شۆڕشی پڕۆلیتاریا یان کارەساتێکی مەزن!.. ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ
لە چەند ساڵی ڕابووردوودا ئاڵوگۆڕی گەورەی ئابوری و سیاسی ڕوویداوە، گەیشتۆتە ئاستێک کە تەرکیزی -چڕبوونەوەی سەرمایە- بارستەیەکی هێجگار گەورەی گرتۆتەخۆ و هەژاران و پڕۆلیتاریای جیهانیش هێجگار ژمارەیان زیاتر بووە و قەیرانی ئابووریش گەیشتۆتە قووڵترین ئاستەکانی خۆی. لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا، ئایا بزووتنەوە و ئاڕاستەی ڕوولەپێشی سەرمایە لەئاستی جیهانی بەرەو کوێ دەڕوات؟! بەیەکدادانی سەربازی لەنێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا -چین و ئەمریکا- واتە جەنگی سێهەمی جیهانی لە فراوانترین و بەرزترین ئاستی خۆکوژیدا، یان ئاستێک لە لەنگەرگرتنی سەرمایە و هەلومەرجێک کە تیایدا ئاگربەستێکی چەند ساڵە درێژەی دەبێت؟! لە هەردوو بارەکەدا جیهان دەرگیرە و دەرگیر دەبێت لە گەڵ چەندین جەنگی بە وەکالەت لەنێوان وڵاتانی “لاوازتر” یا وڵاتێکی زلهێز دژ بە وڵاتێکی لاوازتر. لەڕاستیدا جیهانی ئەمڕۆی سەرمایە و هەلومەرجی گەشەی سەرمایە بێ جەنگەکان مەیسەر نابێت. ئێستا جەنگی جیهانی سێهەم لەئاستی وڵاتە لاوازەکاندا لە ئارادایە، لە ئاسیاوە بگرە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا و …چڕبوونەوە و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە کە گەیشتۆتە بینە قاقا، پێویستی بە لافاوی خوێنە، دروست وەک سەرهەڵدانی سیستەمەکەی پێش زیاتر لە ٢٥٠ ساڵ، بەڵام ئەمڕۆ خوێنڕشتن و جینۆساید بە تەکنەلۆژیای زیرەک و درۆن و ڕۆبۆتەکان و سێتەلایتەکان پیادە دەکرێت، کە هێزی لەناوبردنیان بەراورد ناکرێت لەگەڵ سەردەمی سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەدا.
کۆمەڵگای بەشەری لەسایەی سەرمایەدا، بەناچار دەرگیر دەبێت لەگەڵ جەنگی سێهەمی جیهانیدا. بزووتنەوەی سەرمایە پێویستی بە جەنگی جیهانی سێهەمە لە فراوانترین ئاستیدا لەنێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا. ئەم ئاڕاستەیە: سەرمایە و هێزەکانی ناتوانن بەریپێبگرن، بەڵام دەتوانن دوایبخەن. لەم ڕوانگەیەوە سەرمایەی چینی و ئەمریکی ناتوانن ڕێکەوتن واژوو بکەن -کاتی و چەند کەرتێکی سەرمایە یان لەسەر گومرگەکان مەبەست نییە- و سیستەمێکی جیهانی پێکبهێنن کە ئاسایش دەستەبەربکات.
ئەوە چارەنووسی جیهانە بە دەست بزووتنەوەی سەرمایە و سیستمەکەیەوە. کرۆکی باسەکە ئەوەیە ئایا پڕۆلیتاریا بە هێزێکی نزیک چوار ملیارییەوە، خۆی دەداتە دەست ئەم چارەنووسە مەترسیدار و وێرانکەرە؟! زەنگی ئەم بزووتنەوە جیهانییە لە ئاستێکی لاوازدا لێدراوە و بەردەوامە، هیچ سەردەمێک وەک ئەمڕۆ بزووتنەوەکە لە پێناو ژیان و دژ بە بێکاری و لە پێناو کرێیەکی باشترو دژ بەگرانی بەردەوام نەبووە… بەڵام ئەم هەوڵانە نیشتمانی و ڕێفۆرمخوازن، لەکاتێکدا هیچ نیشتمان و سنورێک نەماوە و سەرمایەداری توانای ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی لە دەستداوە -لە جووڵانەوەی سەرمایە و بازاڕدا- و جیهان یەک پارچە “نیشمانێکی جیهانییە- جیهان نیشتمانە و ڕووبەڕووی هێرشی سەرمایەی گەورەی جیهانییە”. ئەگەر بورژوازی دەتوانێت پشوو بدات و بواری ئاگربەستێکی کاتی هەیە، پڕۆلیتاریا ئەو شانسەی نییە، بەڵکو یان شۆڕش یان فەوتان، یان شۆرش یان جەنگی جیهانی، یان شۆرش یان مردن لەبرسا و ئاڵوودە بوون بە دەیان پەتای وەک کرۆنا و سارس و ئەنفلۆنزای باڵندە…. وەڵامی پڕۆلیتاریا بە بورژوازی و سیستەمەکەی، شۆڕشە: شۆڕشی چینایەتی پڕۆلیتاریا.
کۆمەڵگای بەشەری لە ئاستانەی نابووتی و جینۆسایدی جیهانی یان شۆڕشدا وەستاوە. بەڵام ماتیریالیزمەکانی مێژووی ئەم سەردەمە هێندە فراوان و پێشکەوتووە، کە هێزی زانست و تەکنۆلۆژیا، شۆڕشێکی هێجگار فراوان و گەورەی خوڵقاندووە، شۆڕشی هێزە بەرهەمهێنەرەکان. ئەم شۆڕشە لەم سەردەمەدا، دەتوانین لە گەشە و پێشکەوتنی چیپەکاندا -الرقائق/ CHIPS- کورتبکەینەوە. گەشەی تەکنۆلۆژیا لە مڕۆدا واتە بچووکردنەوەی زیاتری نانۆمیتەری چیپەکان (پێوانەی ١/ملیارێک کە بەکۆدیNM ئاماژەی پێدەکرێت). لەم بوارەدا ئەمریکا و چین لە کێبەرکێیەکی گەورە و فراواندان. گەشە و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای چیپەکان ڕاستەوخۆ مانای گەشەی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکانە کەکۆی ئابووری ئایندە و تاڕادەیەکی زۆر ئەم قۆناغەشی لەسەر بەندە. پێشکەوتنی چیپەکانیش بەندە بەگەشە و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای بچووکبوونەوەی نانۆمیتەرەکانیانەوە.
بێگومان کۆی سێکتەرەکانی پیشەسازی و لۆجیستیکا و خزمەتگوزاری و بازرگانی… بەندە بە پێشکەوتن و گەشەی چیپەکانەوە، بەڵام ئەم مەسەلەیە بەتەنها جیهانی ئەمڕۆ یەکلاناکاتەوە لەنێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا، بەڵکو ژمارەیەک لەفاکتۆر -هۆکار- و بواری تر هەیە کە کاریگەری گەورەیان هەیە، وەک: زاڵبوون بەسەر گەرووە ئاوویەکاندا، واتە ڕێگاکانی بازرگانی، هێزی سەربازی و توانایی بڵاوبوونەوەی دەستبەجێ لەئاستی جیهانی، هەروەها دابینکردنی وزە بە بەردەوامی…..
بورژوازی جیهانی وەک چینی چەوسێنەر و بەجیا لە ڕێچکە و ئاڕاستە جیاوازە فکری و سیاسیەکانیان، لە لایەک لەبەردەم جەنگی جیهانی سێهەمدایە و لە لایەکی دیکەوە لەبەرانبەر خۆکۆژی خۆیدا وەستاوە. ئەم سیستەمە چارێکی نییە یان کۆمەڵگای بەشەری لەگەڵ خۆیدا نابووت دەکات، یان خۆی ڕادەستی چارەنووسی مێژوویی خۆی دەکات. لە هەردوو بارەکەدا سیستەمەکە بەرەو نابووتی دەڕوات. بەڵام سەرمایە و سیستەمەکەی چۆن دەگاتە خۆکۆژی و کۆتایی بە خۆی و چەوسانەوە دەهێنێت؟! بەپێی گەشەی ئاڕاستەی سەرمایە لەم قۆناغەدا، واتە گەشە و فراوانبوونەوە و زیاتر بەکاربردنی ژیری دەستکرد و ڕۆبۆتەکان لە کۆی سێکتەرە ئابوورییەکاندا، تا دەگات بەوەی کۆی بەکارهێنانی تەواوی کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان دادەپۆشێت لە ئاستی جیهاندا، ئەوکات شەپۆلەکە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی جیهانی لە چوارچێوەیەکی نوێدا تازەدەکاتەوە. چوارچێوەیەک کە سیستەمی سەرمایەداری تاڕادەیەکی هێجگار زۆر پێویستی بە هێزی کار نامێنێت. ئەم ئاڕاستە مادی و مێژووییە نەک بە قازانجی سەرمایە و سیستەمەکەی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە تێکڕایی گشتی قازانج لە ئاستی جیهاندا بەڕادەیەکی بەرز دەهێنێتە خوارەوە و بەم پێیە سیستەمەکە بەرە و خۆکوژی دەبات. قازانجی بورژوازی لە هێزی کاردایە نەک لە ڕۆبۆت و ئامێرەکاندا. سیستەمی سەرمایەداری وەک بەربەست و ڕێگری سەرەکی بەردەم گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان، دەبێتە عەقڵیەتی کۆمەڵایەتی و ڕەئی گشتی کۆمەڵگا، واتە لێدانی زەنگی شۆڕشی پڕۆلیتاریایە.
ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ
١٨.١٠.٢٠٢٥
