كه‌شتیمان گه‌ڕایه‌وه ناوئاو، واده‌یه‌تی چاوی مردووانیش ببینن.. سەباح ڕەنجدەر
یەکەم بوونەوەر مێروولەیە بۆنی پەڵە دەکات و بەئاگایانەش
باراناو له شاری لا ده‌دا
لە ئاهەنگی چل ساڵه‌دا
چەندین گۆرانیبێژ بەشداربوون
یەکیان لەناو ڕووناکیی چلپه‌ڕدا
مەستانە ئاواز و ته‌زووى بە بەردی تەزیویش دەدا
گۆرانی چاوه‌ڕوانی گۆرانیبێژه گه‌رووی نه‌خه‌ڵه‌تێنێ
گورانیبێژێك ده‌نگ لێی یاخی بوو
باڵندەیەک بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هات
لەناو لەپی دوو هێلکەی چلخاڵی دانا
باڵی سووك لێكدا و لە هێلکەکانى خشاند
خۆر گەرم بێ دەترووکێن و پرچی نه‌رم دایاندەپۆشێ
دەبیەوە منداڵی دەست بەڕەوڕەوە
مانگ کانی پڕ ڕووناكی چلپه‌ڕ و مه‌ودای ڕێ دەکا
ژیان درێژبێتەوە لە کۆمەڵە یادگاریەک زیاتر نابێ
دەفتەری خامۆشیت دەکرێتەوە و هێڵەکانی درێژنابنەوە
ئاگر نازانێت بنووسێ
هەمووشمان لەناو ئاوێنەدا دەمێنینەوە و داناگیرسێین
***
خوێ فرمێسكی ماسی و ده‌مه‌بۆڵه‌ی قرشە
ده‌توانین وێنه‌ی ده‌ریا به كه‌ف بكێشین
خۆری له‌ژێر دارهه‌نار تێرخه‌وبوو بە ئارامی بەسەريدا تێناپەڕێ
گیای کەناریش بەرزن
پەڕی ئارەقەکردووی باڵندەی
بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هاتوو دەشۆن
بۆ هێلکە ترووکانێکی تر
گۆرانیبێژی مەست ئامادە دەبێتەوە
پێی باڵندە نەرمە
لەناو لەپی منداڵی ساواش ڕاوەستێت ئازاری نادا
ڕوون و ڕاشكاو پێروو و تەرازوو دەگەنەیەک و دەتریسکێنەوە
ئه‌وه‌ی ده‌یبینم نایشارمه‌وه
***
په‌ڕی چلباڵ و ئه‌نگوستیله‌ى چلنقێم لە ماتى و مه‌لوولیم وردمەبنەوە
پێنج برا و سێ خوشکم ناشتوون
دێ‌و و دوژمنیشم لەزۆربووندان
دەستم خسته دەستی ڕووناکی چلپه‌ڕی شیعر
دروشمێکم بۆ دێ‌و و دوژمن زۆربوون نەدۆزییەوە
گوڵەمێلاقه ناو ئاوم و ماڵم کەوتووەتە ناوەندی زەوی
ڕووناکی چلپه‌ڕ هۆی تەنیایی من چییە
ڕوون و ڕاشكاو بەهێمنی و بێدەنگیش ماومەتەوە
باڵندەیەک وەڵامی پێ بوو
ڕەگ لە گەڵا و گوڵ جوانترە
زەویش دەیشارێتەوە
ڕەگ سۆراخ ده‌كا و ناز به به‌روبووم ده‌دا
وەک بیابان ناولەپی بەتاڵ نییە
***
ئادەم ئەگەر سێوەکەت تەواو نەخواردووە
شتێکی بدە من
نائومێدی دەکوژم و هەستم تینی تێدەکەوێت
زەوی لە ڕەگ شاردنەوە ئاگاداردەکەمەوە
کفنی برادەرانم شێ‌دار مەکە
ئەمڕۆ یەکەم زەنگم لێ دا
چل شه‌و و ڕۆژ بەسەر مردووەوە نامێنمه‌وه
باخچەیەکم به دیواری گۆڕستانه‌وه هەیە
ئاسمانی چل پیرۆزەی به ته‌نافی شۆڕكردووه‌ته‌وه
ڕوخساری جۆشمان دەدا و به دووده‌ست یادگاری هه‌ڵگرتووین
هێز و هەستە نزیکەکانی بوون و ئارەزوو بەجێمان ناهێڵن
کەشتیمان دەخەنەوە ناو ئاو و ڕووناکی ڕاو
کاتژمێر بە دیواری کەشتی هەڵناواسرێ
دەستیشمان بە کلیل و قوفڵی دەرگاوه نامێنێتەوە
***
چاوی بیرکردنەوە
بێ خوشک و برایە
بێ ئاگر و مۆمە
بێ ڕووبار و بەردەبازە
بێ پۆستە و نامەیە
زەویش هێشتان داوادەکات مرۆڤی پرچ نه‌رم لەسەری لەدایک بن
چیرۆكی سه‌یر و نامۆ له‌باره‌ی مرۆڤ گێڕدراوه‌ته‌وه
په‌ڕی تاووس هه‌ڵده‌كێشێ و ده‌یكاته گێسك
ماڵیشی پێ خاوێن ناكرێته‌وه
***
په‌یوه‌ندییه‌كی پڕ هه‌ست
نه‌وتی ناو چرا مرۆڤ ناسووتێنێ
ده‌بێته ڕووناكی چلپه‌ڕ
داری سووتاو خۆڵەمێشەکەی
ناوی کەسوکار و منداڵەکانی دەژمێرێ و ستێ و به‌رده‌ستێین
ڕەگ
لك
په‌لك
ئەو بیرکردنەوانەی تێپەڕین
لە شەو و ڕۆژێکدا کات کۆتایی دێت
شوێن بەرزدەبێتەوە
ناتوانین تەماشای بکەین
ڕێگا چۆن له‌دایك ده‌بێ
***
له ڕووناكی چلپه‌ڕ هاتوو
خوداوه‌ندێكی چلپه‌راسووه له ده‌ستنووسی گه‌نمدا
ڕوخسارمان بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه
ڕوخسار مه‌ودای ڕێگا نزیك و ڕووناك ده‌كاته‌وه
به‌هار جل له‌به‌ر زه‌وی ده‌كا
زه‌وی چاوی به‌گریان سوورهه‌ڵنه‌گه‌ڕاوه و خه‌واڵووش نییه
مریه‌م به‌سه‌ر له‌دایكبوونی عیساوه مرد.
تشرینی یه‌كه‌می 2022 هه‌ولێر