تی خۆی له جیابوونه‌وه‌ی كورد له عێراق نیشان ده‌دا.
قورسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌وه‌دایه، كه وه‌ك وتم له رابردوودا وێڕای ده‌ست تێوه‌ردانی ئیقلیمی و فشاره‌كانی ئه‌و وڵاته ناوچه‌ییانه‌ی كه وه‌ك یه‌ك كێشه‌ی كوردیان هه‌یه، ئه‌و ناوچانه هه‌میشه خاڵی ناكۆكی نێوان كورد و به‌غدا بووه، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه له گفتوگۆكانیاندا له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد نه‌گه‌یشتونه‌ته ئه‌نجامێك، ئه‌م پێك نه‌گه‌یشتنه‌ش هه‌میشه كوشتار‌و ماڵ وێرانییه‌كی دیكه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه، بۆیه له ئێستادا قایل بوون به‌هه‌ر رێكه‌وتنێك یان جیابوونه‌وه‌یه‌ك به‌بێ ئه‌و ناوچانه سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی مێژوویی و ئه‌خلاقی.
به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت وه‌ڵامێكیان پێ بێت بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و شۆڕه‌شه دورودرێژه‌ی، كه ده‌كرا به‌بێ پێداگری له‌و ناوچانه ئه‌و ململانێ خوێناوییه ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاندبا، هه‌روه‌ها ده‌بێ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ش بدرێته‌ه كه هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌م له‌رێگه‌یه‌وه ڕوویداوه و به‌سه‌رماندا هاتووه، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕووباره خوێنه‌ی به‌م هۆیه‌وه ڕژاوه كێ لێی به‌رپرسه؟
به ئاوڕدانه‌وه له رابردوو، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ده‌ركه‌وته‌وه كه سه‌ركردایه‌تی كورد له رابردوودا چه‌ند جارێك ده‌رفه‌تی جیابوونه‌وه یان ڕێككه‌وتنی بۆ هه‌ڵكه‌وتوه، به‌ڵام به هۆی سازش نه‌كردن له‌سه‌ر به‌شێكی خاكی كوردستان، نه‌یتوانیوه به‌هیچ بگات، له‌وسه‌روه به‌ستی به‌تاڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه پرسی كه‌ركوك، كه هه‌میشه وه‌ك خاڵی ستراتیژی لێیڕوانراوه، به‌مهۆیه‌وه كورد درێژه‌ی به‌و كاروانه و رێی هه‌وراز و سه‌خته داوه، له‌و پێناوه‌شدا قوربانی و نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتوه، كه ناكرێ نه له‌بیر بكرین نه سوودیان لێوه‌رنه‌گیرێ.
به وردبوونه‌وه له‌و هاوكێشه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافییه‌كه، ده‌رده‌كه‌وێ كه مه‌سه‌له‌ی جیابوونه‌وه و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی چه‌نده هه‌وارزێكی سه‌خته.
بۆیه به‌باشی ده‌زانم له‌م ڕوانگه‌یه‌وه نمونه به دوو ئه‌زمونی هاوشێوه و نزیك له خۆمانی بێنمه‌وه.
ئه‌وانیش كێشه‌ی فه‌له‌ستین و سه‌ربه‌خۆیی ئیرله‌ندا.
دوای خه‌بات و تێكۆشانێكی زۆری گه‌لی ئیرله‌ندی دژ به به‌ریتانییه‌كان بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئۆتونۆمییه‌ی به‌ریتانیا له ساڵی 1914 بۆ گه‌لی ئیرله‌ندی پێشنیار كرد، ئه‌م گه‌له درێژه‌یان به شۆڕشه‌كه‌یاندا، تا له سالێ 1921 له ئه‌نجامی رێككه‌وتنێك له نێوان هه‌ردولا، گه‌لی ئیرله‌ندا به سه‌ربه‌خۆی گه‌یشت و كۆماری ئیرله‌ندا دامه‌زرا.
به‌ڵام ئه‌م رێككه‌وتن و سه‌ربه‌خۆییه‌یان له به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌ردابوونیان بوو له به‌شێكی خاكه‌كه‌یان كه ئێستا پێده‌وترێ ئیرله‌ندای باكور، كه (به‌لفاست) پایته‌خته‌كه‌یه‌تی و سه‌ر به به‌ریتانیایه، دیاره ئه‌م رێككه‌وتن و ده‌ستبه‌رداربوونه له به‌شێكی خاكه‌كه‌یان له لایه‌ن ته‌واوی گه‌لی ئیرله‌ندییه‌وه شتێكی قبولكراو نه‌بوو، به‌ڵام جێبه‌جێكرا، به‌مهۆیه‌شه‌وه شه‌ڕی نێوخۆ له كۆماری سه‌ربه‌خۆی ئیرله‌ندا سه‌ری هه‌ڵدا، (مایكل كولنیز) سه‌ركرده‌ی رزگاری خوازی ئیرله‌ندا كه یه‌كێك بوو له‌و پێنج سه‌ركرده‌یه‌ی به‌شداری گفتوگۆی نێوان ئیرله‌نداو به‌ریتانیای كرد‌و به ئه‌ندازیاری ئه‌م رێككه‌وتنه داده‌نرێ، به‌تۆمه‌تی خیانه‌تكردن له گه‌ل و خاكی ئیرله‌ندا له كرده‌یه‌كی نه‌خشه بۆ دانراودا تیرۆر كرا.
ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی مایكل بووه هۆی به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئیرله‌ندا، به‌ڵام به‌بێ له‌خۆ گرتنی سه‌رجه‌م خاكه‌كه‌ی، كه ره‌نگه ئه‌گه‌ر له‌و ده‌مدا ئه‌وه ڕووی نه‌دابا، دیار نییه كێشه‌ی ئیرله‌ندا چی به‌سه‌ر ده‌هات و به‌چی ده‌گه‌یشت، ئایا وه‌ك ئێمه ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ هه‌رده‌بوایه له خه‌بات و تێكۆشاندا بن، به‌بێ به‌ده‌ست هێنانی هیچ ؟
ئه‌و لێكچواندانه‌ی من بۆ ئه‌وه نییه بڵێم ده‌كرێ ئێمه‌ش ده‌ستبه‌رداری كه‌ركوك بین له‌به‌رامبه‌ر به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام ده‌كرێ بایی ئه‌وه‌ش لێیوردبینه‌وه و بتوانین سوود له‌و ڕووداوه‌ی ئه‌وان به‌به‌راوورد له گه‌ڵ كێشه‌ی فه‌له‌ستین وه‌ربگرین. چونكه نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین كه ئێستاش (مایكل كولنیز) له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌ردار بوون و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئیرله‌ندا به‌بێ (به‌لفاست) به‌شێك له خه‌ڵكی ئیرله‌ندا ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌یان به خائین و به شێكیشیان به شۆڕشگیری ده‌زانن.
كاتی ئه‌وه هاتوه سه‌ركردایه‌تی كورد ڕاشكاوانه ئه‌وه‌ی بیری لێده‌كاته‌وه به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی ڕابگه‌ێنێ، چونكه تا ئێستا ڕوون نییه ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ونه كوێی ئه‌و پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆمه، ئه‌وه ڕوون و دیاره كه ڕیفراندۆم له سه‌رتاسه‌ری ناوچه كوردستانییه‌كان به‌ڕێوه ده‌چێ وه‌ك ڕایانگه‌یاندوه ( ئه‌وه ئه‌گه‌ر كرا) به‌ڵام به‌ڕاستی ڕوون و ئاشكرا نییه چۆن؟
له په‌راوێزی ئه‌و ناوچانه‌وه نمونه به فه‌له‌ستین و قودس دێنمه‌وه كه له به‌شی پێشتریشمدا نمونه‌م به ئیرله‌ندا هێنایه‌وه.
ساڵی 1946 سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌هیونییه‌ت، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایان ئاگاداركرده‌وه، كه ئه‌وان رازین به ده‌وڵه‌تێكی یه‌هودی له سه‌ر به‌شێكی خاكی فه‌ڵه‌ستین، ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌ر یه‌ك له یه‌هودییه‌كان و ئه‌مریكا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بخه‌نه به‌رده‌می نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و فشاریش بخه‌نه سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ی گشتی و ئه‌و لێژنه‌یه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، كه تایبه‌ت به فه‌ڵه‌ستین دروستیان كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی لاریان نه‌بێت له‌و پڕۆژه پێشنیاركراوه‌ی كه له ساڵی 1947 به‌رزیان كردبۆوه به مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی فه‌ڵه‌ستین.
پڕۆژه‌كه بریتی بوو له دابه‌شكردنی فه‌ڵه‌ستین بۆ سێ به‌ش:
ڕوبه‌ری له (56%) بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی یه‌هودی، روبه‌ری له (43%) یش بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی، به‌شی سێیه‌میش كه جیاكرابۆوه بریتی بوو له (1%) كه قودس و ده‌وروبه‌ری ده‌گرته‌وه، بكرێته ناوچه‌یه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان به‌ڕێوه‌ی به‌رێت.
عه‌ره‌به‌كان دژی ئه‌م دابه‌شكردنه بوون و به ته‌وای ره‌تیان كرده‌وه، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ی گشتی له ژێر فشاری ئه‌مریكا ئه‌م پڕۆژه‌ی دابه‌شكردنه‌ی په‌سندكردو ده‌وڵه‌تی یه‌هودی دامه‌زراند، به‌ڵام عه‌ره‌به‌كان به هۆی ره‌تكردنه‌وه‌و رازی نه‌بوون به دابه‌شكردنه‌كه، ئێستاشی له گه‌ڵدابێت نه‌یانتوانی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌شتینی دابمه‌زرێنن.
لێره‌وه من ده‌ڕوانه‌مه پرسی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، كه‌ركوك –ی كوردستان و قودس-ی فه‌ڵه‌ستین و به‌لفاست-ی ئیرله‌ندا له سێ قوناغی جیاوازدا هاوشێوه‌ی یه‌كترن، ئه‌مه ئه‌و هاوكێشه سیاسییه‌یه كه ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی كورد باش لێیی تێبگات و ئه‌م دروشمه بكه‌ینه خاڵی سه‌ره‌تای بیركردنه‌وه له سه‌ربه‌خۆیی، (یان كه‌ركوك و كوردستان، یان تاماوین ئه‌جه‌نگین).
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم