Skip to Content

تاسان و تارمایی و تابلۆکانی کۆشکە سوورەکەی هیوا قادر.. گۆران سەباح

تاسان و تارمایی و تابلۆکانی کۆشکە سوورەکەی هیوا قادر.. گۆران سەباح

Closed
by كانونی دووه‌م 22, 2023 General, Literature

ئەم ڕۆمانە هەڵوێستێکی بوێرانەیە بەرانبەر ستەمی دەسەڵات. تەوزیفکردنی سامان و سێکسی ئاژەڵییانە دەرەقەتی واڵاکردنی موخی دەسەڵاتداران دێ. ستەملێکراو دڵی باش ئاو دەخواتەوە بە خوێندنەوەی.
تەوزیفکردنی تارمایی بە مەبەستێکی جیاواز و ئاودانی خەیاڵ بە تابلۆگەلێکی جیهانی، خوێنەر دەتاسێنن. لە دەقەیلی تر، تارمایی دێ شتێکت پێ دەڵێ، لە ڕێی ئاماژە، شتێک ئاشکرا دەکات. بەڵام تارماییی سارا دێ تا شتێک بزانێت، وێڵە بەدوای زانینی بکوژەکەی. وردکردنەوەی تابلۆ جیهانییەکان بۆ خزمەتی پڵۆتی ڕۆمانەکە ناوازەیە.
زمانی پاراوی دەقەکە و تەکنیک، خوێنەری ڕژد و بەئاگا دڵخۆش دەکەن، دەتوانێ بڵێ، “ئۆخەی کە زمانەکەی جوانە، ئۆخەی نووسەرێکمان هەس ئاگای لە تەکنیکی پارچەپارچەیە (fragmentation)”.
کێماسیشی هەن.
یارخان لە ژێر فشارە، دۆخی خراپە، کاتێ کرێم لە جەستەی دەدات، دەڵێت، “چ داهێنانێکی گەورەیە ئاوێنە! هیچ ژنێک ناتوانێت لەگەڵ جەستەی خۆیدا وەک ڕووی ئاوێنە ڕاستگۆ بێت.” (لا١٨).
دایەلۆگ، وەک هەر ڕەگەزێکی تری گێڕانەوە، دەبێ قەناعەتپێکەر بێت، بگونجێ لەگەڵ دۆخەکە. ئەم قسەیەی یارخان نەشازە. من وەک خوێنەر پێی قەڵس بووم لەبەرئەوەی لەگەڵ جوانیی ڕۆمانەکە نایەتەوە. بەم جۆرە قسانە دەڵێم قسەی زل و باقوبریق و بێ بنەما، لە کێشی ڕۆمان و کارەکتەر و چەشەی ئەدەبی باڵا کەم دەکەنەوە. خەمێکی گەورەیە ڕۆمانی کوردی پڕە لەم نەشازانە.
نموونەی تر: (لا٢٠) کاتێ مەنسوور ئاغا قسە دەکات. (لا٢٢) یارخان. (لا٢٥) یارخان دەڵێ، “ژیان قاقایەکی کورتە بەڵام سەداکەی زۆر لە خۆی درێژترە.” ئەمە قسەی زلی شاعیرانە، نابێ کارەکتەری پێ بشکێنرێ. (لا١٣٤، ١٣٥) کاتێ سارا بە موراد دەڵێ ڕقی لێیەتی. هیچ پێویست بەو دایەلۆگە ناکات لەوێ. گفتوگۆی نێوان سارا و مەنسوور (لا ١٣٩) لەبارەی موراد. قسەی پیاوی ژمارە سیانزە (لا١٥١). پرسیاری ئافرەتانی ناو کۆشک بۆ سارا (١٧٦)، ناواقیعی و نەشازن، بەداخەوە، ئەم ڕۆمانە جوانە بەم جۆرە دایەلۆگانە لەکەدار بووە.
نووسینی دایەلۆگ شێوازی خۆی هەیە. بەداخەوە، نەک هیوا قادر زۆربەی نووسەرانی کورد کێشەیان هەیە لەگەڵ نووسینی دایەلۆگ لە ڕۆمان و چیرۆکدا. لەم ڕۆمانەدا، شێوازەیلی نووسینی دایەلۆگ هەڵەن. دایەلۆگی لاپەڕەکانی (٢٢٢، ٢٢٣، ٢٢٤، ٢٢٥) و چەند لاپەڕەیەکی تر ڕاست نووسراون، بریا هەموو دایەلۆگەکان وا دەبوون. ناکرێ لە لاپەڕەیەک شێوازێک و لە لاپەڕەی دواتر شێوازێکی تر بەکار ببەی بۆ نووسینی دایەلۆگ. دەبێ لە تەواوی دەقەکە، یەک جۆرە شێواز هەبێ.
ئاخ و داخ لە دەست وتار لە نێو ڕۆمانی کوردیدا. کۆشکە سوورەکەش کەوتووەتە نێو ئەو داوە.
“ئەو خەمانەی مرۆڤ . . .کە ناوی مرۆڤە.” (لا١١٩)
“بەڵام کەم کەس ئەوە دەزانێت . . .” (لا١١٩)
“مرۆڤ لە دوای ئەو هەنگاوە ناچارییەوە . . .” (لا١٤١)
“عەشق هەمیشە دروستکەر نییە . . .” (لا١٧٢)
“لەوەتەی لەم دوو جۆرە پیاوە هەیە، پیاوی عەشق و پیاوی هەوەسباز . . . ” (لا١٧٣)
“ئەو ترسەی مرۆڤ . . .” (لا٢٦٣)
ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەکن، زنجیرە وتارێکن. بێو لایان بدەین، لە مانا و ناوەڕۆک کەم ناکەنەوە. بێ ئەوان، ڕۆمانەکە بەپێزتر دەبێ. ئەمانەی سەرەوە هیچ خزمەتی پڵۆت و ڕووداو و گێڕانەوە ناکەن، تەنێ سەری خوێنەر دێشینن. ڕۆماننووس پێویست ناکات بە خوێنەر بڵێ، ئەها جیاوازی نێوان پیاوی عەشق و پیاوی هەوەسباز دەزانم.
وتار، درێژدادڕیش دروست دەکات. بە بەراورد لەگەڵ ڕۆمانەیلی تر، کۆشکە سوورەکە وتاری کەمە. بێو وتارەیل لە ڕۆمانی کوردی بستێنینەوە، ڕۆمانە هەزار لاپەڕەییەکان دەبنە سێ سەت لاپەڕە و پێنج سەتییەکانیش دەبن بە دوو سەت. نازانم چۆن لە ڕۆماننووسانی کورد بگەیەنم کە ڕۆمانەکانیان پڕ نەکەنەوە بە وتار؟ تکایە بەسە.
کوتینی ئەسپی تۆپیو دەردێکی کوشندەیە، بڵاوە لە نێو ڕۆماننووسانی کورد. ئەسپ کە تۆپی، لێی گەڕێ. بیرۆکەکەت کە ڕوون بوو، لێی گەڕێ، پێویست ناکات هێندە بڕێسی. گرفت لە دووبارەکردنەوەدا نییە، لە سەتبارەیە. ناو لەم دەردە دەنێم “جوینەوە”. ڕۆمانی کوردی هێندە جوینەوەی تێدایە، خوێنەر ڕەش دادەگەڕێ لە حەژمەتان.
جوانیی سارا کەموێنەیە. وەسفێکی کورتی بەسە. جوینەوەی جوانییەکە، لێدانەوەی قەوانەکە، ڕۆمانەکە کرچ و بێتام دەکەن. سەرسامبوونی پیاوی ژمارە پێنجسەت و پەنجا و پێنج بە نمایشی تابلۆی هیلاس و حۆرییەکان، وەسفی کۆشکی هیدیتۆرا، سەرەتای لاپەڕە دووسەت تا نیوەی لاپەڕەی پاشتر و لاپەڕەیلی (٢٦٠، ٢٦١ و ٢٦٢) نموونەی ترن. دەردی جوینەوە لەم ڕۆمانەدا بەتەواوی بێ تاقەتی کردم. جوینەوە، وتار و وەسفە درێژەکان لابەریت، ئەم ڕۆمانە (٣٠٣) لاپەڕەییە دەبێتە (١٧٠) لاپەڕ. چۆن خۆمان فێری ئەوە بکەین بە کەمترین وشە، زۆرترین شت بڵێین؟
کەسەرێکی گەورەیە ڕۆماننووسانی کورد تا ئاستی بەپیرۆزکردن سەرسامی ئەدەب و فەلسەفە و هونەری بیانین و بەزۆر دەیانسەپێنن بەسەر خوێنەرانی کورد. تەوزیفکردنی تابلۆی هونەری گرنگە و کارێکی ئەستەمیشە. نووسەر وەستایانە چەندان تابلۆی بیانی بۆ تێماگەلی ڕۆمانەکە بەکار بردووە. کەش و تۆن و ستایلی ڕۆمانەکەیان بردووەتە ئاستێکی باڵا، بەڵام غەدرێکی گەورەی لە هونەری خۆماڵی کردووە.
نەدەبوو لەبری تابلۆی بیانی، تابلۆی خۆماڵی بێتە بەکاربردن؟ بۆ نا؟ دڵنیام نووسەر ماندوو بووە بە وردبوونەوە و خوێندنەوەی تابلۆکان، خۆزگە ئەو توانا و کاتەی بۆ تابلۆی خۆماڵی تەرخان دەکرد. بێو ئەم ڕۆمانە بێتە وەرگێڕان بۆ سەر زمانی ئینگلیزی (بۆ نموونە)، هیچ وەشانخانەیەکی پڕۆفێشناڵ لێت وەرناگرێت و پێت دەڵێت، “ئێمە ئاشناین بە تابلۆکانی خۆمان، دەمانەوێ بزانین ئێوە چیتان هەیە.”
دەزانم سنوور نییە بۆ ئەدەب و هونەر، نابێ هیچ کەسێکیش ببێتە پۆلیسی خەیاڵی هیچ نووسەرێک، بەڵام خزمەتی هونەری خۆماڵی لەپێشترە. دەتوانم بای کتێبێک بڕێسم لەسەر ئەم بابەتە، بەس با ئەمنیش ئەسپی تۆپیو نەکوتمەوە و تووشی “جوینەوە” نەبم.

ئای لە جوانیی لێکچوونەکانی (Simile) کۆشکە سوورەکە! لێکچوونەکان وردبوونەوە و درک و فراوانیی خەیاڵی نووسەر پێشان دەدەن. هاوکات چێژیش دەبەشنەوە.
زۆر بەکاربردنی لێکچوون و توخمەیلی تری ڕەوانبێژی، ڕاڕاییی نووسەر دەگەیەنێت. نووسەری کەمئەزموون زۆر لێکچوون و مێتافۆر بەکار دەبات چونکە دەیەوێت تاقەتی ئەدەبیی خۆی بسەلمێنێت. ئەمانە ڕاڕان و جارێ متمانەیان بۆ دروست نەبووە، بۆیە توخمەیلی ڕەوانبێژی زۆر بەکار دەبەن. لە زۆر پەرەگرافی کۆشکە سوورەکەدا، زیاتر لە لێکچوونێک هەیە. نموونە:
“بە دەستی لەرزۆکەوە دادەنەوێتەوە و جەستەی سارا خاتوون بەسەر ئاوەکەدا ڕادەکێشێت و دەیهێنێتە دەرەوە، توند دەیگرێتە باوەشی، چوون منداڵێکی وڕکگرتوو کە نەیەوێت هەرگیز ئاشت ببێتەوە، دەست دەکات بە گریانێکی لەیەکبینە. یارخان و مەنسوور ئاغا لەبەردەم شۆکی بینینی ئەو دیمەنەدا، قاچیان وەک دوو پەیکەر پڕ کرا بێت لە ئاسنی تواوە، بێ جووڵە دەوەستن، لە بەرامبەر گریانە بەرپێنەگیراوەکەی سیامەنددا وەک چارۆکەی دڕاوی بەلەمێکی ونبووی ناو دەریا، دڵیان دەکەوێت تەکەتەک.” (لا٢١٨).
لە دوو ڕستەدا، سێ لێکچوون هەیە. کارەساتە. جا ئەمە یەک نموونە، لە تەواوی ڕۆمانەکەدا، ئەم حاڵەتە چلبارە دەبێتەوە. هەر کۆشکە سوورەکە وا نییە، سەتا (٩٩)ی ڕۆمانی کوردی ئاوایە. بەڵێ حوکم دەدەم چونکە دەزانم باسی چی دەکەم. ئەرکی لێکچوون ئەوە نییە هەڵیڕێژی و ڕۆمانەکەتی پێ پڕ بکەیتەوە. نا. هیچ ڕۆمانێک نییە لێکچوونی تێدا نەبێ، بەس هێندە زۆر نا، پیشەکە ڕەزیل و بێتام بێ.
لێکچوون بۆ یارمەتیدانی خوێنەرە تا وێنەکە/دیمەنەکە بێتە پێش چاوی، تا لە بابەتەکە باشتر تێ بگات، تا هەموو لایەنی شاراوەی بابەتەکە ببینێت، تا هەست و خەیاڵی بجووڵێ بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان. خۆ ناکرێ لە هەر پەرەگرافێک یان لاپەڕەیەکدا، چەندان جار خوێنەر بەو پڕۆسەیەدا ببەیت. ئەمە یەکێکە لەو دەیان هۆیەلەی خوێنەر بێتاقەت دەکات لە ڕۆمانی کوردی.

Previous
Next
Kurdish