Skip to Content

ئەو وڵاتەی کە تێیدا تاوانباران لە جیاتی سزادانیان پەنا دەدرێن و دەربازدەکرێن!.. حەسەن ڕازانی

ئەو وڵاتەی کە تێیدا تاوانباران لە جیاتی سزادانیان پەنا دەدرێن و دەربازدەکرێن!.. حەسەن ڕازانی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 21, 2021 General


(هەرێمی کوردوستانی عێڕاق بە نموونە)

(لە پەراوێزی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد لەتیف و برینداربوونی سێ پۆلیسی تر.)

پوختەی کارەساتەکە: لە ئێوارەی درەنگانی ٤-١٢-٢٠٢١ لە تانجەڕۆوە ژنێک تەلەفۆن دەکات بۆبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی دژی ژنان و پێیان دەڵێت کە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە. نەقیب محمد لەتیف لە گەڵ سێ پۆلیسی تر بە پەلە دەگەنە شوێنەکەو هەر بە گەییشتنیان دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولەو لە ئەنجامدا نەقیب محمد گیان لەدەست دەداو سێ پۆلیسەکەش بریندار دەبن. تاوانبارانیش بۆی دەردەچن و تا بەرواری ئەم نووسینەش کەسیان لێ دەستگیر نەکراوە. هەندێک دەنگۆ بڵاو بووەتەوە کە گوایە بەرپرسێکی گەورەی سەربازی لە پشتی تاوانبارەکانەو دەربازی کردوون یان پەنای داوون .

جا لەوبارەوە یەک پرسیاری گەورە دەبێ بکرێت ئەویش ئەوەیە کە : ئایا بە ڕاست دەسەڵات دەیەوێت یاسا جێبەجێبکرێت و تاوانبارانیش سزابدرێن و دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژیش بەرامبەریان بوەستێنرێت؟ ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارە بەڵێ بێت کەواتە دەبێ دەسەڵات و حکومەت هەم پشتی پۆلیس و دادوەرو دەسەڵاتی جێبەجێکار بگرێت و هەمیش نابێت تاوانباران لە ژێرهیچ بیانوویەکدا پەنا بدات یان دەربازیان بکات. ئەگەر ئەم کارە بکات کەواتە ئەو دەسەڵاتە نە دەیەوێت یاسا جێبەجێبکرێت و نە دەشیەوێت تاوانباران سزابدرێن و نە دەشیەوێت دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەریان کۆتایی پێ بهێنرێت. ئیترلەمەودوا نە دادوەر دەتوانێت کارەکەی خۆی بە پێی یاسا بەڕێوەبەرێت و نە پۆلیسیش دەتوانێت بە دوا تاوانباراندا بڕواو بیان گرێت و نە هیچ لایەنێک و خەڵکی تریش دەتوانن لەو بارەوە هاوکار بن. کەواتە تەواوی شانەکە هەمووی لە سەری ئەو دەسەڵات و حکومەتەدا دەشکێتەوە.

بە پێی کۆمەڵگای کوردی و ئەو هەل و مەرجەی کە خەڵکی کوردوستان تێیدا ژیان بەسەر دەبەن پێم باشە لەوبارەوە چەندین پرسیار بکەم. بۆ نموونە: ئایا دیفاعکردن لە ژنان بۆ ئەوەی توندوتیژییان لە بەرامبەردا نەکرێت تەنها ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە؟ ئایا لایەنی جێبەجێکار لە نێوحکومەتی هەرێمی کوردوستاندا دەتوانێت یاسا لەبەرامبەر هەمواندا بە یەکسانی جێبەجێبکات؟ دەبێ ڕاستەوخۆ ئەرکی کێ بێت کە نەهێڵێت توندوتیژی لەبەرامبەرژناندا ئەنجام بدرێت؟ ئایا پۆلیس وەک تیپی سەنگەری پێشەوەی لایەنی جێبەجێکار، دەتوانێت یاسا جێبەجێبکات لە هەرێمی کوردوستاندا؟ بۆچی تاکو ئێستا نەتوانراوە توندوتیژی لەبەرامبەرژناندا بوەستێنرێت و ژن کوشتن کۆتایی پێ بهێنرێت؟ ڕۆڵی دەسەڵات لە کوردوستاندا لەولەوبارەوە چییە ؟ ئەدی ڕۆڵی ئایین و مەزەبەکان؟ ئەدی باشە ڕۆڵی ئەو هەموو ڕێکخراوانەی ژنان و خانمان و ئافرەتان کە هەندێکیان خاوەن لانەو شەڵتەرو شوێنی حەوانەوەی ئافرەتانی لێقەوماویشن چی بووە؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری تر.

بە بڕوای من، بە پشتبەستن بە سەرخانی فکری کۆمەڵگەی کوردوستان، بە ڕۆڵی ئایین و مەزەب، بە کەلتووری باوو هێنراوو داسەپاو، بە پاشخان و باکگڕاوندی هێزو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە دەسەڵاتی هەرێم، هەروەها بە مێژووی دوێنێی سەردەمی حوکمی بەعس لەو بارەوە، پێویستە زۆر لایەن و کەس و ڕێکخراو بێنە مەیدانی کارو لە چوارچێوەی شیعارو گوتاری سیاسی و بێکرداردا بێنەدەر.

ئەم کارە پێشی هەموان، بە بڕوای من، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوای وەڵاتە. بۆیە دەبێ ئەم حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییە بە یاسا لە ڕێگەی دام و دەزگای تایبەت بەوکارەوە، کە پۆلیس ڕاستەوخۆ یەکێکیانە، ئەو کارە ئەنجام بدات. وە دەبێ حکومەت خۆی بە بەرپرس بزانێت لە دابینکردنی ئاساییشی سەرو ماڵ بۆ تەواوی کۆمەڵگا کە ژنانیش بەشێکن لەو کۆمەڵگایە. دەبێ کۆمەڵگا لە لای ڕۆشن بێت کە بەرپرسی ڕاستەوخۆی یەکەم و کۆتایی لە ئەنجامدانی ئەوکارە دا حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوای وەڵاتە.

دوای حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی و فەرمانڕەوا، بە بڕوای من، دەبێ زۆر لایەنی تریش ڕۆڵیان هەبێ و هاوکار بن لەوبارەوە. پێویستە کۆمەڵگا بە گشتی بە ئەرکی خۆی بزانێ کە ڕێبگرێت لە توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان دا و نابێت کۆمەڵگا بهێڵێت کە ژنان بە هەر بیانوویەکەوە بێت بکوژرێن . ئەم کارە ئەرکی هەموو ئەو لایەنە سیاسسیانەشە کە مەسەلەی ژنیان بۆ گرنگە، ئەرکی هەموو تاکێکی ئازادی خوازو مڕۆڤ دۆستە، ئەرکی هەموو ئەو نووسەرو ڕۆژنامەنووس وچالاکوانانەیە کە مەسەلەی ژنیان گرنگە، ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنییە، تەنانەت ئەرکی ئایین و ئایینزاکانیشە بە گشتی، دەبێ لەو بارەوە ڕۆڵی ئەرێییانە بنوێنن لە نەهێشتنی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان دا، ئەرکی خودی ژنان خۆیانە لە ڕێگەی یەکگرتوویی خۆیان و خۆڕۆشنبیرکردن وهەروەها لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەربەخۆیانەوە، هەروەها ئەرکی هەموومانە لە ئەوپەڕی چەپمانەوە بۆ مامناوەندی و لیبڕالیمانەوە کە دەبێ ڕۆڵمان هەبێ لە نەهێشتنی توندوتیژی لەبەرامبەرژناندا. ئەبێ ژن کوشتن کۆتایی پێبێت.

بۆیە نابێت ئەو ئەرکە، کە ئەرکێکی گەلێک قورس و ئاڵۆزە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا، بە تەنیا بخرێتە سەر شانی چەند ئۆفیسێکی پۆلیس. بۆ وەستاندن و کۆتایی پێهێنانی دیاردەی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان، ژن کوشتن و تاوان لەبەرامبەریاندا، تەنیا نابێ بە ئەرکی پۆلیسی بزانین و بە تەنیاش ئەو کارە بە پۆلیس ناکرێت. بە تایبەتیش لە شوێنێکی وەک و کوردوستاندا.
بە پلەی یەکەم ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنانە کە ڕاستەوخۆ پشتگیریی لەو ئۆفیس و دامەزراوە فەڕمیانە بکەن کە ئەرکیان پاراستنی ژنانە لە توندوتیژی و دەبێ لەوبارەوە بە بەردەوامی بەدواداچوونیشیان هەبێ کە ئاخۆ ژنان وەک و پێویست پارێزراوون؟ بۆیە ئەگەرهەموومان بەشدار نەبین لەو کارەدا ئەوا، بە بڕوای من، بە بوونی چەند ئۆفیسێکی پۆلیس یان یاسایەک کە توانای جێبەجێبکردنی ئەو یاسایەش نەبێ، ئەو ئەرکە بە تەواوی و بە سەلامەتی جێبەجێ ناکرێت. کۆمەڵگاش لەو بارەوە بێ خەتا نییە.
جا کاتێک کە هەموومان وەک و پێویست بەشدار نابین ئەوا بەردەوامی دەبێ لە ڕوودانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنانە لە وێنەی کارەساتی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد لەتیف و برینداربوونی سێ پۆلیسی تر. هۆی ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەوەیە کە نەقیب محمدەکان بە تەنیا ناتوانن ئەو ئەرکە قورس و ترسناکە لە نێو کۆمەڵگایەکی بێ سەرەوبەرەی وەک و کوردوستاندا جێبەجێ بکەن. بۆیە ئەگەر پشتیان نەگیرێت لە لایەن هەموانەوە بە تایبەتی لە لایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە ئەوا بەم شێوەیە دەبنە قوربانی و گیانیان تێدا دەچێت لە پێناوی بەرگرتن بە تێداچوونی گیانی کەسانی تردا. بۆیە دەبێ دەسەڵات بە بەرپرس دابنرێت. هەروەها نابێت ڕێکخراوەکانی ژنان لەو بەرپرسیاریەتیە بەدەربکرێن.

بە ئاوڕدانەوەیەک لە دوێنێی کوردوستان لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا نەتوانراوە بوەستێنرێت. ئامارەکانی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا ئەوە نیشان دەدەن کە نە حکومەت و نە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمان نەیان توانیوە وەک پێویست دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان دا کۆتایی پێ بهێنن. سەردەمی پێش نەوەدەکان دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەر ژناندا بە بەراورد بە دوای نەوەدەکان لە کوردوستاندا زۆر کەمتر بوو. تاوانباران سزا دەدران و نەیان دەتوانی بە ئاشکرا و بە ئازادی بسوڕێنەوە. بەڵام ئێستا بەڵێ بە ئاشکراو بە ئازادی دەسوڕێنەوە.
دەسەڵاتی ئێستای هەرێم بە ڕاستەوخۆیی و بە ناڕاستەوخۆیی لە باتی ئەوەی ببێتە لانەو پەناگەی ژنانی لێقەوماوو هەڕەشەلێکراو، کەچی بووەتە بە پەناگەو لانەی تاوانباران و بکوژانی ژنان.
بەرپرس و کاربەدەستە دەسەڵاتدارەکانی نێو ئەو دەسەڵاتەی کوردوستان خۆیان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تاوانبارەکان گل دەدەنەوەو ناهێڵن دەستی یاساو سزا بیان گاتێ. بۆیە کاتێک کە لایەنی جێبەجێکاری یاسا توانای جێبەجێکردنی یاسای نەبێت و پشتی نەگیرێت لە لایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە ئەوا کارەساتی لە وێنەی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد هەمیشە ڕوودەدەن. نەک هەر ئەوە بەڵک و نەقیب محمدەکانی تریش کە ئێستا لە ژیاندا ماوون، کەمن هیوادارم هەمیشە سەلامەت بن، ئەوانیش ئیتر ناتوانن وەک و پێویست ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن و ناتوانن یاسا بسەپێنن.
کەم کردنەوەی ڕێژەی تاوانی توندوتیژیی لە بەرامبەر ژنان و کوشتنیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاساوە. تا یاسا زۆرترو باشترو بە بەردەوامی بەسەر هەموو لایەکدا جێبەجێبکرێت ڕێژەی تاوان کەم دەبێتەوەو بە پێچەوانەش ڕێژەی تاوان بەرەو هەڵکشان دەچێت. کەواتە لەو نێوەدا ڕێژەی کارەساتەکانی لە وێنەی نەقیب محمد زۆرتر دەبن. لە ئەنجامی جێبەجێ نەکردنی یاساشدا لە لایەکەوە ژنان دەبنە قوربانی و لە لایەکەی تریشەوە بە بەردەوامی نەقیب محمدەکان لەو ڕێگایەدا دەبنە قوربانی.

لە هەمووشی گرنگتر و ترسناکتر ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوا دوولایەنە خودی خۆی تێوە گلاوەو هاوکارە لە زیادبوونی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان و کوشتنی ژناندا. چونکە لە لایەکەوە وەک و پێویست پشتی لایەنی جێبەجێکار ناگرێت و هاوکاری ناکات، وە لە لایەکی تریشەوە هەندێک لە بەرپرسانی نێو ئەو دەسەڵاتە دەچن تاوانباران دەپارێزن و لای خۆیان پەنایان دەدەن یان دەربازیان دەکەن و ڕەوانەی هەندەرانیان دەکەن یان لە ڕێگەی فشار لەسەر دادگا دەچن کەیسەکانیان یان بە لاڕیدا دەبەن یاخود لەسەریان سووک دەکەن.

ڕەفتارو سیاسەتی دەسەڵاتە کە وا دەکا لە لایەکەوە پۆلیس و لایەنی جێبەجێکارنەتوانن وەک و پێویست یاسا جێبەجێبکەن یان دەبنە قوربانی لەوڕێگایەدا، وە لە لایەکی تریشەوە دەسەڵات خودی خۆی دەبێتە هۆی ساردکردنەوەی لایەنی جێبەجێکار لە جێبەجێکردنی یاسادا. کەواتە تا ئەم دەسەڵاتە سیاسەتی بەم شێوەیە بێت، ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان کۆتایی نایەت و تاوانیش هەربەرەو سەر دەڕوا و کارەساتی لە وێنەی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد و برینداربوونی هاوڕێکانی هەربەردەوامی دەبێ…

لە کۆتاییدا قسەی یەکێ لە ئەفسەرە هاوڕێکانی نەقیب محمد دەهێنمەوە کە وتی:
“ئێمە چۆن بتوانین یاسا جێبەجێبکەین لە کاتێکدا دەسەڵات تاوانباران گل بداتەوەو بیان پارێزێت. ئێمەش بە مەرەدی نەقیب محمد دەچین. بکوژانمان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و دەرباز دەکرێن لە لایەن بەپرسە گەورەکانی نێو ئەو دەسەڵاتەی کە ئێمە یاسای بۆ جێبەجێ دەکەین. کەواتە ئەگەر پشتمان نەگیرێت ناشتوانین یاسا وەک و پێویست جێبەجێ بکەین. ئەگەر یاساشمان وەک و پێویست پێ جێبەجێ نەکرا ئەوا لە لایەکەوە هەم خۆمان دەبینە قوربانی و هەمیش ناتوانرێت کوشتنی ژنان و توندوتیژی لەبەرامبەریاندا کۆتایی پێ بهێنرێت و هەمیش تاوانباران هەر لە زیادبووندا دەبن”..

حەسەن ڕازانی
٧-١٢-٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish