سەرەتای دەستپێکردنەوەی بەهێزی شەپۆلی دووەمی شۆڕش.. و: کاوە عومەر
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵە نوێیەکە کۆکراوەتەوە
حەسەن ساڵحی: ٢٥ی شەهریوەر ساڵڕۆژی کوشتنی مەهسا (ژینا) ئەمینی و سەرەتای شۆڕشی ژن ژنان ئازادی بوو. کۆماری ئیسلامی هەوڵی قەدەغە کردنی شەقامەکان و ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی سەربازیی ڕانەگەیەندراو هەوڵ دەدات لەم ڕۆژەدا پێش بە ناڕەزایەتی خەڵک بگرێت. بەڵام بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەبەردەستدان، لانیکەم لە ٢٢ شار خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەچوو و خەڵک دروشمەکانی دژی حکومەتیان وتەوە. مانگرتنێکی گشتی و بەربڵاو لە کوردستان بەڕێوەچوو، کۆبونەوەی گەورە لە دەرەوەی وڵات لە دەیان شار ئەنجامدرا، لەنێویاندا ڕێپێوانی ٤٠ هەزار کەس لە تۆرۆنتۆی کەنەدا. بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژە لەگەڵ لیدەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا، حەمید تەقوایی دادەنیشین. حەمید تەقوایی، بەڕای ئێوە چ فاکتەرێک لە داڕشتنی ناڕەزایەتییەکان لەم ڕۆژەدا کاریگەر بوو؟ ئایا بەبۆچوونی ئێوە دەکریت قسە لەدەرئەنجامە بەهێزەکانی شۆڕش لەم ڕۆژەدا بکرێت؟
حەمید تەقوایی: لە پێوەندبە بەشی یەکەمی پرسیارەکەی ئێوەوە، دەبێ بڵێم ئەو فاکتەرانەی کە بوونە هۆی ناڕەزایەتییەکانی ساڵیادی شۆڕش، ئەو فاکتەرانە بوون کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا چالاک بوون. دامەزراوە و ڕێکخراوەکان کە بانگەوازێکی زۆریان کردبوو و ئەزموونی ڕێکخستن و چالاکیی مەیدانییان هەبوو. ئەوان لە چەند هەفتەیەک لە پێش ٢٥ی شەهریوەرەوە بە بڵاوکردنەوەی چەندین لێدوان و بانگەواز و جاڕنامە و ڕێکخستن و ئامادەکردنی ناڕەزایەتی پراکتیکی پێشوازییان لەم ڕۆژە کرد. خەڵک بانگهێشتی خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان کران و بەشێکیشیان داوای مانگرتنیان کرد. تەنانەت بە وتەی خۆیان ئاماژەیان بە “بەڵگەنامەکانی شۆڕش” کردووە، واتە جاڕنامەی ١٢ داواکاری ٢٠ ڕێکخراو و جاڕنامەی داواکاری ژنانی پێشڕەو. وەک نموونە بینیمان ڕێکخراوێک بەناوی دادخوازانی سیستان و بەلوچستان بەیاننامەیەکی پڕ جۆش و ڕادیکاڵیان دا و خەڵکیان بانگەواز کرد بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان. ڕێکخراوێکی وەک تۆڕی سەرتاسەری شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کە لە زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراوی خوێندکاری و گەنجانی شارە جیاجیاکان پێکهاتووە، داوای مانگرتن لە کوردستان و هەروەها داگیرکردنی شەقام و وتنەوەی دروشمی شەوانە و بەگشتی ئەو ئاکسیۆنە ناڕەزایەتیانەی لەم ڕۆژەدا شاهیدی بووین. بەزۆری وا بیردەکرێتەوە کە بەبانگەوازێک دەکرێت و خەڵک وەڵام دەدەنەوە. بەڵام کارەکە لەوە زیاترە. بانگەوازێک دەدرێت و کاری بۆ دەکرێت، ئامادەکاری دەکرێت، لیستی دروشمەکان ڕادەگەیەنرێت، تراکت دابەش دەکرێت و لەدیوار نووسین ئەنجام ئەدرێت، ڕێکخستن ئەنجام ئەدرێت، ئەمانە ئەو چالاکییانەن کە بەرهەمەکەیمان لە شێوەی ناڕەزایەتی و مانگرتندا لەساڵیادی شۆڕشدا بینیمان.
لە وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکەتدا، بەڵێ، پێموایە ئەمە دەرئەنجامێکی بەهێز بوو. نەک هەر لە ڕووی ڕەهەندەکان، بەڵکو ناوەرۆک و دروشمەکان و دیوارنوسینەکان سەرنجڕاکێش و ڕادیکاڵانەی ناڕەزایەتییەکان لەم ڕۆژەدا.
تۆ باسی ناڕەزایەتیت کرد لە ٢٢ شار، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمە تەنها ئەو شارانە دەگرێتەوە کە دەستیان بە ئینتەرنێت گەیشتوە و توانیویانە ڕاپۆرت بکەن. بەو پێیەی حکومەت لە زۆرێک لە شارەکان ئینتەرنێتی پەکخستبوو و لە هەندێکیشدا ئینتەرنێت بە تەواوی پچڕابوو، دەبێت ژمارەی شارەکان زۆر زیاتر بێت لەو ژمارەیەی کە باسکراوە. جگە لەوەی کە مانگرتنەکان نزیکەی هەموو شارەکانی کوردستانی گرتەوە، دوکاندارەکانیش لە گەڕەکەکانی نارمک و ڕۆدهەن لە تاران و لە ڕەشت مانیان گرت. لەم حاڵەتەدا ئێمە لەبارەی هەموو مانگرتنەکانەوە نازانین.
خاڵی گرنگتر ئەوەیە کە گرنگی مەسەلەکە تەنها چەندایەتی نییە. کێشەکە لەوەدایە کە حکومەت لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە، گوایە “ئاژاوەگێڕییەکان” کۆتایی هاتووە، تەنانەت پەیوەندی لەگەڵ حکومەتەکان باشتر بووە و هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە. لە لایەکی ترەوە لە هەمان کاتدا لە دەرئەنجامی سەرهەڵدانەوەی جاری دووەمی شۆڕش دەترسا. چونکە حکومەت بە تەواوی دەیزانی کە هەڵسوڕاوان و ڕێکخراوەکان چۆن بەشدارن لە ئامادەکردنی ئەم ڕۆژەدا. بەهۆی ئەمەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستی دایە دەستگیرکردن. زۆرێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی دەستگیرکرد و هەڕەی لێکردن. بە تایبەتی کەسوکاری داخوازانی دەستگیر کرد و خستنیە ژێر هەموو جۆرە فشار و کۆت و بەندێکەوە، چونکە دەیزانی مەزاری گیانبەخکردوەکان دەبێتە شوێنی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی. وەک ئاماژەت پێکرد شارەکانی قۆرخکرد و یاسای سەربازیی ڕانەگەیەندراوی دامەزراند و هەموو هێزە بەکرێگیراوەکانی ناردە سەر شەقامەکان. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە وەڵامێکی توندی لەلایەن کۆمەڵگاوە وەرگرت. گرنگی ٢٥ی شەهریوەر ئەوە بوو کە هەموو هەوڵ و پڕوپاگەندەی ڕژیمی لە ناو برد. سەرەڕای هەموو پڕوپاگەندە و هەڕەشە و سەرکوتەکانی حکومەت، ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی سەرتاسەریدا دروست بوو و لمۆزی دەسەڵاتدارانی لەخاک وخۆڵ هەڵکێشا.
با ئەوەش بڵێم کە ناڕەزایەتییەکان لە ٢٥ی شەهریوەرەوە دەستی پێکرد. دیارە ناڕەزایەتییەکانی زاهیدان لە ڕۆژی هەینیدا زۆر بەرفراوانتر و هێرش بەرانەتر لە جاران بوو. هه روه ها دروشم وتنەوەی شه و له گه ڕه که جیاجیاکانی تاران و ژماره یه ک شاری دیکه ده ستی پێ کرد.
دەکرێ بڵێین قۆناغێکی نوێ لە پڕۆسەی شۆڕشدا دەستی پێکردووە. ئەم قۆناغە نوێیە لە لایەن حزبی ئێمە و زۆرێک لە هەڵسوڕاوان و دامەزراوە خەباتکارانەکانەوە وەک شەپۆلی دووەمی شۆڕش ناودەبرێت. پێم وایە ئەمە هەڵسەنگاندنێکی واقیعییە.
حەسەن ساڵحی: پاشایەتیخوازەکان و بزووتنەوە ڕاستڕەوەکانیش زۆر هەوڵیان دا بۆ ئەوەی ڕەنگی خۆیان بدەن لە ساڵیادی شۆڕش. لە وانەش هێنانە ناوەوەی ، دروشمی “ئێمە نەتەوە کەبیرین، ئێران دەگرینەوە”. ڕۆڵ و جێگای ئەم ڕەوتانانە لە ساڵیادی شۆڕشدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
حەمید تەقوایی: هەر ئەو دروشمەی کە باست کرد نیشانەی نامۆ بوونی ئەو بزوتنەوانەیە بەو دروشمە ڕاستەقینەیانەی کە خەڵک لەسەر شەقام دەیڵێنەوە، لەدیوار نوسینەکاندا دەبینرێن، یان لە لێدوان و بانگەواز و جاڕنامەکاندا لەلایەن چالاکوانان و ڕێکخراوە خەباتکارەکانەوە جەختیان لەسەر دەکرێتەوە.
ئاماژەم بە زنجیرەیەک لەو بەڵگەنامانە کرد. لە هیچ کام لەمانەدا، چ لە گەنجان، چ لە ژنان، چ لە قوتابیان، چ خانەنشینەکان، یان کرێکاران، بۆ نموونە لە بەیاننامەیشورای ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، یان ئشورای کرێکارانی لایەنی سێیەم، یان سەندیکای هەفت تەپە، یان تۆڕی لاوانی سەرتاسەری، یان بەیاننامەی دادخوازانی تاران و سیستان و بەلوچستان و هتد، هیچ شوێنەواری ئەم دروشمە یان دروشمی نەتەوەیی-میللی و وەک ئەوانە نابینیت. تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش ئەم دروشمە لە نێو خەڵکدا جێگای نەبوو. بێگومان چەند کەسێک لە پاشا پەرستە توندڕەوەکانی دەرەوەی وڵات دروشمیان دەوتەوە کە تا چەپ کفن نەکرێت، ئەم نیشتمانە نابێتە نیشتمان! بەڕاستی جێگەی شەرمەزارییە. ئەم جۆرە دروشمانە لە نێو خەڵکدا جێگەیان نییە، چونکە بە ڕوونی کۆنەپەرستانە و دواکەوتوون و پێچەوانەی خواست و داواکاری ئازادیخوازانەی خەڵکن.
لەوانەیە بڵێیت ئەم جۆرە دروشمانە تەنها لەلایەن پاشایەتییە توندڕەوەکانەوە دەدرێت. ڕەنگە ئەمە وابێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە هیچ دژایەتییەک بۆ ئەم جۆرە دروشمانە لە لایەن پاشایەتییە ناتوندڕەوەکانیشەوە نابینین؛ نابینین حسابی خۆیان لەمانە جیابکەنەوە.
مەسەلەکە تەنیا لە ساڵیادی شۆڕشدا قەتیس نییە. پێشتر ئەم جۆرە دروشمە کۆنەپەرستانەمان بینیوە. کاتێک دروشم و هاشتاگی “ئێمە پێکەوەین” بە ڕوونی لە دژی ئێعدامەکان بەرزکرایەوە و تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی خەڵک لە سۆشیال میدیا و لە شەقامەکاندا بەرز دەکرێتەوە و لە لێدوان و بانگەوازەکاندا ئاماژەی پێکراوە، بەشێکە لە شاخوازەکان ڕایانگەیاند کە “ئێمە لەگەڵ پاشاین” و “ئێمە لە تەنیشت پاشا دەمێنینەوە”. لەوە ڕوونتر نابێتەوە کە حسابەکەت لە خەڵک جیا بکەیتەوە! بە زمانی خۆیان دەڵێن ئێمە لەگەڵ خەڵکدا نین. دەڵێن ئێمە پاشا دۆستەکان لەگەڵ خۆمانین. تەنانەت لە حاڵەتێکدا دروشمی ژن ژیان ئازادییان گۆڕی بۆ ژن ژیان پەهلەوی! واتە “ئازادی”یان بە “دژە ئازادی” گۆڕی!
هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە خەڵکی ڕاستڕەو بە ئاشکرا لەبەرانبەر خەڵکدان و وەک فاکتەری نەرێنی، فاکتەری ڕێگریکردن مامەڵە دەکەن. ئەم جۆرە دروشم و گوتارانە بە ڕوونی دژە شۆڕشن و لە ڕاستیدا ئاو دەکەن بەئاشی کۆماری ئیسلامیدا و لە کۆتاییدا بە قازانجی حکومەت کۆتایی دێت. لەم ڕوانگەیەوە ساڵیادی شۆڕش وەڵامێکی بەهێز بوو بۆ ڕەوتی ڕاستڕەو و پاشایەتی خوازیش.
حەسەن ساڵحی: جگە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی دیکە لە کوردستانیش داوای مانگرتنی گشتی دەکەن لە کوردستان ، کە وەڵامێکی ئەرێنی لەلایەن خەڵکەوە وەرگرت و ئەم مانگرتنە گشتییە ڕوویدا. بەڵام بەشێک لە حیزبە کوردییەکان بە حیزبی دێموکراتی کوردستانیشەوە هەوڵ دەدەن کارەکتەر و ڕووخسارێکی کوردی بە شۆڕشی ژن ژیانئازادی بدەن. بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە چیە؟
حەمید تەقوایی: سەرەتا وەک ئاماژەت پێکرد ئەو لایەنانە داوای مانگرتنیان لە کوردستان کرد. حیزبی ئێمەش ئەم بانگەوازەی کرد و خۆشبەختانە ئەم بانگەوازانە وەڵامێکی ئەرێنییان وەرگرتەوە. وە ئەمەش یەکەمجار نەبوو. لە سەردەمی شۆڕشدا چەندین جار حیزبەکانی کوردستان و هەروەها حیزبی ئێمەش بانگەوازی خەڵکی کوردستانیان کرد بۆ مانگرتن و ئەو بانگەوازانەش هەمیشە سەرکەوتوو بوون. ئەمە ئەمجارە ڕوویدا و خەڵکی کوردستان لە ساڵیادی شۆڕشدا زۆر بەهێز و هێرش بەرانە دەرکەوتن. ئەمەش کردەیەکە بۆ زیاتر بەهێزکردن و پێشخستنی شۆڕش لە کوردستان و لە تەواوی ئێراندا.
بەڵام ئەو خاڵەی ئێوە وروژاندتان سەبارەت بە هەوڵدان بۆ بەکوردستانی نیشاندانی شۆڕشی ئێستا، منیش هەمان تێبینیم هەیە. هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی شۆڕشدا، حزبی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە بە ڕوونی بەهاکانی شۆڕش وەک کوردستانی دەناسێنێت. بەهاگەلێک کە پێدەچێت لە کوردستانەوە بۆ ئێران و لە دوای ئێرانەوە بۆ هەموو جیهان بڵاوبوونەتەوە! بێ گومان خەڵکی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە شۆڕشی ئێستادا، بەڵام بەڕای من ئەم جۆرە ڕوونکردنەوە و ناساندنی شۆڕش لەسەر ڕوانگەیەکی تەواو قەومی- نەتەوەپەرستانە دامەزراوە و بە فاکتەری نەرێنی دادەنرێت لە پڕۆسەی.شۆڕشدا. ئەمە دیوەکەی تری دراوی گەورەخوازی فارسە، کە هەموو شتێک دەگەڕێنێتەوە بۆ نەتەوەی کەبیر و “کوروشی کەبیر” و بەها نەتەوەیی- نیشتمانیەکان. یەکێکیان شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە بەها نەتەوەیی-نیشتمانییەکانی ئێران و ئەوی دیکەیان بە بەها نەتەوەیی-میللی کوردستان ڕوون دەکاتەوە.
بەڕای من تەوەر و دروشم و بەهاکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی نە کوردستانین، نە ئێرانی، نە فارسی، نە پەیوەندییان بە هیچ گەل و نەتەوەیەکی ترەوە هەیە، بەڵکو ئینسانین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش جەماوەری خەڵکی یەکخستووە و کۆی کردوونەوە. و بەم شێوەیە بووەتە جیهانی. دیار نییە خەڵکی وڵاتانی دیکە بۆچی ئەبێت پشتگیری لە شۆڕشێکی کوردستانی یان شۆڕشێکی نەتەوەیی ئێرانی بکەن کە شاهانەییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن؟! یان ژنانی ئازادیخواز و فێمینیستەکانی جیهان چۆن دەتوانن خۆیان بە شۆڕشێکی کوردستان یان نەتەوەیی لە ئێراندا ببەستنەوە؟! دروشمی ژن ژیان ئازادی نوێنەرایەتی دەکات لە بزووتنەوەی “می توو” بۆ فێمینیستە فەرەنسییەکان و بۆ ژنان لە هەموو وڵاتانی ئیسلامیدا. وە ڕێک هەر بۆیە لە سەرانسەری جیهان پێشوازی لێدەکرێت. ئەگەر ئەمڕۆ مەهسا بووەتە ڕەمزی شۆڕشی ژن و ژیان ئازادی و ڕەمزی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئێران و لە هەموو جیهاندا، ئەوە ڕێک لەبەر ئەوەیە کە شۆڕشی ئێستا لەسەر بنەمای بەها ئینسانییە گشتگیرەکان دامەزراوە. ژن ژیان ئازادی تەنها هێمای ڕزگاری ژن نییە، بەڵکو دەنگی هەموو ٩٩٪ی جیهانە کە بەدەست سەختی کێشانی ئابووری و هەڵاواردنە چینایەتییە گەورەکانی جیهانەوە دەناڵێنن!
دەمەوێت بڵێم خاڵی بەهێزی شۆڕشی ئێستای ئێران کە خۆی لە دروشمی ژن ژیان ئازادیدا دەردەخات، بەها ئینسانییە جیهانداگرەکانە، هەر هەوڵێک بۆ وانیشاندانی کە کوردستانی یان فارسی و ئێرانی و بەگشتی نەتەوەیی- ئیتنیکی خستنە پیش چاوی ئەو شؤرشە تەنیا دەتوانێت زیان بە شۆڕش بگەیەنێت وە لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە حیزبە کوردستانیەکان بەلاڕێدا دەڕۆن. ئەگەر دەتەوێت چەوسانەوەی نەتەوەیی کە کێشەیەکی ڕاستەقینەیە، هەڵاواردنی نەتەوەیی کە کێشەیەکی ڕاستەقینەیە، بە شێوەیەکی ئینسانی و بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، پێویستە لەسەر بنەمای مافی یەکسانی هەموو خەڵکی دانیشتوو کە لە جوگرافیای ئێراندا دەژین، بێ گوێدانە بەڵگەنامەی لەدایک بوونیان لە کوردستان یان ئەسفەهان یان تاران، بەلوچ و ئازەری.جەخت بکەیتەوە. ڕێگا چارەسەری ستەمی نەتەوەیی و هەڵاواردنی نەتەوەیی، میللی-ئیتنیکی، دەرخستنی بەها گشتی و جیهانیەکانی شۆڕش نییە. بەپێچەوانەوە دەبێ بگوترێ کە هیوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستانیش، وەک هەموو هەموو خەڵکی ئێران ، ئازادی و یەکسانییە، ئێمە مافی ئینسانی و یەکسانمان بۆ هەموو خەڵکی ئێران دەوێت، هەر بۆیەش جەخت لەسەر نەهێشتنی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی دەکەینەوە. ئەمە گوتارێکە کە واتای لابردنی ستەمی نەتەوەیی و لە هەمان کاتدا فاکتەری یەکڕیزی و هاوەڵیەتی خەڵکی کوردستان و باقی ئێرانە. ئەگەر حزبە کوردستانییەکان ئەو ئاراستەیەیان نەبێت، تەنانەت لە خودی کوردستانیشدا، نفوز و بنکەی خۆیان لەدەست دەدەن.
حەسەن ساڵحی: بانگەوازی حیزب ئەوە بوو کە لە ٢٥ی شەهریوەردا چەرخەکان ڕابگرن و شەقامەکان داگیر بکەن. ئەم بانگەوازە تا چ ڕادەیەک جێبەجێ کرا و ڕۆڵی حیزب بە گشتی لە ئامادەکاری و ڕێکخستنی ٢٥ی شەهریوەردا چی بوو؟
حەمید تەقوایی: مەبەستمان لە داگیرکردنی شەقامەکان، کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و ڕێپێوان و بە گشتی هەر جۆرە نمایش و چالاکیی ناڕەزایەتیمان بوو. لەوانەش دروشمی شەوانە و نووسینی دیوار و هتد. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بەلایەنی کەمەوە لە ٢٢ شاردا ئەمە ڕوویداوە. شەقامەکان داگیرکرابوون.
هەروەها جەختمان لەسەر بوونی بێ حیجابی لەسەر شەقامەکان و خۆپیشاندان لەم ڕۆژەدا کرد. وە بینیمان لەم ڕۆژەدا ژنانی ئازا بە بێ حیجاب لەبەردەم هێزە سەرکوتکەرەکاندا دەرکەوتن و ناڕەزایەتیان دەربڕی.
سەبارەت بە مانگرتن، هەرچەندە ئێمە جەختمان لەسەر کوردستان دەکردەوە، بەڵام بانگەوازەکەمان سەر تاسەری بوو. باسی ئێمە ئەوە بوو کە ئەم ڕۆژە پشووی فەرمی بێت بۆ یادی گیانەخت کردوانی شۆڕش و وەکو ڕۆژی گیان بەختکردوان بناسرێت و وەک پشووی فەرمی لە مێژوو و لە ڕۆژژمێردا تۆمار بکرێت. جەختکردنەوەمان ئەوە بوو کە یەکەمین ساڵیادی شۆڕش، ٢٥ی شەهریوەری ١٤٠٢، دەتوانێت ڕۆژی دەستپێکی ئەم بزووتنەوەیە بێت. بەڕای من ئەمە ئاسۆیەک و دیدگایەکی خستە بەردەم کۆمەڵگا کە ئەگەرچی مانگرتنەکە بەو شێوەیەی کە ئێمە بانگەوازمان کرد گشتگیر نەبوو، بەڵام لە هەمان ئەو شارانەی کە ڕوویدا، لە کوردستان و لە چەند شارێکی تردا، ئەوە نیشانی دا کە ئەو مانگرتنە کۆمەڵگە بەم ئاراستەیە دەڕوات.
ئەم جەختکردنەوە لە ساڵیادی شۆڕش وەک پشووی فەرمی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیان بەختکردوەکان لە هەندێک بانگەوازی هێزەکانی دیکەشدا بەرزکرایەوە و هیوادارم ئەم گوتارە لە ڕاگەیاندنەکان و لە لێدوانەکاندا و لە بانگەشەی هێزەکانی شۆڕشدا دووبارە ببێتەوە ، و دەتوانین ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژێک ئاهەنگ بگێڕین ئێمە بتوانین ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژێک کە خەڵک هەموو ساڵێک ڕێزی لێبگرێت بچەسپینین. سروشتییە تا ئەو کاتەی کەهێشتا کۆماری ئیسلامی نەڕوخاوە، لایەنێکی گرنگی ئەم یادکردنەوەیە، ناڕەزایەتی بێت بەرامبەر بکوژانی شۆڕشگێڕەکان.
دیارە ئێوە پرسیارتان لە ڕۆڵی حیزب کرد. لە وەڵامدا دەتوانم ئاماژە بە کەناڵ جەدید تریبیونی شۆڕش بکەم کە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر پێشوازی لەم ڕۆژە کرد. هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانەی کە باسم کرد، تەلەفزیۆن ڕووماڵیان دەکرد، باسیان دەکرد، بانگەشەیان بۆ دەکرا، ڕێنمایی تایبەتیان خستەڕوو، لە جۆری دروشمەکانەوە تا خۆپیشاندانی شەقامەکان و مانگرتن و داخستنی گشتی و هتد. ئەمانە هەموو ئەو گوتارانە بوون کە لە کەناڵی ئاسمانی کەناڵ جەدیدەوە لە کۆمەڵگادا دەوروژێنران و ڕێگا پیشاندر بوون.
هه روه ها ڕێکخراوه حزبییه کان وه ک کۆمیته ی ڕێکخستن، کۆمیته ی کوردستان، ڕێکخراوی لاوان، کۆمیته ی ده ره وه ، هه موویان به شدار بوون و ڕۆڵێکی کاریگه ریان نه ک ته نها له ئاستی پڕوپاگه نده دا به ڵکو له ئاستی کرده یی و مه یدانیشدا گێڕا. پێویستە بگوترێ لە هەردوو لایەنی داگیرکردنی شەقام و ڕاگرتنی چەرخەکانەوە، حیزبەکەمان گوتار و کەشێکی بەبەشی خۆی خوڵقاند کە ئەمەش بنەمای دەرئەنجامی ساڵیادی شۆڕش بوو.
حەسەن ساڵحی: بەڕای ئێوە ڕێگاکانی پێشڕەوی زیاتری شۆڕش چین؟
حەمید تەقوایی: ئەگەر بمەوێت بە دوو وشە دەریببڕم، ڕێگای پێشڕەوی شۆڕش “ڕێکخستن”ە. ڕێکبخراو بوونی زیاترە!
زۆر کەس باسی یەکگرتوویی خەڵک دەکەن. ئەم یەکێتییە بە شێوەیەکی بابەتیانە خۆی لە ڕێکخراو بووندا نیشان دەدات. واتە لە خەباتی دەستەجەمعی و ڕێکخراو و هەماهەنگدا. زۆرێک لە هەڵسوڕاوانی شۆڕش، گەنجان، ژنان، بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا بە تاک یان زۆرترین کەس کار دەکەن. جەختکردنەوەمان ئەوەیە کە کاری بەکۆمەڵ و ڕێکخراو فراوانتر بکرێت. خۆشبەختانە ئەمڕۆ ڕێکخراوگەلێک هەن کە هەموو هەڵسوڕاوان دەتوانن لەسەر ئاستی سەرتاسەری بەشداری تێدا بکەن. نموونەی ئەمەش تۆڕی سەرتاسەری شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە کە لە زۆرێک لە شارەکاندا کاردەکات و چەندین گروپی گەنج و خوێندکار و قوتابیان لە شارە جیاجیاکاندا بەشێکن لەو تۆڕە. پەیوەست بوون بەم جۆرە ڕێکخراوانە هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ بەهێزکردنی شۆڕش. کۆکردنەوە واتە شەڕێکی هەماهەنگ و ڕێکخراو و کاریگەر و سەلامەت. بە هەر شێوەیەک کە بیری لێدەکەیتەوە، ڕێکخراوبوون چەند جارێک هێز زیاد دەکات.
نموونەیەکی دیکە ئەو ڕێکخراوە کرێکارییانەیە کە لە شۆڕشدا چالاکن. لە بزووتنەوەی کرێکاریدا ئەو ڕێکخراو لە مەیدانی خەباتدان، وەک شورای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، یان شورای کرێکارانی ئەرکانی سێهەم، یان سەندیکا و شورای هەفت تەپە، کرێکارانی پۆڵای ئەهواز و ژمارەیەک لە لیژنە و دامەزراوە دێرینەکانی کار کە زۆر لە پێش ئەم شۆڕشەوە چالاک بوون. بە تایبەتی بە بۆنەی ساڵڕۆژی شۆڕشەوە ٦ ڕێکخراوی کرێکاری – شورای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، شورای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی نافەرمی نەوت (ئۆرگانی سێهەم)، ئەنجومەنی کارەبا و کانزاکانی کرماشان ، لێژنەی بەدواداچوون بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، سەندیکای بۆیەکارانی ئەلبورز، دەنگی سەربەخۆی کرێکارانی گرووپی میللی پۆڵا – لەگەڵ دوو ڕێکخراوی دیکەدا، بانگەوازی ژنانی ئێران و ڕێکخراوی دادخوازان، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ئەوان بانگەوازی خەڵکیان کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ساڵیادی شۆڕشدا، جەختیان لەسەر کەمترین داواکاریەکانی بیست ڕێکخراو وەک “جاڕنامەی یەکگرتوویی خەڵک لە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی” دا کردەوە و ڕایگەیاند کە “بە هێزی خەباتمان دەیکەین بە ٢٥ ی شەهریوەر، ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، هەموو ساڵێک و لە سبەی ڕۆژدا دەکەینە پشووی فەرمی.
ئەمە نموونە و مۆدێلێکە لەو ڕۆڵەی کە ڕێکخراوە کرێکارییەکان بە هەماهەنگ و شان بە شانی ژنان ودادخوازان و بەشەکانی تری کۆمەڵگە دەتوانن لە بەهێزکردن و پێشخستنی شۆڕشدا بیگێڕن. نموونەیەک و مۆدێلێک کە بانگەوازی هەموو هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری دەکات بۆ پێکهێنانی شورا و کۆمیتە و ڕێکخراوی ناڕەزایەتی.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم شۆڕشە وەک ئەم ڕێکخراوانە ڕایاگەیەندوە، بەڵگەنامەی تایبەتی خۆی هەیە، وەک جاڕنامەی ١٢ مادەی ٢٠ ڕێکخراو، جاڕنامەی داواکاری پێشکەوتنخوازانەی ژنان و ئەو لێدوانانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنان و دادخوازان وخانەنشینەکانەوە دراوە. ئەو دروشم و داخوازییە هاوبەشانەی کە لەم جاڕنامانەدا ڕەنگ دەدەنەوە، فاکتەری گرنگن کە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا یەکدەخات. ئاڵای ئەم بەڵگەنامانەی شۆڕش بەرز ڕابگیرێت و جەختیان لەسەر بکرێتەوە و ئاماژە بە ناوەڕۆکیان بکرێت. خۆشبەختانە لە ساڵیادی شۆڕشدا ئەمە ڕوویدا و پێویستە ئەم بزووتنەوەیە بەردەوام بێت.
من جەخت لەسەر ڕێکخستنی هەرچی زیاتر و سەرتاسەریت دەکەمەوە، هەروەها بەرزکردنەوەی ئەو بەیاننامە وجاڕنامانەی کە لە لایەن شۆڕشەوە دەرچووە. زیندوو ڕاگرتنیان، بەردەوام پەروەردەکردنیان و بانگەوازکردنی خەڵک بۆ پشتیوانیکردنیان فاکتەری گرنگە بۆ ڕێکخستنی هەڵسوڕاوان و ڕیزەکانی خەڵک.
خاڵی کۆتایی گرنگیدان بە ڕۆڵ و پێگەی حیزبە. حیزبی ئێمە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شۆڕشدا بەشدارە، لە بوارە جیاجیاکاندا چالاکە. حیزبێک کە لە مێژە ئاڵای ئەم شۆڕشە، شۆڕشی ژنانەی بەرزکردۆتەوە و ئەمڕۆش لە ڕێگەی کەناڵ جەدیدەو ەو لە ڕێگەی هەموو ئەو پەیوەندی گرتن و ئەوپەیوەندیانەی کە لەگەڵ خەباتە مەیدانییەکاندا هەیەتی، هەوڵی بەهێزکردن و قووڵکردنەوە و یەکگرتوو کردنی شۆڕش دەدات تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت. بەرەو سەرکەوتن ببات. دوا بانگەوازی من بە تایبەتی بۆ هەموو هەڵسوڕاوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و هەموو تێکۆشەرانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، پەیوەست بوونە بە حیزبی خۆتانەوە، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران.
٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ٣٠ شەهریوەری ١٤٠٢