Skip to Content

سەردەشت عوسمان و حوکمڕانی خێڵگەرایی!.. تاهیرعیسا

سەردەشت عوسمان و حوکمڕانی خێڵگەرایی!.. تاهیرعیسا

Closed
by ئایار 8, 2024 General

چواردە ساڵ لەمەو بەرو لە کەش و هەوای بەهاراوی و دیمەنە دڵڕفێنەکانی کوردستان و بۆن وبەرامەی پڕ لەگوڵ وگوڵزاری بەهارانەی پێدەشتەکانی هەولێردا، مێشکێکی پڕ بەهرەو دڵێکی پڕ جۆش و خڕۆش لە بووندا بۆ ئەبەد فەناکرا!

سەردەشت عوسمان، چ وەک لاوێک و چ وەک قوتابیێک کە تازە لەزانکۆی هەولێر لەکۆتا قۆناغی خوێندنی زانکۆدا سەرگەرم و سەرحاڵ بوو، و چاوی بڕیبووە ئاییندەیەک کە هیوای بەوە بوو بتوانێت دەورو نەقشی لە نەخشاندنی تابلۆ گشتیەکەی کۆمەڵگای کوردستاندا بەباری ژیانێکی باشتردا هەبێت، وە جێگای ئومێدی باوک و دایک و کەس و کارو هاوڕێ وئاشناکانی بوو، بەتایبەت دایک وباوکە زەحمەکێشەکەی کە بیست و سێ ساڵ و سات بەسات و ڕۆژ بەڕۆژ زەحمەت و ڕەنجیان لەپەروەردەو گەورەکردنیدا بە ئومێدی ئاییندەیەک کە شایستەی ڕۆڵەکەیان بێت کێشابوو.

ئاکامەکەی لەگەڵ گەشەی بیرو هزری ڕۆڵەکەیان و مەعانات دەردو ئازارێک، کەسەردەشت هەر زوو لەسایەی دەسەڵاتی کوردی خۆماڵیدا هەستی پێکردوو درکی بەو ڕاستیە کرد، کە ئەو ژیانەی ئەو لەو چوار چێوەو کۆمەڵگایەیدا تێیدا هاتۆتەبوون، لەگەڵ خەسڵەت و تایبەتمەندی بیرو خەیاڵ و خولیاو خەونی ئەودا تەواو ناکۆکەو، وە درکی بەو قڵشت و کەلێنە چینایەتیە کرد کەلەکۆمەڵگای کوردستاندا لەسایەی دەسەڵاتێکی کوردی خێڵەکی پول پەرست و قازانج پەرستدا ڕۆژ بەڕۆژ لە فراوان بووندایەو نەیتوانی بێدەنگ بێت و مەعاناتەکانی چ وەک گەنجێک و چ وەک تاکێک هەم لە کۆمەڵگاداو هەم لەچوار چێوەی خێزانێکی هەژاری دەرگیر بەکۆمەڵیک گرفتی ئابووری، بەدوای چارەسەرو هەژاندنی دەسەڵاتەوە وەک لاوێک بابەتێکی فەنتازیا ئاسای کردە هەوێنی هزرو بیرەکانی بۆ ئەوەی پەیامی خۆی بەدەسەڵات و کۆمەڵگاو هاوچینەکانی لەو ڕێگایەوە بەهەموان بگەیێنێت. بەڵام بەرلەهەموان، دەسەڵاتی خێڵەکی بیرتەسکی مەحافەزەکاری دواکەوتوو، نەیتوانی تەحەمولی بابەتێکی چەند دێڕی، ( من ئاشقی کچەکەی بارزان) یم، بکات!؟

کە لەچوار چێوەی بابەتەکەدا وێنایەکی پڕ بەپێستی لە واقیعیەتی ژیانی خۆی و خێزان و زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایەو وە لە هەڕەمی سەرەوەشدا دەسەڵاتێک دەکرد، کە ئەم چیرۆکەی ئێستا من لەبارەیەوە نیگەرانم و دەمەوێت لەبارەیەوە بەردەوامی بەو پەیامە بدەم کە سەردەشتی ئازیزی بەو ڕۆژگارەگەیاندا. نیشانی هەموومانی دا کە نەک بۆ چواردە ساڵ لەمەوبەر، بەڵکو بۆئەمڕۆش و بۆ ئاییندەو بۆ دەیان ساڵی دیکەش، ماهیەت و ناسنامەو جەوهەری ئەم دەسەڵاتە چەندە خەتەرناکەو چەندەمەترسیدارە لەسەر چارەنووسی یەک بەیەکی هەموو ئەوانەی کە لەم کۆمەڵگایەدا، کەم تازۆر ناڕازین لە سەرهەتاپای حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە.

چواردە ساڵە سەردەشت لەو کۆمەڵگایەدا بۆ ئەبەد لەباری فیزیکیەوە بێدەنگ کراوە، بەڵام سەردەشت عوسمان چ وەک پەیام و هزرەکانی چ وەک ئەو شێوازەی ئەو تێیدا چارەنووسی بەمە گەیاند، بەردەوامی هەیەو ئەمڕۆ بەسەدان سەردەشت لەسەرهەمان پەیامی بوێرانە لەبەرامبەر دەسەڵاتی سەرەڕۆی خێڵگەرای سەردەشت کوژدا ، جەسورانە لەسەر گڵکۆکەیدا ساڵڕۆژەکەی ڕێز لێدەگرن و بانگەواز بەگوێی دەسەڵاتدا دەدەن کەئەمڕۆ بێت یان سبەی دەبێت باجی ئەو تاوانە بدەن، ئەگەرچی ڕەوتی ڕو لەلێژی دەسەڵاتیان لەسایەی دەسەڵاتی لەمێژینەی دژە خەڵکیان دەستی پێکردووە، کە سیی و سێ ساڵە لەژێر ناوی حوکمڕانی دیموکڕاتیدا، سەردەشتەکان و سۆرانەکان و ستارشەریفەکان و ویدادحوسێنەکان و کاوەگەرمیانیەکان مامۆستا جیهانەکان، لەپێناوی کەڵەکەی هەرچی زیاتری سەرمایەو پارێزگاری لەمانەوەی دەسەڵاتی سەرەڕۆی بنەماڵەییان، تیرۆر دەکەن .

تاهیر عیسا/ ٧.٥.٢٠٢٤

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish