![تێگه‌یشتنی بازنه‌یی … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا تێگه‌یشتنی بازنه‌یی … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا](https://dengekan.info/wp-content/uploads/2017/07/mutalib3B-780x300.jpg)
تێگه‌یشتنی بازنه‌یی … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
له كۆمه‌ڵه شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه، تاریك)ی كه‌ریم ده‌شتی- 2016 هه‌ولێر- ناوه‌ندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه
ته‌نیا ماینه‌وه
من و باقه‌یێ خه‌یاڵ
كه به‌شی پێكێكی قه‌یتانی نه‌ده‌كرد
من به‌و خه‌یاڵه
سه‌راپا تراژیدیای ژیانم نوسییه‌وه. ل3
(كه‌ریم ده‌شتی) شاعیرێكی به ئه‌زموونی پڕ به‌رهه‌مه، به یه‌كێك له شاعیرانی (نه‌وه)ی هه‌شتاكانی شیعری كوردی ده‌ژمێردرێت، هه‌ڵگری جۆرێك له تایبه‌تمه‌ندی شیعرییه و پشت به “بیركردنه‌وه” و “خه‌یاڵ ” ده‌به‌ستێت و بایه‌خ به (چنینی ریتم)ی شیعری، ده‌نگ و سه‌روا ده‌دات، ئه‌وه‌ی دوایی وای كردووه شیعره‌كانی له روونی و ساده‌یی نزیك ببنه‌وه! له‌و ئه‌زموونه نوێیه‌دا به شێوه‌یه‌كی گشتی بره‌وی به (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) و به تایبه‌تی (تێگه‌یشتنی وشه) داوه.
له كتێبی (ره‌وانبێژی خه‌یاڵ) كه به‌شه پراكتیكهكهی به ناونیشانی وێنه‌ی “كتێب” له ئه‌زموون و ئه‌زموونگه‌ری “كه‌ریم ده‌شتی”شاعیردا. قسه‌م له باره‌ی میكانیزمی كاركردنی شاعیر كردووه و پێموایه شاعیر وه‌ك میكانیزمی كاركردن زێتر به‌لای هه‌ڵبژاردنی زمانی شیعرییدایه، هه‌میشه هه‌وڵه‌كانی خۆی له‌وه‌دا كۆ ده‌كاته‌وه، كه (رێگای گوتن) بۆ زمان خۆش بكات. له‌و رێگا خۆش كردنه‌شدا هه‌ندێجار شاعیر ئیشكالی گه‌یاندن و نه‌گه‌یاندنی بیرۆكه‌ی شیعریی له رێگای ئه‌زموونه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كات. وه‌ك چۆن ئیشكالیه‌تی وێنه و ته‌عبیركردنی شیعریی له رێگای تێگه‌یشتنی ناوه‌كی زمانه‌وه، یان به مانایه‌كی دیكه له رێگای ئه‌زموونگه‌رییه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كات. له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌شێ بڵێم ئه‌زموونی شاعیر له‌گه‌ڵ زمان و شێوازگه‌ریی ته‌عبیركردن، له سه‌ر دوالیزمی ئه‌زموون و ئه‌زموونگه‌ری – به‌رده‌وامی زمان و چركه‌ساتی ئازادی ده‌ربڕین – وه‌ستاوه. ئه‌و بیروڕایه‌ی من كۆی به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی تا ساڵی (2011) ده‌گرێته‌وه.
له خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ناوبراودا پێموایه شاعیر له (پرۆسه‌ی نوسینی شیعری) زۆر جاران (بابه‌تێك) یان (فیكره‌یه‌ك) به‌ره‌و نوسینی ده‌بات؟! فیكر و مانا له دروستكردنی وێنه‌دا به‌شداری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام دیاره لێره مه‌به‌ست له فیكر و مانا وه‌ك ره‌گه‌زێكی شیعری بینراوه، نه‌ك وه‌ك لۆژیك و تێگه‌یشتن!! به‌ڵام له‌و ئه‌زموونه نوێیه‌دا من وه‌ك خوێنه‌رێكی كۆی به‌رهه‌مه‌كانی شاعیر هه‌ندێك گۆڕانكاری ده‌بینم، یان هه‌ندێ ئه‌زموونكاری ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌وه‌ی زۆر به‌رجه‌سته‌شه گۆڕانكارییه له شێوازیی ته‌عبیركردن و هێنانه ناوه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی بازنه‌ییه له خولانه‌وه‌ی وشه‌دا.
له كۆمه‌ڵه شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه تاریك – 2016) شاعیر وه‌ك ئه‌زموونگه‌رایه‌ك له رووی مه‌عریفه‌ی شیعریی و ته‌عبیركردن، كاری له سه‌ر (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) كردووه… به‌و مانایه‌ش ده‌شێ خوێنه‌ران جیاوازییه‌كانی ئه‌و ئه‌زموونه شیعرییه، نه‌ك هه‌ر ته‌نها له رێگا گۆڕانكاری له شێوازیی ته‌عبیركردن، به‌ڵكو له رێگای به‌رجه‌سته‌كردنی تێگه‌یشتنی بازنه‌یشه‌وه زێتر هه‌ست پێبكه‌ن!
شاعیر له هه‌موو ئه‌زموونه‌كانی خۆیدا له (رێگا خۆشكردن بۆ زمان) دوور نه‌كه‌وتۆته‌وه، ئه‌وه‌ش به بڕوای من په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفی شیعریی –یه‌كه‌مه‌وه- هه‌یه، واته باوكی وه‌ك شاعیرێكی كلاسیزمی كوردی له پرۆسه‌ی نوسیندا وه‌ك بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی زمانی شیعریی فه‌رامۆش نه‌كردووه!
لێره قسه‌كردنم له سه‌ر ته‌عبیركردنی شیعریی ده‌كه‌وێته نێوان سنوری (ده‌ق -ته‌عبیركردن) و سنوری (وه‌رگر -ته‌ئویل) كردن! ده‌مه‌وێ بڵێم چه‌مكی ته‌عبیركردن، خۆی له به‌رفره‌وانكردنی سنوره‌كانی توانا و ئه‌زموون و ناخی شاعیردا ده‌بینێته‌وه، وه‌ك چۆن نابێ سنوره‌كانی توانا و ئه‌زموون و ناخی وه‌رگریش فه‌رامۆش بكه‌ین! بێگومان نابێ له بیرمان بچێ، به‌شێكی زۆری ئه‌و ئه‌زموونگه‌رییه ده‌كه‌وێته سه‌ر ئازادی بیركردنه‌وه و ئاسته‌كانی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌وه؟!
به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش هه‌میشه شێوازی ته‌عبیركردن به شێوه جۆراوجۆره‌كانی زمانی ئه‌ده‌بییه‌وه به‌نده! زمانی ئه‌ده‌بی دووره له راسته‌وخۆیی، هه‌ڵگری روویه‌كه له رووه‌كانی حه‌قیقه‌ت، زمانی ئه‌ده‌بی له سه‌ر لادان و خوازه و ره‌مز به‌ره‌و كه‌شفكردن هه‌نگاو ده‌نێت… هه‌ڵبه‌ته له به‌رانبه‌ر شێوازی زمانی ته‌عبیركردن، شێوازی زمانی ئه‌بستراك هه‌یه… شێوازی زمانی ئه‌بستراك هه‌موو هێزی خۆی له لادان و ئاماژه و ره‌مز خه‌رج ده‌كات، هه‌میشه بۆ پركردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانی پشت به خوێنه‌ران ده‌به‌ستی… ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له خاڵه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی جیاوازی نێوان زمانی ته‌عبیری و زمانی ئه‌بستراك.
به‌ڵام دواجار زمانی ئه‌ده‌بی به هه‌موو ئاسته جیاوازه‌كانییه‌وه پشت به ئازادی بیركردنه‌وه و ئاسته‌كانی خوێندنه‌وه ده‌به‌ستێ… هه‌موو ئه‌و قسانه‌م بۆ ئه‌وه‌یه بڵێم بزاڤی زمانی ته‌عبیركردنی كه‌ریم ده‌شتی له كۆی ئه‌زموونه‌كانی پێشووی تا ساڵی 2011 له زمانی ته‌عبیركردنی (زینده‌گی)یه‌وه به‌ده‌ر نییه، یان به شێوازی زمانی ته‌عبیركردن له رێگای زینده‌گییه‌وه به‌نده… به شێوه‌یه‌كی گشتی شێوازی زمانی ته‌عبیركردن له رێگای زینده‌گییه‌وه، پشت به ریتمی ناوه‌كی ژیان ده‌به‌ستێ و هه‌ندێجار كار له تێكشكانی گرامه‌ر و ره‌نگاوڕه‌نگی ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی په‌رتوبڵاو بێت… (جه‌لال به‌رزنجی، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، به‌رۆژ ئاكره‌یی، هیوا قادر…) له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیان نموونه‌ی دیاری ئه‌و شێوازه‌ن…
به بڕوای من شێوازی زمانی ته‌عبیركردن له رێگای زینده‌گییه‌وه، بۆ كه‌ریم ده‌شتی تا (ساڵی 2011) درێژ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام دواتر شێوازی زمانی ته‌عبیركردنی شاعیر خۆی له ته‌عبیركردن له رێگای دنیابینییه‌وه ده‌دۆزێته‌وه، له (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه تاریك – 2016) ئه‌و شێوازه به ترۆپك ده‌گات، له كۆمه‌ڵه شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه، تاریك) دنیایه‌كی دیكه‌ی نوێ له په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان و شته‌كان دروست ده‌كات.
به شێوه‌یه‌كی گشتی شێوازی ته‌عبیركردن له رێگای دنیابینی، شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی زمانی ته‌عبیركردنی شیعریی، كه ئه‌زموونی هه‌ستی كه‌متر تێدا ده‌رده‌كه‌وێت، زۆرتر پشت به درێژكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنه‌كان و خولانه‌وه ده‌به‌ستێ، كار له ریتمی ده‌ره‌كی ده‌كات، كه‌مترین ده‌نگی دژكاری تێدایه، چڕه، هه‌ندێجار له‌گه‌ڵ پله‌كانی گرامه‌ر دژ ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌وه‌ش گۆشه‌نیگای شاعیرانه بۆ خوێنه‌ر ده‌نه‌خشێنێ!
گۆشه نیگای شاعیرانه په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به دیتن یان دنیابینی و خه‌ونبینییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه ده‌شێ تێگه‌یشتنی من بێت، بۆ روانینی شاعیرانه و دیتنی دنیا و شته‌كان به چاوێكی نوێوه… (شێركۆ بێكه‌س، ره‌فیق سابیر، هاشم سه‌راج، دلشاد عه‌بدوڵڵا، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، جه‌مال غه‌مبار…) به جیاوازییه‌كانیانه‌وه له باره‌ی زمان و تێڕوانین و هه‌ستی شیعرییه‌وه… نموونه‌ی دیاری ئه‌و شێوازه‌ن: بۆ نموونه زمان و تێڕوانینی هاشم سه‌راج په‌یوه‌سته به هه‌بوونی شیعریی له هاوكێشه‌ی (بوون — نیگه‌رانی — مردن) و له‌گه‌ڵ تێڕوانینی (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه، تاریك) وه‌ك له خواره‌وه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌م، جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه… دلشاد عه‌بدوڵڵا، هه‌وڵده‌دات له رێگای هاوكێشه‌ی بابه‌تییه‌وه شیعرییانه به‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌كاندا بچێته‌وه. ده‌یه‌وێت هاوكێشه‌ی بابه‌تی له نێوان شیعر و گێڕانه‌وه دروست بكات! ئه‌و شێوه‌یه له تێڕوانین هه‌مان زمانی گێڕانه‌وه‌ی شیعریی و ره‌گه‌زی زاڵی گێڕانه‌وه‌ی جه‌مال غه‌مبار نییه، ئه‌حمه‌دی مه‌لا هه‌ندێجار له‌گه‌ڵ پله‌كانی گرامه‌ر دژه و زێتر له‌گه‌ڵ گۆشه‌نیگای شاعیرانه دێته‌وه… (بۆ ئه‌وه‌ی له بابه‌تی نوسینه‌كه دوور نه‌كه‌ومه ئه‌و پۆلینكردنه‌ی زمانی ته‌عبیركردن و جیاوازییه‌كانی بۆ كاتێكی دیكه هه‌ڵده‌گرم)
له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌توانم بڵێم تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شێوازی زمانی ته‌عبیركردنی شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه، تاریك) خۆی له بزاڤی جوانی و توانای شێوه‌گرتن و گه‌شه‌كردنی تێگه‌یشتنی بازنه‌ییدا ده‌بینێته‌وه، شاعیر به ئاگاییه‌وه له رێگای هاوگونجانێكی هونه‌ری به‌رزه‌وه تێڕوانین و دنیابینی خۆی ده‌خاته روو. ده‌شێ خوێندنه‌وه‌م بۆ تێگه‌یشتنی بازنه‌یی، له‌و ئه‌زموونه نوێیه‌ی شاعیردا له‌وێوه خۆی هه‌ڵبگرێته‌وه، كه (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) به‌لای منه‌وه، ناونانی میكانیزمی كاركردنێكه بۆ چه‌سپاندنی تێگه‌یشتن له سه‌ر خودی تێگه‌یشتن! پێموایه ده‌شێ دوو بنه‌مای بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و میكانیزمه ده‌ستنیشان بكه‌م: یه‌كه‌م، بنه‌مای فیكره‌ی دابڕان: فیكره‌ی دابڕان له مانایه‌كه‌وه بۆ گه‌یشتن به مانایه‌كی دیكه، یان له تێگه‌یشتنێكه‌وه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی یه‌كێكی دیكه… دیاره تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و بنه‌مایه به بڕوای من له سه‌رسامبوونی خوێنه‌ردایه، چونكه خودی فیكره‌ی دابڕان له شیعردا وا له خوێنه‌ر ده‌كات، جارێكی دیكه بۆ خوێندنه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، تاكو بتوانێ باشتر له هه‌ردوو ئاڕاسته‌كه بگات و چێژی زێتر به ده‌ست بهێنێ. بڕوانه هه‌بوونی شیعریی له هاوكێشه‌ی (بوون — دابڕان— هه‌تاهه‌تایی)
باش وه‌كو دڵم تاقه خۆشه‌ویستێكی هه‌بوو
هه‌تا ماوه بۆی ئه‌گه‌ڕێ
ته‌نیا من و تۆ ماینه‌وه ئه‌ی با. ل30
بنه‌مای دووه‌م، فیكره‌ی دووباره‌بوونه‌وه، یان خولانه‌وه‌ی وشه: واته شاعیر هه‌وڵده‌دات هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه دووباره بكاته‌وه كه هه‌موو حه‌زی لێده‌كه‌ین، ئه‌ویش له پێناو جێگیركردن! راسته دروستكردنی حاڵه‌تێكی ده‌روونی له پشته‌وه‌یه… بۆیه مه‌رج نییه بتوانێ هه‌مووان رازی بكات، به‌ڵام هێزی ده‌ربڕینی شاعیر پۆشاكێكی دیكه‌ی نوێی پێده‌به‌خشێ، كه له‌به‌ر دڵان بێت. بڕوانه هه‌بوونی شیعریی له هاوكێشه‌ی (بوون— دووباره‌بوونه‌وه—هه‌تا هه‌تایی)
زۆرم بیر كرده‌وه شیعر شه‌ڕه له‌گه‌ڵ زمان
زمان شه‌ڕه له‌گه‌ڵ زمان
زمان شه‌ڕه له‌گه‌ڵ بازنه
زۆرم بیر كرده‌وه بازنه ئه‌به‌دییه و كۆتایی نایه‌ت. ل62
هه‌میشه كه‌ریم ده‌شتی له ئه‌زموونه‌كانی خۆیدا بۆ ئه‌و هێزه‌ی زمانی ته‌عبیركردن، په‌نای زۆری بۆ موزیكای وشه و هاوگونجان ((چنینی ریتم)) و دواتریش به‌رجه‌سته‌كردنی چییه‌تی زمان بردووه، به‌ڵام له‌و ئه‌زموونه نوێیه پێگه‌ییوه‌دا به‌رجه‌سته‌كردنی تێگه‌یشتنی زمان، پێش ماهیه‌تی زمان ده‌كه‌وێت؟! ده‌شێ بۆ (چییه‌تی زمان) به دوای ده‌نگ و مانادا بگه‌ڕێین، به‌ڵام ده‌بێ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) په‌نا بۆ ئاشكراكردن و به دواداگه‌ڕانی تێگه‌یشتنی تایبه‌تی وشه و خولانه‌وه‌ی وشه به‌رین…
هه‌وڵێكی زۆرم دا به چه‌ند وشه‌یێ خۆم بكوژم
كه‌چی وشه‌یه‌كی زۆرم كوشت و هه‌ر نه‌كوژرام
زۆر هه‌وڵم دا دوژمنێ بۆ خۆم دروست كه‌م
به‌ڵام له خۆم زێتر كه‌سم نه‌دۆزییه‌وه. ل102
شاعیر چۆن له ناو و ناونانه‌وه گه‌یشتووه و چۆن ئه‌و ناو و ناونانه به هه‌بوونی شیعرییه‌وه ده‌لكێنێ؟! به مانایه‌كی دیكه (ده‌رخستن) و (ئاشكراكردن) و (نواندن)ی تێگه‌یشتن، له‌و ئه‌زموونه نوێیه‌ی شاعیردا ده‌رخستن و ئاشكراكردن و نواندنی تێڕوانینه بۆ (بوون) له شیعردا، به دیوه‌كه‌ی دیكه له كۆمه‌ڵه شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه تاریك – 2016) تێگه‌یشتنی شاعیر یان (هه‌بوونی شیعریی) لای ئه‌و مه‌عریفه‌ی شیعریی شاعیر ده‌خاته‌وه، به‌ڵام مه‌عریفه‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی له سه‌رچاوه‌كانی یه‌كه‌مه‌وه پێیگه‌یشتبوو! هه‌میشه مه‌عریفه‌ی شیعریش دنیابینی شیعری ره‌نگ ده‌كات… كه‌واته شاعیر ئه‌و كاته ناو له شته‌كان ده‌نێت، كه تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی ده‌نوێنێ، به مانایه‌كی دیكه ته‌نها ئه‌و وشانه ده‌توانن تێگه‌یشتنی شاعیر به‌رجه‌سته بكه‌ن، كه ده‌توانن ئه‌وه بڵێن كه شاعیر به پێی دنیابینی خۆی ده‌یه‌وێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندی هه‌بوونی شیعری لای كه‌ریم ده‌شتی ئاشكرا ده‌كات.
به كورتی شاعیر وێنه‌ی تێگه‌یشتنی خۆی یان (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) له چوارچێوه‌ی شیعردا به خولانه‌وه‌ی وشه و خولانه‌وه‌ی فیكر له لایه‌ك و فیكره‌ی دابڕان له لایه‌كی دیكه سپاردووه.
1/5/2017 هه‌ولێر