Skip to Content

خوێندنەوەیەک بۆ شیعری ( باخەوان ماندووترە لە ئاو )ی ” کەژاڵ ئەحمەد “.. نوسینی: تەلار تاهیر

خوێندنەوەیەک بۆ شیعری ( باخەوان ماندووترە لە ئاو )ی ” کەژاڵ ئەحمەد “.. نوسینی: تەلار تاهیر

Closed
by كانونی دووه‌م 22, 2023 General, Literature

پێویست بە ناسینی کەژاڵ ئەحمەد ناکات، بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی سەدەی هاوچەرخ ، بەبێ بوونی چەمکی یاخیبوون ناتوانین ئاماژە بە کەژاڵ ئەحمەد بکەین ، ڕەنگە بشتوانین ، وەلێ بۆشایەکی گەورە لە فەزایی نوسین و بابەتەکە دێتە مەیدانەوە، چونکە نەك هەر بونیاتی شیعر و نوسینەکانی کەژاڵ ئەحمەد، بەڵکو هەر لەئەزلەوە بڕبڕەی پشتی نوسینێکی داهێنەرانە ، بریتیە لە یاخیبوون!
یاخیبوون لەیەکێکە لەو جومگە سەرەکیانەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیار دەکاتەوەو ڕایان دەچەڵەکێنێ لە نەزانین، واتە یاخیبوون هاوتەریبە لەگەڵ نوێگەریی کە نەمریی و ماناوەیەکی هەمیشەیی بە ڕوحی نوسین دەبەخشن
نوسین لە ژێر سایەی یاخیبوون وەك دار سنۆبەرکە هەمیشە سەوزە ، بەڵام بەرهەمدار ، جیاوازی کەژاڵ ئەحمەد و هاوشێوەکانی کەژاڵ لەگەڵ ئافرەتی تر ئەوەیە ئەوان هەمیشە دەنگ هەڵدەبڕن، بێگومان هونەری وشە و دەربرین و شێوازی گەیاندن ڕۆڵی هەیە لە گەیاندنی پەیام، ئەمە جگە لە لایەنی سۆز و خۆشەویستی کە لایەنێکی تری کاریگەری ئافرەتە بە ئەندازەیی چەکێک کاریگەری دروست دەبێت، بۆ نموونە لە ئەفسانەی گلگامێش دا سۆز و میهری ئافرەتێک بووە هۆکاری ئەوەی کە ئەنکیدۆی لە دڕندەی داماڵی، واتە هێزی هۆگربوون تەوژمی ژیانی مرۆڤ و بوونەوەرەکان دەگۆڕێنێت. کەژاڵ پێشەنگ نییە لە یاخیبوون ، چونکە پێش ئەو ئەحلام مەنسور یا ئەرخەوان ڕەسوڵ لە دیوانی “خۆشەویست”1972 ڕەچکەشکێن بوو، بەڵام دەتوانین بڵێین بەبەرگێکی نوێ و بە تەوژمێکی تری یاخیبوونەوە دەنگی ئافرەت دەگەیەنێت ئیتر یاخییە لە کۆمەڵگ و لەدەسەڵات لە شتە تەقلیدییەکان. کەژاڵ ئەحمەد لە کتێبی”زمانی باڵندە دەزانم”شیعرێکی هەیە بە ناوی”باخەوان ماندوو ترە لە ئاو” لەم بەرهەمە شاعیر بە ڕوونی ئاماژەی نیشتیمانی نەکردووە، بەڵام بەپێی سیاقی شیعرەکە لەوە تێدەگەین شاعیر باسی ئازاری ڕۆڵەکانی نیشتیمان دەکات، یاخۆ ئازاری دایکی نیشتیمان بەدەست ڕۆڵەکانیەوە، ئەوەی جێی سەرنجە لێرەیە هەر بەکلیلی یاخیبوون دەرگای شیعرەکە دەکاتەوە و وەك لە دەسپێکی شیعرەکە دەڵێت:
پێت سەیرە نانوشتێمەوە
بەتەنیا بۆ
بۆنکردنی گوڵێك نەبێت
یان بۆ ماچکردنی ڕومەتی منداڵێک
سنگ و بەڕۆک ناکەمەوە
بۆ شیردان بە شیعر نەبێت

واتە لێرە مەبەست لەو مرۆڤە مەردانەیە یاخۆ کوردی مەردە کە نانوشتێنەوە بۆ بێگانە یاخیبووانە ڕووبەڕووی ئەو ئازارەنە دەبنەوە کە بیری ئازادی مرۆڤەکان نەزۆک دەکات و هیچ هێزێک ناتوانێت بیکات بە نۆکەر، یاخۆ لەلایەکی ترەوە شاعیر لێرەدا بەعەقڵێتێکی فیمنیستانە باکی نییە بەڕەگەزی بەرامبەر بۆ ئەوەی خۆشبەختی بکات، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتە سادە و پاك و بەرائاتانەی کەسەر لە نوێ ئومێدی جوان بە دونیای مرۆڤایەتی دەبەخشنەوە وەك(گوڵ، منداڵ، شیعر)، ئەوەی لێرەدا جێی ئاماژە پێدانە کێشەی کوردیش لە کێشەی ئافرەت دەکات بۆ نموونە کورد لە شاری کەرکوکە هەر چی بکات هەمیشە نەتەوەکانی تر باڵا دەستن، ئافرەتیش لەکۆمەڵگەی پیاوسالارە هەرچی بکات هەمیشە پیاو باڵادەست و بریاردەرە .

لە شوێنکی تر دەڵێت:
پێناکەنم بەدەم کەڕووی
جەستەی نیشتیمانێکەوە
بۆگەنی کردووە!

شاعیر لێرەدا مەبەستی لە نیشتیمانێکی وێرانەیە، کە بەدەست ئازاری ڕۆڵەکانیەوە پەنگی خواردۆتەوە، بەهۆی نەبوونی خۆشەویستی، چونکە سۆز و خۆشەویستی نەك هەر جیهانی مرۆڤ و بوونەوەرەکان، بەڵکو بە تەواوی ڕوح بە شتە بێ گیانەکانیش دەبەخشێت، واتە
هەر شتێک لەخۆشەویستی دوور بێت بۆگەنی دەبێت.

ئەگەرچی شیعرەکە بەشیعرێکی یاخیووانە هەژماردەکەم، بەڵام لە هەندێ شوێن نائومێدی و توڕەیی حاڵەتێکی دەروونی بەڕووی ڕوخساری شیعرەکانیەوە دەردەکەوێت وەک چۆن لە شوێنێکدا دەڵێت:

دیوارێک باشتر گوێ دەگرێت
بەردێک باشتر هەست دەکات
ئەمە جۆرێکە لە نائومێدی و توڕەیی شاعیر لە هەمان کاتە، گەڕانەوەی ژیانە بۆ ئەو شتە بێ وزە و لە دەستچووانەی کە شاعیر و نووسەرەکان لە ڕێی خەیاڵەوە جار سەر لە نوێ ڕوحیان بەبەردا دەکەنەوە

لە شوێنێکیتر دەڵێت:
باڵندەیەک سەیر لەبەرمن
خەمبار دەبێت و
سبەی دەمکات بە جریوەی چیرۆکێک
کەس تێنەگات!
واتە کەس لە حاڵی شاعیر تێناگات، تێنەگەیشتنیش جۆرێکە لە خەم و ئازار زیاتر هەست بە تەنیایی بکات، تەنیایش بە جۆرێک زاڵمە جاری وا هەیە مرۆڤ لە تاو تەنیایی خۆی عاشقی سێبەرەکەی خۆی دەبێت بۆ نموونە چۆن ( خولیا حوسێن ) لە شیعری “من و سێبەرەکەم” دەڵێت:

بە باشی و
خراپیەکانم
بە جوانیی و
ناشرینیەکانم
بە هەبوونیی و
نەبوونیەکانم
لە حەسانەوەیی و
لە کاتی ماندوێتیەکانم
دادوەرییم بەسەردا ناکا
خودم چۆنە
وەکو خۆم منی قبووڵە
چاوەڕێی گۆڕانم ناکا
سێبەرەکەم

هەندێجار توڕە بوونی شاعیر لە هەندێ دێری شیعر دەبینرێت، ئەوەیش لە تاو خەم و ناسۆری دایکی نیشتیمان بەدەست ڕۆڵەکانیەوە، یان نیشتیمان بەدەست کۆمەڵێ ئاغا دەربەگ لە ناو ئازارە دەتلێتەوە، ئەمەش نائومێدی شاعیر دەردەخات.
بۆنموونە لە کۆپلەیەکدا دەڵێت:

کەرێک باشتر دەبیستێت و
کوێرێک ڕوونتر دەبینێت
هاواری ئەو جوانیانەی دەکوژرێن
شێتێک باشتر تێدەگات
شاعیر لێرەدا بەهۆی توڕەیی و نائومێدیەوە کۆمەڵێک دەستەواژەیی(کوێر، کەڕ، شێت)، بەکارهێناوە، نەک هەر لای شاعیر بەڵکو هەڵەیەکی باوی دونیای مرۆڤەکانە کە لەکاتی توڕیی و کەموکورتی بەرامبەرەکانیان دەشوبهێنن بەکەمئەندام ، بەڵام ناکرێت لە خۆڕاگری و گەورەیی چینی کەمئەندامان بەرامبەر سەختی ژیان و نادادپەروەری مرۆڤەکان ببەستینەوە بە گەمژەیی و کاڵفامی مرۆڤەکان، بەڵام لەلایەکی ترەوە دەتوانین بڵێین مەبەست لە کۆپلە ئەوەیە گەر ژیان بۆ چاوی نابینایەک بگەڕێتەوە، ڕەنگە ژیان له هەموو مرۆڤەکانی تر جوانتر بڕوانێتە ژیان.
شاعیر بۆ هیچ شتێک نانوشتێتەوە، جگە لە نوشتاوە بۆ خوداوەند وەک لە کۆپلەیەکدا دەڵێت:
سەر بۆ خوارەوە ناهێنم
مەگەر وەک عەبدێک
بۆ ستایشکردنی خودا
واتە لێرەدا شیعرەکە فۆڕمێکی ئاینی وەرگرتووە، شاعیر دەگەڕاوەتەوە بۆ لای خودا وەک ئەوەی سەرچاوەی هەموو خۆشیەکان و ڕزگاربوون لە ناخۆشیەکان لەلای خوداوە بێت.

یاخۆ لە شوێنێکی تردا دەڵێت:
باران باشتر دڵی زەوی نەرم دەکات
کەچی باخەوان بە ڕەقی دەیکێڵێت!
واتە باسی سروشت دەکات لە نێوان میهرەبانی و خودا و دڵڕەقی مرۆڤەکان، جۆرێکیشە لە ململانێ لەپێناوی مانەوەی مرۆڤەکان لەنێو ژیاندا وەک چۆن چاڕڵس داروین لەکتێبی ” بنەچە و جۆرەکان ” باسی دەکات .

بەهەمان شێوە لە کۆپلەیەکی تردا دەڵێت:
باران باشتر لەباخەوان
کێڵگە و مەزرا ئاو دەدات
ئەگەرچی باخەوان
ماندووترە لە ئاو
ئەو شەیدا تریشە لەباران

لەم دێرە شیعرەدا “داستانی سیزیف”ی ئەلبێرد کامۆم بیرکەوتەوە، کاتێک سیزیف خواکەی زیندووی کردەوە هەموو ناخۆشی و نەهامەتیەکی قبووڵکرد لە پێناوی مانەوە، لەم کۆپلە شیعرەیشدا شاعیر ئاماژە بەو ناخۆشی و نەهامەتیانە دەکات کە مرۆڤەکان قبووڵی دەکەن لە پێناوی مانەوەیان لە ژیانە، ئەمەش جۆرێکە لە ژیاندۆستی و عاشق بوونی مرۆڤەکان بەرامبەر بە ژیان، واتە ژیان چەندە سەخت بێت، بەڵام دیسانەوە هەر ژیان جوانترە لە مەرگ.

لەدوا دێرە دەڵێت:
ئەوەی پەیکەری مرۆڤی
تێکشکاند لەم وڵاتەدا
دەستی بشکێت

واتە مرۆڤەکان چەندە پڕن لە ژیان و ژیاندۆستی ، بەڵام لەپشت ژیادۆستیەوە مرۆڤەکان تێک شکێنراون، یاخۆ شکۆی مرۆڤی هەژار بە دەست کۆمەڵێ ئاغاو دەرەبەگەوە تێکشکێراوە بۆیە شاعیر دەڵێت: دەستی بشکێت.

لە کۆتایدا دەڵێم ئەگەر لێی ورد بینەوە لەم شیعرەدا شاعیر دەستەواژەی”نانوشتێمەوە”ی زۆر دووبارە دەکاتەوە، ئەمەش وەک سوڕبوون و جەختکردنەوەی کەژاڵ ئەحمەد لەسەر یاخیبوون. یاخۆ مانای هێز و بڕوا بەخۆبوونی ئافرەت دەگەینێت، بەرامبەر عەقڵێتی پیاوسالاری یان ستەم و نادادی ، وەک ڕۆمانی “هەزارویەک شەوە” گومان دەکەم ئەو (هەزارو یەک)، ڕەمز بێت واتە تاقە ئافرەتێکی وەک شهرەزاد وەک سمبوڵ و چرایەک بوو بۆ قوربانی و ڕزگارکەری ئەو هەزارەها ئافرەتانەی لە پێناوی عەقڵێتێکی گەمژانەی “شاریار”ەکان بوون بە قوربانی

بەبۆچوونی من وشە وەک میکانۆی یاری منداڵان وایە نوسەریش ڕۆڵی ئەو منداڵە دەبینێت کە دانیشتووە بە دیار میکانۆکەوە، چونکە بمانەوێی و نەمانەوێ تەمەنی منداڵی لە نێو دونیای نووسین ڕەنگ دەداتەوە.
بۆیە وا دەڵێم، چونکە شاعیر لێرەدا لە ڕێی خەیاڵەوە یارییەکی زۆر جوانی وشەکاری کردووە ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی دێرە شیعرەکان زیاتر لە مانایەک لە خۆ بگرن وەک “پارادۆکس”یش دەرکەون .

                                                           بەفرانباری ٢٠٢٣

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish