Skip to Content

( شیعر و خەون ) وەک دووانەیەکی لێکدانەبڕاو.. ناڵە حەسەن

( شیعر و خەون ) وەک دووانەیەکی لێکدانەبڕاو.. ناڵە حەسەن

Closed
by كانونی دووه‌م 22, 2023 General, Literature


” خوێندنەوەیەکە بۆ دەقی ( تەنگە بە پێی خەونەکانمان شار ) ی سومەیا جەلال “

( تەنگە بەپێی خەونەکانمان شار )
دارمێوێکمان
بە هەورەوە هەڵواسی
پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵە خەیاڵییەکەمان
ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن
سەبەتەکەیان پڕ دەکەن
لە ترێ
شەرابی نەمری لێ دروست دەکەن و
تۆوەکەی بە دوعا دەچێنن
هاکە ئەوانیش
ماڵێکی ڕاستەقینەییان هەبێت و
ڕۆحیان بێتەوە بەر.
کە سەرمامان دەبێت بە وشە خۆمان گەرم دەکەینەوە
برسێتیمان لەسەر سفرەی شاعیرێک دەشکێنین.
دەچین بەرەو کۆشکی خەیاڵ و
کەلاوەی ژیان بە جێ دەهێڵین.

بە پێی خەونەکانمان تەنگە شار
لەناو تەمدا بزر دەبین و
هەر خۆمان دەبینین بە کۆڵەکەی خەونەکانمان.

یەک ڕەنگمان هەیە گشت ڕەنگەکانی لێ دێتە بوون “ڕەش”
یەک خودا کە ئێوە هەزار و یەکتان لێ دروست کرد

سەری ئێوە بە هەسارەیەکدا دەگەڕێت
هەسارەیەک لە سەری ئێمەدا.
کە بە دەڕنەفیزێکەوە دێن
بووڕغوەکانی سەرمان شل بکەنەوە و
چاوی خەونەکانمان هەڵکۆڵن
هەڵدێین…
کە لەبارەیان دەپرسن هیچتان بۆ ناگێڕینەوە
دەترسین تاڵانیان بکەن و
ئەنفالێکی دی بنووسنەوە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانمان.
میکرۆبەکانتان ڕۆبکەنە نێویان و تاڵانیان بکەن
وەک لادێیەکی خاپوورکراو
کە دەنگی ژیان تیا نەبیسترێ.
بۆیە هەڵدێین و ئێمە هەڵهاتوویەکی هەمیشەیین

بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان و
ڕەتکردنەوەی قومێک مردن نا
ژیانمان لێ دەڕژێ و
دەیان جار پێکی مردنمان هەڵداوە.

بەڵام ئێمە دارمێوێکمان هەیە
پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵی خەیاڵیمان و
پاسەوانی جوانی دەکەین.
تۆش سەبەتەکەت پڕکە…
پڕیکە لە ترێ
شەرابی نەمری لێ دروست بکە و
تۆوەکەی بچێنە
تا ماڵێکی ڕاستەقینەیت هەبێ …!
ژیان وەک چەمکێکی گەردوونی دەکرێت ( یەکێک ) لە ماناکانی لە نێو خەون بەرجەستە بێت ، واتە دەتوانین بڵێین ( ژیان یانی خەون ) . واتە خەون مانایەکی تری ژیانە . چونکە نەک تەنها ژیان بەڵکو بوونیش بەهەمان شێوە هەمان بەرکەوتە و ئاوێتەبوونی لەگەڵ خەوندا هەیە .. واتە ( بوون و خەون ) بەئاراستەیەکی تەریب دا دەڕۆن ، پێکەوە و یەکانگیر . بەدیوێکی تر ، چەمکەکانی ( شیعر و خەون ) هەمان مانا و هەمان پەیوەندی و هەمان ئاوێتەبوونیان هەیە ، چونکە شیعر بە چڕی ئیش لەسەر ژیان دەکات و هەوڵدەدات جوانییەکان لە ڕووبەرە نادیار و تاریکەکان کەشف کات و بیان خاتە ڕوو . واتە شیعر ئیش لەسەر جوانی و جوان پێشاندانی ژیان دەکات .. لەم نێوەدا خەونیش ئەو وزە و هێزەیە کە وا لە شیعر و شاعیر دەکات هەمیشە بە ژیانەوە پەیوەست بن . چونکە ئەو شاعیرانەی دوور دەکەونەوە لە خەون و لە خەون خاڵی دەبنەوە ،، ئەوکەسانەن دەگەنە دوانوختەی ڕەشبینی ، بوون و نەبوونی خۆیان لەنێو ژیاندا وەکو یەک دەبینن و دواجار زۆربەیان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن . ( سومەیا جەلال )ی شاعیر لەم دەقە شیعرییەی ( تەنگە بە پێی خەونەکانمان شار ) ، بە چڕی ئیشی لەسەر چەمکی خەون کردووە ، هەر ئەمەشە وای کردووە ئەم دەقە شیعرییەی لە ئاستێکی بەرزی جوانیدا دەربکەوێت . چونکە وەکو گوتمان خەون ئەو چەمکەیە کە وزە و جووڵەی بەردەوام بە شاعیر دەبەخشێت کە لەنێو ڕووبەرە تاریکەکان بەرزترین ئاستی جوانی بەرهەمبهێنێ . ئەم شیعرەی سومەیا لە ڕووی زمان و وشە و دەستەواژە و وێنە و خەیاڵی شیعری .. دەقێکی نایاب و پڕە لە چێژ و شیعرییەت . تایتلی شیعرەکەش تا ئاستێکی بڵند بە جوانی دەورەدراوە ،، ( تەنگە بەپێی خەونەکانمان شار ) ئەو ڕستە شیعرییە و ئەو ناونیشانە شیعرییەیە کە بەئەندازەی دەقێک چێژ بەخوێنەر دەبەخشێت . دواجار جوانیش ڕاستەوخۆ کاریگەری و پەیوەندی بە ئارامبوونەوەی دەروون و ڕۆحی خوێنەرەوە هەیە . لە پشتی ناونیشانی دەقەکە و زۆرێک لە وێنە و دەستەواژەکانی شیعرەکە ،، وێنەی شاعیرێک یان کەسێکی یاخی دەبینین ، کە لێوانلێوە لە خەون و لیوانلێوە لە وزە و جووڵە و خەونی گەیشتن بە ئومێدە گەورەکان ، خەون بە ژیان و دونیایەکی باشتر ، یان خەونی ئەوەی هەوڵدان لە ڕیگەی داهێنانەوە بۆ بە کەمال گەیاندنی بوون ،، هەموو ئەمانە لەنێو دەقێکی شیعری شاعیرێکی لاو دەبیندرێن کە لەسەرەتای ئەزموونی شیعر نووسینیەتی ، بە عەشقەوەش هەنگاو دەنێ بۆ گەیشتن بە ڕووبەری شیعر و بەدەستهێنانی شوناسی شاعیربوون ،، ئەوکەسەش سومەیا جەلالی شاعیرە ،، بەبڕوای من جوانییەکانی نیو ئەو دەقە هێزی ئەوەیان پێیە بگەنە نێو ڕووبەری شیعر و لەنێویدا بمێننەوە .. تا ئێرە وەک دەروازەیەک بۆ چوونە نێو خوێندنەوەو مەبەستەکانمان و پێشاندانی دیوە شاراوە و نادیارەکانی دەقەکە تیشکخستنە سەر هەندێک لە گۆشە و کەلێنەکانی ،
شاعیر لەسەرەتای دەقەکەی دەڵێت :
دارمێوێکمان
بە هەورەوە هەڵواسی
پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵە خەیاڵییەکەمان
ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن
سەبەتەکەیان پڕ دەکەن
لە ترێ
شەرابی نەمری لێ دروست دەکەن
ئەمەی سەرەوە ، کۆپلە شیعرێکی نایابە ، وێنەیەکی جوانی شیعرییە ، پڕە لە هەستی بەرزی مرۆیی و خۆشەویستی بۆ ژیان ، گوتمان شاعیر لەودەقە شیعرییەی پڕە لە خەون ، شاعیر کەسێکی بزێو و پڕ جووڵەیە ، ناتوانێ لەنیو ژیانێک بمێنێتەوە ، کە ( شار پەپێی خەونەکانی ئەو تەنگ ) بێ .. بەدوای رووبەرێکی فراوانتر و لەبارتر دەگەرێت کە لەوێدا ژیان لە هەموو جوانیەکان و مرۆڤەکانیش لە هەموو خۆشییەکان بەهرەمەن بن ، خۆیشی دەستلەملانی خەونە گەورەکانی بێت ، بۆیە ( دارمێوێک بە هەورەوە هەڵدەواسێ و لەگەڵ ڕێبواران و عاشقانی ڕێگای ژیان .. پیایا هەڵدەگەڕین بەرەو ماڵە خەیاڵیەکەیان ) ، ئەو ماڵەی لەنێو خەونەکانیان نەخشەیان بۆ کێشاوە ، ماڵێک پڕ لە کتێبەکانی ئومێد ، ماڵێک پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی ،، جیا لەو کەڵاوەیەی نێو ئەو شارەی کە بەپێی خەونەکانی مرۆڤەکان تەنگە ، ئەو شارەی کە دۆزەخێکە بۆ خۆی ، ئەو شارەی هەموو شتێکی لێیە جگە لە ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ نەبێ .. دار مێوەکە بەهەورەوە هەڵدەواسێ و ئەوانەی بەوێشدا تێدەپەڕن سەبەتەکەیان پڕ دەکەن لە ترێ .. ترێ وەک هێماو فیگەرێک دەتوانێ دەلالەت بێ بۆ چەندین مانای جیاواز .. دەکرێ هێما بێ بۆ بەروبووم و خۆشی و جوانیەکانی ژیان ، دەکرێ هێما بێ بۆ گەیشتن بە خەونەکان و زۆر شتیتر . مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی سەبەتەکانیان پڕ دەکەن لە ترێ .. شاعیر بە هەستێکی بەرزی مرۆیی ئەم وێنە شیعرییەی کێشاوە .. وێنەی ژیانێکمان بۆ دەکێشی کە تیادا پراوپڕە لە بەهای جوانییەکان و بەها مرۆییەکان .. ژیانێک وەک ژیانی سەرەتای مرۆڤایەتی کە ئەو سەردەم لە مێژوودا بە ( کۆمۆنەی سەرەتایی ) ناوبراوە کە لەوێدا موڵکدارێتی ( گشتیی بووە نەک تاک ) .. لەوێدا خێروبێر و خۆشییەکان بۆ هەمووان بوو ، ژیان و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەرەوەزی و پێکەوە ژیان و خۆشەویستی بنیاد نرابوو نەک رەتکردنەوە و کوشتنی ئەویتر ،، لەم وێنە شیعرییە نایابە شاعیر پڕمان دەکات لە خەیاڵی جوان و وێنەی ژیانێکی پڕ لەسەروەریمان بۆ دەکێشیت . ( سەبەتەکان پڕدەکەن لە ترێ و شەڕابی نەمری لێدروست دەکەن ) بێگومان لە شێوە ژیانێکی لەم جۆرە ، مرۆڤەکان دەگەنە ئەوپەری مەوداکانی شکۆمەندی و ژیانیش دەگاتە ئەوپەڕی مەوداکانی جوانی . شاعیر لە دیمەنێکیتر دەڵێ :
کە سەرمامان دەبێت بە وشە خۆمان گەرم دەکەینەوە
برسێتیمان لەسەر سفرەی شاعیرێک دەشکێنین.
دەچین بەرەو کۆشکی خەیاڵ و
کەلاوەی ژیان بە جێ دەهێڵین
لەم وێنە شیعرییە ، ( سومەیا جەلال ) دیدێکی ڕۆشن بۆ پەیوەندییەکانی( شیعر و ژیان ) و ( یاخیبوون و خەون ) دەخاتە ڕوو .. ( کە سەرمامان دەبێت بە وشە خۆمان گەرم دەکەینەوە ، سەرما وەک هێمایەک بۆ هەموو میحنەتیەکان و هەموو موعانات و ئازارەکان .. کاتێک ژیان دەگاتە ئەوپەڕی ناخۆشی و بێزاربوون ،، مرۆڤەکان دەکرێ تەوقی بێدەنگی بشکێنن و بێنە قسە ،، وشە دەکرێ هێما بێ بۆ قسەکردن ، ( برسێتیمان لەسەر سفرەی شاعێرێک دەشکێنین ..! ) ، شاعیر وەک پەیامبەرێک لەنێو شیعرەکانی قسە دەکات ، دەتوانێ لە ڕێگەی زمانەوە سەرمابوون و برسییەتی و خەون و هاوارەکان بنووسێتەوە ، شیعر دەتوانێ تەواوی ژیان بنووسێتەوە ، لێرە ، شیعر هاوتا دەبێت بە ژیان ،، سفرەی شاعیریش هاوتا دەبێ بە گەردوون ، بەڵام دەبێ ئەوەمان بیر نەچێت ، شیعر ناتوانێ نان و ئازادی و خەون و خۆشییەکان بۆ مرۆڤەکان دەستەبەر بکات ، بەڵام شیعر یان ئەدەب دەتوانن وا لە مرۆڤەکان بکەن ،، بیر لە نان و ئازادی و بیر لە خەونەکان و ئایندە و ژیانێکی باشتر بکەنەوە ، بۆیە شاعیر کاتێک سەرمای دەبێت بە وشە خۆی گەرمدەکاتەوە ، دەکرێ لە ڕێگەی وشەوە بیر لە ڕزگاربوون لە هەموو نەهامەتییەکان و هەموو سڕبوون و سەرمابوونەکان بکاتەوە .. شاعیر بە هەمان گڕوو تینەوە لەنێو خەیاڵە شیعرییەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵی ،( دەچین بەرەو کۆشکی خەیاڵ و کەلاوەی ژیان بە جێدەهێڵین ) ، بێگومان شاعیر بەم هەست و خەیاڵێکی مرۆییەوە ، بەو هەموو جووڵە و وزەوە بۆ گەیشتن بە بڵندترین هەورازەکانی خەون .. کەلاوەکانی ژیان جێدەهێڵێ و دەڕوا بەرەو کۆشکەکانی خەون .. لێرە وەک ( شاعیرێکی یاخی ) ئەو شارەی بەپێی خەونەکانی ئەو تەنگە ڕەت دەکاتەوە ،، کەلاوەکانی ژیانی ئەوشارە جێدەهێڵی بەرەو کۆشکەکانی خەیاڵ بەئاراستەی خەونەکانی ڕێدەکات ، کەسێکی یاخییە نەفرەت لە هەموو ئەو ڕێگریانە دەکات و شەڕ لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانە دەکات کە رێگرن لەبەردەم خەونەکانی .. شاعیر لەنێو هەستە یاخییەکانی کە کەلاوەکانی ژیان جێدێڵی و بەرەو کۆشکەکانی خەیاڵ دەروا ئەوجا بە زمانێکی شیرینی شیعری و لێوانلیو لە جوانی دەڵێ :
بە پێی خەونەکانمان تەنگە شار
لەناو تەمدا بزر دەبین و
هەر خۆمان دەبین بە کۆڵەکەی خەونەکانمان
لێرەدا شاعیر دوای هەنگاوی جێهێشتنی کەلاوەکانی ژیان و گەیشتن بە کۆشکی خەیاڵ ، دەیەوێت بڵێت / ئاخر لەوێدا بەپێی خەونەکانمان تەنگ بوو شار..! ئێمە خەونی گەرەترمان هەبوو ، پێویستمان بە ڕووبەرێکی فراوانتر و دونیایەک بوو کە جوانتر بێت لە هەمیشە . بۆیە لە قۆناغی سەرەتا دارمێوێک بەهەورەوە هەڵدەواسن و دواتر بۆ گەیشتن بە خەونەکان بڵنتر دەبنەوە و هەورەکانیش جێدەهێڵن و دەگەنە نێو تەمە سپییەکانی خەیاڵ چونکە ، دەزانن ڕووناکییە گەورەکە و سفرە ڕازاوەکە و کۆشکە گەرمەکەی ئارامی لەوێندەرێیە ..! بۆیە لەناو تەمدا بزر دەبن و هەرخۆیشیان دەبن بە کۆڵەگەی کۆشکی خەونەکانیان .. بەڵێ مرۆڤ بۆ گەیشتن بە خواست و خەونەکان و ژیانێکی باشتر دەبێ بەسەر هەورازە بەرزەکان سەرکەوێ ، بڵند ببنەوە و بزر ببن لە نێو تەم و هەرخۆیشیان ببن بە کۆڵەگە و بە ستوونی کۆشکە ڕازاوەکانی خەونەکان و ئومێدە جوانەکانیان .لەدوای ئەوە شاعیر دەیهەوێ هۆکاری ئەو یاخیبوون و ئەو جێهێشتنی کەڵاوەی ژیان ڕوون بکاتەوە ئەوەتا ڕاست و ڕەوان دەڵێت :
یەک ڕەنگمان هەیە گشت ڕەنگەکانی لێ دێتە بوون “ڕەش”
یەک خودا کە ئێوە هەزار و یەکتان لێ دروست کرد
دەیەوێت باسی ئەو ژیانە ناهەموارە بکات کە بەهاکانی جوانی و بەهاکانی مرۆڤ لەچ ئاستێکی نزمدا بوون ، ژیان پارچەیەک بوو لە نائومێدی ،، هەموو ڕەنگەکان لە ڕەشەوە دەهاتنە بوون ، ڕەش سەرچاوەی هەموو ڕەنگەکان بوو ، ژیان تابلۆیەکی ڕەشبوو ، ژیان لەناو مردن ڕاکشابوو ، ئاسۆ و ئومێدەکان ڕەش .. خەون و ئایندەکان ڕەش ، هەر ڕەش و هەر ڕەش و هەر ڕەش .. یەک خودا ئێوە هەزار و یەکتان لێدروست کرد .. ژیانێکی ڕەش و مرۆڤەهایەکی سەرگەردان و شێواو ،، جەنگەڵستانێک پڕ لە خودای جۆراوجۆر ، پڕ لە ماری حەوت سەر و پڕ لە ئەژدیهای هار و برسی ، لێرەدا باسی هەموو ئەو هەوڵە نابەجێ و و هەموو ئەو دەستە ڕەشانە دەکات کە ژیان ناشیرین و نابووت دەکەن .. باسی ئەو مرۆڤ و ئەژدیها چاوچنۆکە برسیانە دەکات کە بەخوێنی ئەوانیتر نەبێ تێر ناخۆن و ژیان لە ئەوانیتر دەکەنە دۆزەخێکی پان و بەرین .
ئەگەر بە وردی لەم دەقە شیعرەی سومەیا جەلال ورد بینەوە ، بەو ئاکامە دەگەین هەر خودی ناونیشانی شیعرەکە ( تەنگە بەپێی خەونەکانمان شار ) لەگەڵ ئەوەی دەستەواژەیەکی شیعری جوان و پڕ چێژە لەهەمان کات کارەساتێکی گەورەشە کە / ناوەرۆکی دەقە شیعرییەکەی لێوانلێوە لە وێنەی تراژیدی و گێڕانەوەی کارەساتە گەورەکان .. کە لە پشتی چیڕۆکە تراژیدییەکان ، هاوکێشەکانی( مردن هەمیشە مردن ) و (کەوتن هەمیشە کەوتن ) ببیندرێ لەنێو ئەودەقە شیعرییەی ئەم شاعیرە گەنجەمان بوونی مرۆڤ و شکۆمەندی مرۆڤ لەژێر پرسیاردایە ،، کە ژیان هێندە بەئاراستەیەکی ناشیرین دا دەڕوات .. مرۆڤ ناچار بە هەڵاتن و ناچار بە پشتکردن دەبێت لە ژیان ، ئەوەتا بە ئاشکرا باس لە کارەساتی ئەنفال و کۆڕەو دەکات .. باس لە مردنی بە کۆمەڵ دەکات ، ئەم کارەساتە تراژیدیانە نیشاندەری لوتکەی هەرەس و لوتکەی بێ بەهابوونی مرۆڤ و هەموو جوانیەکانی ژیانە ، یان بە دیوێکی تر وەک ( ئەلبێرت ئەنیشیایین ) ، دەیەوێت بڵێ ( ئەم جیهانە شوێنێکی ترسناکە کە تیایدا دەژین نەک لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان خراپن ، بەڵکو لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان بە گشتی هیچ جووڵەیەک لە خۆیان نیشان نادەن ) شاعیر لەنێو ئەم دەقەدا بەو دونیایە ڕازی نییە و لێی ڕادەکات و بەدوای دونیایەکی تر دا دەگەڕێت چونکە ئەم دونیایە دونیاییەکی شەیتانییە و جێگای فریشتە و مرۆڤە ڕۆح پەپووڵەییەکانی تیا نابێتەوە …! بڕوانن چەند جوان و شاعیرانە دەڵێ :
هەڵدێین..
دەترسین تاڵانیان بکەن و
ئەنفالێکی دی بنووسنەوە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانمان
میکرۆبەکانتان ڕۆبکەنە نێویان و تاڵانیان بکەن
وەک لادێیەکی خاپوورکراو
کە دەنگی ژیان تیا نەبیسترێ
بۆیە هەڵدێین و ئێمە هەڵهاتوویەکی هەمیشەیین
چەند کارەساتە لە نیشتیمانێک بژیت وەک لادێیەکی خاپوورکراو بێ ،، وەک دۆزەخێکی هەمیشەییش کە دەنگی ژیانی تیا نەبیسترێ ،، هەر هەڵبێین و ئێمە مرۆڤەهایەکی هەڵاتووی هەمیشەیی بین ، شاعیر وێنەی ژیان و نیشتیمانێکمان بۆ دەکێشی ،، تابلۆکان بە ڕەنگەکانی مردن ڕەنگکراون ، ژیان وەک درەختێک شیلەی مردنی لێدەچۆڕێ .. ڕۆژێ ئەنفال و گۆڕی بە کۆمەڵ ، ڕٶژێ کۆڕەوی چەند ملیۆنی و هەڵاتنە سەر سنوورەکان و ڕەقبوونەوە لەنێو بەفر و سەرماو سۆڵەدا ، ئێمە هەردەبێ هەڵبێین ، چونکە قەدەرمان وایە و هەر لەئەزەڵەوە بۆ هەڵاتنی هەمیشەیی دروست بووین .. ( سومەیا جەلال ) بە هەستێکی شاعیرانە باس لە مێژووی میللەتێکی هەمیشە تێشکاو و بێ شوناس دەکات ، باس لە کەوتن و نسکۆی هەمیشەیی میللەتێک دەکات کە هەزاران ساڵە لە نێو هاوکێشەی ( مردن هەمیشە مردن ) درێژە بە ژیان و تەمەنی خۆی دەدات ، شاعیر لە وێنەیەکیتر لە نیو نیشتیمانی دووکەڵ و خوێندا ڕۆشنتر دێت باس لە ململانێ و پەیوەندییەکانی نێوان ( مردن و ژیان ) دەکات و دەڵێ :

بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان و
ژیانمان لێ دەڕژێ و
دەیان جار پێکی مردنمان هەڵداوە
هەر وەک لەو دیمەنە شیعرییە جوان و نایابە دەڵێ ( بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان .. دەیانجار پێکی مردنمان هەڵداوە ،، دەیەوێت بڵێ ، ( بۆ سەیرکردنی ڕووناکی لەدرزێکەوە .. دەیان ساڵ لەنێو شەوەزەنگە تاریکەکان ماوینەتەوە ..! ) .. کەچی ئێمەش مرۆڤەهایەکین ژیانمان لێدەرژێ و پڕاوپڕین لە خەون بەڵام / قەدەر ئێمەی لە ڕووبەرێک هێناوەتە بوون کە بەپێی خەونەکانمان تەنگە شار …! بۆ چنگخستنی مشتێ ژیان دەبێ هەمیشە پێکی پردن هەڵبدەین ، یان دەبێ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانەکان بکەین بە ماڵی هەمیشەییمان ، یان ببین بە ڕۆبۆتیکی هەمیشە هەڵاتوو . ئەگەر لەم دەقە وردبینەوە ، ئەوڕاستییە دەبینین کە پێشتر گتوومانە ( شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە …! ) شاعیریش بوونەوەرێکی گەردوونییە ! بەو مانایەی شیعر بە هۆی بوونە گەردوونییەکەی لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ، زمانی شیعریش خاوەن ئەو هێزە سیحراوییەیە کە شاعیر بەهۆیەوە دەتونێ وێنەی هەر شتێک بکێشێت کە بیەوێت ، لە جووڵەی مێروولەیەک و فرمێسکی سەر گۆنای پەپووڵەیەک و فڕینی باڵندەیەک و تا دەگاتە گەورەترین ڕووداوە تراژیدییەکان ،، لە شێوەی جەنگەکان و کارەساتەکانی ئەنفال و هۆڵۆکۆست و کۆڕە و مردنی بە کۆمەڵ و هەتا دوایی .. چونکە شیعر دابڕاو نییە لە ڕابردوو و لە ئیستاش تەنانەت لە ڕیگەی خەونەکانەوە دەتوانێ ئیش لەسەر ئایندەش بکات ،، مامۆستا ( عەلائەدین سەجادی ) لە سەرەتای ( مێژووی ئەدەبی کوردی ) دەڵێت ( هەر میڵەتێک ئەدەبی نەبوو واتە مێژووی نییە ..! ) ، شیعریش وەک بەشێکی سەرەکی ئەدەب یەکانگیر دێتەوە لەگەڵ مێژوو ، یان بەپێی بیرکردنەوەی ( مارتن هایدگەر ) شیعر دەتوانێ تەعبیر لە حەقیقەتی بوون بکات . ئەم قسەو بیرکردنەوانە هەمووی دەسەڵات و هێزی زمانی شیعری و ڕووبەرە فراوانەکەی شیعرمان پێشان دەدات ،، ئەگەر لەم دەقە شیعرییەی سومەیا جەلال بڕوانین .. دەبینین / لە خەونەکانی خۆی دەست پێدەکات .. لەم نێوەشدا وێنەی دوو دونیای جیاواز و دوو هەسارەی جیاوازمان پێشان دەدات .. دونیایەک کە ژیان پڕاوپڕە لە جوانی و مرۆڤەکانیش بەختەوەر و دڵخۆش و ئارام و شادومان ، هاوکات بەیەکەوە دەژین و بەیەکەوە لە جوانیەکان و بەروبوومەکان بەهرەمەندن .. ئەم دونیایەش دونیا جوانەکەی خەون و خەیاڵە وەک ماڵێکی ئارامی شایستە بە مرۆڤ .. هێما و ئاماژەش بۆ ئەو دونیا جوان و رەنگینە .. هەڵواسینی دارمێوێکە بە هەورەوە مرۆڤەکانیش سەبەتەکانییان پڕدەکەن لە ترێ ..! لەبەرامبەر دونیایەکی تر کە ( بەپێی خەونەکانمان تەنگە شار ) ،، لەوێدا هەموو رەنگەکان لە ڕەشەوە دێنەبوون و بۆ مشتێ ژیان دەبێ پێکی مردن هەڵبدرێ و مرۆڤەکانیش هەڵاتووی هەمیشەیین و ئەنفال دەکرێن و بەکۆمەڵ دەمرن .. دەتوانین ئەم ململانێی نێوان ( ژیان و خەون یان ژیان و مردن ) وێنەیەک و هاوکێشەیەک بێت بۆ هەموو گەردوون . بەڵام لەگەڵ تەنگ بوونی شار و ملمانێی نێوان ژیان و مردن و پێشاندانی کارەساتە جەرگبڕەکان ، هەروەها هەستە نائومێدی و خەمۆکییەکان . بەڵام ، شاعیر وەک مرۆڤێکی لێوانلێو لەخەون خاوەن ئیرادە و توانایەکی بەهێز ، ورەبەرزە دەست لە خەون و ئومێدەکانی بەرنادات ، وەک چۆن ( فرێدریک نێتجە ) پێی وایە ( هێز مرۆڤەکان بە ژیان پەیوەست دەکات ) ، ئەوشاعیرەشمان دەیەوێت پێمان بڵیت ، ( خەون مرۆڤەکان پەیوەست دەکاتەوە بە ژیان ) بۆیە داوا دەکات ، دەست لەخەونەکانمان بەرنەدەین تا دەگەینە نێو ماڵە راستەقینەکەی خەیاڵ و دونیایەکی باشتر و جوانتر دەخوڵقێنین ، ئەوەتا لە دیماهی شیعرەکەی دەڵێ :
بەڵام ئێمە دارمێوێکمان هەیە
پیایدا هەڵدەگەڕێین بەرەو ماڵی خەیاڵیمان و
پاسەوانی جوانی دەکەین
تۆش سەبەتەکەت پڕکە
پڕیکە لە ترێ
شەڕابی نەمری لێ دروست بکە و
تۆوەکەی بچێنە
تا ماڵێکی ڕاستەقینەیت هەبێ …!
وا پێویست دەکات ، .بۆ گەیشتن بەو ماڵە جوان و ئەفسووناوییەی خەیاڵ بێ ئومێد نەبین ،، چونکە ئێمە دارمیوێکمان هەیە پیایا هەڵدەگەریین .. کۆڵنادەین بەسەر هەوراز و بڵنداییەکان هەڵدەگەرێین و پاسەوانی جوانی دەکەین .. واتە هەموو بەهاکانی جوانی دەپارێزین چونکە مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە هەموو جوانییەک و شایستە بە هەموو خۆشییەکە ، بەدار مێوەکە هەڵدەگەرێین ، شاعیر لە شوێنێکی بڵند وەستاوە ( وەک زەردەشتی نێو کتێبەکەی نێچە ) قسە بۆخەڵک دەکات و دەڵێت ( تۆش سەبەتەکەت پڕکە لە ترێ ، شەڕابی نەمری لێ دروست بکە و تۆوەکەی بچێنە تا ماڵێکی ڕاستەقینەیت هەبێت ..! ) چاندنی تۆوەکە هێمایە بۆ ( بەردەوامبوون و کۆڵنەدان ) بۆ گەیشتن بە دونیایەک کە کە شایستە بێت بە شکۆمەندی مرۆڤ و لەوێدا ( بە پێی خەونەکانمان ( تەنگ نەبێت ) شار …!
دەمەوێت لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەیەم بۆ ئەم دەقە شیعرییە تاکید لەوە بکەمەوە و ئەوە بڵێم ، کە دەقی ( بە پێی خەونەکانمان تەنگە شار ) .. دەقێکی شیعری نایابە ، پڕە لە هێما و وێنە و کۆد و میتافۆری شیعری ، لە پشت هەر هێما و وێنەیەک هەستێکی قووڵی مرۆیی دەبیندرێ ، دەقێکە پڕە لە چێژ و جووڵەی ئیستاتیکی .. وەک هێشوە ترێیە گەییوەکان شیلەی شیعرییەتیان لێدەڕژێ .. بە چاوەڕوانم سومەیا جەلال ئەم ( دەقە شیعرییە و هەندێک لە دەقە شیعرییەکانیتری وەک ( دەمەوێت لە تۆدا بزر بم ) و ( ئازار بە بۆیەی شاعیرێک ڕەنگی کردووم ) بکاتە خاڵی هەنگاو هەڵگرتن بۆ چوونە پێشەوە و یان سەرکەوتن بەسەر پەیژەکانی داهێنان و نوێگەری . بە ئومێدم لە داهاتوویەکی نزیک بەرزاییەکانی داهێنان بکات بە ماڵی هەمیشەیی خۆی ، هاوکات لەناخی دڵەوە ئومێدی ئەوەش دەخوازم کە ئەو شاعیرەمان لەگەڵ نووسەر و شاعیرە پڕجۆش و لاوە خوێن گەرمەکانی شاری کەرکووکی خۆشەویست جووڵەیەکی هیوابەخش وەک دەیەی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان بەڕێخەنەوە ، جێی پەنجە و قەڵەمەکانییان بە تۆخی دەرکەوێت و سایە بکەن بەسەر شیعر و ئەدەبیاتی کوردی دا …!

                                                         جانیوەری ٢٠٢٣

سەرچاوە :

  • شیعری ( تەنگە بە پێی خەونەکانمان شار ) نووسینی .. سومەیا جەلال
    تێبینی :
    ئەم دەقە شیعرییەی ( سومەیا جەلال ) ، لە پێشبڕکێی ( کامەران موکری ) خەڵاتی یەکەمی وەرگرت ، کە لەلایەن یەکێتی نووسەرانی سلێمانی سازدرابوو ، لەم چاڵاکییەدا چەند لاوێک دەقە شیعرییەکانیان خوێندەوە .

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish