Skip to Content

گۆڤاری “ڕابەر” و “حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست”، یادەوەری و هەڵسەنگاندن… موئەیەد ئەحمەد

گۆڤاری “ڕابەر” و “حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست”، یادەوەری و هەڵسەنگاندن… موئەیەد ئەحمەد

Closed
by ته‌مموز 29, 2022 General, Literature

پێشنیوەڕۆی ڕۆژێکی زستانی (١٩٨٨-١٩٨٩) بوو؛ کە هاوڕێ جەماڵ (نادر عەبدوالحەمید) هاتەوە بۆ ئەو ماڵە بچووکەی تازە گرتبوومان بەکرێ لەسەرچناری سلێمانی بەرامبەر ویستگەی کارەباکە، کە لە دوو ژوور و مەتبەخێک پێکهاتبوو، کە من و هاوژینم (شیرین عەبدوڵا) و هاوڕێ (جەمال) و هاوژینی (سوریا تاهیر) تیایدا ئەژیاین، بەڕوویەکی خۆش و زەردەخەنەیەکی گەش و ئارامەوە، هەر وەک ئارامی ئێستای، وتی ژمارەی تازەی گۆڤاری “ڕابەر” دەرچووە و هاوخەتی خۆیان لەگەڵ “ڕەوتی کۆمۆنیست”دا ڕاگەیاندووە. منیش لە ناخەوە خۆشحاڵبووم و وتم (جەمال) گیان ئەمە مژدەیەکی زۆر خۆشە و خۆت ئەزانی بایەخێکی زۆر گەورەی هەیە. دواتر ئەو وردەکاری تری باسکرد کەچۆن لەم ژمارە تازەیەی گۆڤاری “ڕابەر” دا هاوڕێیانی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) ساغ بوونەتەوە لەسەر ئەم بڕیارە.(١)
لە یادەمە کە بەناوەڕۆکێکی لەم چەشنەوە وتم ئیتر تەواو “ڕەوتی کۆمۆنیست” و ئەم خەتە مارکسیستییە ئەبێت بە کۆمەڵایەتی و بڵاو ئەبێتەوە لەناو کۆمەڵگەدا و تازە لەخەم ڕەخساین و ئەمە جگە لە بایەخی بۆ خۆدی گۆڤاری ڕابەر. هەروەها هەردووکمان جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە دیارە ئەم دەستە ئەدیب و نووسەرە سۆشیالیست و ئازادیخوازە هەروا بەئاسانی ئەم هەنگاوە نانێن تەنانەت گەر هەمووشیان ئەندامی ڕێکخراوی “ڕەوتی کۆمۆنیست” بن و ئەمە نیشانەی دیاردەی ترە.
با بگەڕێمەوە بۆ ئەو کاتەی کە یەکەم ژمارەی گۆڤاری (ڕابەر) دەرچوو لە هاوینی (١٩٨٧)دا، لەو کاتەدا بارودۆخی ئەمنی ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) باش نەبوو، بەتایبەت هی ناوەندەکەی واتە ڕابەری (ڕەوت)، هاوڕێیان (نادر عەبدوالحمید) و (عوسمانی حاجی مارف) و (موئەیەد ئەحمەد)، و هەموو فامیلی و کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی نزیک لێمانەوە کەوتبووینە بەردەم هەڕەشەیەکی ئەمنی جدییەوە. دەرگیری کێشەیەک بووبوین و وەزعیکی زۆر نالەبار گەمارۆی دابووین، سەرباری ئەمانەش بەشێک لەچەپ کەوتبوونە پڕوپاگەندەی نابەجێی و تەنانەت گەڕکردنیش بە ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) و هەندی لە هاوڕێیانمان و هەر ڕۆژە بەڵایەکمان بۆ قووت ئەبووەوە لەسەر شتی زۆر لاوەکی.
ئێمە لەو کاتەدا لەناوەندی (ڕەوتی کۆمۆنیست)دا؛ بەشێکی باشی کات و ئینێرژیمان بەم کێشە و دەردی سەرییانەوە ئەڕۆشت لەبەرئەوەی بارودۆخەکەمان زۆر حەساس بوو و ئەتوانم بڵێم سادەترین هەڵە و تەنانەت هەڵسوکەوتێکی بیرلێنەکراوە لە لایەن هەر هاوڕێ و دۆستێکمانەوە یان کەسوکارمانەوە، ئەبووە مایەی ئەوەی بەردەست دەزگا ئەمنییەکانی بەعسی فاشیست بکەوین و بگیرێین. لەم بارودۆخەدا بووین هەواڵی دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری ڕابەرمان پێگەیشت کە زۆر دڵخۆشی کردین و ئاسۆیەکی کردەووە بە ڕووماندا و هێز و توانایەکی باشی پێبەخشین.
هەواڵی دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری (ڕابەر)مان هەر لە لایەن هاوڕێ نادرەوە پێگەیشت کە ئەو پەیوەندی بەخەتی ڕێکخراوەیی کەرکووکەوە هەبوو لە ڕێگەی هاوڕێ (سەمیر نوری)یەوە. هاوڕێ (سەمیر نوری) ڕاستەخۆ لەگەڵ ئەندامانی (ڕەوت)، (جەماڵ کۆشش) و (عەبدوڵا سڵێمان – مەشخەڵ) لە پەیوەندا بوو و ئەم دوو هاوڕێیەش لەگەڵ هاوڕێ (نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد – هۆشەنگ)دا لەناو (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)دا خەریکی چالاکی بوون. هەربۆیە هەواڵەکانی گۆڤارەکە و هەرشتێکی تازە پەیوەندی بەحەلقەکە و گۆڤاری “ڕابەر”ەوە هەبووایە ئەگەیشتەوە بە ناوەندی ڕێکخراوی “ڕەوتی کۆمۆنیست” و ئیتر گۆڤارەکەش لەناو هاوڕێیاندا بڵاوئەکرایەوە.
کاتێک کە گۆڤاری “ڕابەر” دەرچوو؛ هەم ئامادەیی ئەوتۆمان نەبوو و هەم نەپەرژاینە سەر ئەوەی باسی تیوری ئەدەب بهێنینە ئاراوەوە و ڕا و بۆچوونەکانمان گەڵاڵە بکەین سەبارەت بە “حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” و گۆڤاری “ڕابەر” و وتار و بەرهەمەکانی. ئەمەش لە لایەکەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەوە کە تێیکەوتبووین و لە لایەکی ترەوە، بەپلەی سەرەکی، بەهۆی ئەوەی کە ناوەندی (ڕەوتی کۆمۆنیست) لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر، بەپێی پێویست قووڵ نەبووبۆوە.
ئەوەندەی پەیوەندی بەمنەوە بێت، لەو ناوەندەدا، زیاتر نووسینەکانی (پلیخانۆف)م خۆیندبووەوە و لەژێر کاریگەری بۆچوونەکانی (لینین)دا بووم، بەتایبەت هەڵویستەکانی ئەو سەبارەت بە بەرهەمە ئەدەبییەکانی ڕۆمانووسی بەناوبانگی ڕووسی (لیو تۆلستۆی)، کە ئەڵێ هەموو ڕەوتێكی ئەدەبی و جوانناسی فەلسەفەیەکی لەپشتە(٢) و ئەدەب جیا نییە لە بەرژەوەندی چینایەتی و خەباتی نێوان چینەکان و هەروەها جەختکردنی ئەو لەسەر ئەدەبی حزبی.
هەردوو هاوڕێیانی تریش لە ناوەندی ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) هەروەک لەیادم بێت؛ نووسراوەکانی (پلیخانۆف) و (لینین)یان خۆێندبووەوە و ئاگاداری هەڵوێستەکانی (لینین) بوون دربارەی (تۆلستۆی). ئەمەش کاریگەرییەکی هەبوو لەسەرمان کە تاڕادەیەک واقعبینانە سەیری ئەدەب و جوانناسی بکەین. ڕا و بۆچوونەکانی (مارکس) و (ئەنگلز)مان لەسەر ئەدەب بەشێوەیەکی تایبەت دیراسە نەکردبوو، بەڵکوو بۆچوونی ئەوانمان لە دووتۆیی نووسینە فەلسەفی و ئابوری و سیاسییەکانیان هەڵئەهێنجا، ئەمە جگەلەوەی کە بابەت و نووسینە سیاسییەکانی “مارکسیزمی شۆرشگێر” بەتایبەت نووسینەکانی (مەنسور حیکمەت)مان ئەخوێندەوە. بە هەر حاڵ؛ هیچ کەس لەو سیانەمان نە ئەدیب و هونەرمەند و ڕەخنەگری ئەدەبیی بووین و نە خوێنەرێکی تێر و تەسەلی بەرهەمە ئەدەبییە جیهانی و ناوخۆییەکانیش بووین. دیارە ئەمەش کەم تا زۆر کاریگەری خۆی بەجێئە‌هێڵێ لەسەر گەڵاڵەکردنی سیاسەتی مارکسییانە لەبەرامبەر ئەدەب و هونەر و جوانناسیدا.
بە لەبەرچاوگرتنی باری ئەمنی خۆمان و ئاستی فیکری ئەو کاتەمان سەبارەت بە ئەدەب و هونەر، ئەوە زۆر پۆزەتیڤ بووە، بە ڕای من کە پێشوازی گەرممان کردووە لە دەستپێشخەرییەکەی هاوڕێیان (جەماڵ کۆشش) و (عەبدوڵا سڵێمان – مەشخەڵ)، و ژمارەی پێنجی گۆڤاری “ڕابەر” مان بەشۆڕوشەوقەوە بڵاوکردۆتەوە، و بە بەشێک لە پێشکەوتنی ئەدەبی شۆڕشگێڕانە و ڕێکخراوی (ڕەوت) و بزووتنەوەی کۆمۆنیستیمان زانیوە.
ئەوەندی لەیادم بێت نەپەرژاینە سەر ئەوەی گۆڤاری “ڕابەر” چاپ بکەین لەو بارودۆخە قورسەی چاپکردنی نهێنیدا و ئەولەویەت بۆ چاپکردنی نووسینە سیاسییەکانی ڕێکخراوی (ڕەوت) بوو. هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٨) و سەرتای (١٩٨٩)دا چاپخانەکەی (ڕەوتی کۆمۆنیست) کەوتۆتە کار؛ بەڵام هیشتا “ڕابەر” هەر بەدەستنووس دەرچووە. (٣)
ئێستا و پاش نزیکەی (٣٥) ساڵ کە ئاوڕ لەو دەستپێشخەرییە ئەدەبییە ئەدەینەوە، ئەبینین کە هەموومان هاوڕێ (نادر) و من، لەگەڵ ئەو دوو هاوڕێیەدا (جەماڵ کۆشش) و (عەبدوڵا سڵێمان – مەشخەڵ) لە ڕۆژنامەی (ڕەوت)دا پێکەوە خەبات ئەکەین و “بانیژەی ئەدەب و کلتوور” دەرئەکرێت. ئەمە مێژوویەکی خەباتکارانەی پڕ لە شانازی و بڕوای پتەوە بەسۆشیالیزم و مارکسیزم و ئازادی ئینسانەکان کە ئاوا کۆمان ئەکاتەوە.
ئەم ئەزمونەی گۆڤاری (ڕابەر) و (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) بە هەر کەموکوڕی و خاڵی بەهێزییەوە پێویستە هەڵسەنگینین تا لێوەی فێرببین و وەکوو توخمێکی پرۆسەی لێکوڵینەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین؛ لەڕاستای گرتنەبەری سیاسەتێکی دروستی کۆمۆنیستی لە بواری ئەدەب و هونەردا.
زۆر سوپاسی هاوڕێی ئازیزم عەبدوڵا سلێمان (مەشخەڵ) ئەکەم کە ئەم فرسەتەی پێدام و چاوەڕوانی کرد تا بتوانم هەڵسەنگاندنم لەسەر گۆڤاری “ڕابەر” و “حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” و سەرجەم ئەم ئەزموونە بنووسم.

هەڵسەنگاندنی”حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” و گۆڤاری “ڕابەر”، جیهانبینی ماتریالیستی دیالەکتیکی بۆ هونەر و ئەدەب
مەسەلەی ڕیشەیی لای کۆمۆنیستەکان سەبارەت بە هەڵسەنگاندن و ڕەخنە لەهەر ڕەوەند و ئاڕاستە و ڕەوتێكی هونەری و ئەدەبی و کلتووریی و هەر دەستپێشخەری و پڕۆژەیەک لەم بوارەدا، بەکارهێنانی دیدگا و جیهانبینی ماتریالیستی دیالەكتیکی و مێژوویی، واتە تێڕوانینی مارکسیستییە لە بەرامبەریاندا. ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆمۆنیستەکان سنوربەندی خۆیان لە بەرامبەر هەموو ئەو بۆچوون و فەلسەفە ئایدیالیستییە ئوبچێکتیڤ یان سەبژێکتیڤە جۆراوجۆرانەدا ڕائەگەێنن، کە ئەم ڕەوەند و ئاڕاستە و ڕەوتە ئەدەبی و هونەرییانە وەک دیاردەی دەرەوەی پرۆسەی ماددی مێژوویی ژیانی کەسەکان و کۆمەڵگەکان و سروشت لەقەڵەم ئەدەن، و بە سەربەخۆ لەم پرۆسەیە و لە واقعییەتی کۆنکرێتی ئەدەب و هونەر و زانست و کلتوور لەهەر قۆناغێکی دیاریکراوی ئەم پرۆسەیەدا و لەوانە کۆمەڵگەی سەردەمدا، ئەبینن.
لەم دیدگا مارکسییەوە؛ گەر بڕوانین ئەبینین کە ئەدەب و کلتوور و هونەر و زانست بەهۆی زاڵبوونی کارەکتەری چینایەتی بورژوازی بەسەریاندا لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری سەردەمدا، ناتوانرێ تەنها بەویست و ئارەزووی ئێمە بگۆڕدرین بۆ کلتوور و هونەر و زانستی پرۆلیتاریی و کرێکاریی لە ئاستێكی کۆمەڵایەتی بەریندا، بەبێ هەنگاونانی بەکردەوەی چینی کرێکار بە ئاراستەی دامەزراندنی سۆشیالیزم و بەبێ سودوەرگرتنی لە ئەدەب و هونەر و زانستێک کە لە پرۆسەی مێژووی پەرەسەندنی مەعریفەی بەشەریدا کۆبووەتەوە تا سەردەمی ئەمڕۆ، ئەم چینە ناتوانێت ئەدەب و هونەرێکی پڕۆلیتاری فەراهەم بهێنێ و کاتێكیش کە بتوانێت ئەم کارە بکات؛ ئەوە بەو مانایەیە کە چووەتە دۆخی ئەوەی کە ئەدەب و هونەر و کلتوورێكی سۆشیالیستی و ئینسانیی فەراهەم بهێنێ کە داماڵراوە لەهەر کارەکتەرێکی چینایەتی لەوانە پرۆلیتاریش.
ئەم تیڕوانینە ماددییە مێژووییە هەم (ترۆتسکی) و (لینین)، بەتایبەت لە دوای شۆرشی ئۆکتۆبەرەوە، دەریان بڕیوە و کاریان پێکردووە و هەم مارکسیستەکانی ئەو سەردەمە لەوانە (ڕۆزا لۆکسمبورگ) جەختی لەسەر کردۆتەوە و لە وتارەکانی هەموویاندا دەربارەی ئەدەب و هونەر و کلتوور، ڕەنگی داوەتەوە. ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی ستالینیزم و سیاسەتەکانییەتی کە گوایە چەمکی “واقیعییەتی سۆشیالیستی” لە ڕووسیادا فەراهەم هاتووە؛ دژایەتی خۆی بەرجەسەتە کردوەتەوە بەڕووی ئەدەب و هونەری ئینسانی و سۆشیالیستیدا.
دەستپێشخەری بۆ وەرێخستنی ڕەوتی ئەدەبی و هونەری سۆشیالیستی و ڕزگاریخوازانە لەم سەردەمەدا، کاتێك بەئاکام ئەگات کە لێکهەڵپێکراوی خەبات بێت لە لایەکەوە بۆ ڕزگارکردنی ئەدەب و هونەر لە کارەکتەری چینایەتی بۆرژوازیانەی، بەهەموو فۆرمە ئایدیۆلۆجییەکانیی زاڵ بەسەریدا و لە لایەکی تریشەوە و لەهەمان کاتدا، ڵێکهەڵپێکراوی خەباتی چینایەتی سۆشیالیستی و شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و نەداران و ستەملێکراوان بێت. دیارە ئەمە بەو مانایەشە کە پێویستە لە ناواخنی گەنجینەی بەرهەمی ئەدەبی و هونەری سەردەم و لە هەر وڵاتێکی دیاریکراو و بارودۆخێکی کۆنکریتدا، ئەم کارە فەراهەم بهێنرێ و ئەم ئەدەب و هونەرە لە ڕێگەی بەرجەستەکردنەوەی فۆرمی تایبەتی خۆیەوە ڕێگەی بەرەپێشچوونی بگرێتەبەر.

‌ئاسۆی کۆمەڵایەتی و سۆشیالیستی “حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” و گۆڤاری “ڕابەر”
کۆنسێپتی ئەدەب و هونەری کرێکاریی؛ وەک پڕۆژەیەک بۆ گۆڕینی کلتوور و ئەدەب و هونەر لە ئاستی کۆمەڵگەدا ناتوانی کاراما و کۆنسێپتێکی دروست بێت. ئەم جۆرە پڕۆژەیە وەک هەوڵ و کۆششی گروپی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ئاستێکی دیاریکراودا ئەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بتوانی گشتگیر ببێت لە ئاستی کۆمەڵگەدا. ئەمەش بەهۆی زاڵبوونی کلتوور و ئایدیای بورژوازی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا. خاڵی دەستپێک بۆ بەرەوپێشبردنی هەر ڕەوتێکی هونەری و ئەدەبی لە بەرژەوەندی خەباتی چینایەتی کرێکاران، گرتنەبەری ئاسۆی خەباتی ڕزگاریخوازانەی سۆشیالیستی و ئایدیەڵی هاوکاری ئازادانەی ئینسانییە.
گەر ناڕۆشنییەک هەبووبێ لە ناو ئەندامانی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) و گۆڤاری (ڕابەر) لەسەر ئەم مەسەلەیە بەڕای من ئێستا ئەبێ وانەی لێوەربگرین و فروانتر سەیری جێگەوڕێگەی ئەدەب و هونەر و کلتوور بکەین. ئومێدبەستن بە بەرپاکردن و زاڵکردنی ئەدەب و هونەر و کلتووری پرۆلیتاری بەسەر کۆمەڵگەیەکدا کە سەرمایە تیایدا حاکمە، بێئاکام ئەمێنێتەوە و گشتگیر نابێت.
ئاسۆ و بیرکردنەوەی “حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” بەناوەکەیەوە دیارە و دێتەوە لەگەڵ ئامانجەکانی ئەم پرۆژەیەدا. ئەمەش یانی کۆمەڵێک خەباتکاری کۆمۆنیست لە بواری ئەدەب و هونەردا؛ تێکۆشاون بەدیدگایەکی مارکسییەوە پرۆژەیەکی ئەدەب و هونەری سۆشیالسیتی فەراهم بهێنن و گەشەی پێبدەن. چەند بەکردەوە ئەم پرۆژەیە ئەو کاتە ئەنجامدراوە لەم ئاسۆیەیان کەم ناکاتەوە.
بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان، یەکەم خاڵ لە هەڵسەنگاندنی ئەزموونی “حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” و هەروەها گۆڤاری “ڕابەر” ئەوەیە کەخودی ئەم دەستپێشخەرییە لە کەشوهەوای خنکێنەری میلیتاریستی و سەرکوتی ڕژێمی بەعس لە ناوەڕاستی ساڵی (١٩٨٧)دا سەریهەڵداوە، نەک هەر ئەمەش بەڵکوو بەردەوام بووە لە کاتی کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەدا. ئەم پرۆژەیە بۆخۆی هەنگاوێکی گرنگی پێشکەوتنخوازانە و شۆڕشگێڕانە بووە، دیارە ئاسۆیەکی فراوانی سۆشیالیستی بزوێنەری هاوڕێیانی ئەم حەلقەیە بووە.
ئاشکرایە کە ئەم دەستپێشکەرییە ئەدەبی و هونەرییە، قاڵب و سنووری فیکری سوپەر سیاسی ڕادیکاڵی و لاوەکی بەشێکی ئەو کاتی بزوتنەوەی چەپی کوردستانی بەزاندووە و لەمەیدانێكی موشەخەسدا کە بواری ئەدەب و هونەرە؛ ئاسۆیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرینی گرتۆتەبەر. گەر بەجیهانبینییەکی مارکسیستییەوە هاوڕێیانی حەلقەکە بیانتوانیایە ئەم دەستپێشخەرییە بە ئاڕاستەیەکدا بەرەوپێش بەرن کە بێتەوە لەگەڵ ئەو ئاسۆ کۆمەڵایەتییەی پرۆژەکەیان، بەڕای من، ئەیانتوانی هەنگاوی جیددی و سەرکوتوو بنێن بۆ پێشەوە لە بەرامبەر کلتوور و هونەرێکی زاڵ کە زیاتر بورژوا ناسیونالیستی بووە. بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارەش چەکداربوون بە تیورێکی سۆشیالیستی و مارکسیستی پەیگیر لە بواری ئەدەب و هونەردا مەرجی یەکەم بوو.

گرتنەبەری خەتی فیکری و سیاسی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست
لەو ساتەوەختەدا کە (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) شکڵیگرتووە و (ڕابەر) دەرچووە، وەرێخستنی هەر دەستپێشخەرییەکی ئەدەبی و هونەری شۆرشگێڕانە و سۆشیالیستی تا ڕادەیەک پەیوەندێکی تووندوتۆڵی هەبووە بە فۆرمی سیاسی و ڕێکخراوەیی خەباتی مارکسیستییەوە. دیارە ئەمەش زیاتر لە بەرئەوەی کە بارودۆخی ئیستبداد و جەنگ؛ ڕێگری بەردەم سەرهەڵدانی بزوتنەوە چینایەتی و کۆمەڵایەتییە فراوانەکانی کرێکاران و هەژاران بووە. بە بۆچونی من (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) ئەم واقعییەتەی لەخۆیدا عەکس کردۆتەوە، هەر بۆیە لەناو ئەو کەشوهەوایەدا ڕاستەوخۆ هاوخەتی خۆی لەگەڵ ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)دا دەربڕیوە تا هەوڵەکانی بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجە ئەدەبییەکانی تۆکمەتر و کارامەتر بکات. ئەم ئاڕاستەیە لەخۆیدا کارێکی باش بووە، بەڵام ئەبوایە نەچێتە چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەییەوە و تەنها وەک هاوخەتی فیکری و سیاسی بمێنێتەوە.
بەکردەوە دەرهێنانی هاوخەتی حەلقەکە لەگەڵ ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) ئەبوایە بەو شێوەیە بوایە کە هەریەکەیان مەیدانی دیاریکراوی خۆی و فۆرمی جیاوازی خۆی بەرجەستە بکردایەتەوە تا ئەم هاوخەتییەش ماتریالیزە بوایەتەوە و بەئەنجام بگات. حەلقەکە و (ڕابەر) ئەبوایە لە خودی مانیفێست و جیهانبینی هونەری و ئەدەبی خۆیاندا و لەکاری ڕۆژانە و خەباتیاندا بۆ سەروسیمادان بە هونەر و ئەدەبی سۆشیالیستی و شۆڕشگێڕ لە ئاستێكی فراوانی کۆمەڵایەتیدا ئەو هاوخەباتییەیان بەرجەستە بکردایەتەوە، نەک بەشێوەی ڕێکخراوەیی و لەسەر سنووردارکردنی چالاکی دەستپێشخەرییە هونەری و ئەدەبییەکە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەوە ڕوونە کە ئەم شێوازی بەرجەستەبوونەوەیەی هاوخەتی نێوان ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) و حەلقەکە، بەتەواوی پێچەوانەی ئەو ڕەخنەیەیە کە هونەر و ئەدەب جیا ئەکاتەوە لە خەباتی چینایەتی و لایەنگری حزبی. هەر لەم ڕاستایەشدا پێویستە ناوەڕۆکی چینایەتی بورژوازیانەی ئەو دیدگا فەلسەفییە ئایدیالیستییە سەروو چینایەتییانە بدەینە بەر ڕەخنە کە بانگەشەی دوورەپارێزی ئەدەب و هونەر ئەکەن لەهەر پەیوەندییەکیان بەخەباتی سۆشیالیستی و ڕێکخراویی پرۆلیتاریاوە، یا ئەوانەی کە بانگەشەی جیاکردنەوەی ئەدەب و هونەر ئەکەن لە پرۆسەی ژیانی ماددی ئینسانەکان و خەباتی چینایەتی، ئەمەجگە لە سنووربەندی لەبەرامبەر هەڵگرانی فۆرمی جیاوازی تری هەمان ئەو ئایدیانە لە ناو ڕێكخراوەکانی ئەو کات و ئێستای چەپدا.
ڕاگەیاندنی هاوخەتی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) لەگەڵ ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)دا ناتوانرێ بەهۆکاری بەرەوپێش نەچوونی ڕابەر و حەلقەکە لە قەڵەم بدرێ. مەسەلە یەکلاکەرەوەکان بۆ بەرەوپێشچوونی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست لەمجۆرە بووە بۆ نموونە؛ حەلقەکە چ نەزەر و جیهانبینییەکی هەبووە لە بەرامبەر ئەدەب و هونەردا؟، چەند توانیویەتی وەڵام بە مەسەلە و کێشەکانی بەرپاکردنی ڕەوت و ئاراستەیەکی ئەدەبی و هونەری شۆڕشگێرانە و سۆشیالیستی و ئینسانیی بداتەوە؟ چەند توانیویەتی لەم بوارەدا مێسود و دیدگای ماددی مێژوویی پیادە بکات؟ چەند ئەوەی ڕەچاوکردووە کە ئەبێ سوود لەو گەنجینە هونەری و ئەدەبییەی کە کۆمەڵگەی سەردەم و خودی کۆمەڵگەی کوردستان بەرهەمی هێناوە لەو کاتەدا کەڵک وەربگرێت بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی داهێنەرانە و ڕەخنەگرانە بزوتنەوەیەکی گەشەسەندووی هونەری و ئەدەبی وەڕێبخات؟
هەمان ئەو مەسەلە و چەلێنجانەی کە ڕووبەرووی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) و گۆڤاری (ڕابەر) بوونەوە لەکاتی خۆیدا، لە ئێستاشدا بەشێوەیەکی دیکە و لە بارودۆخێکی تردا ڕووبەڕووی هەر پرۆژەیەکی تری ئەدەبی و هونەری سۆشیالیستی ئەبنەوە. هەر بۆیە لەئێستادا هەڵسەنگاندنی ئەزموونی حەلقەکە و ڕابەر پێوستە ببێتە وانە و کەڵکی لێوەربگرین.

وانەکانی ئەدەب و هونەری ڕاپەرین لە عێراق
هەمووان بینەری ئەو دیاردەیە بووین کە چۆن بزوتنەوەیەکی هونەری و شیعری و ئەدەبی و تاڕادەیەکێش میوزیکیی هاوکات لەگەڵ (ڕاپەرینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)ی ناوەڕاست و خواروی عێراق سەریهەڵدا و بووە بەشێکی ئۆرگانیکی ئەم هەوڵ و تەقەلا شۆڕشگێڕانەیەی جەماوەری کرێکاران و نەداران و لاوان و ژنانی ئازادیخوازی کۆمەڵگە. ئەم تەکانە شۆڕشگێرە ئەدەب و هونەرییە چەند کاڵوکرچ بوو و چەند وەهم و ئایدیای دینی و ناسیونالیستی و عەشایری هەبوو لەوەی کەم نەئەکردەوە کە هەڵقوڵای ڕاپەرینێکی شۆرشگێرانە ئەو چین تۆێژانە بوو کە بۆخۆشی هەڵگری هەمان ئەو وەهمانە بووە.
جێگەوڕێگەی ئەم جۆرە ئەدەب و هونەرە لەوەدایە کە ڕەنگدانەوە و بەشێكی لێکهەڵپێکراوی ڕەوەندی هەوڵ و تەقەلای شۆڕشگێڕانەی نەداران و زەحمەتکێشانە بۆ ڕزگاربوون لەکۆتوبەندی ئابووری و سیاسی و فیکری بورژوازی و ڕژێمە سیاسییە ئیسلامی و ناسیونالیستییەکەی. ئەم ڕەوتە ئەدەبی و هونەرییە بەدەر لەهەموو کەموکوڕییەکانی هاتنەدەنگ بوو لە فۆرمی تایبەتی خۆیدا بەرامبەر گەندەڵی، نایەکسانی، زۆڵم و زۆر، ئیغتراب و بێکاری گەنجانی کچ و کور، و سەرکوت و کۆنەپەرستی دەسەڵاتی حزبە ئیسلامی و قەومییەکان. سەرهەڵدانی ئەدەب و هونەری شۆڕشگێڕانە لە کاتی ڕاپەرین و شۆڕشدا هەردەم دیاردەی ئۆرگانیکی پرۆسەی شۆڕشگێرانەی ناو کۆمەڵگەیە بۆ هاتنەدەر لە کۆتوبەندی نیزامی چینایەتی و فۆرمە سیاسی و فیکرییەکانی. هەر بۆیە ئەرکی کۆمۆنیستەکانە بەوپەڕی توانایانەوە لەهەوڵی بەرەوپێشبردنی بن و لە ڕاستای ڕزگارکردنی لە وەهمەکانی کاربکەن.
ئەم بزوتنەوە ئەدەبی و هونەرییە بەهۆی زاڵی کلتوور و ئایدیۆلۆژیای بورژوازی و ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئیسلامیزم و ناسیونالیزم و لیبرالیزم، و سەرکوتی ڕاپەرین و پاشەکشەپێکردنی خۆیناویانەی، نەیتوانی ببێتە کلتوور و ئاڕاستەیەکی هونەری و ئەدەبی بەهێزی کۆمەڵایەتی و کاریگەر، بەڵام تیانەچووە و بەهەودا بەرزنەبووەتەوە، بەڵکوو بووەتە بەشێک لە هونەر و ئەدەبی شۆڕشگێڕانە لەعێراقدا هەرچەندە لە ئاستێکی کەمیشدا بێت. یەکێک لە میکانیزمەکانی بورژوازی دەسەڵاتدار ئەوەیە کە ئەم بزوتنەوەیە ئینتیگرە بکاتەوە بە ئایدیۆلۆجیای زاڵی ئەم چینە و بە ئارامی بیپوکێنێتەوە و دەرگاکانی گەشەسەندنی لێبگرێت و ئیمکانیاتێكی گەورەی دارایی بخاتە گەڕ تا ئەدەب و هونەرێكی ئاڵۆز و بێ گیان و دوور لە دڵی مەسەلەکانی ئازادی و ڕزگاربوونی ئینسانەکان برەو پێبدا. هەمان ئەم میکانیزمە لە بواری ئەدەب و هونەردا پێشتر لە بواری سیاسیدا و بەشێواز و فۆرمێکی تر، بۆرژوازی بەوپەری توانایەوە بەکاریهێناوە لەبەرامبەر هەر ئەم ڕاپەرینەدا. هەروەک بینیمان بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە سەرتاسەری عێراقدا هەتا ئێستاش لە هەوڵدایە ئاکامەکانی ئەو زەڕبەیەی کە (ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر) گەیاندییە ستراکچەری سیاسی و فیکری ئیسلامی سیاسی و تایفەگەرێتی و ئەو زەڕبانەش کە ڕاپەرینە جەماوەرییەکانی کوردستان گەیاندیانە ناسیۆنالیزمی کورد و دەسەڵاتەکەی ئێحتوا بکەن و ئینتیگرەی بکەن بە ڕژێمی بورژوا ناسیونالسیت و ئیسلامیستی ئەمڕۆی عێراق و کوردستانەوە.
بەبڕوای من؛ ئەوە ئەرکێکی دەستبەجێی کرێکارانی پێشڕەو و کۆمۆنیستە، کە سیاسەتی بەرەوپێشبردنی ئەم سەرهەڵدانە ئەدەبی وهونەرییە بگرنەبەر و پیادەی بکەن و بەهێز و تواناوە لەبەرامبەر هەوڵەکانی ئینتیگرەکردنیان بەکلتوور و ئایدیۆلۆژیای زاڵی بورژوازییەوە ڕابوەستن. هەر بەو پێیەش ئەرکی دەستبەجێ کۆمۆنیستی لەم ڕاستایەدا ئەوەیە کە ئەم جوڵە هونەرییە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی و ئازاد و کراوەی ئینسانییەوە ئینتیگرە بکاتەوە بەبزووتنەوەی بەکردەوەی چینایەتی سۆشیالیستانەی کرێکاران و سەرجەم نەداران و ستەملێکراون. ئەم خەباتەی بواری ئەدەبی و هونەری بەشێکی تەواواکاری خەباتی ئایدیۆلۆژی پرۆلیتاریایە کە ئەمەی دواییش بەشێکی جیانەکراوەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە.

وتەی کۆتایی
(حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) هەوڵ و تەقەلایەکی سەرەتایی گرنگ بوو لەو هەلومەرجەدا و بە هەموو بەربەستەکانی بەردەمی، لە ڕاستای وەڕێخستنی ڕەوت و ئاڕاستەی ئەدەب و هونەرێکی پیشکەوتنخوازانە و سۆشیالیستی و شۆرشگیڕانە لە ئاستێكی کۆمەڵایەتیدا. بایەخی ئەم حەلقەیە و گۆڤاری (ڕابەر) لێرەوە مەزەنە ئەکرێت و هەر لێرەشەوەیە کە زەرورە ڕۆژنامەی ڕەوت لەم بوارەدا و لە پەیوەند بە “بانیژەی ئەدەب و کلتوور”ەوە، پەیگیرانە لەهەوڵی بەرەوپێشبردنیدا بێت. “بانیژەی ئەدەب و کلتوور” ئەتوانێ پلاتفورمێکی ئەدەب و هونەری سۆشیالیستی و ئینسانیی بێت کە هاوکاری و ئازادی ئینسانەکان لە خۆدا بەرجەستەبکاتەوە.
هیوادرام “بانیژەی ئەدەب و کلتوور”ی ڕۆژنامەی “ڕەوت” بتوانی پێشڕەوی گەورە ئەنجام بدات و ئاسۆیەکی فراوان بکاتەوە لەبەردەم بزوتنەوەیەکی ئەدەبی و هونەری سۆشیالیستی و ئازادیخوازنە و ئینسانی بەتوانادا.
٢٤ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢

تێبینییەکان:
(١)حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست، حەلقەیەکی ئەدەبی کۆمۆنیستی بوو لەهەناوی بزووتنەوەی چەپی نوێی کوردستانی عێراق لە ساڵی (١٩٨٧) بە دەستپێشخەری هاوڕێیان (نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد – هۆشەنگ) و (جەمال کۆشش) و (عەبدوڵا سڵێمان – مەشخەڵ) لە شاری (هەولێر) هاتە دامەزراندن. ئامانج لەم حەلقەیە برەودان بوو بە ئەدەبی کرێکاری و کۆمۆنیستی. ئەم حەلقەیە تا ئەو ڕۆژەی لە چالاکی وەستا، یانزە (١١) ژمارە لە گۆڤاری (ڕابەر)ی بڵاو کردەوە. ساڵی (١٩٨٨) ئەم حەلقەیە پەیوەست بوو بە ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)ەوە.
(٢) بە هۆی نزیکیم لە (بژار)ی شاعیر کە برامە تۆزێک زانیاریم پەیداکردبوو لەسەر تێڕوانینی مارکسییەکان لەسەر ئەدەب و هونەر کە زیاتر لەو کتێبانەی کە ئاماژەم پێدان وەرمگرتبوون و لە موناقەشەکانی نێوان من و (بژار) لەسەر ئەدەب عەکس ئەبووەوە. (بژار)ی شاعیر، کە ئەو کات ناوی شاعیرییەکەی “جەلال شکۆ” بوو، هەلێکی بۆ ڕەخسا کە تەلەفزیۆنی کەرکووک چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا ئەنجامبدات لەسەر ئەدەب و شیعر، گەر هەڵە نەبم سالێ (١٩٨٤) بوو. ئەڵبەتە هاوڕێیەکی شاعیری نزیکی خۆی بەڕێز (جەماڵ غەمبار) کەئەو کات بەرنامە ئەدەبییەکەی تەلەفزیۆنی پێشکەش ئەکرد؛ چاوپێکەتنەکەی لەگەڵ (بژار)دا ئەنجامدا. پێش ئەوەی (بژار) بچێت بۆچاوپێکەتنەکە؛ موناقەشەیەکی تێروتەسەلمان کرد و لەسەر ئەوە بڕاینەوە کە بەهۆی ئەوەی لە چاوپێکەوتنەکەدا ناتوانێ بڵی ئەدەب ئەبێ لایەنگریی سیاسی حزبیی شۆرشگیرانەی هەبێت، کە ئەو کات هەردووکمان بڕوامان وابوو، چونکە ڕەنگە تووشی گرتن بێت لە لایەن رژیمی (بەعس)ەوە، باشترە جەخت لەسەر ئەوە بکات “کە هەر ڕەوت و ئاڕاستەیەکی ئەدەبی و جوانناسی فەلسەفەیەکی لە پشت ڕاوەستاوە” و (بژار) لە چاوپێکەتنەکەیدا ئەمەی وتەوە و کردییە تێزی ئەسڵی چاوپێکەوتنەکە و بەجوانی و سەرکەوتووانە دەریبڕی و بەرنامەکەى بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی تاڕادەیەک باشی هەبوو. دیارە ئەو کات هەردووکمان هاوڕاش بووین لەسەر ئەو بیرۆکەیە کە فەلسەفەیەک لەپشت هەر ئاڕاستەیەکی جوانناسییەوە هەیە. ئەم بیرەوەرییەم بۆیە لێرەدا هێناوەتەوە تا نیشانی بدەم کە تێڕوانینی ئەو کاتی من چۆن بووە لە سەر ئەدەب و هونەر و چۆن ئەم تێڕوانینەم هەر مابوو کاتێک کە گۆڤاری “ڕابەر” لە ساڵی (١٩٨٧)دا دەرچوو.
(٣) بۆ زانیاری خوێنەر: نووسینە سیاسییەکانی ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست) زیاتر هاوڕیان (موئەیەد ئەحمەد) و (نادر عەبدولحەمید) و (عوسمانی حاجی مارف) ئامادەیان ئەکرد، و دواتر (مەیسون عەبدولجەبار) و (سورەیا تاهیر) و (شیرین عەبدوڵا) بە تایپ ئەیانوسینەوە و ئەنێردرا بۆ چاپخانەی نهێنی ئەم رێکخراوە کە لە لایەن هاوڕێ (عەبدوڵا ساڵح) و هاوژینەکەی هاوڕێ (سەمیرە عەبدوڵا) و هاوکاری تەکنیکییان هاوڕێ (وریا عەبدوڵا) بەرێوە ئەچوو. یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی “پڕۆلیتاری” بەچاپ گەێنرا لە ڕۆژی یەکی ئایاری (١٩٩٠)دا چاپکرا، و پێشتریش لە مانگی شوباتی (١٩٨٩)وە هەموو نووسراوەکان و تەرجەمەکانی ئەم ڕێکخراوە و بەیاننامەکانی بە کوردی و بە عەرەبی چاپ ئەکران. سێ نامیلکەی سیاسیمان دەرکرد بەچاپ کە (موئەیەد ئەحمەد) نوسیوونی پاش پاکنووس و پیاچوونەوەیان لە لایەن هەردوو هاوڕێیان (عوسمانی حاجی مارف) و (نادر عەبدولحەمید)؛ “جیاوازییەکانمان لە کوێوە سەرچاوە ئەگرن” (سەرەتای شوباتی ١٩٨٩)، “بەشی یەکەمی بەرنامەی موشەخەس یا بەرنامەی ئەنتەرناسیۆنال” (سەرەتای ئایاری ١٩٨٩) و “بەشی دووهەمی بەرنامەی موشەخەس یا بەرنامەی ئەنتەرناسیۆنال” ( کۆتایی ئاب ١٩٨٩).

Previous
Next
Kurdish