Skip to Content

(دیاری باوكم)- پاییز زوو دێت … هەژار حوسێن

(دیاری باوكم)- پاییز زوو دێت … هەژار حوسێن

Closed
by ته‌مموز 3, 2018 General, Poems

لەگەڵ پاییز و
خوڕە بارینی باران بێدارم.
چۆڵم لەو دەستانەی گیانم ختووكه‌ ده‌ده‌ن.
بێکەس به‌سه‌ر ئەو شەقامەی وێڵی نادیارییە, رادەبرم.
زویریی یار، با تاریکی و دڵدارییش بێت،
پێدەشتەکانیی ره‌شبینی بۆ چۆڵبوون جێدەهێڵم.
(به‌ردی ره‌شی وارنشینان. ناوه‌كه‌م بیر نییه‌)
هەوارەکان چ نادیاریێک دەدەن بەهەنگاوەکانم؟
نهێنی ئەو مامەنەم لەیاد ناچێته‌وه‌
كه‌ پاییزیی هات و
سه‌رقاڵی وه‌سیه‌تێكی غه‌ریبتر له‌ خۆمی كردم.
خودایه‌، رووتبوونه‌وه‌ شه‌رمهێنه‌ یان خۆخستنه‌ پێستی تره‌وه‌؟

پاییز؛ خۆبینینەوەی بریندارانەی دایکایه‌تییه‌
لەبەر چاوی کوکوختیەک.
ده‌شێ رووتبوونەوەی کچێكی ئەتککراوی ماڵە هەژارێکیش بێت‌
چه‌ند شه‌قاوێك دوور له‌ چاره‌نووسی به‌شوودان.

پاییز زوو دێت و
زرینگانەوەی یاده‌وه‌رییه‌كی خێرا رۆیشتوو ده‌خاته‌ بەر گوێچکەم.
له‌گه‌ڵ پاییز
گەڕانەوەی لاشەیەکی شەکەت،
کە زەوی بەدەست پیربوونی دەناڵێنێ
داهاتووم‌‌ ده‌باته‌ به‌رده‌م زراوچوون.

پاییز زوو دێت و
سەرگەردانبوونی کاتژمێر و
ڕێکەوتە پووچه‌كانی گەمەی ژیان،
جه‌سته‌ی كوناشبووم،
ده‌خه‌نه‌ به‌ر تیری سه‌ره‌ڕۆییه‌كانم.

تووند باوه‌ش به‌ پاییزدا ده‌كه‌م و
پێی ده‌ڵێم:
باوكی پیرۆزم چی به‌ دیاری بۆ منداڵی ناردووم.
كه‌چی ئه‌و مۆڕه‌یه‌كم لێده‌كات و
له‌به‌ر خۆیه‌وه‌: هم، قوڕمساخی حه‌ڕامزاده‌.

پاییز زوو دێت:
ڕۆژەکان، سیمای جەنجاڵيیان دەشارنه‌وه‌.
یەکشەممە له‌ تره‌ك ده‌دا
بەپرتەوبۆڵەوە كوا نه‌وت،
ئاخر جه‌سته‌ گرمۆڵه‌بووی من،
كوا به‌ رۆژه‌كانی تری هه‌فته‌ گه‌رم ده‌بێته‌وه‌.

لێ ئەو پیاوە کەسنەناسە و
ئەو سەرابەی شیوەنی تیا دەکات
مودمینە بەعەشقی بارانێكی نه‌هاتی پاییزانه‌.
ئەوکانیەی خۆی تیادەشوات
مەستە بەجەستە رووتەکانەوە،
كه‌چی ئه‌م تاقەتی ژماردنی کاتژمێرە کوژراەکانی نیە.

پاییز زوو دێت
كه‌چی من هه‌ر پیاوه‌ كه‌سنه‌ناسه‌كه‌ی جارانم.
شوێن و هەتەرم هەوارە تاریکەکانە.
من کوری نیشتیمانێکی گێلم.
بە باران وشک دەبمەوە.
بەوەرینی گەڵاکانی پایز تەر دەبم.
گەرمای ناوکوچەکانی هاوین سرم دەکەن.
سەرمای زستان دەمسوتێنێ.

سە رسام نەبوم بەوەی
ئاخۆ بەرلافاوی رەشەباکانی خەیاڵ کەوتوە
یان ژیان پێچەوانەبۆتەوە
لەسەیرکردنی دەمامکەکان تێگەیشتووم
ئەم وێرانگەیە دووکەڵ چۆتە ناخی.

کۆڵانێکی تاریک ئاسودەی دەفرۆشێت
ئەم کەلاوەیە هێندە چۆڵە توخمی بیابان،
بۆنی ڕشتنی خوێنی ڕوبارێ لێدێت.

پاییز زوو دێت
من باوه‌ش به‌ پاییزدا ده‌كه‌م و
پێی ده‌ڵێم ئه‌ی كوا باوكم.
باوكم چوو دیارییم بۆبێنێ،
خۆی هیچ، كوا دیارییه‌كه‌ی.

قه‌ت خوانه‌كات پاییز دیاری باوكم بێت
ئاخر ڕەنگە ڕۆژێک بخرێتە ناو تابوتێک و
بێتاقەتی، لەناو قەدی ببەستنەوە.

کەس باوەری نەدەکرد مانگ بەمەستی
لەتاریکی شەوبێتەوە. بەئاهێک بەئەستێرەکان بڵێ
فیز بەروناکیەکەی من لێمەدەن
سەرچاوەکەی من هەرێمێکە لەشەوقی رۆژ
نەیزەکەکە لەهۆش خۆی چو

رۆژ دودڵ لە هەڵاتن
مانگ له‌ ئاوابون.
فریشتەیەک کەماندوو بوو،
لە نووسینی ئەحمال، جەگەرەیێکی داگیرساند
لاوی دەف ژەنیش لەبەرخۆیەوە:
دەیووت پاییز زوو دەێت
گەڵاکان زەرد دەبن
بەگەڵاکان تەردەبم
به‌ڵام بڵێی دیاری باوكم له‌گه‌ڵ خۆی بێنێ؟

هەژار حوسێن

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish