
یادێک لە مانگرتنی حەڤدەی شوباتی ساڵی 1991 لە زیندانی ئەمنەسورەکەی سلێمانیی … مقداد هادی
سەرەتایەک :
مانگی ئابی ساڵی 1990،ئەو کاتە بوو کە ڕژێمی بەعسی عێراق هێرشی کردە سەر کوەیت و داگیری کرد . لەو سەردەمەدا حزبی بەعس چاوی سوربوو بوو ، چونکە لە ناوخۆی عێراق و لەناوچەکەدا وەک عەنتەری لێ هاتبوو. لە ناوخۆدا و بەتایبەت لە کوردستاندا کە لە مێژەوە بنکەیەکی ناڕەزایەتیی بوو، کەچی لەودوایانەدا و بە پێچەوانەوەی پێشوو بەشێکی زۆری خەڵک بەناچاری یان بە زۆریی و هەندێک کەسیش لەژێر فشاردا ملی دابوو بە بەشێک لە سیاسەت و کردەکانی بەعس . کە هەڵبەت ئەم وەزعە بەسەر خەڵکیدا خراپ شکابۆوە و بەعسیش پەیتاپەیتا لە ڕێگای تێکشانی ڕوحی بەرەنگاری و ناڕەزایەتی ، خەڵکی بە لێشاو ناونوس دەکرد لە ناو ڕیزەکانی سوپا‌و جەیشی شەعبی و جاش و چەندین شکڵ و شێوەو دەزگای سەربازییی دیکە.
لەو سەردەمەدا و بەکردەوە و لە بەرئەنجامی ئەو کاولکاریانەی کە ڕژێم لە کوردستانداو لەساڵانی پێشووتر ئەنجامی دابوو ، گەر بەدەگمەن نەبویایە گوندێکی بە پێوە نەهێشتبوو . بەم پێیە و ئەودەم هەموو خاکی کوردستان بەسەر دوو زۆندا دابەش ببوو . زۆنێک کە بەشی ناوەوەی شار‌و شاروچکەکان بوو کە خەڵکی مەدەنی و دامودەزگاکانی حکومەت و ڕێپیداراوان و کە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆیان هەبوو تێدا ژیان بکەن . لەبەرامبەردا زۆنیکی تر هەبوو کە پێی دەوترا ” موحەڕەمە” بەواتای قەدە‌غەکراو . بۆ گەیشتن بەم ناوچانە ئەوەندە بەس بوو کە چەند مەترێکی کەم لە قەراخ شار‌و شارۆچکەکان بترازێیت و ئەگەر کەسی بێ‌تاوان دەستگیربکرایتایە ، ئەوا بی سێ و دوو دوای لێپێچینەوە مەرگ چاوەڕوانی بوو .
لەبەرئەنجامی سەرەتایی هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت ، سەراپای عێراق بە کوردستانیشەوە خرایە حاڵەتی ئامادەباشی و سەربازگیری سەرتاسەریی . بەپەلەو لەزوترین دەرفەتداو بە پێی پلانی ڕژێم، مەشقی سەربازی و چەککردنەشانی کردە دیاردەیەکی گشتی . بەم پێیە و زۆر بەزویی سیمای ژیانی کۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵگای عێراق گۆڕدرا . چەک و جلی خاکی و سەربازی هەموو کون و کەلەبەرێکی داگرت . هەربەپەلەو لە گۆڕەپانی سیاسی ناودەوڵەتیدا بە کۆی دەنگ و لە نەتەوەیەکگرتوەکانەوە حەسارێکی ئابوری سەخت کرایە سەر عێراق و هەموو سنورەکانی لێداخران . لەو کاتەدا لە عێراقدا نرخی کاڵا سەرەتاییەکان و پێداویستی ڕۆژانە بەتایبەت نان و گەنم و شەکرو چا ، بەدەیان جار و بگرە سەددان جار بەرزبۆوە . لەو نێوەدا بژێوی خەڵکانی هەژار و کەمدەرامەت کەوتە مەترسییەکی گەورەوە . هەڵبەتە ئەمەو لەو سەردەمەدا گەلیک کاردانەوەو کارکردی تری ئابوری و سیاسی و دیپلۆماتیک لە ناوچەکەو عێراقدا ڕویاندا .
هەرچەندە بە ڕواڵەت ئەو هێرشکارییە زەبەلاحی و بەهێزیی عێراقی نیشاندەدا، بەڵام لەهەمانکاتدا و لەناوخۆدا کەلێنیکی کردەوە بەرەو ڕووی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و سیاسیی لە کوردستاندا. بۆ ئێمەی ڕێکخراوەکانی بزوتنەوەی چەپ کە ئەو کات لەناو شار‌و شارۆچکەکاندا جوڵەی سیاسیمان هەستی پێدەکرا ، ئەم هەلە بووە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی زیاتری پڕوپاگەندەی سیاسی و دنەدانی خەڵک بۆ بەرگریی و هێرش و دژایەتی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێم . ئەوکات چەپەکان یەکەمین ڕێکخراوی سیاسیی بوون لە عێراق و کوردستاندا هەر بەزوویی بانگەواز و زەنگی هەڵپێجان و ڕوخانی دامودەزگاکانی ڕژێمیان بە نیمچەئاشکرا و بەنهێنی بە خەڵک ڕادەگەیاند و بەشێک لەشاروشارۆچکەکانیان پڕ کردبوو لەبەیاننامەو بڵاوکراوەکان کە ناوەڕۆکی سەرجەمیان هاندانی خەڵک بوو بۆ ڕاپەڕین .

هەڵبەتە لێرەدا ئەوە گرنگە کە بوترێت، کە کارکردنی نهێنی و سیاسی لەدوای ئەنفالەکان کارێکی پڕدژوارو سەخت بوو . بەشی زۆری کادرەکانی ئەو بزوتنەوە سیاسییە لەگەڵ ئەوەی کاری سیاسی ڕۆژانەیان دەکرد ، لەهەمان کاتدا ملیان نەدەدا بۆ سیاسەتەکانی حکومەت لەمەڕچونە سەربازی و جۆرەکانی تری بن ڕکێفی دەسەڵات . بەواتایەکی تر ئێمە نەک هەر لەباری کاری سیاسیی و حزبایەتیەوە ، بەڵکو بەتەواوەتی لەڕژێم قاچاغ و نامۆ بوین . من یەکێک بووم لەوانەی کە دوای ئەوەی خوێندنی زانکۆم تەواوکرد ، حەوت ساڵ بە یاساخی و ناجۆری لە ناو شاردا ژیانم بەڕێکرد . لەبیرم نایەت لەو ماوەدا تەنانەت بۆ شەوێکیش بە ئارامی نوستبم ، چونکە بەردەوام ژیانمان لەترسناکی و دژواریدا بوو . ئەو سەردەم چەپەکان پێکهاتبوین لە چەندین گروپ و ڕێکخراوی مارکسییستی شۆڕشگێرانە . هەڵبەتە ئێمەمانان یەکێک بووین لەو سەدان کادیرانەی کە شەوڕۆژمان کردبوە سەریەک بۆ پێشخستنی بزوتنەوەی بەرگریی و شوڕشگێڕانە دژ بەدەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی ڕژێمی ئەوسای بەعس .
لەو سەردەمە سەختەدا و بەرهەمی جموجۆڵی سیاسیی و ڕێکخراوەیی چەپ نادیدە نەبوو بۆ دەزگائەمنیەکانی ڕژێم و لەماوەیەک بەرلەوە بەشێک لە کادرەکان و تەنانەت دۆست و لایەنگران خرابونە ژێر چاودێری سیخوڕیی. هەڵبەتە ئەو چاودێریە توندە، خراپ بەسەر بزوتنەوەی چەپدا شکایەوە و سەرەنجام ژمارەیەکی زۆر کە پتر لە شەست کەس دەبون لە کادیرو لایەنگران لەلایەن ئەمنەوە خافڵگیرو دەستگیرکران و بە پەلە ڕاپێچی زیندانی ئەمنەسورەکە کران .
ئەمنە سورەکە :
له‌سه‌رده‌می به‌عسدا ئه‌منه‌سوره‌که‌ی سلێمانی به شایه‌تی هه‌موو ئه‌وانه‌ی که ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان به بیردێت له دڕه‌نده‌یدا که‌م وێنه بوو. به‌عس به تایبه‌ت ئه‌و بینایه‌ی بۆ ده‌زگای ئه‌منی سلێمانی دروست کردبوو . خودی دەزگاکە هاوتای نه‌بوو له‌هه‌موو عێراقدا جا چ له قه‌باره‌و مه‌حکه‌می بیناکه‌وه ، یان له ستراتیجیه‌تی شوێنه‌که‌دا و هه‌روه‌ها له دڕنده‌یی و بێبه‌زه‌یی ئه‌منه‌کانیشدا . ته‌نانه‌ت کاتێک مرۆڤی ئاسایی به پیاده یان به ئۆتۆمۆبیل به شەقامی بەردەمی بیناکە تێپه‌ڕبویتایه ئه‌وا به ته‌مای خۆت نه‌بویت که به سه‌لامه‌تی ده‌ربازبویتایه تا ئه‌و سه‌ری شه‌قامه‌که .
بەشی ناوەوەی بینای ئەمنەسورەکە پێکهاتبوو لە چەندین یەکەی جیاواز و لەگەڵ ئەوەش سەرجەم بیناکە هەموو پێداویستیەکی تێدابوو تەنانەت بە بەنزینخانەی تایبەتیشەوە . یەکەی زیندان کەوتبووە بەشی سەرەوەی بیناکە، سێ دیوی بەشی دەرەوەی زیندانەکە بە توندی و مەحکەم چواردەورەی گیرابوو ، تەنانەت ئاسمانی ڕاڕەوەکانیشی بە تەلی دڕکاوی تەنرابوو .
زیندانەکە دابەش کرابوو بەسەر هۆڵی یەک و دوو لەگەڵ ژمارەیەک ژووری بچکۆلەی تاکەکەسی و لە پەناشیدا ژوورێک بۆ پاسەوانەکان دروستکرابوو لەگەڵ ژوورێکی تایبەت و بەجیا بە ژنانی زیندانی کە دەکەوتە سەرەتای مەدخەلی ناوەوەی زیندان . پاشان لەناوەوە بە قادرمەیەک دەچویتە قاتی دوو کە پێکهاتبوو لە چەندین ژووری تاکەکەسی لەگەڵ قاعەی سێ و چوار و پێنج . شایەنی باسە کە هەر قاعەیەک بە دوو دەرگای ئاسن و مەحکەم قفڵ کرابوو ، لەناویشەوە جگە لە شوێنی هەواکێش هیچ کراوەیەکی تری تێدانەبوو . بۆیە زیندانی جگە لەدەرگاو دیوار و بنمیچی بەرز شتێکی تری نەدەبینی و گەر کارەبا نەبوایە جیاوازی نێوان ڕۆژو شەو بەئاستەم دەکرا . لەو دوایانەدا زۆر جار کارەبا نەبوو ، ئیتر ئێمەش دەموچاوی یەکتریمان بە ئاستەم دەبینی .
بڕیاری مانگرتن :
ڕۆژی 17ی2 ساڵی1991 ، ئێمه که نزیکه‌ی 64 زیندانی له هۆڵی (قاعة) یه‌ک خنرابوین مانگرتنمان لە خواردن ڕاگەیاند . پیکهاتووی هۆڵەکە به‌شی هه‌ره زۆری زیندانی سیاسی بوو . لەگەڵ ئەوەی زۆربەمان سەر بە ڕێکخراوە چەپەکان بووین ، بەڵام بەگشتی سه‌ربه حزب و بیروڕای جیاوازبوین . بۆ ئه‌م مانگرتنه نزیکه‌ی 3 شه‌و به ڕۆژیه‌وه کاری به‌رده‌وام و نیمچه نهێنی و له‌وه‌وپێشی بۆ کرابوو تاوه‌کو سه‌ره‌نجام له ناو خۆماندا به پلانی ته‌واوه‌وه به‌وه گه‌یشتین که له به‌یانی ڕۆژی 17ی 2 ده‌ست به مانگرتن بۆ به‌ده‌ست هێنانی خواردنێکی زیاتر بکه‌ین .
به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دڕنده‌یی به‌عس له‌ناو زینداندا به تایبه‌تی ئه‌منی سلێمانی، نەک کارێکی ئاسان نه‌بوو بگرە لەگەڵ مەرگدا بەرەو ڕووبوو . له زینداندا ئه‌سته‌م بوو دوو زیندانی پێکه‌وه قسه بکه‌ن له کاتێکدا ئه‌منێک چاوی لێبێت . ئەگەر کارێکی وا ڕوویدابا، ئەوا حه‌تمه‌ن دوای ئه‌وه دارکاری و ئەشکەنجەو فه‌لاقه‌یه‌کی باش ده‌کرایت . ئێمه وه‌ک زیندانیه‌کان بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی ئه‌منی سلێمانیدا به‌و ژماره زۆره‌وه به‌ره‌نگاری و مانگرتنمان ئه‌نجامدا . ئه‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌موشمان دڕنده‌یی جه‌للاده‌کانی ئه‌منمان باش ده‌ناسی و به‌و پێیه‌ش مه‌رگمان له پێش خۆمان دانابوو . به‌ڵام مانگرتن پێویستیه‌ک و بڕیارێکی بوێرانه و دلێرانه بوو وه بە گشتی هه‌موومان له‌سه‌ری کۆک بووین . هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه بوترێت ، ئه‌وه‌یه که هه‌موو زیندانیه‌کان سه‌رباری ئه‌شکه‌نجه‌و لێدان له برسیه‌تییه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ر دابوین ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌ستمان بکه‌وتایه ، ئەوا له برسانا بۆ نمونه ، هێلکه‌ی پیس و توێکڵی شوتی، کاڵه‌ک ، تڵپەی چا ، وه نانی که‌ڕوکردوی چه‌ند مانگێک له‌وه‌وپێشمان بە هەڵەداوان ده‌خوارد . گرنگ ئەوەبوو شتێکت دەسکەوێت و بیخەیتە ناو گەدەوە .
جا به‌و حاڵه‌شه‌وه ئه‌و ڕۆژه به‌یانی زوو له‌سه‌ر ئیتفاقی 64 که‌سی زیندانی ده‌ست به مانگرتن کرا . ئه‌و به‌یانییه وه‌ک جاران یه‌کێک له پاسه‌وانه‌کان دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک له ده‌رگای مه‌حکه‌م به قفڵ و زنجیری کرده‌وه خواردنی به‌یانی بۆ هێناین. وه‌ک جاران ئه‌و خواردنه‌ی که پێیان ئه‌داین پێکهاتبوو له هه‌ندێک نان له‌گه‌ڵ نزیکه‌ی 15 لیتر چا که بەتەنها بنی مه‌نجه‌ڵێکی گه‌وره‌ی داگرتبوو . ئه‌م خواردنه ده‌بوو وه‌ک برا و به یه‌کسان به‌شبکرێت له نێوان 64 کەسدا.
دوای ئه‌وه‌ی پاسه‌وان خوادنی هێنا ئێمه یەکسەر ووتمان نایخۆین و بیبه‌ره‌وه . ئه‌و گوێی به ئێمه نه‌داو چاوو نانه‌که‌ی دانا‌و دوابه‌دوا گه‌ڕایه‌وه‌و ده‌رگاکانی یه‌ک به‌یه‌ک به دوای خۆیدا قفڵدا . پاش ماوه‌ی نیو سه‌عاتێک ، ئامری پاسه‌وانه‌کان هات بۆ ئه‌وه‌ی گوایه مه‌نجه‌ڵه‌که به به‌تاڵی به‌رێته‌وه.
ئامره‌که ناوی (ئه‌بو ده‌له‌ف) بوو ، که‌سێکی تا بڵێی قه‌ڵه‌و و زله بوو ته‌مه‌نی لە نێوان 25 تا 28 ساڵ ئه‌بوو . ئه‌م کابرایه زۆریش له خۆی بایی بوو له‌وه‌ده‌چوو به هۆی ئه‌وه‌ی ئامر پاسەوان بوو خۆی به شوان و ئێمه‌شی وه‌ک مه‌ڕ سه‌یر ده‌کرد . ئه‌بو ده‌له‌ف لە هاتنە ژوورەوەدا تا نزیکی مه‌نجه‌ڵه‌که هات و که‌زانی نانه‌که و چایه‌که‌مان به‌ش نه‌کردوه و ده‌ستمان لێنه‌داوه ، به ته‌وسێکه‌وه به زمانی عه‌ره‌بی ووتی “ها بۆ نانه‌که‌تان نه‌خواردووه” ! چه‌ند که‌سێک له ئێمه له وه‌ڵامی ئه‌ودا ووتیان ، خواردنه‌که که‌مه‌و ئه‌گه‌ر بۆمان زیاد نه‌که‌ن وه‌ری ناگرین و نایخۆین . ئه‌بوده‌له‌ف به لوت به‌رزییه‌وه له وه‌ڵامدا ووتی : “من ئه‌زانم ئه‌م خواردنه که بۆ ئێوه هاتوه که‌مه‌و به‌شی ڕۆژێکی ده‌له‌فی کوڕم ناکات” ! ئینجا به ته‌وسه‌وه ووتی : “به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه هه‌یه واچاکه به‌شی بکه‌ن و بیخۆن “. دوای چه‌ند قسه‌یه‌کی تری له‌و چه‌شنه ڕۆیشت و ئامۆژگاری ئه‌وه‌ی کردین که نانه‌کامان بخۆین . ئێمه‌ش بڕیاربوو دابومان و له‌سه‌ر قسه‌ی خۆمان سوربوین و نانمان نه‌خوارد . دیار بوو ئه‌بو ده‌له‌ف لای مه‌به‌ست بوو کە بزانێت ، ئێمه به قسه‌ی ئه‌که‌ین یان نا .
پاش که‌مێکی تر هاته‌وه‌و ئه‌مجاره پاش مشتومڕکی زۆر له‌به‌ینی ئێمه ــ وه‌ک زیندانیه‌کان ــ و ئه‌ودا سه‌ره‌نجام به لووت به‌رزییه‌وه ووتی: “کوڕه‌کانم ئه‌م کاره‌ی ئێوه پێی ده‌ڵێن ــ ئیزراب ــ واته مانگرتن” . وه ئاگاداریشی کردینه‌وه که ئه‌م کاره سه‌ره‌نجامی باش نابێت بۆیه ووتی دواتکام ئه‌وه‌یه نانه‌کاتان به‌شکه‌ن و بیخۆن . ئێمه‌ش به پێی پلان خۆمان له‌وه ئه‌پاراست که به ده‌می خۆمان بڵێین مانمانگرتوه . چونکه ئه‌مانزانی به‌و جۆره لەوانەیە ده‌موده‌ست کوشتارمان بکەن ، یاخود هه‌رنه‌بێ ئه‌وا دیسانه‌وه ده‌مانخه‌نه‌وه ژێر ئه‌شکه‌نجه . ئێمه ئه‌مانویست مانگرتنه‌که‌شمان سه‌ربگرێت و زه‌ره‌ریشی تیانه‌که‌ین .
دواجار له‌وه‌ڵامدا چه‌ند که‌سێک له ئێمه و به پێی پلانی پێشوه‌ختی خۆمان به ئه‌بو ده‌له‌فیان ووت : “نا ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یکه‌ین پێی ناڵێن مانگرتن ، به‌ڵکو ئێمه نانه‌که‌مان که‌مه‌و برسیمانه‌و ده‌بێ بۆمان زیادبکه‌ن . ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ئێمه نان ناخۆین و ده‌مانه‌وێت چاومان به بەڕێوەبەری ئه‌من بکه‌وێت ” سه‌ره‌نجام که زانی ئێمه پێداده‌گرین و قسه‌کردن سودی نییه ڕۆیشتوو دیسانه‌وه چه‌ند جارێکی تر پێی ووتین ــ ئه‌مه ئیزرابه…. ئیزراب… خه‌ته‌ره ــ بۆ ئێوه باشتره‌و من بۆ ئێوە مە کە نانه‌که‌تان وه‌رگرن و بیخۆن . ئیتر دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆیشت ، ئێمه‌ش بە گشتی سوربوون له‌سه‌ر هه‌ڵوێستمان به ناوچه‌وانمانه‌وه به دی ده‌کرا . به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر دوای ئه‌وه هه‌ستمان ده‌کرد که ئیتر ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه وه‌زعه‌که بگۆڕێت و له‌وانه‌شه به چه‌که‌وه بێن و گوله‌بارانمان بکه‌ن .

پاش ماوه‌یه‌کی تر کاتێکمان زانی ده‌رگاکان یه‌ک له‌دوای یه‌ک کرانه‌وه‌و کۆمه‌ڵێکی زۆر چه‌کداری ئه‌من له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەری گشتی ئه‌من که ناوی “خه‌ڵه‌ف” بوو ، بەڕێوەبەری زیندان و ئه‌شکه‌نجه که “رائد ماجد” بوو هه‌ریه‌ک له “جمال و تاریق” که دوو جه‌للادی زۆر ترسناک بوون ، به ژوور که‌وتن . ئه‌مانه هه‌مویان تا دیوی یه‌که‌می شیشی محاجه‌ره‌که هاتن و له‌و شوێنه‌دا گیرسانه‌وه که هێشتا ده‌رگایه‌ک مابوو له‌به‌ینی ئێمه‌و ئه‌واندا . دیارە ئەویش بۆ به‌رگری بوو له هه‌موو ڕوداوێکی نەخوازراو . سەیر بوو ، قەت وانەبووە کە ئه‌منه‌کان به چه‌که‌وه بێنە دیوی یەکەم و بەردەمی شیشە محاجەرەیەکانی ناو ژووری زیندانه‌کان . ئێمەش لەو کاتەدا کە چه‌ک به‌ده‌ستمان له بەردەمی شیشەکاندا بینی ، ئیتر بەگشتی ترسی ئه‌وه‌مان لێ‌نیشت که گوله‌بارانمان بکه‌ن . به‌ڵام هه‌ر زوو “رائد ماجد” به توڕه‌ییه‌وه ووتی ها… چیتان ده‌وێت ؟ بەپەلە و لەپڕتاو .. لەهەموو لایەکەوە ، زیندانیەکان ، هەڵبەت به‌شێکی زۆر ده‌ستی هه‌ڵبڕی بۆ نۆرەی قسه‌کردن . له‌ناکاو مام “سۆفی” که پیاوێکی به ته‌مه‌نی ڕیشی ماش و برنج بوو تاوی دایە مه‌نجه‌ڵه‌که و ڕووی خۆی کرده بەڕێوەبەری زیندان “رائد ماجد” و ووتی سه‌یدی ئایا ئەمە به‌شی 64 که‌س ئه‌کات ؟ دوای ئه‌و هه‌ریه‌که‌و به نۆره‌ی خۆی باسی ئه‌وه‌ی کردکه وه‌زعمان خراپه‌و نان و خواردنه‌که به‌شمان ناکات . ئه‌منه‌کانیش له وه‌ڵامدا زۆربه‌یان ئه‌یانووت ، که ئه‌مانه (یانی زیندانیەکان) هه‌ر دانیشتوون هیچیان نییه و هه‌ر بیر له خواردن ده‌که‌نه‌وه ، رائد ماجدیش که له ترسی بەڕێوەبەری گشتی شپرزه‌بوو ئه‌یووت جا عه‌سکه‌ریش له بەرەکانی جەنگ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی نان هه‌یه و ئیتر ئێوه بۆ ناڕازین ! ئه‌مانه‌و گه‌لێک قسه‌ی تر و کەین و بەین له ئێمه‌و له ئه‌وان . سه‌ره‌نجام زانییان که ئێمه سورین له‌سه‌ر داخوازیه‌کانمان بۆیه له کۆتایدا ڕائد ماجد ئه‌مری به ئه‌منه‌کان کرد که بچن مقاولی خواردنه‌که‌ی بۆ بێنن . هێندە شپرزەبوو بە پاسەوانەکانی ووت … “بڕۆن ئه‌و سه‌گبابه‌م بۆ بێنن ئه‌گه‌ر له‌به‌ر سینه‌ماکانیشدا بێت” . دواجار که زانیان ئه‌م کاره داواکاری هه‌موو زیندانیه‌کانه ، چاریان نه‌ما بۆیه له پێش هه‌مویانه‌وه بەڕێوەبەری ئەمن چووه ده‌رەوە و دواییش ئه‌وانی تر به‌دوایدا .

پاش ماوه‌یه‌کی کەم وکاتێکمان زانی که دوو پوش خورما و نانێکی زیاده‌ی زۆریان بۆ هێناین ، نانی هەورامیشی لەگەڵ دابوو کە لەوپێش قەت نەمان دیبوو . ئێمه‌ش له ناو خۆشی سه‌رکه‌وتندا نانه‌که‌مان به‌شکرد و تا چه‌ند ڕۆژێک به‌وجۆره خواردنه‌که‌مان زیادکرا .
به‌م جۆره ئێمە ئەوکات له سه‌رکه‌وتندا هێزی یەکگرتووی خۆمان دەبینی و بڕوا‌و متمانه‌یه‌کی زۆرترمان به یه‌کتر په‌یدا کرد و به ئه‌منه‌کانیشمان نیشاندا که با له زیندانیش بین به‌ڵام هه‌موو کات له‌سه‌ر مافی مافی خۆمان سورین . ئه‌وه‌ی جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه که ئه‌و ڕووداوه پێش ڕاپه‌ڕینه سه‌رتاسه‌ریه‌که‌ی کوردستان بوو به 20 ڕۆژ .
شایانی باسە ئەو کاتە پارتی دیموکرات یه‌ک تاکه‌که‌سیشی وەک زیندانی سیاسیی له زیندانی ئه‌منه‌که‌دا نه‌بوو . ئەمە نەک لەبەرئەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی پۆڵاین و مەحکەم بوون ، بەڵکو لەبەرئەوەی پارتی هیزێکی سیاسیی نامۆی ناو گۆڕەپانی سیاسیی و بەرگری ئەودەمەی کوردستان بوو وە خاوەنی پێگەیەک نەبوو بە تایبەت لە ناوچەی سلێمانیدا . کەچی ئەم حزبە لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی 17 شوباتی 2011 ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجەکانی شاری سلێمانی شەهیدو بریندار دەکات.

ئێمە بە خەباتمان لەزیندانی ئەمنەسورەکەوە و لەودەمەدا، مۆمێکمان هەڵکرد بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بەرگریی و وێناکردنی ژیانێکی نوێ ! حزبی کوردی لە خەباتدا، ئەیووت “ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان” . کەچی ئێمە ، تۆماری مەرگی خۆمان کردبوو، دەمانووت و دەماننوسی “دەبی بڕوخێ” ! سەیربوو پلەدارەکانی سەرانی ڕژێم لە زینداندا لەو شیعارە کەیفیان دەهات و ئەتووت هەنگوینیان لە کۆلکەداردا دۆزیوەتەوە . ئەوان جەللادبوون بە مەرگی ئێمە تینوبون و ئەیانزانی ئەم شیعارە وەک بەڵگەیەک وایە بۆ تاوانبارکردن و جێبەجیکردنی فەرمانی مەرگ بەسەر ئیمەدا .
لەو سەردەمەدا ئێمەی چەپ و کۆمۆنیست گەرچی کەمبوین ، بەڵام پارچەیەک بوین لەخۆراگریی و کۆڵنەدان. ئاخر گوێمان بەهیچ نەئەدا و تەحەدامان دەکرد . بۆ ژیان و ئازادی کۆمەڵایەتی ، بەمەرگی خۆمان شەڕمان لەگەڵ مردن‌دا دەکرد …! بۆ ساتێکیش هەدادان و کۆڵنەدانمان نەبوو . لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەگەڵ مەرگ و لەناوچون و ماڵوێرانیدا ڕووبەڕوو بووین، کەچی سەربڵند و سەرکەش چاومان لە ئاسۆبوو .
تێبینی : وێنەی یەکەم وێنەی قاعەی یەکەو ئەو شوێنەیە کە لەو بەروارەدا مانگرتنەکەی تێدا ئەنجامدرا . سەرجەم وێنەکان ئەسڵی و راستین و تا ئێستاش بەو دیمەنانەوە ماونەتەوە .