Skip to Content

سڵاو لە بیکێت..شیعر و خوێندنەوەی داستان بەرزان

سڵاو لە بیکێت..شیعر و خوێندنەوەی داستان بەرزان

Closed
by ته‌مموز 13, 2024 General, Poems

ئەڵماسەکان لە ناومدان
دەجوڵێنەوە و
گەشە دەکەن
ڕێگرییان لێدەکەم نەدرەوشێنەوە
پەرش نەبن
نەشکێن
نەتوێنەوە
لە جیهانێکدا کە تاریکە.

من دەزانم هیچ شتێک تاکوسەر بۆ من نییە
بەڵام دەرەوە شایەنی هیچ درەوشانەوەیەک نییە!
وەک سەردەمانێک لە ڕابردوودا
هەموو شتێک
بۆ مرۆڤ
بۆ جیهان
دەدرەوشانەوە
من لەو سەردەمانەوە
درەوشانەوەی خۆمم هەیە.

گشت سامانێکی من بوونمە
بوونم دەدرەوشێتەوە
لە جیهانێکدا
کە شایەنی نییە هیچ شتێک بۆی بدرەوشێتەوە.

من ئازارم خۆشناوێت
ئازار کە هات ڕێزی دەگرم

بەتاڵم و
بە بەتاڵاییدا دەڕۆم و
بەڵگەیەکی بەرجەستەم لەسەر بوونی مرۆڤانێکی کەفتەکار
کە ژیان تاولەدوای پیستر لە پەلوپۆیان دەخات.

تەنیایی کارێکی بەنرخی من
من بە تەنیاییەکەمەوە شتێک بووم
شتێک لە بۆشاییدا
ئێستا کە تەنیاییم نەماوە
بوومەتە بۆشایی لە بۆشاییدا.

وڕێنە دەکەم
خەڵکی باشن و
نرخی باش دەدەن
من نرخم بۆ هیچ شتێک دانەناوە
باشی بێت یان خراپ
دووانەیەکی گۆڕاون و
هەریەک ئەوتریان ڕەش دەکەنەوە.

جاران مانگ جوان بوو
لەم سەردەمەدا کارم بە جوانی نییە
پۆخڵەواتە
جوانی لە ژێر پێی پارەدا
(جوانییمان هەیە بۆ فرۆشتن.)

پارەکان لە ژێر پێمدا دەپاڕینەوە
لە بێباکیم دەربازیان بێت
من گیانێکم بە بێباکییەکەمە
گیانێکم بەوەیە بەها بۆ کەسانێک دانانێم
سەردەمەکە بۆیان لە بارە
هێز لەوەدایە لەگەڵ نالەبارییدا بیکێڵیت.

من ڕێزێکی زۆرم بۆ مرۆڤە ساکارەکان
ئەوانەی دڵپاکانە دەژین و
دڵپاکانە دەمرن.

(ستۆپ)

بەیانی ئەم دێڕانە چۆن بخوێنمەوە؟
هەرچۆن سەیریان دەکەم
تێناگەم و
سەردەرناکەم
من خەریکی چ شێتییەکم؟
خەریکم چ ئاشوبێک دەنێمەوە؟
پلانی چیم هەیە
بەنیازم چ یارییەک
چ گاڵتەجاڕییەک دابمەزرێنم؟
ببورن
من
لێتان
تێناگەم!
یان
ڕەنگە من لە ئێوەشم تێکدابێت.
لە ئێستادا لە هیچ شتێک دڵنیانیم
لە ئێوە
لە خۆشم
هێندە هەیە پێویستە بە گیانی خۆم
خۆم دوور بگرم لەو شتانەی
هەستی تەنیاییم تیدا زیاتر دەکەن
من لەمە تەنیاتربم
ڕەقهەڵدێم
من لەمە تەنیاتربم
تەنیایش لە دەست دەدەم.

ئەی دڵەی گیرۆدە
من هەم ژیان
من هەم مردن
من تاکە مرۆڤم
پێکەوە دۆست و دووژمن
دەبێت لە دەستیان ڕابکەم
من ئەو نەفرەتەم
ئەی دڵ
ئەو نەفرەتە!
تەنیا تۆ دەتوانیت
تەنیا تۆ
بیانووبیت
بۆ مانەوم
لەم بۆشاییەدا
ئەی دڵەی گیرۆدە.

گرانە لە ماڵەکەمدا کەسێک هەبێت بیری بکەم
کەسێک هەبێت لە دڵمدا
کەسێک لە ماڵەکەییدا بیرم بکات
لە دڵیدا.

من هیچ ژنێک بە خەفەتەوە ناکوژم
هیچ ژنێک
خەفەت من دەکوژێت
بە ژنەوە.

بەرەوباوان ناڕۆمەوە
باوان خەونێک بوون
خۆش یان ناخۆش
دڵمان پێیان دەکرایەوە
سوپاس بۆ خەون.

ئەمجارە وەک ئاهێکی گەرم
بۆ ناو خۆم دەچکێمەوە
بەڵکو ئیتر بسوتێم و
تەواوبم.

شتێک فریای مرۆڤ بکەوێت
تەنەکەیەک ڕۆنی بەتاڵ
تاتەشۆرێک
سندوقێک لم
ئیسپانەیەک
بەلۆعەیەک
مۆبایلێک
کەرەڤانەیەک
پارەیەکی دڕاو
فریای مرۆڤ بکەوێت
فریای خۆی بکەوێت مرۆڤ
شتێک فریای مرۆڤ بکەوێت.

ئێوەش وەرن ڤیتامینەکان
بڕژێنە ناو مێشکمەوە
بۆ سەرێکی گەرم
سەرێکی فڕیو
سەرێکی بەرز
کە سەری خۆم نەبێت
زوو بکەن
خێرا بکەن
دەستوبرد
بیرکردنەوە پێچاوپێچەکان
بیرکردنەوە سامناکەکان
هەرچی زووە
سەرم بەربدەنەوە بۆ ناو بۆشایی
سەرم کە هەر دەمەی لەسەر هەوایەکە
هەوای ئەم سەرەم سەر لە بن دێنێ
ئاخۆ ئەمجارە چیم بەسەردێنێ؟

هەڵبکە ئەی هەوای ناو سەرم
جیهان بخەرە ترسەوە
وەک دڵی من کە گڕ دەخوات
لە تاو سەرێک کە ئاگرە.

تۆ بنواڕە هەوای ناو سەرم
چۆن لە تاوت دەسوتێم
چۆن لە ناوتدا ژانی شادی دەخۆمەوە.

جیهانی من جیهانی دیکەی زۆری تێدایە
ماندوو نابێت لە دروستکردنی بۆشایی
بەرلەوەی گەردوون بخنکێت
بەرلەوەی گەردوون بتوێتەوە.

من هاتووم بە جیهاندا
ڕێساکان لە ئێوە ون بکەم
من هاتووم ئێوە لە جیهانە کۆنەکان دەربهێنم
مردووەکان لە خۆیان قوتار بکەم
کاژی ساڵانی زووتان پێفڕێبدەم.
پێشنیاز:
لە گەڕان و هەڵهاتن و کەوتن مەترسن..
بەیانی هەر وەکو ئێستایە
سەدان بەیانی دێت بەبێ دەنگی کەڵەشێر
من زۆرم دیون لەو بەیانییە بێمروەتانە
ئیتر خۆم کاتێکم ناولێناوە بەیانی.
کەواتە بەیانیتان باش…
بەیانی هەروەکو ئێستایە
من ئێستاکە بۆچی دەنووسم؟
لە پێناو بەیانییدا
لە پێناو هیچدا.

هەرچی بیردەکەمەوە ئێمە لە پشت پەردەی ژیانەوەین
ژیانە ڕاستەقینەکە لە شوێنێکی دیکەیە
ئێمە تامی ژیانمان نەکردووە
ئێمە بەر ژیان نەکەوتووین
ژیان ئێمە دەبڕێت.

(بووەستن)

وابزانم ئێستاکە لای من بەیانییە!
بەیانیت باش ئەی بەیانی.

Previous
Next
Kurdish