Skip to Content

ئایا كورد هه‌ر وه‌رده‌گێڕێ یا فكره‌كه‌ی ده‌نێرێته ‌ده‌ره‌وه‌؟!.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

ئایا كورد هه‌ر وه‌رده‌گێڕێ یا فكره‌كه‌ی ده‌نێرێته ‌ده‌ره‌وه‌؟!.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

Closed
by March 1, 2021 General


بێگومان نوسین و ڕاگه‌یاندن ڕۆڵی گرنگی هه‌یه‌ له‌ ناساندنی هه‌ر شتێك به ‌دنیای ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا‌، كورد له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی بارودۆخی ژیان و ڕۆشنبیری نرخی ئه‌م بابه‌ته‌ی زانیوه‌، بۆیه‌ سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر داوای كردنه‌وه‌ی یه‌كێتی نووسه‌رانی كوردیان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق كرد و له‌و ڕێگایه‌وه‌ توانیان زیاتر بره‌و به‌كاره‌كه‌یان بده‌ن، سه‌ره‌ڕای ژێرده‌سته‌یی و بارودۆخی خراپی سیاسی كوردستان، ڕۆشنبیر و نووسه‌رانی كورد زۆر باش دركیان به‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ی ژیان كردووه‌ و له‌وه‌ گه‌یشتوون بۆ ناساندنی هه‌ر شتێك بۆ خستنه‌ به‌رچاوی مرۆڤ، پێویسته‌ له‌ڕووی نووسین و ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ ئاماده‌كاری بۆ بكرێت و بخرێته‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵگا، له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌ر كاتێك ده‌رفه‌تێكیان بۆ ڕه‌خسابێت درێغیان نه‌كردووه،‌ له‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی مێژوو و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتور و هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كورد، له‌ دووتوێی كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا بڵاویان كردۆته‌وه‌، بۆ ناساندن و ڕۆشنبیركردنی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی، له‌وه‌ش زیاتر بۆ ناساندنی مێژوو و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی گه‌لان به‌خوێنده‌واری كورد، هه‌زاران كتێبی نووسه‌رانی بیانیان له‌ زمانه‌ زیندووه‌كانی دنیا وه‌رگێڕاوه‌ بۆ سه‌ر ‌زمانی شیرینی كوردی و پێشكه‌ش‌ به‌ خوێنده‌وارانی كوردیان كردووه‌.

ئه‌گه‌ر سه‌نج بده‌ین له‌ هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی كورد له‌ ڕووی سیاسیه‌وه‌ هه‌ندێك ئارامی به‌خۆیه‌وه‌ بینیبێ و هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسووده‌یی هه‌ڵكێشابێ، نووسه‌رانی كورد سه‌دان كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌یان نووسیوه‌ و زۆریشیان له‌ زمانه‌ زیندوه‌كانی دنیا وه‌رگێڕاوه‌ بۆ سه‌ر زمانی شیرینی كوردی، بۆ نموونه‌ له‌دوای شۆڕشی 14ی ته‌موز 1958 و ماوه‌ی چوار ساڵی به‌یانی ئاداری 1974 درێغیان نه‌كردووه‌ و به‌ نووسینه‌كانیان كتێبخانه‌ی كوردیان ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌، ئه‌مجاره‌ش له‌دوای ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ساڵی 1991 و هاتنه‌ ئارای كه‌شی ئازادی و دیموكراسی و ده‌سته‌به‌ر بوونی زیاتری بواره‌كانی بڵاوكردنه‌وه،‌ زۆر كتێب و بابه‌ت كراوه‌ به‌كوردی، ئینجا هه‌رچۆنێك بێت، له‌ڕووی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی ئه‌وه‌ بابه‌تێكی تره‌، به‌ڵام ئایا كورد تاكه‌ی هه‌ر له‌ زمانی بێگانه‌وه‌‌ نووسین وه‌رده‌گێڕێت بۆ سه‌ر زمانی كوردی، ئه‌گه‌رچی تاكو زیاتر فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كانی تر بناسین بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌، به‌ڵام به‌ڕای من پێویسته‌ له‌مه‌ودوا نووسه‌رانی كورد به‌هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر گرنگی به‌وه‌ بده‌ن، نووسینی نووسه‌رانی كورد له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیان وه‌ربگێڕێت بۆ سه‌ر زمانه‌كانی تری دنیا، بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی خۆی به‌ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ دوژمن و نه‌یارانی كورد هه‌میشه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ توانیویانه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌به‌رچاوی دنیای ده‌ره‌وه‌ به‌ نه‌زان و دواكه‌وتو و شه‌ڕانگێز له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن، ئێستاش ماوه‌یه‌كه‌ نه‌یارانی كورد به‌تایبه‌ت خه‌ڵكانی داخ له‌دڵی عه‌ره‌ب له‌هه‌موو بواره‌كانی ڕاگه‌یاندن هه‌وڵی ناشیرین كردنی كورد و تێكدانی قه‌واره‌ی هه‌رێمن، به‌رده‌وام بینه‌ر و بیسته‌ر هانده‌درێت دژی كورد، پێویسته‌ نووسه‌رانی كورد به‌جدی بیر له‌م لایه‌نه‌ بكه‌نه‌وه‌ و هه‌موو بواره‌كانی ڕاگه‌یاندن گرنگی پێ بده‌ن به‌ هه‌نارده‌كردنی زانیاری ده‌رباره‌ی ناساندنی ڕووی جوانی مێژوو و فه‌رهه‌نگ و كه‌له‌پوری كورد، تا چیتر له‌سه‌ر زمانی دژه‌كانمان چاره‌نووسمان دیاری نه‌كرێت، به‌ڵكو خۆمان وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌ین له‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ی بگه‌یه‌نین، ئێمه‌ش گه‌لێكین خاوه‌ن خاك و نه‌ته‌وه‌ی خۆمانین و مێژوو و فه‌رهه‌نگ و جوانی خۆمان هه‌یه‌ و ئاره‌زوومان له‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیانی گه‌لانه‌ و ده‌مانه‌وێت مافه‌كانمان ده‌سته‌به‌ربێت، به‌ئازادی و ئاسووده‌یی له‌ژێر چه‌تری دیموكراسیدا له‌وڵاتی خۆمان به‌ئازادی و ئاسووده‌یی بژین.

Previous
Next