کارگەی شیعر!… سەدیق سەعید ڕواندزی
ئایا شیعر نووسین ئیلهام و سرووشە، یان وەک هەر دەقێکی دیکە، پلان و ڕامان و بیرکردنەوەیە و بە بەرنامە دەنووسرێت؟ شیعر چۆن لە دایک دەبێت و لە چ هەڵومەرجێکی دەروونی و کەسی و کۆمەڵایەتی دەنووسرێت؟ ڕەنگە تا ئێستا شاعیرانیش بە وردی و ڕەهایی نەیانتوانیبێت، گوزارشت لەو ساتە دەروونی و ڕوحیانەی خۆیان بکەن، کە شیعری تێدا دەنووسن. بەڵکو وەک پەشێو وتەنی (وەک شۆخێکی دوودڵ وایە، بە دەگمەن دێ یان هەر نایە). بۆیە بە بڕوای من، شیعر نووسین دۆخ و سرووتێکی زۆر تایبەتی ڕوحیە و کردەی شیعر نووسین لە دەرەوەی ئەو زەمەنە فیزیکییە کە شاعیر تیایدا دەژیت و بەڵکو زەمەنی پەنهانی ناخ، ڕۆڵی بنەڕەتی لە نووسینی شیعردا هەیە. ئەمە بەو مانایە نییە، کە زەمەنی دەرەکی، بەرکەوتن لەگەڵ واقیع و ڕووداوەکانی دەوروبەر، فاکتی نووسینی شیعر نەبن ، بەڵکو بەو مانایەی هەر چییەک و هەرچۆنێک بێت، دواجار شیعر نووسین کردەیەکی دەروونی سەخت و ئاڵۆزە و ئەوە نییە شاعیر بۆی دابنیشێت و هەر ڕۆژە و شتێک بنووسێت و هەر ڕووداوێک و دیاردەیەکی بینی، بیکاتە نووسین و دواتریش بە خەیاڵی خۆی ناوی بنێت شیعر، بەدەر لەوەی ئاخۆ لە تێڕوانینی ئەوانیتر ئەمانە شیعرن یاخود نا؟ بێگومان شیعر نووسین، پەیوەستە بە هەردوو زەمەنی دەروونی و مێژووییەوە، شیعر لە ڕووی فیزیکییەوە، تەنێ پەیوەندی بە مێژووی نووسینی شیعرەوە هەیە، ئەوەی وەک وزەیەکی شاراوەی شیعری دەمێنێتەوە لە پاڵ نووسینی شیعر، زەمەنی دەروونی شاعیر و ئەو بیر کردنەوە و ڕامان و سرووتە ڕوحیانەن، کە شیعری تێدا لە دایک دەبێت. دەشێ ئەم ئەزموونە جوانتر و بابەتیانەتر شاعیران لێی بدوێن و گوزارشتی لێبکەن، ئەو کات بە وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەین، کە ئاخۆ شیعر بە بەرنامەی ڕۆژانە دەنووسرێت؟ ئایا هەموو دەمێک، هەموو ڕووداوێک، هەموو کات و شوێن و بەرکەوتنێک دەبنە هەوێنی نووسینی دەقێکی شیعری لای شاعیران؟ یان هەڵومەرجێکی کەسی و خودی زۆر تایبەتە، کە دواجار شیعری تیادا لە دایک دەبێت. شیعر، ماتریالێکی دروستکراو لە قوڕ و بەرد نییە، تاکو شاعیرێک بتوانێت ڕۆژانە، لە جۆرەها وێنە و دیکۆری جیاوازدا نماییشی بکات، بەڵکو پەیوەستە بەو بارە کەسی و ڕوحیەی شاعیر تیایدا دەژیت و ئەو بارە دەروونییەش لە پەیوەندی لە گەڵ واقیع و ڕووداوەکان دایە، بەڵام مەرج نییە ئەو پەیوەندییە، بەردەوام زەمینەی شیعرێکی نوێ بێنێتە ئاراوە. چونکە ئەوکات ئێمە لە بەردەم دروستکردنداین نەک نووسین، دروستکردنیش ڕاستە بیرۆکە و ڕامانی دەوێت، بەڵام کردەیەکی پراکتیکییە لەوەی زەینی و هزریی بێت. وەختێ شیعر نووسین لای شاعیرێک دەبێتە کردەیەکی ڕۆژانە، بۆ نموونە وەک قاوە خواردنەوە و جگەرە کێشان و هەرکارێکی دیکەی ڕۆژانەیی و ڕۆتینی، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئێمە لە بەردەم دەقێک نین کە ناوی شیعرە، بەڵکو تەنێ لە بەردەم گوتن و نووسین داین کە دەشێ هەموو کەسێک بتوانێت ئەوە بکات. ئەگەر شیعر تەنها نووسین بێت، ئەوا ئێستا زۆربەی هەرە زۆرمان شاعیر دەبووین، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ هەموو کەس ناتوانێت شاعیر بێت؟ من لە ژیانی خۆمدا، خوێندنەوەم بۆ دەیان دەقی شیعری کردووە، لە هەندێکییان ئەوەندە نزیک بوومەتەوە، تا ڕادەی چوونە نێو ئەو فەزا تایبەتە شیعرییەی کە شاعیر شیعرەکەی تیادا نووسیوە، بەڵام لە هەموو ژیانم نەمتوانیوە یەک دێڕە شیعریش بنووسم. ئەمە بۆچی وایە؟ چونکە پەیوەندی بەو سرووتە تایبەتی و ڕوحی و دەروونییەوە هەیە، کە شاعیر هەیەتی و لای من بوونی نییە. لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی ئێمەدا، نموونەی گەلێک شاعیر هەن، نەک لە ماوەی هەفتە و مانگ و ساڵێکدا، نەیانتوانیوە شیعرێک بنووسن، بگرە دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵیش، ئەو کات دەقێکی پێشووتریان تەواو کردووە. ئەحمەد هەردی، شیعرێکی هەیە لە ساڵی 1946 نووسیویەتی و دوای سی و حەوت ساڵ لە 1983 تەواوی دەکات. واتا دوای نزیکەی چڵ ساڵ. لێرەدا، زەمەنە فیزیکی و مێژوویەکە دەڕوات، بەڵام زەمەنی دەروونی و ناخەکی شاعیر، کە پەیوەستە بە زەمەنی نووسینی شیعر دەوەستێت، تا ئەو کاتەی جارێکی دیکە ئەو زەمەنە دەروونییە دەبێتەوە پاڵنەری تەواوکردنی شیعرەکە. ئەگەر شیعر نووسین وەک کردەیەک بووایە، ئەوا دەبوو بە ماوەیەکی یەکجار کورت، هەردی ئەو شیعرە تەواو بکات، بەڵام بۆچی دوای سی و هەفت ساڵ تەواوی دەکات؟ بێگومان چونکە ئەو سرووتە ڕوحیە و ئەو فەزا دەروونییەی پێویستن بۆ نووسینی شیعر، هێشتا ئامادەیان نەبووە. وەختێ شیعرەکەش تەواو دەکات، هەست بە هیچ جۆڕە دابڕانێک ناکەین کە ڕەنگدانەوەی لە سەر ناوەڕۆکی شیعرەکەوە هەبێت، تەنانەت هەستیش ناکەین ئەو دەقە، لەو ماوە دوور و درێژە نووسرابێت و تەواو کرابێت. ڕەفیق سابیر، کە لاوکی هەڵبجەی نووسیوە و بووەتە ناسنامەی ئەو شارە، لە دوای کارەساتی هەڵبجەوە شیعرەکەی نەنووسیوە، بەڵکو دوای زەمەنێکی درێژتر، ئەو کات ئەو کارەساتە لای ئەو دەبێتە شیعر، چونکە لە سەرەتادا ئەو سرووتە ڕوحیە، ئەو هەژانە دەروونییە بوونی نەبووە، تا ماوەیەکی زۆر دوای کارەساتەکە. هەر ڕەفیق سابیر خۆی، لە کتێبی ( ڕوانین بە نێو ڕووناکیدا) لە بارەی کردەی شیعر نووسینەوە قسەیەکی یەکجار جوان و سەرنج ڕاکێش دەکات و دەڵێت:( من دەتوانم بە سوێدی بنووسم، بەڵام ناتوانم بە هەستی سوێدیانە بیر بکەمەوە و دەرببڕم) ڕەنگە ئەمە گوزارشتکردنێکی هزریی و هەستی یەکجار بابەتی و جوانی ئەو ساتانە بێت کە شیعری تیدا دەنووسرێت. شێرکۆبێکەس لە دیمانەیەکدا دەڵێت:( کە خاڵە شەهاب و ئەنوەر زۆراب و جەعفەر عەبدلواحید) سەرکردەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران دەستگیر کران، من شیعرێکی درێژم بۆیان نووسی، بەڵام هەمان ئەو قارەمانانە کاتێ لە سێدارە دران، نەمتوانی یەک دێڕیشیان بۆ بنووسم. خۆ کردەی لە سێدارەدانەکە، تراژیدیترە لەگیرانەکە و ڕووداوی شەهید کردنەکەیان، سەد ئەوەندەی گیراانییان مایەی خەم و نیگەرانی و غەمگینی بووە، بەڵام بۆچی هیچ شیعرێکییان بۆ نانووسێت؟ چونکە لە بنەڕەتدا، زەمەن و فەزای نووسینی شیعرێک کە ڕەنگدانەوە و زادەی ئەو ڕووداوە تراژیدیە بێت، لە خەیاڵ و سرووتی شیعرییانەی شاعیر بوونی نەبووە. لەو سۆنگەیەوە، وەک خوێنەرێکی شیعر، زۆر سەیرم پێهات و بۆم مایەی شۆخی بوو، کاتێ لێداونێکی قوبادی جەلی زادەم کەوتە بەرچاو، کە دەڵێت:_(لە ماوەی سەد و هەفتاو یەک ڕۆژدا، سەدو هەفتاو یەک دەقم نووسی و ئالینگاری ئەوانەم کرد، کە پێیان وایە، شیعر ئیلهام و پەیامە و دەبێ بۆ شاعیر بێت). قوباد، بە جۆرێک لە لە خۆڕازیبوون، داهێنان و خود شانازییەوە باسی ئەوە دەکات کە ڕۆژانە دەقێکی بە درێژایی سەدو هەفتاو یەک ڕۆژ نووسیوە. بەڵام لە ڕاستیدا، هەر کەسێک ئاشنای دنیای شیعر بێت، شیعری بەلاوە گەورە و پیرۆز و شکۆمەند بێت، دەبێ بەو کارەی قوباد کردوویەتی، نائومێد و ڕەشبین بێت، کە شیعر چەند سادە کراوەتەوە، چەند لە هێزی شیعرییانە و ئستاتیکییانەی خۆی بەتاڵ کراوەتەوە و چۆن شاعیرانێک بەو پەڕی کەم نرخی و بێ بەهاییەوە دەڕواننە شیعر و دنیای شیعر نووسین. چونکە ئەو جۆرە لە نووسینی شیعر، نەک هیچ داهێنانێکی تێدا نییە، بەڵکو لێدان لە شیعر، بێ بەهاکردن و سادەکردنەوە و بێ نرخکردنی شیعرە، تا ئاستی کردەیەکی ڕۆژانەیی و ڕۆتینی، وەک هەر کارێکی دیکە کە هیچ بوێریی و داهێنانێکی تێدا نییە. نە شیعر، نە هیچ ژانرێکی دیکەی ئەدەبی، کاری ڕۆژانەیی و پیشەیی نین، وەک دارتاشی و نانەوایی تاکو ڕۆژانە کاریان تێدا بکەین، بەڵکو هونەر و داهێنانن و پەیوەستن نین بە هەموو کات و زەمەنێکەوە. سادەکردنەوەی کردەی شیعر نووسین بۆ کردەیەکی رٍِۆژانەیی ، نە داهێنانە، نە جیاوازکەوتنەوەیە لە شاعیرانی تر، بە پێچەوانەوە بگرە جۆرە تێگەیشتنێکی سادە و ڕووکەشیانەیە لە شیعر و دنیای شیعر. کاتێ شاعیرێک لە ماوەی سەد و هەفتاو یەک ڕۆژدا، ئەوەندە شیعرە دەنووسێت، دەبێ بپرسین بیرکردنەوەی شیعرییانە، ڕامان و سرووتی ڕوحیانە و شیعرییانەی ئەو شاعیر چی و چۆنن؟ دەشێ بۆ ئەم شاعیرە، بەو پێیەی ژن وەک تیمەی شیعر دەبینێت، ئاسایی بێت ڕۆژانە شیعر بنووسێت، چونکە تا ژیان ماوە ، ژنیش هەر دەمێنێت و تا ژنیش هەبێت، سنگ و مەمک و سوخمەش هەر دەمێنن! بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئەمانە لە تێڕوانینی خوێنەرانیشدا هەر شیعر و دەقن، یان تەنها لای خۆی؟ من هاوڕێی شاعیرم هەیە، پێی گوتوم کە لە ماوەی دە مانگدا، نەیتوانیوە شیعرێک بنووسێت، ئیدی نازانم چۆن شاعیرێک ئەو بویرَیەی هەیە، بڵێت سەد و هەفتا و یەک شیعرم لەماوەی سەدو هەفتاو یەک ڕۆژدا نووسی؟ دواجار دەڵێم شاعیر، کارگە و فابریکا ی شیعر نییە، تاکو ڕۆژانە و بە بەردەوامی بەرهەمی شیعری هەبێت. ئەگەر کردەی نووسینی شیعر، هێندە سادە و ڕۆژانەیی بووەوە کە شاعیرێک هەموو ڕۆژێک دەقێک بنووسێت، بە دڵنیاییەوە دەبێ گومان لە خۆی وەک شاعیر و لەو بە ناو شیعرانەش بکەین کە دەیاننووسێت !
پەراوێز: ئەمەی خوارەوە، لینکی وتەکەی قوبادی جەلی زادەیە.